ئەگەر مەسەلەی سەربەخۆیی پەیوەندی بە گوندێكیشەوە هەبێ مادام ناوی دەولەتی كوردی لێهاتووە، ئەوە من رازیم بۆ ئەو گشتپرسییە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    357
image

دیدار: عەبدولقەهار هەولێری

كاكە حەمەی حاجی مەحمود ئەو پێشمەرگە خاكیەی ئەمرۆ ناوی بەلای هەموومان ئاشنایە، ئەو سەركردە دێرینەی شاخ و نێو كاروانی بزافی ئازادیخوازی كورد بە درێژایی تەمەنی خەمی نەتەوایەتی كوردی لە شان ناوەو ئەو باوكەی لە سەنگەرەكانی بەرگری كاتێك كورەكەی لە پاڵی شەهید دەبێ كەچی ئەو ئامادە نییە بەرەكانی شەرەی دژ بە تیرۆرستانی داعش چۆل بكات، زۆر بەسادەیی كاكە حەمەی حاجی مەحمود بە درێژای ژیانی خۆی خەبات دەكات بۆ ئەوەی بە ئاواتەكانی گەلەكەی بگات ئەویش سەربەخۆ بوونی كوردە، لە دەرفەتێكدا لە گوندەكەی خۆی گول خاتون بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە....

دەربارەی پرسی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان و كاریگەری و ئایندەی ئەم پرۆسەیە بەسەر گەلی كورد، كاكە حەمەی حاجی مەحمود بە زمانێكی ساكار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بە قەناعەتی خۆم ئەگەر مەسەلەكە پەیوەندی بە گوندێكیشەوە هەبێ مادام ناوی دەولەتی كوردی لێهاتووە، ئەوە من رازیم بۆ ئەوەی گشتپرسی بۆ ئەنجام بدەم، چونكە هەتا خانویەكمان نەبێ ناتوانین لەسەر حەسارەكەی رێك بكەوین. كاكە حەمەی حاجی مەحمود دەربارەی ئەم پرسە تێروانینی بە شێوەیەكی گشتی خستە روو، رایگەیاند كەوا مەسەلەی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی وەكو مەسەلەیەكی چارەنوساز هەر دەبێ ببێ و ئەمرۆ یان سبەی كورد هەر دەبێ دەولەتی خۆی رابگەێنێ،

كاكە حەمەی حاجی مەحمود دووپاتیشی دەكاتەوە كە بۆ پرسی گشتپرسی زەرورە هەنگاوی یەكەم لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە مەبەستی خۆمانیان پێ رابگەێنین، كە باشتروایە دوو دراوسێ هاوسنوربین نەوەك دوو دراوسێ ناكۆك، كاكە حەمەی حاجی مەحمود گوتیشی گرتنە بەری ڕێ و شوێنی پێویست بۆ دروستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی زۆر گرنگە، بۆیە گونجاو نییە ڕێگە بدرێ ئەم پرسە چارەنووس سازە بكرێتە قوربانی ناكۆكی و ململانێ نێوخۆیی بەتایبەت ئێستا لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر هەیە. بێگومان سازدانی گشتپرسی لە قازانجی سەربەخۆییە و ئیرادەی كوردە، من ڕام وایە ڕۆژگاری ئێمە بە جۆرێك گرفتاری پەرتەوازەیی بووە، بەجۆرێك لە هێنانەدی خەونی دەولەتی كوردی ئەسڵەمێتەوە جێگای تێڕامانی قووڵ‌و هەڵوێستگیری جددیە. كار وا بروات چارەنووسێكی نادیارو ناشیرین چاوەڕێمان ئەكات....

زۆر گوناه ئەم پێكهاتە رەنگاو رەنگەی، كە ئێستا لەناو خاكی گەلی كوردە وەكو گەورەترین پێكهاتەی بێ دەوڵەت بمێنێتەوە، بێگومان ئەمە لەبەر ئەوەیە كە بنەماكانی یەكێتی و یەكبوونی نێو ماڵی كورد زۆر لاوازە، پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد لەوە وریا بێ كە ئێستا ئەو دوژمنە دەرەكیانە هەر ماون، كە دژایەتی كورد و مافی چارەی خۆ نوسینی ئەم گەلە دەكەن، بۆیە سازش كردن بۆ یەكتری كەمبوونەوە نییە بە قەد ئەوەی گەورەییە.

دەربارەی ئەو گۆرانكاریە نەوعیەی لە پاش هاتنی تیرۆرستانی داعش بە ددەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەدی هاتون كاكە حەمەی حاجی مەحمود بەم شێوەیە بەرسڤی خۆی هەبوو: لەسەد ساڵی ڕابردوودا كە بزاڤی ئازادیخوازی كورد لە هەرچوارپارچەی كوردستان بەپێی هەل‌و مەرج لە ئارادا بووە هەتا ئیستا بەردەوامەو لەو ماوە دوور و دریژەدا خوێن‌و قوربانی زۆری بەخۆشیوە ولە ژێر سێبەری ئەو گیانبازی‌و فیداكاریانە‌دا لەسەردەمی ئێستا‌دا دەبینین كە كوردو كوردستانیان لە وەدیهاتنی ئامانجەكانیان نزیك دەبنەوە

لە پاش هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ ناوچەكەو سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئیستاكە تا ئاستێكی باش گەلی كوردی نزیككردۆتەوە لە بەدەست هێنانی دەوڵەتی كوردی،لە حاڵێكدا ئەگەر سەركردایەتی سیاسی بە لۆژیك و حیكمەتەوە بەرخەورد لەگەڵ دوخ و هەلومەرجەكەدا بكەن، ئەو شەرە داسەپاوەی ئەمرۆ لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە بەسەر گەلی كورد سەپاوە، ئەگەرچی رووداوی كارەسات ئامێزی لێكەوتۆتەوە، بەلام لەلایەكی تر بە هۆی جەسوری هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بۆتە هۆی دیاری كردنی سنووری كوردستان و بەدەستهێنانەوەی ئەو خاكەی لەڕابردوو كورد لەدەستی چوو بوو، ئێستاش هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو سنوورانە خاكی كوردستان دەپارێزێت، ئەم تایبەتمەندی‌ بەرزە مرۆڤ بوونەی‌ پێشمەرگە لە هەموو جیهان رەنگی‌ داوەتەوە. لە هەمانكاتدا پێشمەرگەی‌ كردووە بە ئوستوورەیەكی‌ مۆدێڕن‌، پێشمەرگە كێیە‌و ئەركی‌ چیە، ئەم وشە پیرۆزە‌و ئەو پرسیارە گەورەیە زۆری‌ لەسەر باس كراوە. دۆست‌ و دوژمن هەر یەك تەحلیلی‌ خۆیان‌ راگەیاندوە. دوژمن زیاتری‌ باسی كردوە، چونكە‌ پێشمەرگە وەك پارێزەری‌ شەڕەف‌و ئازادی‌ بە ورەیەكی‌ پۆڵایین، بە دڵێكی‌ ئازاد‌و بە تەواوی‌ وجوودی‌ خۆی‌ كە بە باڵای‌ كوردستانە، شەڕی‌ مان‌و نەمانی‌ لەگەڵ‌ كردوە، مەرگی‌ خۆ وەپێش لە نێوچوونی‌ ئازادی ‌‌و شەڕەف ‌و كەرامەتی‌ گەلەكەی‌ خستووە.پێشمەرگە تەواوی‌ قورسایی‌ خەبات‌و تێكۆشانی‌ پڕ لە شانازیی‌ گەلەكەیان لەسەر شان‌و پیلی‌ خۆیان هەڵ، گرتوە تاوەكو كاروانی‌ درێژی‌ خەبات‌و پێش وەچوون بێ‌پسانەوە، بەرقەرار‌و بەرمەدار‌و ئاڵای‌ ئازادی‌‌و خۆڕاگری‌ شەكاوە رابگرێت. ئەم ئاڵایە كە وەك هێما‌و رەمزی‌ نەتەوەی‌ كورد لە بەرزترین لوتكەكان دەدرەوشێت، تەنیا‌و تەنیا مەچك‌و ورەی‌ پێشمەرگە پاراستوویەتی‌. 

كاكە حەمەی حاجی مەحمود دەربارەی هەولەكانی سەرۆك بارزانی بۆ گشتپرسی و كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان لە دەوری یەكتری بەم شێوەیە بەرسڤی داینەوە: لە ئێستادا هەرێمی‌ كوردستان چەندین قەیرانی‌ قوڵ و جۆراوجۆر بەرۆكی‌ گرتووە، قەیرانی‌ سیاسی‌ و ناكۆكی نێوان لایەنەكان لە ناوخۆدا گەیشتۆتە ئاستێك كە چەقبەستوی‌‌ پێوە دیارە، لەلایەكی تر بارە دارایی و ئابوریەكەی هەرێمی‌ كوردستانیش ئەوەندەی تر دۆخەكەی ئالۆزتر كردۆتەوە، لەلایەك شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش و لەلایەكیتر ئەو كێشانەی لەگەل بەغدا كە هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە و لەسەرووی ئەمانەشەوە فشاری وڵاتانی دراوسێ و گەمە كردنیان لەگەل وەتەری حەساسی پرسی نەتەوایەتیمان، ئەمانە هەموویان بەسەر یەكەوە قەیرانەكانیان ئەوەندەی تر ئاڵۆز كردۆتەوە. بۆ ئەمەش كاك مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا، بەراشكاوی ئەوەی گوتووە، كە بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی، ئەمە قسەی خۆیەتی، بۆیە بەرای منیش ئەگەر سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان كێشەكانی خۆیان وەللاوە بنێن و ئامانجی باڵای نەتەوەییان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حیزبیەكانیان و ئەگەر ڕێوشوێنی پێویستی نەتەوەیی بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی ئەوە مێژوو بۆ خۆیان تۆمار دەكەن و گەلی كوردیش لەو میحنەتە دەرباز دەكەن كە گیرۆدەی بێ دەولەتییە، بۆیە بەرای منیش پەیامەكەی كاك مەسعود بارزانی لەكاتێكی باشدایە و هیچ دەرفەتێكی تر لە بەردەمی حزب و لایەنە سیاسییەكان نیە جگە لە كۆبوونەوە و دانیشتن لەگەڵ یەكتری و ئاشتبونەوەی ناو مالی كوردی نەبێ، چونكە كورد هیچ ڕیگایەكی تری لەبەردەمدا نییە، جگە لە دانیشتن نەبێ لەسەر یەك مێزی گفتو گۆكردن هەر دەبێت لە ئەنجامدا بە ‌یەكەوە دابنیشن فكرێك لە ‌بەرژەوەندیی ئەم میللەتە ستەم دیدەیە بكەنەوە بەرژەوەندیی تەسك بخەنە لاوە،‌ دواتر گەستنی پەنجەی پەشیمانی دادی كەس نادات.