بڵند نەوڕەس

ھاوکێشەی سیاسی ئەمجارەی عێراق جیاوازترە لە جارەکانی پێشوو، ئەم جارە دوو بەرەی ئاشکرا و روون کێبڕکێدەکەن لەسەر پێکھێنانی حکومەت و دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

پارتی و سەدر و تەقەدوم و عەزم رێککەوتنێکییان ھەیە بۆ شێوازی به‌رنامه‌ی سیاسی و یەکلاکردنەوەی پۆستە سیادییەکانی عێراق، لە بەرامبەردا چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەکێتی لە بەرەیەکی تردان.

بەرەی پارتی و سەدر و سونەکان رێککەوتنی پێشوەختەیان ھەیە لەسەر میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومی و ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ شێوازی یەکلاکردنەوەی پۆستەکانیش، ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە سونە و ھەردوو جێگرەکەی لە سەدرییەکان و پارتی، سەرەتای رەنگدانەوەی ئەو رێککەوتنەبوو.

بڕیارە دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە مانگێک، سەرۆک کۆماری عێراق ھەڵبژێردرێت، بە دوای ئەویشدا و بە مانگێکی تر سەرۆک وەزیرانی عێراق رابسپێردرێت بۆ پێکھێنانی كابینه‌ی حکومەت.

قسەیەک ھەیە دەڵێن رەنگە سەدرییەکان دەنگ نەدەن بە بەربژێرەکەی پارتی!

ئەم گریمانەیە لۆژیکی سیاسی تێدا نییە و نزیکە لە مەحاڵەوە، چونکە رێک دوای مانگێک لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، سەدرییەکان پێویستییان بە دەنگی ٣١ پەرلەمانتارەکەی پارتی دەبێت بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیرانی پێڕابسپێرن.

کەواتە ھاوکێشەی ھاوپەیمانی پارتی و سەدرییەکان و سونەکان ھاوکێشەیەکی سێگۆشەییە و ھەرسێکییان تەواوکەری یەکترین و بەیەکەوە گۆشەکان پێکدەھێ و ته‌واوی ده‌كه‌ن..

لە ئەگەری لاتەریب بوونی ھێڵێکیشدا، دوو ھێڵەکەی تر بێ بناغە دەمێننەوە.

کەواتە ئەو گریمانەیەیە لە ئێستاوە بەتاڵە و ھیچی لەسەر ھەڵناچنرێت، بە ھەرسێ لایەنیش ١٨٠ دەنگییان مسوەگەرە، ئەو رێژەیەش بەسە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لە بەرامبەردا چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەکێتی ئەو چانسەیان نییە کە زۆرینەیەک پێکبھێنن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی سەرۆک وەزیران، گەر ھەیانبوایە لە ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا رەنگی دەدایەوە!

کەواتە بوونی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لە دەرەوەی رێککەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی، ھەوڵێکی بێ ئاکامە، بەو پێیەی کەرەستەی پێویست و ھاوپەیمانییەتی بەھێز و بەرژەوەندی ھاوبەشییان نییە لەگەڵ زۆرینەی فراكسیۆنه‌كانی پەرلەمانی عێراقدا.

پۆستی سەرۆک کۆمار، ئیستیحقاقی کوردە، دەستنیشان نەکراوە کە لە ناو کورددا ھی چ لایەنێکی سیاسی دیاریکراوبێت.

به‌ڵام به‌ پێی رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی و یه‌كێتی، له‌ خوله‌كانی رابردوودا دراوه‌ به‌ یه‌كێتی.

بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ كه‌ چه‌ند خولێك سه‌رۆك كۆمار درابێت به‌ یه‌كێتی، ئێستا ئه‌و پۆسته‌ به‌ پۆستی خۆی بزانێت.

هه‌رچه‌نده‌ ھێشتا کات ماوە و یەکێتی دەتوانێت لە چوارچێوەی یەکڕیزی نیشتیمانیدا ئەو پۆستە وەربگرێتەوە بۆ خۆی، بە شێوەیەک کە رەزامەندی سەرۆک بارزانی و پارتی لەسەربێت و بە واتا نوێنەرایەتی کوردستانییان بکات.

به‌ڵام ناجۆرە پارتی خاوەنی ٣١ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقبێت و دوو ئەوەندەی پارتە سیاسییەکانی تری کوردستان کورسی ھێنابێت، بەڵام یەکێتی بیه‌وێت سه‌رۆك كۆمار دوور له‌ ویستی پارتی ده‌ستنیشان بكات! 

لە بواری سیاسیدا ھیچ شتێک مەحاڵ نییە و ھەڵوێستی سیاسیش بە حیکمەت و خزمەتی گشتی دەپێورێت و بەرژەوەندی گشتی لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە.

بۆیه‌ گه‌ر هاوكێشه‌كان وه‌ك ئێستابن و گۆڕانكاری سیاسی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، بێشك كاندیده‌كه‌ی پارتی ده‌بێت به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق.