كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ خەبات

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    236
image

 

- كوردستان بە پارتی و یەكێتیی دەپارێزرێت نەك بە خەڵكانی دیكە

- یەكێتی دژایەتی پارتی ناكات

- دەبێت لەناوخۆمان یەكگرتوو بین

- دەرفەتێكی باش هاتۆتە پێش بۆ سەربەخۆیی و ناكرێت ئەو پرسە بكەینە قوربانی كێشە نێوخۆییەكان

دیدار: عەبدولقەهار هەولێری

دەربارەی پرسە هەنووكەییە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی كوردستان، هەڤاڵ كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كورستان بە سوپاسەوە شرۆڤەی بۆ پرسیارەكانی خەبات كرد. 

دەربارەی پرسی سەربەخۆیی و دواپەیامی سەرۆك بارزانی كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی: بارودۆخێكی گونجاوی نێودەوڵەتی هاتۆتە ئاراوە بۆ ئەوەی كورد بتوانێت سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت و كاری جدی بۆ بكات، ئەگەر سەیری دەوروبەر بكەین، ئەوەتا سووریا لە لێواری رووخاندایە و بەغداش بارودۆخی زۆرباش نییە و شتێك نەماوە بەناوی سیادەی دەوڵەت لە بەغدا، دەمەوێت بڵێم دوای شەڕی داعش دەرفەتەكە زیاتر لەبارە بۆمان، بەهۆی بەرخودانی پێشمەرەگە و ئە شەڕە ئازایانەی كە پێشمەرگە دەیكات، ناوی كوردستان و پێشمەرگە بەرزبووەتەوە و هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیمان بۆ دروستبووە، لەم رووانگەیەوە، جەنابی سەرۆك، پەیامێكی ئاڕاستەی سەرجەم لایەنەكان كرد كە وەرن با دەستلەناودەست كار بۆ سەربەخۆیی بكەین و كێشەكان وەلابنێین و ناكرێت كێشە ناوخۆییەكان ببنە لەمپەر لەبەردەم رەوتی سەربەخۆییدا، دەبێت پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم جیابكەینەوە لەگەڵ كێشە ناوخۆییەكان بەنیازین ئەمە بەلایەنە سیاسییەكان بڵێین با دەوڵەتمان هەبێت، ئەوسا قسەی دیكە دەكرێت، چونكە كە دەوڵەتیش بین كێشەی ناوخۆیی و مونافەسە هەر دەبێت، ئەمە كرۆكی دیموكراسییەتە، بۆیە ناكرێت سەربەخۆیی و ریفراندۆم بكەین بە قوربانی ململانێی نێوخۆیی. 

كاری لیژنەكان تەواو نەبووە

دەربارەی پرسی گۆڕانكاری نێوخۆی پارتی، كاكەمین نەجاڕ، گوتی: تاكو ئێستا گۆڕانكارییەكان نەكراون، چەند لیژنەیك پێكهاتووە و راپۆرتیان ئامادەكردووە، خەریكی دیراسەكردنین، دوای دیراسە گۆڕانكاری دەكرێت، بەڵام تاكو ئێستا كاری لیژنەكان تەواو نەبوە. 

ئەگەر تەبابین زۆر شتمان بۆ دەكرێت

بارودۆخی كوردستان دەكرێت بە دوو بەش قسەی لەسەر بكەین، بەشێكیان نێودەوڵەتییە كە مایەی دڵخۆشییە، بەشەكەی دیكە نێوخۆییە كە دەبێ تەبابین، ئەگەر تەمابین زۆر شتمان بۆ دەكرێت، ئەگەرنا زۆر شتمان لەدەستدەچێت. 

دەبێ پەرلەمان چاك بكرێت

دەربارەی پرسی گفتوگۆ و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كاكەمین نەجار، بۆچوونی وابوو: ئێمە وەكوپارتی دەرگای گفتووگۆمان دانەخستووە، با لایەنەكان بێن دانیشین و ئەم پرسانە لێكجیابكەینەوە و پرسی كێشە نێوخۆییەكان و پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم، پێمان باشە پەرلەمان چاك بكرێت و كاری بۆ دەكەین. 

تەنها سەرۆك بارزانی بەرپرس نییە

دەربارەی دابەشكردنی بەرپرسیارەتی لایەنەكان و ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی، كاكەمین وا دوا: جەنابی سەرۆك، سەرۆكی هەموو هەرێمە، سەرۆكی یەك لایەن نییە، بۆیە هەموولایەنەكان بە یەك چاو سەیر دەكات و هەمیشە كە پرسێكی نیشتمانی دێتە پێش، داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكات بە یەكەوە وەكو یەك تیم كاری لەسەر بكەن، لایەنەكانیش داوا دەكەن سەرۆك بچێتە سلێمانی، ئەمە شتێكی سروشتییە، چونكە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و خانەقین هەتا زاخۆ هەمووی یەكە و كوردستانە. بەڵام هەموو بەرپرسیاریەتییەكە لە ئەستۆی سەرۆك نییە، ئێمە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەرپرسین و هەر كەس بەقەدەر سەنگ و قورسایی خۆی دەبێت بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت، چونكە نابێت هەموومان خۆمان لابدەین و بڵێین سەرۆك بەرپرسە، وانیە بە تەنیا سەرۆك بەرپرس نییە، هەموومان بەرپرسین. 

یەكێتیی دژایەتی پار تی ناكات

دەربارەی پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتیی كاكەمین گوتی: ئێمە و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كێشەمان نییە، یەكێتی دژایەتی پارتی ناكات، ڕاستە جیاوازی بۆچوونمان هەیە، بەڵام لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی گەلەكەمان لەگەڵ یەكێتیی یەكهەڵوێستین، دەبێت وابین، چونكە كوردستان بە پارتی و یەكێتی دەپارێزرێت نەك خەڵكی دیكە، بۆ هەموومان ئەوە دەزانین كە دەبێ یەكێتیی وپارتی تەبابین و لایەنە سیاسییەكانی دیكەش پشتیوان بن لەم رووانگەیەوە دەڵێم ئێمە و یەكێتیی هاوهەڵوێستین لەسەر پرسە نیشتمانییەكان و هیچ لایەكمان دژیایەتی یەكدی ناكەین. 

هیچ لایەنێك بە تەنیا نوێنەری كورد نییە

كاكەمین نەجار دەربارەی پرسی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بۆچوونی وابوو: ئێمە لەگەڵ بەغدا هەتاكو ئێستا یەك دەوڵەتمان هەیە و لێكجیانەبووینەتەوە، بۆیە گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا پێویستە، بەڵام دانیشتنی یەك لایەن بە تەنیا نوێنەرایەتی كورد ناكات، دەبێت هەموو لایەنەكان بەیەكەوە بە یەك دەنگ بچینە بەغدا، لە هەمان كاتدا ئاسییە چی لایەنێك بۆخۆی وەكو لایەنی سیاسی دەچێت گفتووگۆ دەكات. بەڵام بە تەیا هیچ لایەنێك نوێنەری كورد نییە. 

نابێ ناو شار بكرێنە مەعەسكەر

دەربارەی پرسی شنگال و مانەوەی پەكەكە لەو سنوورەدا، كاكەمین دەڵێت: شنگال قەزایە و ئیدارەی خۆی هەیە، ڕاستە پەكەكە هەندێك پێشمەرگەیان لەو سنورە بەشداری شەڕیان كرد و دەوریان هەبوو، بەڵام ئێستا شەڕ نەماوە، بۆیە دەبێ لێگەڕین ئیدارە و هێزەكانی ئەو شارە بۆخۆیان كاری خۆیان بكەن، ناكرێت شار بكرێت بە مەعەسكەر كە بارودۆخ ئارام بێت، دەبێ شارەكان سەربازی تیا نەبێت، ئێمەش پێشمەرگە لەناو شنگال ناهێڵین، بۆیە دەبێ پەكەكەش وابكات. 

خەڵكی سڤیل زەرەرمەند دەبێت

دەربارەی پرسی دەستتێوەردانی پەكەكە لەناو هەرێمی كوردستان كاكەمین نەجاڕ، بۆچوونی وابوو: ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان دەستمان لە كاروباری باكوور وەرنەداوە و ئێرە هەرێمە، خۆمان پێشمەرگەمان هەیە، كاری خۆمان دەكەین، دەكرێت تۆبیت و بڵێی من لەناو هەرێم كانتۆن دروستدەكەم، ئەمە زەحمەتە، بۆیە دەبێت پەكەكە ئەوە بزانێت شوێنی خەباتی ئەوان باكوورە، بۆیە حەقە لەوێ خەبات بكەن، زۆرجار دەبینین بەهۆی هێرشەكانی ئەوان یان بوونی ئەوان لەناوچە سنوورییەكان توركیا هاوڵاتییانی سڤیل بۆردوومان دەكات و خەڵكی ئەو ناوچانە زەرەمەند دەبن