بێ ماندوبوون به هه‌موو توانا‌مان ده‌بێ به‌رده‌وام بین له په‌یڕه‌وکردنی ڕێسا گشتیه‌کان که په‌یوه‌ستن به مافی مرۆڤ .....
خافیێر پێرێز دێکوێلار
سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان
له‌ناو سنووره ده‌ستکرده‌کانی چه‌ند وڵاتێکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌لی کورد ده‌یان ساڵ و سه‌ده‌یه له خه‌باتێکی بێ وچانی مان و نه‌مان دایه ، تێیکۆشاوه بۆ ژیانێک دوور له دوژمنداری و شه‌ڕی سه‌پێندراو که‌چی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوواییدا بار‌و دۆخه‌که نائاسایی و توند‌و تیژتر بووه و که‌وتۆته به‌ر په‌لامارێکی به‌رفراوانی سه‌ربازی و تا کار گه‌یشته به‌کارهێنانی چه‌کی کیماوی دژی دانیشتوانی سیڤیلی بێ تاوانی کوردستان ، سه‌ختی ئه‌و باره ناهه‌مواره و پێشێلکردنی هه‌موو مافێک و په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی جێنۆساید گه‌لی کوردی ناچار کرد ئافره‌ت ، پیاو و لاوه‌کان چه‌کی به‌رگری هه‌ڵگرن به‌شێکی تریش ڕوو له هه‌نده‌ران بکه‌ن ، بۆیه بۆ هه‌موو جیهان ڕوون و ئاشکرایه ئه‌و گه‌له‌ی که ئه‌مڕۆ که‌وتۆته به‌ر شاڵاوی جێنۆساید و قڕکردن ته‌نها تاوانی ئه‌وه‌یه که داوای مافه ڕه‌واکانی خۆی ده‌کات له‌و وڵاتانه‌ی جیران که خاکه‌که‌ی به‌سه‌ر دابه‌شکراوه ، ئه‌وه‌ش ته‌نها و ته‌نها له ڕێگه‌ی ئاشتییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت به ده‌ستپێشخه‌ری ڕای گشتی جیهانی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی دیموکراتی و ڕێزگرتن له ئازادی نه‌ته‌وه‌یی و مافه‌کانی مرۆڤ که ته‌نها ده‌رگایه ده‌خرێته سه‌رپشت نه هه‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد بگره هه‌موو کێشه هه‌ڵپه‌سێنراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که ئه‌مڕۆ له‌جه‌ورو سته‌م و پێشێلکاری دژوارترین هێزی سه‌ربازی ده‌ناڵێنێ .
یه‌کێ له‌و پێشێلکاریه به‌رچاوانه‌ی ڕۆژی 13 ته‌موزی ساڵی 1989 که له‌شاری ڤییه‌ننا ڕوویدا ،عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هاوه‌ڵه‌کانی قادری ئازه‌ر جێگری سکرتێرو به‌پرسی حیزب له ئه‌وروپا و که‌سایه‌تی ناوداری کوردی عێراق پرۆفێسۆر فازڵ ڕه‌سوڵ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ بۆ هێنانه‌دی ئاشتی له کوردستانی ئێران له لایه‌ن به‌رپرسانی تاران زۆر دڕندانه تێرۆرکران و ئه‌و تاوانه مه‌زنه‌یان به ئه‌نجام گه‌یاند پرۆسه‌ی ئاشتی وسه‌رکرده کورده ئاشتیخوازه‌کانیان تێرۆرکرد و تا ئه‌مڕۆش تاوانباران به‌بێ لێپرسینه‌وه‌ی دادگا ئازادن و له ژیاندان .
ئێمه ، کۆمه‌ڵێک له دۆستانی بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتی گه‌لی کورد که بڕوامان به مافی نه‌ته‌وه‌یی و مافه‌کانی مرۆڤ هه‌یه و به ئه‌رکی خۆمان ده‌زانین که بێ ده‌نگ نه‌بین له‌و تاوانه دژوار‌و ترسناکه ، وه له ساڵیادی ئه‌و سه‌رکرده ناوداره‌دا ده‌نگ هه‌ڵبڕین له دژی تێرۆریزم و به‌کارهێنانی هێز ، ده‌نگ هه‌ڵبڕین بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی سه‌رتاسه‌ری ، له هه‌وڵ و کۆشش دا ده‌بین بۆ ڕیسواکردن و ئاشکرا کردنی ئه‌و تاوانه جیهانیه و ده‌نگ و هاوکاری خۆمان ده‌خه‌ینه پاڵ ئه‌و رێکخراوه جیهانیه‌ی که مانگی گوڵانی ئه‌مساڵ ( 1990 ) له پاریسی پایته‌خت دامه‌زرا بۆ به‌دوا داچوونی ئه‌و تاوانه و ده‌ستگیرکردنی تاوانباران و گه‌یاندنیان به سزای خۆیان له ڕێگای یاسا و دادگادا .
کۆکردنه‌وه‌ی واژۆی ئێمه له دژی ئه‌و تاوانه‌ی ڤییه‌ننا ده‌ربڕینی ده‌نگی ناڕه‌زایی ڕای گشتی چیکۆسلۆڤاکیایه له دژی تێرۆر کردنی به‌رپرسانی کورد ، ده‌نگی ئێمه داوایه‌کی یاساییه بۆ به‌دواداچوون و ده‌ستگیرکردنی تاوانبارانی 13 ته‌موزی 1989 و گه‌یاندنیان به سزای خۆیان .
ده‌نگی خۆمان به‌رز ده‌که‌ینه‌وه دژی هه‌موو کارێکی تێرۆریستی له جیهاندا به‌تایبه‌تی ئاراسته‌کراوبێت دژی گه‌لی کورد .
پاڵپشتی و هاوکاری خۆمان دووپات ده‌که‌ینه‌وه بۆ گه‌لی کورد له کوردستاندا که به مافه‌ڕه‌واکانیان بگه‌ن و له ئاشتیدا بژین و ناچار نه‌کرێت په‌نا به‌رێته به‌ر چه‌کی به‌رگری و هه‌نده‌ران و وڵاتانی تر .
ئێمه ، کۆمه‌ڵێک له دۆستانی بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتی به ڕه‌وشت به‌رزی و وه‌فا و ئه‌رکی سه‌رشانمان ده‌زانین ئه‌و ساڵیاده به‌رزوپیرۆز ڕابگرین ، له‌و په‌یامه‌مان دا به پێویستمان زانی ڕێز و دروود بۆ گیانی پاکی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ بنێرین که ئه‌و زاته له وڵاتی ئێمه بڕوانامه‌ی خوێندنی باڵایی به‌ده‌ستهێنا و چه‌ندین ساڵیس وه‌ک مامۆستایه‌ک و که‌سایه‌تیه‌کی ئه‌کادیمی له زانکۆکانمان ڕۆڵێکی به‌رچاوی بینی و ناوبانگی ده‌رکرد جگه له‌مه خاڵی تر ئه‌و که‌سایه‌تییه ناوداره‌ی کورد به وڵاتی ئێمه ده‌به‌ستێته‌وه له‌وانه خێزانداری و خۆشه‌ویستی بێ پایان و دۆستایه‌تی ئه‌و که‌سایه‌تییه به گه‌لی چیکوسلۆڤاک .
ته‌موزی 1990 پڕاگ
واژۆی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی پاراستن له چیکۆسلۆڤاکیا :
- ڤاتسلاڤ هاڤێڵ { سه‌رۆک کۆماری چیکۆسلۆڤاکیا }
- کارێڵ شڤارزنبێرگ { جێگری سه‌رۆک کۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چیکۆسلۆڤاکیا }
- ڕودۆڵف باچێک { سیاسه‌تمه‌دار و زانای زانسته مرۆڤایه‌تیه‌کان }
- ڤیێنێک شیڵهان { ئابووری ناس و سیاسه‌تمه‌دار }
واژۆی کۆمه‌لێک له دۆستانی بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتی کورد له پڕاگ :
- دکتۆر کارێڵ یێخ {مێژووناس له په‌یمانگای ئه‌کادیمیایی زانستی چیکۆسلۆڤاکیا }یه‌کێک بوو له دۆسته هه‌ره دێرینه‌کانی شه‌هید قاسملۆ .
- پرۆفێسۆری ئه‌ندازیار ڤێرا کیپرۆڤا {له کۆلێژی فه‌لسه‌فه‌ی زانکۆی کارلۆڤۆ }
- دکتۆر. ئه‌ندازیار یارۆسلاڤ پڕۆخازکا { په‌یمانگای بنه‌ما تێئۆریه‌کان له ته‌کنیکی کیمیا له ئه‌کادیمیایی زانستی چیکۆسلۆڤاکیا }
- پڕۆفێسۆری ئه‌ندازیار داگمار سۆوکوپۆڤا { له کۆلێژی فه‌لسه‌فه‌ی زانکۆی کارلۆڤۆ }
تێبینی و ڕوونکردنه‌وه :
چه‌ند ڕۆژێک مابوو بۆ یه‌که‌م ساڵیادی شه‌هید بوونی دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ و هه‌ڤاڵه‌کانی ، کۆمه‌ڵێک له دۆسته ڕاسته‌قینه‌کانی گه‌له‌که‌مان ئه‌و نامه‌یه‌یان پێ گه‌یاندم که منیش به پێی توانام به ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی خۆم هه‌ڵبستم چونکه ئه‌و کات نوێنه‌رایه‌تی به‌ره‌ی کوردستانی له ئه‌ستۆی مندا بوو و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی وڵاتی چیکۆسلۆڤاکیا له په‌ره‌سه‌ندن دا بوو بۆیه به ئاسانی ئه‌و په‌یامه و ناره‌زایه‌م گه‌یانده کۆشکی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و وڵاته و سه‌رۆک کۆمار ( ڤاتسلاڤ هاڤڵ ) و جێگره‌که‌ی (کارێڵ شڤارزنبێرگ) و چه‌ند زانا‌و سیاسه‌تمه‌دارێکی تر ئه‌و وڵاته به واژۆی خۆیان هاوکاری و دۆستایه‌تی گه‌لی کوردیان دووپات کرده‌وه و ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی له‌و تاوانه مه‌زنه‌ی جیهان که دژی سه‌رکرده‌کورده‌کان ئه‌نجام درا له ڤییه‌ننا . جێی ئاماژه‌یه له‌دوایی واژۆ کردنی سه‌رۆک کۆمار و جێگره‌که‌ی له چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی تردا هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به سه‌دان و بگره به هه‌زاران واژۆی ترمان له ڕای گشتی چیکۆسلۆڤاکی کۆکرده‌وه و هه‌ر هه‌موویان له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌دا ئاراسته‌ی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (خافیێر پێرێز دێکوێلار ) کرا.
به پێویستم زانی پاشی بیست ساڵی ته‌واو له ته‌مه‌نی ئه‌و په‌یامه که وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی مێژوویی لام ماوه‌ته‌وه که ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیم هه‌بووه له به ئه‌نجام گه‌یاندنی ، وه‌ریگێڕمه سه‌ر زمانی کوردی وله بیست و یه‌که‌مین ساڵیادی شه‌هیدانی پرۆسه‌ی ئاشتی بۆ کوردستان نه‌مران عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ و هه‌ڤاڵانی ، ئه‌و په‌یامه جارێکی تر‌و بۆ یه‌که‌مین جار له ڕاگه‌یاندنه کوردی و کوردستانیه‌کان چاو هه‌ڵێنێ وه‌ک مۆمێکیش له‌سه‌ر گڵکۆی ئه‌و شه‌هیدانه بدره‌وشێته‌وه ...
وه‌رگێڕی ئه‌و په‌یامه له زمانی چیکی یه‌وه
هونه‌رمه‌ند و ڕۆژنامه‌نووس { ڕزگار ڕه‌نجه‌رۆ }
مامۆستای به‌شی ڕاگه‌یاندنی کۆلێژی ئه‌ده‌بیات له زانکۆی سه‌ڵاحه‌ددین .. هه‌ولێر
05 / 07 / 2010