- بینراو: 638
ساسان دەروێش
هۆڵەندا وەك وڵاتێكی گرنگ لەنێو وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا و رۆڵی وەك وڵاتێكی بڕیاردەر و شوێنی كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتی، لەو وڵاتەدا كوردیش كۆمەڵێك دەستكەوتی لەرێگەی ئەم رێكخراوانەدا بەدەستهێناوە، هەر لە ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان بە جیهان و پێشوازی كردنی بەرپرسانی حكوومی حزبی بۆ ئەو نێوەندانەو دروستكردنی پردی ئاوەدانكردنەوەو ناردنی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ كوردستان و دەیانی تر لە ئەمڕۆی ئازادی كوردستان دێتە بەرچاو. یەكێك لەو دڵسۆز و تێكۆشەرانەش كە نزیكەی 25 ساڵ لە تەمەنی كار و خەباتیان بۆ كورد تەرخان كردووە بەڕێز عومەر مستەفا محەمەد ناسراو بە عومەر زاوێتەیی یە، كە لە گوندی زاوێتەی دەڤەری بادینان چاوی بە دونیا هەڵێناوەو هەر لەهەمان گوندیش قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواوكردووەو ئامادەیی پیشەسازیشی لە شاری دهۆك تەواو كردووەو ساڵی 1983 لەناوچەی شێخان بۆتە پێشمەرگەو لەگەڵ رێكخراوی شەهید عەلی عەبۆ بووەو ساڵی 1986 یش گواستراوەتەوە بۆ لیژنەی ناوچەی دهۆك وەك كادیرێكی بەشی قەڵەمی نهێنی و لە دوای ئەنفالەكانی ساڵی 1988 خۆی تەسلیمی رژێمی بەعس نەكردەوەو بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك لە ئۆردوگاكانی باكووری كوردستان جێگیر دەبێت. دواتر ناوی 10 كادیرو پێشمەرگە لە شاری مووش كە یەكێك لەوانە عومەر زاوێتەیی بوو داواكراو بوون كە رادەستی رژێمی بەعس بكرێنەوە، بەڵام پێشوەخت بەهۆی دڵسۆزی كوردەكانی باكوور لەو پیلانە دەربازیان بوو هەر ئەو دڵسۆزانەش رەوانەی یۆنانیان كردو دوای چوار مانگیش خۆی گەیاندۆتە هۆڵەنداو دیسان پەیوەندی بە ریزەكانی پارتی كردۆتەوەو لەگەڵ هەڤاڵانی رێكخراوی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لەو وڵاتە دروست كردووە. بۆ زیاتر زانیاری لەسەر كەسایەتی بەڕێز عومەر زاوێتەیی و كاری پارتایەتی و پێشمەرگایەتی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی سازكرد.
- سەرەتا بەڕێز عومەر زاوێتەیی لەبارەی چۆنیەتی پەیوەندی كردنی بە ریزەكانی پارتی گوتی: كاتێك گڕوتینی شۆڕش بەنێو جەستەی مرۆڤی كورد هاتوچۆی دەكرد و پەیامی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول گەیشتە هەموو شوێنێكی كوردستان، گوندەكەی ئێمەش بەشێك بوو لەو شۆڕشەو رۆڵەكانی بە خۆشەویستی نیشتیمان و ناوی پیرۆزی بارزانی ئامادەی گیانفیدایی بوون بۆ خزمەتكردنی كوردستان. ئێمەش وەك بنەماڵە باوكی پێشمەرگەم هەرزوو ئەو هەست و سۆزە لە دڵ و دەروونماندا چەكەرەی كردو بوونە بەهاری سەوزی پێشمەرگایەتی و باوكمان لە سەر چیاكان خۆی بینییەوەو ئێمەش وەك قوتابی نێو قوتابخانەكان لەلایەن مامۆستاكانمانەوە بە سروودی نیشتمانپەروەری گۆش دەكراین، بۆیە هەرزوو دوژمنانی كوردو كوردستان بۆ كپ كردنەوەی ئەو هەست و سۆزەمان چەندین جار منیان زیندان دەكردو بەو تەمەنە بچووكەم ئەشكەنجەیان دەدام چونكە دەیانزانی باوكم پێشمەرگەیە، ئەمەش بۆ ئەوە بوو تا باوكم بگەڕێتەوەو خۆی تەسلیم بكاتەوە، پەیوەندی منیش بە پارتییەوە هەر وەكو ئەم هەموو لاوە تێكۆشەر و خوێن شیرینانە بوو كە بە نهێنی كاری رێكخستنیان لەنێو شار و گوندەكاندا لە نێو ریزەكانی یەكێتی قوتابیان و لاوانی دەكرد، ئەمە بۆ من بووە هەنگاوی یەكەم بۆ دەستپێكردنی چالاكییەكانم لە نێو ئەو رێكخراوە تێكۆشەرەدا.
- لە بارەی ئەو مەینەتی و زەحمەتیانەی لە ژیانی پێشمەرگایەتی بینیویەتی بەڕێز عومەر زاوێتەیی گوتی: لەساڵی 1963 كاتێك شۆڕش بە پیلانێكی گڵاوی بەعسی زانی كە فڕۆكەكانی دەنێرێتە سەر گوندی زاوێتە بەمەبەستی بۆمببارانكردن و كاولكردنی مەڵبەندێكی خەبات و بەرخۆدان، شۆڕش خەڵكی ئەو دەڤەرەی لەم پیلانە ئاگاداركردەوە كە ئاگاداری خۆیان بن و لەسەروماڵی خۆیان و خۆپاراستنیان لەو پیلانە، بۆیە هەموو تێكڕا بڕیاریاندا بچنە ناو مزگەوتی گوند، لەبەرئەوەی عێراق خۆی بە وڵاتێكی موسلمان دەزانی و خەڵكەكە بڕوایان وابوو رژێم دەستدرێژی ناكاتە سەر مزگەوتەكان، بەڵام ئەم بۆچوونە هەڵەبوو، رژێم هات تەنها ئەم مزگەوتەی بۆمباران كرد كە خەڵكەكە خۆیان تیا حەشاردابوو، من ئەو كاتە تەمەنم 3 ساڵان بوو. كاتێك خەڵكەكە بەخۆیان زانی هەموویان برینداربوون، بەڵام خۆشبەختانە كەس شەهید نەبوو، منیش هەموو لەشم خەڵتانی خوێن ببوو، هەموو گیانم بووە ساچمەی بۆمبەكان، ئەمە تا گەورەییم بووە كێشە، تەنانەت لە فڕۆكەخانەكانیشدا كێشەم بۆ دروست دەكەن.
- دواتر لە بارەی رەوەندی كورد لە هۆڵەندا بەڕێزیان ئاماژەی دا: ئەوەی من تێبینیم كردبێ رەوەندی كورد وێڕای سەرقاڵی سەختیی ژیان لەئەورووپا توانیویەتی نەوەیەكی سەخڵەم بەرهەم بهێنێ دوور لە هەموو دیاردەیەكی دزێو، بەڵكو لەسەرەتاوە شانبەشانی دایك و باوكیان لەهەوڵی جوانكردنی سیمای دۆزی نەتەوەكەمان بووم. هەر ئەوەش بووە كە كاریگەرییەكی تەواو بە رەوەندی كوردەوە دیارە، كە هاوشانی خەڵكی كوردستان خاوە ئینتمایەكی بەهێزی نەتەوەیین ئێمەش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم رۆڵەمان دیوە تا رۆڵەكانمان لە ئایندەدا خزمەت بەنیشتمان و گەلەكەیان بكەن.
- لەبارەی ئەوەی كە ئایا رەوەندی كورد تەنها لە چوارچێوەی سیاسی یەكتر دەبینن، بەڕێزیان گوتی: نەخێر بەڵكو كاری سیاسیمان دەتوانم بڵێم كوردایەتیمان تەنها لەو چوارچێوەیەدا نییە، بەڵكو ئەوە هۆكارێكە هەمووانی پێكەوە بەستۆتەوە. لە خۆشی و ناخۆشی ناتوانین لەیەكتر دابڕێین، بۆ نموونە كاتێك هەڤاڵێكمان یاخود هەر كوردێكی ئاسایی دوور لە كاری پارتایەتیش بێت، گەر كارەساتێكی دڵتەزێنی بەسەر بێت ئەوا ئێمە وەك ئەركێكی نەتەوەیی هاوكاری دەكەین، هەروەها لە بۆنە نەتەوایەتی و كۆمەڵایەتییەكانیش بەشداری دەكەین و ئامادەییمان هەیە.
- لەبارەی هەوڵەكانیشیان بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلەكەمان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێز عومەر رایگەیاند: ئێمە لەسەرەتاوە خەباتمان بۆ ناساندنی دۆزی رەوای گەلەكەمان كردووە، بۆ ئەم مەبەستەش كاری جدیمان لەگەڵ چەندین رێكخراوی نێو دەوڵەتی مرۆیی ئەنجام داوەو ساڵانە ئەم تاوانەمان نیشانی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی داوە، هەر ئەوەش وایكردووە پەیوەندی نێوان چەندین وڵاتی ئەوروپی كوردستان باش بێت، وا لەهۆلەنداش مۆنۆمێنتێك بۆ هەڵبجەو ئەنفال دروست دەكرێت.
- لەبارەی پەیوەندی و هاوكاری نێوان پارتە كوردستانییەكانیش گوتی: ئێمە وەك پارتی هەر لەسەرەتاوە باوەڕمان بە دیموكراسیەت و كاری فرە حزبی هەبووەو پێمانوایە تەبایی و یەكتر قبووڵكردن زیاتر دۆزی گەلەكەمان بەرەو پێش دەبات بۆ ئەمەش كاری بەردەوام دەكەین و باوەڕی تەواومان پێیەتی،مێژووی دوورودرێژی پارتیشمان گەواهی ئەو راستییەن. لەبارەی ئازارو مەینەتی پەنابەرانی بێ وەڵامیش گوتی: ئێمە هەمیشە لە خەمی ئەو مەسەلەیە داین، بەڵام دیارە توانای ئێمە وەكو كورد لەچارەسەركردنی ئەو كێشانە زۆر سنوردارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە رەشبین نین و هەوڵی زۆرمان داوە لەڕێی رێكخراوی مرۆیی و سیاسییەكانەوە ئەو كێشانە بخینە بەر باس. بۆیە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدانین گەنجی كورد بەزۆر بگەڕێندرێنەوە كوردستان.
- لەكۆتاییدا بەڕێزیان گوتی: خۆزگە دەخوازم ئەم ئازادییەی كوردستان زیاتر سەوزو بۆنداربێت و دەسكەوتەكانمان وەكو بیلبیلەی چاومان بپارێزین كە خەونی چەندین ساڵەی شەهیدەكانمانە