دیمانە لەگەل بەرێز دکتۆر عەبدولرزاق عوسمان ناوەندەیی: سەرۆکی دەستەی شار و شارۆچەکانی پیشەسازی لەهەرێمی کوردستان

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    418
image

د. عەبدولرزاق عوسمان ناوەندەیی:
- تا كۆتایی ئەمساڵ هاوكێشە ئابووریەكان دەگۆڕێن و باری گوزەرانی خەڵكی هەرێم بەرەو باشی دەڕواتەوە
- گەندەڵی لەو كاتەدا دەستپێدەكات كە تاكە ‌كەسانێك بەهرەمەند دەبن بەڵام كۆمەڵگە تیایدا زەرەرمەند دەبێ
- بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و بەردەوامبوونی یەكێكە لە گرفتە هەرە سەرەكییەكانی كۆمەڵگە و حكوومەت
خەبات/ عەبدولقەهار هەولێری
د. عەبدولرزاق عوسمان سەرۆكی دەستەی شار و شارۆچكەكانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی خەبات دا تیشك دەخاتە سەر قەیرانی دارایی و كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت و باری ئابووری كوردستان و پێشی وایە تا كۆتایی ئەمساڵ هاوكێشە ئابووریەكان دەگۆڕێن و باری گوزەرانی خەڵكی هەرێم بەرەو باشی دەڕواتەوە.
* بیرۆكەی دامەزراندنی دەستەی شار و شارۆچكەكانی پیشەسازی بۆ كەی دەگەڕێتەوە و هۆكاری دامەزراندنی چی بوو ؟
- بە هۆی بەربڵاوی ئیدارەدانی پیشەسازی لە چەندین وەزارەت و دەستە و كەمی و لاوازی گەیاندنی خزمەتگوزاری پیشەسازی بە پیشەسازكاران، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستەی شار و شارۆچكەكانی پیشەسازی بە سیستەمی ژمارە 5ی ساڵی 2013 دامەزراند و بەندە لە مانگی 2/2014 وەك سەرۆكی دەستەكە دەستم بەكار كرد. لە كۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەكان، كوردستان بەتایبەت، هەر یەك لە ئێمە لە پیشەی وانە ووتنەوە تووشی كۆمەڵێك گیروگرفت دەبین و ئەگەر زیرەكی و لێهاتوویی كەسی لە لایەك دابنێین ئەم گیروگرفتانەش وای لێهاتووە هەموو لایەنی كاركردنی وانە گوتنەوەو فێركردن بگرێتەوە و كاریگەری لەسەر چەندی و جۆری هەبێت. لێرەدا لە تێگەیشتن لە بنەماكانی ئابووری گیروگرفت و لێكۆڵینەوەو پێشكەش كردنی چارەسەری جێگرەوەو كاركردن بەرەو باشكردنیان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو وامان لێدەكات بگەینە هەلی تێگەیشتن لە گرنگی شیكردنەوەی ئابووری و هێزی وەكو كاركەر بۆ چارەسەری گیروگرفتە سەرەكیەكانی تر لە كۆمەڵگاكەمان. لە هەمان كاتدا وەستان لەسەر ئەم گیروگرفتانە و هی تریش وا لە زانستی ئابووری دەكات ببێتە بابەتێكی بەسوود و نەپچڕاو لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا. منیش پەرتووكێكی مەنهەجی زانكۆییم بەچاپگەیاندووەو ئامانجیش لە چاپ كردنی ئەم پەرتووكەم بەشداریكردنێكی سادەیە بۆ زیادكردنی تێگەیشتن بۆ شیكردنەوەی بنەمایی داخراو لەو مەیدانە فراوانەی بیردۆزی ئابووری، بە تایبەت ئەم پەرتووكە بە زمانی كوردی دەرچووە كە كتێبخانەی كوردی لەو بوارەدا لاواز و هەژارە.
* وەك شارەزایەكی بواری ئابووری ئەم رەوشە قەیرانە ئابووریەی كوردستان چۆن دەبینی و باری نالەباری خەلك و فەرمانبەران بە كوێ دەگات؟
- ئەم رۆژانە هەموو لایەنێك سەرقاڵی قەیرانەكانن و هەرێمی كوردستانیش خاڵێكی بچووكە لە ئابووری ئەو جیهانە و بە دڵنیاییشەوە شیكردنەوەی ئەم پەیوەندیانە تێگەیشتنە لە قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانیش چونكە بازنەكانی ئابووری وەك جالجالۆكە پێكەوە بەندن. ساڵی 2015 پاشەكشە و دابەزینێكی باشی لە ئاستەكانی دابەزینی نرخ بەخۆیەوە بینی و پێوەری نرخی بەكارهێنەران (هەڵاوسان) لە هەندێك ئاستدا گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی و داڕمانی ڕاستەقینەی لە ئابووری جیهانیدا بینی و بۆ ئەم مەبەستەش نرخی سوو زۆر بە خێرایی دابەزێنرا هەروەك بانكی نێودەوڵەتی لایەنگری دەستێوەردان لە نرخی خەرجی كرد هەروەك لە فرانك لە كانوونی دووەمی 2015 و بانكی چینی خەڵكی لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو ڕوویدا. بەرزبوونەوەی‌ نرخی سووی ئەمریكی، ئەمە بە شێوەیەكی تەواو نییە، بەڵكو سەرەتایەكە بۆ بەرز بوونەوەی لە داهاتوودا. زۆرینەی وڵاتە نەوتییەكانی كەنداو بە تایبەتیش سعودیا (كە بە بەهێزترین وڵاتانی نەوتی هەژمار دەكرێت)‌ هەبووە دارایییە زێدەكیەكانیان لە ئامرازەكانی قەرز (وەك قەواڵەی‌ حكومیی) وەبەرهێنان، چونكە باوەرپێكراوە و لەسەر ئەم بنەمایەش نرخی سووی بەرزبوونەوە بە مانای دابەزاندنی بەهای قەواڵە‌كانە و ئەمەش وادەكات یەدەكی كەنداو بەهای داببە‌زیت. لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە ئایا ئاستی مێژوویی نەوت دەرئەنجامی ئەوە بوو؟ من ساڵی پار لە نووسینێكمدا گوتم كە تا 16 دۆلار بۆ بەرمیلێك، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئابووری وڵاتانی كەنداو بە گشتی و ئێمە وەك هەرێم كە پشتمان بێی‌ بەستووە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو دابەزینەمان هەیە‌؟ بینیمان كورتهێنانێكی گەورە ڕووی لە بوودجەی دارایی وڵاتان روویاندا وەك سعودیا و بەتایبەتیش ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت بەردەوام بوایە ئایا گۆڕانكاریەكی دراماتیكی لە ئابووری وڵاتە نەوتییەكان ڕوودەدات؟ ئایا كاریگەری لەسەر ناوچەكە و جیهان بەگشتی دەبێت؟ وەڵامەكەی بەڵێ بە دڵنیایەوە و گۆڕانكاری سیاسیشی بە دوای خۆی هێنا. من دڵنیام تا كۆتایی ئەمساڵ هاوكێشە ئابووریەكان دەگۆڕێن و باری گوزەرانی خەڵكی هەرێم بەرەو باشی دەڕواتەوە.
* پێشبینی چی دەكەی لەو چاكسازیانەی حكومەتی هەرێم دەستیپێكردووە وەك گۆڕانكاری لە سەرۆك شارەوانییەكان و بەڕێوەبەری شارۆچكەكان و پلە باڵاكان؟
بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین پێناسەی گەندەلی بە "خراپ بەكارهێنان و چەوساندنی دەسەڵاتە پێبەخشراوەكانی تاكە كەسێك بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستكەوتی كەسی" بكەین و لە ڕوانگەی ئابوورییەوە گەندەلی لەو كاتەدا دەستپێدەكات كە تاكە ‌كەسانێك بەهرەمەند دەبن بەڵام كۆمەڵگە تیایدا زەرەرمەندە. بڵاوبوونەوەی گەندەلی و بەردەوام بوونی یەكێكە لە هەرە گرفتە سەرەكییەكانی كۆمەڵگاكان و حكومەتە.