دهقی دیمانهی مهسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان، كه لهگهڵ رۆژنامهی (ئهلحهیات) ئهنجامیداوه.
* وادیارە هەڵبژاردن لەعێراق گرفتەكانی چارەسەر نەكرد، بەڵكو گرفتێكی گەورەتری هێنایە ئاراوە، ئایا دەتوانین بڵێین ئێمە لەبەردەم قەیرانێكی دوورودرێژو كراوەداین؟
سەرۆكی كوردستان: بەگشتی هەڵبژاردنی ئەم دواییە باش بوو، بەڵام دوای ئەوە ئێمە داخیلی قەیرانێك بووین زەحمەتە ئێستا لێی دەربچین. ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو داوەتەین، سەرۆك تاڵەبانی ئاراستەی هێزە سیاسییەكانی كرد بۆ كۆبوونەوە یاخود بۆ ئاشتەوایی یان هەرناوێك بێت، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە پابەندی دەستوور بین وجێبەجێی بكەین، بەڕای من ئەوكاتە لەو قەیرانە دەردەچین. چارەسەریی گرفتەكان بەجێبەجێكردنی دەستوورە.
* بەڕای ئێوە قەیرانی جێبەجێكردنی دەستوورە یاخود پێكهاتەكانی ئێراق لەڕادەبەدەر لێكترازان؟
سەرۆكی كوردستان: لێكترازانی پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكان وایكرد تەفسیری جیاجیا بەدەستوور بدرێ یانیش بەپێی میزاج جێبەجێ بكرێ، چونكە ئەگەربێتو دەستوور وەكو خۆی جێبەجێكرا و پابەندیی بۆ دووپاتكرایەوە گرفتەكان چارەسەر دەكران.
* پێتوایە بەغدا لەڕەوشێكی درێژتری لەمجۆرەدا دەژی؟
سەرۆكی كوردستان: هیوادارین وانەبێت، بەڵام بەڕاستی من مەترسیم لەدرێژەكێشانی ئەو قەیرانەو ئاڵۆزیی زیاتری هەیە.
* مەترسیتان لەگەڕانەوەی تونندوتیژیی تایفەگەری هەیە؟
سەرۆكی كوردستان: بێگومان ئەوە مەترسیی سەرەكیی منە و لە هەموو ئەگەرەكان ترسناكترە، لەخوای گەورە داواكارم توندوتیژیی تایفەیی ومەزهەبی نەگەڕێتەوە.
* هیچ نەخشەو پلانێك بۆ چارەسەری هەیە؟
سەرۆكی كوردستان: جارێكی دیكە دەیڵێمەوە چارەسەریی گرفتەكان بەجێبەجێكردنی دەستوورە، دەستوور ماف و ئەركی هەموو لایەك و پێكهاتەیەكی دیاریكردووە و پێویستە پابەندی بین.
* ئایا د. ئەیاد عەللاوی دەتوانی حكوومەت پێكبهێنێت؟
سەرۆكی كوردستان: ئێستا لیستی (العراقیە) كە بەڕێز ئەیاد عەللاوی سەركردایەتیی دەكات لیستی سەركەوتووە، جا ئەگەر لەپێكهێنانی حكوومەت سەربكەوێت یان نا ئەوە پێویستە پێكهێنانی ئەو حكوومەتە بەو ڕاسپێردرێ. دەستوور ئەو مافەی پێداوە، ئەمەش ئیستیحقاقێكی هەڵبژاردنە، لەوانەشە نەتوانێ حكوومەت پێكبهێنێ، بەڵام بیانووەكە كۆتایی پێدێت.
* ئەگەر ڕیز لەدەستوور نرا عەللاوی بەم ئەركە ڕادەسپێردرێ، ئەگەر نەیتوانی پێكیبهێنێ بیانووەكە تەواو دەبێت؟
سەرۆكی كوردستان: بێگومان.
* كورد چیی لەحكوومەتی تازە دەوێت؟
سەرۆكی كوردستان: پابەندبوون بەدەستوورو پرۆسەی دیموكراسی و ڕێزگرتن لەبەرامبەر و گوێگرتن لەبۆچوونەكانی سەرەكیترین داوای ئێمەیە، ئەوەی دەمانەوێ ڕێككەوتنە لەسەر پڕۆگرام ومكانیزمێكی ڕوون لەبارەی كاری حكوومەت بەبێ هەبونی تاكڕەوی لەبڕیاردان لەحكوومەتی ئایندەدا.
* چەندین پرسی هەڵواسراو لەنێوان ئێوەو حكوومەتی بەغدا هەیە بۆ نموونە پرسی كەركووك وناوچە كێشە لەسەرەكان، ئایا ئەو مەسەلەیە دەخەنەڕوو لەمیانەی گفتوگۆكانتاندا و داوای كاتێكی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی دەكەن؟
سەرۆكی كوردستان: لەوەتەی سەردەمی مەجلیسی حوكمەوە تاوەكو ئەمڕۆش نەرمیی زۆرمان لەبارەی مەسەلەی كەركووكەوە نواندووە، لەوە زیاتر مومكین نییە. چارەسەرییەكی دەستووری بۆ ئەو مەسەلەیە هەیە كە ئاساییكردنەوەی بارودۆخ و سەرژمێری و ڕیفراندۆمە، ئەوەش واتای ئەوە ناگەیەنێت كەركووك لەئێراق جیادەبێتەوە، بەڵكو وەكو هەولێر و سلێمانی و ئەنبار وبەسرا، وەكو هەر شارێكی ئێراقی سەیر دەكرێت، بەڵام ئەو مەسەلەیە چارەسەریی گرفتێكی گەورەو بەردەوامی لێدێتەدی و هەموو لەمپەرەكانی بەردەم پێشكەوتنەكانی ئێراق هەڵدەگرێت، بێگومان ئەو پرسە لەمیانەی دانیشتن وگفتوگۆكانمان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئایندە دێتە باسكردن، پێویستە هەموو ئەو پرسانەی بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ەوە پەیوەستن ڕوونتر بكرێنەوە لەوەش زیاتر بۆ جێبەجێكردنی لەچوارچێوەی دەستووردا زیاتر ڕوونبكرێتەوە، ئێمە داوای هیچ شتێك ناكەین لەدەرەوەی دەستوور.
* ئەگەر هەر پێشنیارێكتان بۆ هەر جۆرە دابەشكارییەك لەكەركووك پێشكەشكرا ئایا قبووڵی دەكەن؟
سەرۆكی كوردستان: هیچ لارییەكمان لەزۆرترین ئاستی نەرمی نواندن نییە لەبارەی دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان، بەڵام پێویستە خەڵكی كەركووك و جەماوەری كەركووك خۆیان بڕیار لەناسنامەی شارەكەی خۆیان بدەن، بەگشتی ناسنامەی كەركووك ئێراقییە، بەڵام ڕاستیی مێژوویی و جوگرافی دەیسەلمێنێ كەركووك بەشێكە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێمە هیچ كاتێك سازش لەسەر ئەو ناسنامەیە ناكەین.
* ئەگەر ئەو قەیرانە بەردەوامبوو، حكوومەتی نوری مالیكی لەئیدارەی وڵات بەردەوام دەبێت؟
سەرۆكی كوردستان: تاكەی ئەو قەیرانە بەردەوام دەبێت؟ لەوانەیە بۆ ماوەیەكی كورت، چونكە ئەگەر درێژەی كێشا دەبێتە كارێكی نادەستووری.
* دەبێ پەرلەمان كۆبوونەوەی خۆی گرێبدات؟
سەرۆكی كوردستان: پێویستە پەرلەمان كۆببێتەوە و دواتر هەنگاوەكانی دیكە دێن لەوانەش هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی پەرلەمان وسەرۆك وەزیران، ئەم هەنگاوانە دەبێ لەگەڵ دانیشتنی پەرلەماندا جێبەجێ بكرێن.
* باس لەوە دەكرێ گوایە كوتلە سیاسییەكان سەفقەیەكی تەواویان لەنێوان سەرۆكایەتیی كۆمار و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان دەوێ؟
سەرۆكی كوردستان: لەحكوومەتی ڕابردوودا ئەم شتە جێبەجێ كرا و لەو قۆناغەی ئێستاشدا دەبێ شتێكی لەم بابەتەدا هەبێت.
* ئایا كورد لەسەر سەرۆكایەتیی كۆمار مكوڕە؟
سەرۆكی كوردستان: لەو قۆناغەدا، بەڵێ ئەو پۆستە بۆ كورد ویستێكی مەعنەوییە، بەداخەوە هەڵمەتێك هەبوو بۆ نیشاندنی لاوازیی ڕۆڵی كورد ونیشاندانی ئەوەی گوایە ئەوان شایستەی ئەو پۆستە نین، چونكە ئێراق وڵاتێكی عەرەبییە و دەبێ كەسێكی عەرەب ببێتە سەرۆك كۆمار و كەسێكی عەرەب نوێنەرایەتیی بكات. ئێراق وڵاتێكی فرەنەتەوە و مەزهەب و ئایینە و عەرەب تیایدا بەشێكە لەنەتەوەی عەرەبی و ئێمە تەقدیری ئەوشتە دەكەین ودانیشی پێدا دەنێین، بەڵام ناكرێ ناسنامەی عەرەبی بەسەر كەسانی غەیرە عەرەب لەئێراقدا فەرز بكرێ، ئەگەر باسی ناسنامەی ئێراقی بكرێ ئەوا هەموومان ئێراقین، بەڵام ئەگەر ناسنامەی عەرەبی بەسەر غەیری ئێراقی سەپێنرا ئەوە نە لە بەرژەوەندیی ئێراقە و نە لە بەژەوەندیی خودی ئوممەی عەرەبە. پێویستە ڕێز لەناسنامەكانی دیكە بگرین.
* كەواتە كورد سورن لەسەر سەرۆكایەتیی كۆمار؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ، بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەكان و ڕێگەنەدان بەچەسپاندنی تێگەیشتنێكی هەڵە دەربارەی ئێراق.
* ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێت سەرۆك وەزیران لەشیعە دەبێت و سەرۆكی پەرلەمانیش لەسووننە؟
سەرۆكی كوردستان: هیچ دەقێكی دەستووری نییە دەستنیشانی ئەو دابەشكارییە بكات فڵانە پۆست بۆ فڵانە نەتەوەو وپێكهاتە، بەڵام لە قۆناغەكانی پێشودا ئەو مەسەلەیە وەكو نەریتێكی لێهات، نازانین لەقۆناغەكانی ئایندەدا چی دەبێت، لیستی زۆرینە خۆی حكوومەت پێكدێنێت و زەروور نییە پۆستەكان بۆ نەتەوەو پێكهاتەكان دابەش بكرێن و سەرۆك وەزیران لەشیعە بوو سەرۆكی پەرلەمانیش لەسووننە.
* كەواتە پۆستی وەزارەتی دەرەوە بۆ كورد نابێ؟
سەرۆكی كوردستان: ئەگەر وەزیری دەرەوە كوردیش بێت ئەوا لەهەر وەزیرێكی عەرەب زیاترخزمەتێكی زۆر گەورەی دیپلۆماسییەتی ئێراقیی كرد.
* ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێت تاڵەبانی بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار كاندید دەكەن؟
سەرۆكی كوردستان: بێگومان تاڵەبانی پاڵێوراوی ئێمەیە بۆ ئەم پۆستە.
* دوایین هەڵبژاردنی ئێراق ئەنجامی هەڵكشانەوەی سەنگی كوردی لێكەوتەوە لەبڕیاری ئێراقیدا؟
سەرۆكی كوردستان: نەخێر، سەنگی كورد لەئێراق بەژمارەی كورسیی بەدەستهاتوو نییە، بەڵكو كورد نەتەوەی دووەمی سەرەكییە لەئێراقدا و لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە لەگەڵ كورد دەكرێ. لەگەڵ ئەوەشدا قانونی هەڵبژاردن غەدری زۆری لەكورد كرد، چونكە ژمارەی دەنگدەران لەكوردستان نزیكەی 2.6 ملیۆن دەنگدەر بوو ئێمە 60 كورسیمان بەدەستهێنا، (العراقیەو دەوڵەتی یاساش) ژمارەیەكی نزیكی دەنگەكانی ئێمەیان بەدەستهێنا، بەڵام بە 91 و89 كورسی. بەهای یەك كورسی لەناوەڕاست و باشوور دوو بەرابەر و سێ بەرابەری بەهاكەی بوو لە هەرێمی كوردستاندا وپێشموایە ئەگەر هەڵبژاردن ڕێژەیی بوایە (واتا یەك بازنەی هەڵبژاردن) ئەوكات لەوانەیە ئێمە لەپلەی یەكەمدا دەبووین.
* ئایا دوایین هەڵبژاردن پارسەنگیی هێزەكانی لەنێو هەرێمی كوردستاندا گۆڕی؟ بەواتای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە هێزی یەكەم و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەگرفتدایە؟ ئایا گرفتی قەبارەی هێز لە كوردستاندا هەیە؟
سەرۆكی كوردستان: هەڵبژاردن ئەنجامی تازەی لێهاتەكایەوە، بەڵام ئێمە لەسەر ئەوە ڕێككەوتووین ماڵی كورد یەك بێت شاندی كورد یەك بێت و لەمەسەلە ستراتیژی و نەتەوەییەكاندا هەڵوێستی كورد یەكهەڵوێستە ئەگەر لەناوەخۆشماندا جیاواز بن.
* ئەی دوایین بارودۆخ كە هەڵمەتێكی ڕەخنەو ڕەخنەی بەرامبەری لێكەوتەوە هیچ كاریگەرییەكی بەسەر یەكبوونی ماڵی كوردی لێنەكەوتەوە؟
سەرۆكی كوردستان: نەخێر ئەمە شتێكی ئاساییە هەر حزب وهەر لایەنێك مافی ڕەخنەگرتنی هەیە هەر لایەنێك مافی هەڵوێست وەرگرتنی هەیە گرنگ ئەوەیە هەڵوێستی كورد لەئاست مەسەلە نەتەوەییەكاندا یەك بێت.
* ئەو مەسەلەیە هەموو لایەنەكان دەگرێتەوە؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ، بێگومان ئێمە لەسەر ئەو شتە ڕێككەوتین لەنێو ئیئتیلافی كوتلە كوردستانییەكاندا.
* گوێبیستی زۆر هەڵوێست بووین دەربارەی كوژرانی قوتابی سەردەشت عوسمان، ڕاستیی لەكوێدایە؟
سەرۆكی كوردستان: بەداخەوە ئەو كردارە ڕوویدا. من بەرپرسی ژیانی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمم و شانازیش بەوە دەكەم كە توانیمانە ئازادی بۆ ئەو گەلە بهێنینەدی ئەوەش ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان دەیبینی بەری ئەو ڕەنج وخەباتەیە. بەداخەوە ئەم ڕووداوە بەشێوەیەكی زۆر دوور لەڕەوشت ئیستیغلال كرا مەسەلەیەكی كوشتن لەئارادیە و پێویستە دەرفەت بۆ لێكۆڵینەوە فەراهەم بكرێ، ئەگەر ئەنجامەكان هەر كەسێكیان تاوانباركرد دەبێ سزا بدرێ و لەبەردەم دادگا بوەستێ، چونكە هیچ كەسێك لەسەرووی یاساوە نییە، بەڵام بەداخەوە ڕووداوەكە زۆر خراپ ئیستیغلالكرا وحوكمی پێشوەختە لەدژی ئەم وئەو دەرچوو. ئەوەی دەبینرێت بێ هیچ گومانێك دەیسەلمێنێت مەبەست لێی بزركردن وشاردنەوەی ڕاستییە جوانەمەرگ قوتابیی زانكۆ بوو ڕۆژنامەنووس نەبوو، تەرمەكەی لەمووسڵ دۆزرایەوە، بۆیە ئەمە جێگەی پرسیارە كەچۆن گەیشتە مووسڵ؟ خاڵی پشكنینی هاوبەشی ئێراقیی- ئەمەریكی زۆر لەدەوروبەری مووسڵ هەیە كەواتە چۆن گەیشت؟ هەندێ لایەن بەناوی ڕۆژنامەگەریی ئازاد وئۆپۆزیسیۆن بێ هیچ دەرفەتدانێك بە لێكۆڵینەوە ئەو پرسەی قۆستەوە، من بەئەركی دەزانم كە چاودێریی بەڕێوەچوونی ئەم لێكۆڵینەوانەێ بكەم تادەگەینە ڕاستی، ڕێگە بەهیچ كەسێك نادەین رووداوی لەمجۆرە بۆ مەبەستی تەسكی حزبی و ئاراستەكردنی تۆمەتی بێ بەڵگە بقۆزێتەوە، بۆیە داوام كرد هەر كەسێك بەڵگەیەكی لەلابوو لەمبارەیەوە پێشكەشی لیژنەی لێكۆڵینەوەی بكات ، دەبێ ئێمە هاوكاربین بۆ گەیشتن بەڕاستی نەك شاردنەوەی.
* لەئاسایشی هەرێمی كوردستان دڵنیایت؟
سەرۆكی كوردستان: بێگومان ئاسایشی هەرێمی كوردستان زامنكراوە، ڕاستە ئاسایشێكی تەواو لەهیچ دەوڵەتێكی دونیادا نییە ولەوانەیە دزەكردن لەلایەن تیرۆریستێك یان لایەنێكی چەكداری وتیرۆریستی یان خۆكوژێك هەبێت، بەڵام مەحاڵە تیرۆریستان بتوانن بنكەیەك لە كوردستان دابنێن یان تیایدا سەقامگیر بن و بە بەراورد لەگەڵ زۆر شوێنی جیهان ئاسایشی هەرێمی كوردستان جێگای شانازیی هەموومانە.
* دیارە چالاكییەكانی قاعیدە لەهەرێمی كوردستاندا لەكشانەوەدایە؟
سەرۆكی كوردستان: چەند جارێك هەوڵیاندا، بەڵام بەر لەئەنجامدانی كردارەكانیان سەرنەكەوتن وشكستیانهێنا.
* ئایا قەت زانیوتە ئەوان ویستویان تۆ تیرۆر بكەن؟
سەرۆكی كوردستان: بەشەخسی نەخێر، بەڵام ئەوە گەورەترین هیوای ئەوانەو ودڵنیاشم لەهزری لەمجۆرە دوورنین.
* پەیوەندیتان لەگەڵ توركیا چۆن وەسفدەكەن؟ من پرسیارم لەئەحمەد داود ئۆغڵو كرد هەستی بەچی كرد لەكاتی تەوقەكردن لەگەڵتان ئەو گوتی: هەستی من زۆر ئاسایی بوو، ئەی هەستی تۆ چۆن بوو؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ هەستی منیش ئاسایی بوو هەنگاوەكەش ئیجابی بوو ئێستاش جێگەی ڕێزی ئێمەیە، چونكە توانی یارمەتیی پێشكەوتنی پەیوەندیی نێوانمان بدات ئێستاش ئەو پەیوەندییە بەرەو ڕێگای ڕاستی خۆیدا دەڕوات و لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی توركیا دەكەم.
* داوەتكردنی ئێوە بۆ توركیا بەسیفەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ بەو سیفەتەیە ئەگینا قبووڵی ناكەم.
* ئەمە گۆڕانێكی گەورەیە؟
سەرۆكی كوردستان: بێگومان گۆڕانێكی ئیجابی و واقیعیە.
* داود ئۆغڵو پایەبەرزترین بەرپرسی توركیایە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبێ؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ ئەو و وەزیری بازرگانی سەردانی هەرێمیان كرد.
* ئەم گۆڕانكارییە لەسیاسەتی توركیا سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی زیاتركرد؟
سەرۆكی كوردستان: هەنگاوێكی ئیجابییە و ئێمەش پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ سیاسیەتی كرانەوەی توركیا دەربڕیووە، ئەمە بێگومان ئاسایشی ناوچەكە زیاتر دەكات، بەڵام باكەمێك واقیعی بین مەسەلەكە ئاسان نییەو تەحەددای زۆری لەبەردەمدایە.
* ئیرادەیەكی هاوبەش بۆ چارەسەری هەیە؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ، تا چارەسەرییەكە ئاشتیانە بێت ئێمە یارمەتیی هەموو جۆرە دەستپێشخەرییەك دەدەین بۆ سەركەوتنی ئەم سیاسەتە.
* بەڵام پرسی دیكەی وەكو مەسەلەی پەكەكەو شتی دیكەش لەئارادایە؟
سەرۆكی كوردستان: چارەسەری ئاشتییانە تاكە چارەسەری پرسی پەكەكەیە، چونكە چارەسەری سەربازی هیچ ئەنجامێكی لێ ناكەوێتەوە، بۆیە پێویستە جەخت لەسەر چارەسەریی ئاشتییانە بكرێ.
* پەیوەندی لەگەڵ ئێران چۆن دەبینن؟
سەرۆكی كوردستان: ئێران وڵاتێكی دراوسێیە، پێویستە دان بەوەدا بنێین كە ئێمە چەند دراوسێیەكمان لەدەوروبەردان پێویستە بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین. ڕاستە زۆر جار گرفتی بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكانمان بۆ دێتەپێش لەلایەن ئێران و توركیاوە، ئەمەش زۆر دڵتەنگمان دەكات وقبووڵی ناكەین. ئەوان دەڵێن دزەكردن لەسنوورەكانەوە هەیە، بەڵام ئێمە ئەوشتە بەواقیعی نابینین و نابێتە هۆكارێك بۆ بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەكان ئاسایین و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لەنێوانماندا هەیە.
* لەگەڵ سووریا؟
سەرۆكی كوردستان: پەیوەندیی باشمان لەگەڵ سووریا هەبوو وهیچ كاتێك ڕۆڵی سەرۆكی كۆچكردوو حافز ئەسەدمان لەیادناچێت كاتێك پاڵپشتیی لەئێمە كرد، بەڵام دیارە دوای ڕووخانی رژێم ئەولەویات گۆڕدران وكەوتینە نێو دوو ڕێگای جیاواز.
* لەكەیەوە سەردانی سووریاتان نەكردووە؟
سەرۆكی كوردستان: لەساڵی 2003 ەوە.
* ئایا لەبەر ئەوەیە كەئێوە بەبەشێك لە پڕۆگرامی ڕووخاندنی سسەددام حوسێن دانران؟
سەرۆكی كوردستان: نەخێر....ئەوان چەند جارێك وەكو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوەتنامەیان ئاراستەكردم نەك وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بۆ من قبووڵنەكراوە.
* لەقسەكانت واتێدەگەین باشبوونی پەیوەندیتان لەگەڵ توركیا لەبەرامبەر تێنەگەیشتنی عەرەبە بۆ هەرێم؟
سەرۆكی كوردستان: نەخێر....جەلالەتی مەلیك عەبدولڵای پادشای سعوودیا وەكو سەرۆكی هەرێم پێشوازیی لێكردم، هەر بەو سیفەتەش سەردانی كوێت و قەتەر ولیبیاو لوبنانم كرد.
* ئایا بڕیارێكی ئەمەریكا هەیە بەكشانەوەی سوپا لەئێراقەوە؟
سەرۆكی كوردستان: من لەسەرۆك ئۆبامام پرسی و گوتم هەر ئێراقییەك ئەمڕۆ دەپرسی ئایا بەكشانەوەی سەربازانتان گرنگیی خۆتان بۆ ئێراق كەمدەكەنەوە یاخود نایهێڵن" ئەو گوتی گرنگیی ئێمە بۆ ئێراق هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە پەیوەندیی نێوان ئێمە و هەرێمی كوردستانیش زیاتر بەرەوپێش دەبەین. ئێمە سوپای خۆمان لە ئێراق دەكشێنینەوە، بەڵام پەیوەندییەكانمان زیاتر بەرەوپێش دەبەین.
* مەترسیی شەڕتان هەیە بەكشانەوەی ئەمەریكا؟
سەرۆكی كوردستان: پێویستە بەر لەكشانەوەی ئەمەریكا گرفتە (عەقدییەكان) لەنێوان پێكهاتەكانی ئێراقدا چارەسەربكرێ. بێگومان كشانەوەی ئەمەریكا بەبێ چارەسەری ئەو گرفتانە شەڕی لێدەكەوێتەوە.
* لەنێوان كورد و عەرەب؟
سەرۆكی كوردستان: لەنێوان كورد و عەرەب، لەنێوان عەرەب و عەرەب، من باسی حاڵەتێكی فەوزا دەكەم كە بۆشایی لێبكەوێتەوە بەو فەوزایەش دەوڵەتانی ئیقلیمی بۆ پركردنەوەی ئەم بۆشاییانە دێنە نێو ئێراق ودەست لەكاروباری وەردەدەن وگرفتەكە زیاتر دەبێت.
* كەواتە ئەگەر لەماوەی یەك ساڵ ونیودا گرفتەكان چارەسەر نەكران ئێراقێكی پڕ لە قەیران بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ دەبینین؟
سەرۆكی كوردستان: ئەو ئەگەرە لە ئارادایە، بەڵام هیواخوازین ڕوونەدات.
* ئایا ئێراق بۆتە گۆڕەپانی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان؟
سەرۆكی كوردستان: بەداخەوە، بەڵێ.
* بەبڕیارێكی ئێراقی بارودۆخ وای لێهات یان بڕیاری دەرەكیش ڕۆڵی خۆی هەبوو؟
سەرۆكی كوردستان: هیوام دەخواست بڵێم هیچ كاریگەرییەكی دەرەكی وئیقلیمی لەئێراقدا نییە، بەڵام بەداخەوە خەریكە بڵێم بڕیاری ئێراقی لەنێو ئەو هەموو بڕیارەدا خەریكە بزر دەبێت و خەریكە بڕیاری ئیقلیمی جێی دەگرێتەوە.
* با ئەو ڕستەیە شیبكەینەوە بڕیاری ئێراقی لەنێو ئەو هەموو بڕیارەدا خەریكە بزر دەبێت و بڕیاری ئیقلیمی خەریكە جێی دەگرێتەوە، ئەو قسەیە ڕاستە؟
سەرۆكی كوردستان: خەریكە بلێم بەڵێ بارودۆخ گەیشتۆتە ئەو ئاستە.
* كام یاریزانی دەرەكی كاریگەرترینیانە لەگۆڕەپانی ئێراقیدا؟
سەرۆكی كوردستان: ئێران وچەند دەوڵەتێكی عەرەبی و توركیا، ئەمەریكا ودەوڵەتانی ئەورووپایی ئێستا ڕۆڵی لاوەكییان هەیە.
* ئەمەریكاش هەروا؟
سەرۆكی كوردستان: تاڕادەیەك.
* ئەمەریكا لەئێراقدا شكستیهێنا؟
سەرۆكی كوردستان: ستەمە ئەگەر بڵێین شكستیان هێناوە، بەڵام ئەوان هەڵەیان كرد، ڕاستە ئەوان دەرفەتی ئازادی و دیموكراسییەتیان بۆ ئێراقییان فەراهەم كرد، بەڵام گلەیی لێرە لە ئێراقییانە كە نەیانتوانی ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، لەبەرامبەریشدا ئەمەریكییەكان هەڵەی زۆریان كرد گەورەترین هەڵەش دەرچواندنی بڕیاری 1483 بوو كە ئەوانی بۆ هێزی داگیركار ناساند.
* هەڵوەشاندنەوەی سوپاش؟
سەرۆكی كوردستان: هەڵە لەدوای هەڵە هات، نەدەكرا سوپا هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵكو دەبوایە جارێكی دیكە دروستبكرێتەوە.
* پێتانوایە ئەمەریكا بۆ مانەوەی دەیەها ساڵ هاتوونەتە ئێراق؟
سەرۆكی كوردستان: بێگومان ئەوان دەیانەوێ پەیوەندیی درێژخایەنیان لەگەڵ ئێراقدا هەبێ كەلەبەرژەوەندیی ئێراقدایە، بەڵام ناكرێ هێزی داگیركاریان هەبێت.
* هیچ داوایەكیان بۆ وجوودی سەربازی لەهەرێمی كوردستاندا هەبووە لەدوای 2011؟
سەرۆكی كوردستان: نەخێر، مەسەلەكە بە ڕێككەوتنی نێوان ئەمەریكا وحكوومەتی فیدراڵەوە پەیوەستە، ئەگەر بڕیارێكی لەمجۆرە درا هەرێمی كوردستان هیچ لارییەكی لەمبارەیەوە نییە و هیچ بڕیارێكی دووقۆڵی لەنێوان هەرێمی كوردستان وئەمەریكا بەبێ بەغدا نادرێ.
* لە 2000 هاتمە ئێرەو ئێوە لەبارودۆخی دوای ڕووخانی رژێم نیگەران بوون، ئایا ئێستاش لەبارودۆخی دوای كشانەوەی ئەمەریكا نیگەرانن؟
سەرۆكی كوردستان: دەرچوونی ئەمەریكا لێرە شتێكی ئاساییە و دەبێ بكشێنەوەو ئێراق بەجێبهێلن، ناكرێ ئەو ژمارە زۆرەی هێزەكان لەئێراقدا بمێننەوە، بەڵام پێویستە هێزی مەشقكاری سوپاو پۆلیس بمێننەوە. ئەگەر ئێراقیانیش هەستیان بەمەترسی نەكرد نیگەرانیی من لەوەدا دەبێت.
* دەتوانین بڵێن لێكترازانی زیاتری ئێراق ببینین؟
سەرۆكی كوردستان: واتای لێكترازان ئەوەیە هەر پێكهاتەیەك تایبەتمەندیی جیاوازی خۆی هەبێت واقیعی ئێستاش وادەڵێت دوایین هەڵبژاردنیش ئەوەی سەلماند ئێراقییان لەڕووی شكلییەوە دەتوانن یەكگرتوو بن، بەڵام كورد بۆ كورد وشیعە بۆ شیعەو سووننە بۆ سوننە دەنگیدا، ئەمە ڕاستییەكە لەوانەیە كەسانی دیكە بەبیستنی گلەیی بكەن، بەڵام ئەمە واقیعی ئێراقە، شیعەیەكم بۆ بهێنە لەناوچە سووننەنشینەكاندا سەركەوتبێت و بەپێچەوانەشەوە.
* ئەوە ڕووینەدا؟
سەرۆكی كوردستان: بەپێی زانیاریم، نەخێر، بەڵام بارودۆخی بەغدا جیاوازە، شیعەیەكم بۆ بهێنە لەئەنبار سەركەوتووبێت یان سووننەیەك لەعیمارە یان كوردێك لەناوچەی عەرەبنشین و عەرەبێك لەناوچەی كوردنشین. ئەمەیە واقیعی ئێراق.
* دەڵێن خەڵك حەز بەخەوتن لە ناوچەی وادەكەن كەلەخۆیان بچن، شیعە وسووننەو كورد هەریەكەو لەناوچەی خۆی؟
سەرۆكی كوردستان: ڕاستە....ئەوەیە بارودۆخی ئێراق.
* ئەمەیە واقیع؟
سەرۆكی كوردستان: ئەمەیە واقیع.
* لەكڕۆكی هەڵبژاردن دەتوانین بڵێین هەر 3 گرووپی كوردو سووننەو شیعە لەئێراقدا هەن و وپێكهێنانی ئێراقی تازەش بەپێكەوەژیانی ئەو پێكهاتانەوە بەندە؟
سەرۆكی كوردستان: لەوانەیە، دەرفەتێكی زۆر بۆ پێكەوەژیان و بەهێزكردنی برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی ئێراق هەیە، بەڵام بەمەرجێك ئارەزوومەندانە بێت بۆیە بەڕای من فیدراڵیزم باشترین ونموونەییترین چارەسەرە وگرفت نییە 3 یان 4 یان 5 هەرێم بێت، لەوانەیە سووننە وشیعە لەهەرێمێك زیاتریان هەبێت، بەڵام پێویستە سووننەش پەراوێزێكی گەورەی ئازادییان پێ بدرێ وەكو هەرێمی كوردستان، دەبێ لەسەر ئەوە ڕێكبكەوین كە بەغدا پایتەختی هەمووانە بەو شێوەیە یەكبوونی ئێراق دەپارێزین، بەڵام فەرزكردنی ڕژێمێكی شموولی مەركەزیی بەهێز یانیش تایفەیی ئێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.
* داوای هەمان ئەو شتانە دەكەن كەبەكورد دراون بۆ پێكهاتەكانی دیكە؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ ڕاستە، دەبێ لەسەر ئەوە ڕێكبكەوین ناسنامەی نیشتیمانیمان ئێراقییە و پرسە سیادییەكان بەحكوومەتی فیدراڵەوە پەیوەستن ومەسەلەكانی دیكەش بۆ ڕۆڵەی ناوچەكان بەجێدەهێڵدرێن بۆ هەڵبژاردنی شێوەی ژیانی بەمەرجێك یەكبوون وسەروەریی ئێراق بپارێزیت.
* ئایا لە باشبوونی رەوشی ئابووری لە هەرێمی كوردستان ئاسوودەن؟
سەرۆكی كوردستان: تاڕادەیەكی زۆر، بەڵام زۆریش ماوە.
* گوێبیستی ئەوە بووین، نەوتی كەركووك بەلای كورد مەسەلەیەك نییە، چونكە لە زۆر جێگەی دیكەی كوردستان نەوت دۆزراونەتەوە؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ، بەبڕێكی زۆروەش، مەسەلەی كەركووك پەیوەندی بە نەوتەوە نییە، بەڵكو بۆتە رەمزی ئەو چەوساندنەوانەی بەرامبەر كورد كراوە و بۆتە گرێیەكی دەروونی و ویژدانیش.
* ئایا تائێستا كێشەی گرێبەستەكانی نەوت لەگەڵ حكوومەت بەردەوامە؟
سەرۆكی كوردستان: پێموانییە ئەمڕۆ كێشەیەك لەوبارەیەوە هەبێت.
* ئایا پێتوایە هاووڵاتی كورد لە هەرێمی كوردستاندا، ماوەی چەندین ساڵە ئێستا ئاسوودەیە؟
سەرۆكی كوردستان: ئەمە یەكەمجارە هاووڵاتی كورد بڕێك لە ئازادی بەدەستدێنێ بۆ ئەوەی كاروباری خۆی لە هەرێمكدا بەڕێوەببات، ئەمە یەكەمجارە لە مێژوودا.
* ئایا ئەوەت بە خەیاڵدا دێت، كە لەوانەیە بگەڕێنەوە چیاكان بۆ ئەوەی سەركردایەتی چەكداران بكەن؟
سەرۆكی كوردستان: دژی كێ؟
* ئەگەر سەددامێكی دیكە لە بەغدا دەركەوت؟
سەرۆكی كوردستان: سەددامێكی دیكە لە بەغدا بە دیارناكەوێ، ئێمەش پشكمان لە بەغدا هەیە، بڕوامان وایە دژی حوكمڕانی لە بەغدا ناچینەوە چیاكان، بەڵام ئەگەر هەر هەڕەشەیەك لە سەر ئێراق هەبێت، ئێمە ئامادەی بەرگریكردنین لە هەر خاڵێكی ئێراقدا.
* كامەیان قورسترە، كە سەركردەی بزووتنەوەی كورد بیت یا سەرۆكی هەرێمی كوردستان؟
سەرۆكی كوردستان: ئێستا كارەكان قورسترن، بەڕێوەبردنی وڵات قورسترە لەوەی مقاوەمەی رژێم بكەیت لە پێناو رزگاریدا، ئێمە ئێستا لە قۆناغە قورسەكەداین.
* ئایا هەست دەكەی ئەوەی مەلا مستەفا بارزانی باوكت بەدینەهێنا، ئێوە بەدیتانهێناوە.
سەرۆكی كوردستان: ئەو بەردی بناغەی دانا، هەرچییەكی ئێستا دەیكەین، زیادكردنێكە بۆ ئەوەی بناغەی داناوە.
* ئەگەر داوات لێكرا، ئێستا راپۆرتێك لەسەر وێنەی رەمزی پێشكەشی مەلا مستەفا بارزانی بكەین، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، رەوشی ئێستای كوردی ئێراق چۆنە؟ چ دەڵێی؟
سەرۆكی كوردستان: دەڵێم، سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ سەربەخۆییەكی گەورەیان هەیە و وڵاتەكەی خۆیان بە ئازادی بەڕێوە دەبەن، باری ئابووریان باشترە، بەڵام هەڕەشەی گەورەش ماوە.
* ئایا وەك حاكمێك ویستی دیكتاتۆری هەست پێدەكەی؟
سەرۆكی كوردستان: من بڕوام بە دیموكراسی هەیە، لە هەڵبژاردنەكاندا پەیمانم بە جەماوەر داوە، داوام لێكردن دەنگ بەو كەسە بدەن، كە خۆیان دەیانەوێ بۆ ئەوەی بڕیار هی ئەوان بێت.
* ئایا پەیوەندیەكانت لەگەڵ هەندێ سیاسەتمەداری ئێراقی سەختە؟
سەرۆكی كوردستان: كێشەی شەخسیم لەگەڵ هیچ یەكێكدا نییە، رێزیان لێدەگرم و هەموویان بە برای خۆم دەزانم.
* ئایا كێشەیەكتان هەیە ئەگەر لەو راوێژانەی دەكرێن مالیكی سەرۆكی حكوومەتی وەرگرتەوە؟
سەرۆكی كوردستان: ئەگەر كوتلەكانی دیكە دەنگیان پێدا، من هیچ كێشەیەكم نییە.
* پەیوەندیتان لەگەڵ رەوتی سەدر چۆنە؟
سەرۆكی كوردستان: پەیوەندیمان زۆر باشە، دیداری بەردەوام هەیە، عەداوەتی شەخسیمان لەگەڵ كەسدا نییە و ڤیتۆش لەسەر كەس دانانێین.