بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٦٩)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    892
image

رۆڵەکانی نەتەوەی کوردی دلێر
ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان
ئەندام و لایەنگر و جەماوەری تێکۆشەری پارتیمان

شەست و نۆ ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی نەتەوەی کورد، کە چوارەمین گەورە نەتەوەی ناوچەکەیە، لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بێبەش کرا و لە سەرینی بەزۆر سەپاندنی سنورە دەسکردەکانی سایکس بیکۆدا، کوردستان دابەش کرا و ھەوڵدرا بە ئاگر و ئاسن ئینسانی کورد تەسلیم بەو قەدەر و چارەنووسە شووم و تاریکە بکرێت، لە ناو ئەو نائومێدی و بێھیواییەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئومێدبەخش و فریادرەسێک دامەزرا و ھاتە مەیدان، تا بە ھەموو دونیا بڵێت گەلی کوردستان ناچێتە بن باری ئەو غەدرە مێژوییە و بە دابەشی خاکەکەی و لکاندنی بە دەوڵەتە دەستکردەکان و بە بێبەشکردنی لە مافە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی قایل نابێت. پارتی دروست بوو تا ئومێد و ھیوا و بڕوابەخۆبوون لە دڵی تاکی کوردستانیدا دوبارە بچێنێتەوە و پێشرەوایەتی خەباتی نەپساوەی شێلگیرانەی گەلەکەمان بکات تا بەدەستھێنانەوەی تێکڕای مافە زەوتکراوەکان و گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی.

پارتی لە سەر رێبازی مستەفا بارزانیی دامەزرێنەر و سەرکردە دووربین و شۆڕشگێڕەکەی، گرێی (خۆبەکەمگرتن)ـی لە ناخی ئینسانی کوردستانیدا رەواندەوە و، ھەر لە دەسپێکیشەوە بنەماکانی کوردایەتی و بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانی بە جۆرێک داڕشت کە لەگەڵ ھەموو بەھاکانی عەدالەتخوازی و پرنسیپەکانی دیموکراتی و یەکسانی نێوان گەلان و باوەڕ و بەھا ئینسانییەکانی دوای جەنگی جیھانی بگونجێ، تا ھەرگیز بەھانە نەکەوێتە دەست داگیرکەرانی کوردستان بە تۆمەتی تیرۆریستی و توندرۆیی و شەڕانگێزی، رەوایی بدەنە سەرکوت و لەنێو بردنی ئەم گەلە و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی.

لەم پێودانگەوە، پارتی بە درێژایی کاروانی خەباتی سەرباری ھەوراز و نشێو، شکست و سەرکەوتن، نەیھێشت کوردایەتی لە مانا ئینسانییە قووڵەکەی لابدا، تیرۆر و توندرۆیی حەرام کرد و بە رەغمی دڕندەیی دوژمنان، خەباتێکی پاک و بێگەردی مەشاند، رێی بە دەمارگیری نەتەوەیی نەدا و ھەر بۆیەش مەیدانی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازیی بووە مەیدانی تێکۆشانی تێکرای کوردستانیان بە کورد و تورکمان و کلدان سریان  ئاشوورى و ھەموو پێکھاتەکانەوە، رێی بە پەڕگیریی ئایینی و ئایینزایی نەدا و ھەر بۆیەش پارتی بووە چەتری کۆکەرەوەی ھەمووان بە جیاوازی ئایین و ئایینزا وە و، بووە قوتابخانەی ئاوێزانبوونی ئایین و نیشتمانپەروەری. پارتی ئەو باوەرەی لای گەلی کوردستان چەسپاند کە خۆی لە گەلانی دیکە بە کەمتر نەزانێ و بە مافی کەمتر لەوان قایل نەبێت، بەڵام ھەمیشە ھاوژیانی و ھاوکاری و بنیاتنانی بناغەکانی ھاوسێیەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا مەبدەئێکی نەگۆڕی بوو .

بەم روانگا رەسەن و رۆشنەوە و پاڵپشت بە خەڵکی فیداکاری کوردستان، پارتی دەستی بە پێشڕەوایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان کرد و قۆناغ بە قۆناغ و بە خەباتێکی ئاوێتە لە تێکۆشانی سیاسی و جەماوەری و رێکخراوەیی و چەکداری و دیپلوماسی، توانی ئیعتراف بە وجودی نەتەوەیی کورد و سەرەتای مافەکانی بە دەست بێنێتەوە و، بناغەی گەیشتن بە تێکڕای مافەکان داڕێژێت. خۆڕاگریی پارتی سەرباری نسکۆ و پیلانگێڕی و دەستنەپارێزیی دوژمنان، رۆژ بەرۆژ دوژمنانی لەو باوەرە نزیک دەکردەوە کە مەحاڵە ئەم نەتەوەیە سەرنەوی بکات و دەست لە داواکانی ھەڵگرێت، ھاوکاتیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتیی دونیاشی نزیکتر دەکردەوە لە باوەڕھێنان بە رەوایی دۆزی کورد و زەرورەتی چارەسەریی دیموکراتیانە بۆ ئەو دۆزە رەوایە.

ئەمڕۆ کە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە، گەلەکەمان لە قۆناغی چنینەوەی بەری یەکجاری خەباتی سەدساڵەی خۆی نزیک بووەتەوە و سایکس پیکۆیش وەک میکانزمێکی فاشل کە جگە لە مەینەتی و نائارامی ھیچی بۆ ئەم ناوچەیە بەدەستنەھێنا، لە گیانەڵادایە و کوردستان و ناوچەکە لە ئاستانەی گۆڕانکاری مەزن و یەکلاکەرەوەدان.

چاوەڕوانکراویش بوو کە ھاوزەمان دوژمنان و ناحەزانیش دواتیری خۆیان بھاوێژن و دوایین ھەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئاستەنگکردنی گەیشتنی کورد بە دوائامانج. لە سەرینی ئەم راستییەشەوە کوردستان لە ئێستادا دووچاری جۆرەھا تەحەددی و قەیران و شەڕ و گێچەڵ کراوەتەوە، کە سەختترینیان شەڕی نانبڕین و ئاستەنگکردنی پرۆسەی تەنمییە و،  وەرچەرخاندنی ئاڕاستەی پەلاماری دەوڵەتی تیرۆریستی داعش بوو بەرەو کوردستان و، داسەپاندنی شەڕێکی سەخت بە درێژایی سنوور بەسەر گەلەکەمان و پێشمەرگەی کوردستاندا.

حۆشبەختانە و بە ھیممەتی خەڵک و پێشمەرگەی نەبەز و قارەمان، کوردستان بە سیاسەتێکی ئارامگر و خۆڕاگرانەوە و پاڵپشت بە حیکمەت و دووربینیی سیاسی سەرۆک بارزانی و دامەزراوە نیشتمانییەکانی و ھێزە سیاسییەکانی، توانیمان سەرکەوتوانە رووبەرووی ھەموو تەحەددی و ھەڕەشە و پیلانەکان ببیینەوە. گەلە خۆڕاگرەکەمان توانی بەرگەی نانبڕین و بودجە و موچەبڕین بگرێت. پێشمەرگەی دلێری کوردستان سەرباری گوشار و ئابڵوقە و کەمیی چەک و تفاق، توانی نەک ھەر ھەرێم بەڵکو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش بە خوێن و قوربانیدان و نەبەردی و قارەمانێتییەکی کەم وێنە بپارێزێ، توانی ئەفسانەی داعش و پێشرەوییەکانی تێک‌بشکێنێ و وەک یەکەم ھێزی سەرزەمین، ئەو  رێکخراوە دڕندە و شەڕانگێزە شکستخواردوو بکات و زۆربەی ھەرە زۆری ناوچە پەلاماردراوەکان ئازاد بکاتەوە. ھاوکات  سەنگ و ھەوڵە دیپلوماسییەکانی سەرۆک بارزانى و سەرکردایەتیی کوردستان توانی فراوانترین پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ دیفاع لە کوردستان دابین بکات. کورد و پێشمەرگە بەو بەرگری و نەبەردییە دلێرانەیە وەک ھێزی داکۆکی لە بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی لە دژی وەحشیگەری و تاریکی پەرستی، ھێندەی دیکە ئیعتبار و پێگەی لای رای گشتیی جیھانی چووە پێش، بە تایبەت کە توانی نەک ھەر گەلی کوردستان، بەڵکو ملیۆنان ئاوارە و پەناھەندەی جەنگزەدە لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاجیاکان بپارێزێ. کوردستان توانی ئەو شەڕ و پەلامارە بە سەرکەوتن و دەسکەوتی سیاسی و مەعنەویی گەورە بۆ خۆی وەرچەرخێنێ و، بۆ ھەموو دونیای بسەلمێنێ کە گەلێکین شایستە بە ژیانێکی سەربەخۆ و سەربەرزانە.

ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان ..
ھەڤاڵان و جەماوەری پارتیمان ..
پارتی وەک حزبێکی بە ئەزموونی ئاییندەبین، بەر لەم پێشھاتانە، دەیزانی لە یەک کاتدا دەرفەتی مەزن و ھەڕەشە و مەترسیی گەورەش بەڕێوەن، دەشیزانی کە ھەم لەدەستنەچوونی دەرفەتەکان و ھەم رووبەرووبونەوەی ھەڕەشەکان، پێکەوەیی و بەشداری و ھاوکاریی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەخوازێ، ئەزموونی رابردوویش ھەر لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانی لە ھەلومەرجێکی ھاوشێوەی ئیستادا کە دەرفەت و پێشھاتی یەکلاکەرەوە لە رۆژەڤدا بوو، داوتریش خەباتی پێکەوەیی و ھاوپەیمانیی پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان لەسەروبەندی داڕشتنەوەی ناسنامەی عێراقی نوێدا، ئەو وانەیەی بەرجەستە کرد کە لە ھەر چرکەساتێکی مێژوویی یەکلاکەرەوەدا، گەر یەکسەنگەر و یەکھەڵوێست و ھاوخیتاب و پێکەوە بین، بەزاندنی ھەڕەشەکان و دەستەبەری دەستکەوت بۆ گەلەکەمان مسۆگەرە و، پێچەوانەکەشی  لەدەستدانی دەرفەت و دەستکەوتە.

ھەر بۆیەش لە سەروبەندی پێکھێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتدا، پارتیمان پێداگیری و پەرۆشی و نەرمی و ئارامگیرییەکی زۆری نواند تا لە جیاتی حکوومەتی زۆرینە و دابەشبوونی ھێزە سیاسییەکان بەسەر حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆندا، زەمینەی حکوومەتی بنکەفراوان برەخسێ و لەم چەند ساڵەی لە پێشمانە، ھەم حوکمڕانی و ھەم بڕیاری سیاسیی چارەنووسساز بە رای ھەمووان و بە بەشداریی ھەمووان و بە سازان و تەوافوق بەڕێوە بچێت. 

سازان بووە ئەو پرەنسیپە ھاوبەشەی کە ھەمووان لەسەری پێکھاتن و تێکڕای دامەزراوەکانی ھەرێم بەوپێیە دارێژران و ئەرک و بەرپرسیارییەکان دابەش کران، ئومێدیش وابوو کە ئەو حوکمڕانییە ھاوبەشە، ھاوسەنگەریی و ھاوخیتابییەکی قوول و تۆکمەی سیاسییش ھاوشانی بێت کە رووبەرووبونەوەی ھەڕەشەکان دەیخوازێ .

بەڵام جێی داخە، سازان تەنیا لەسەر ئاستی وەرگرتنی پۆست و پلە و پایە جێبەجێ کرا، ھێزە ھاوبەشەکانی دیکە وەک پارتی شانیان نەدایە بەر بەرپرسیارییەکان و، لە زۆر ھەڵوێستدا، وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان نواند و وەک شەریکی راستەقینە ئەرکەکانیان بە ئەستۆ نەگرت .

دواجاریش لە ٢٣ـی حوزەیرانی رابردوودا ئەو بنەما و بەردی بناغە و پرەنسیپەی کە حوکمرانی و پرۆسەی سیاسیی کوردستانی لەسەر بینا کرابوو، پرەنسیپی سازان، کە ھەمووان لەسەری رێککەتبووین و، بەوپێیە دەبوا ھەموو یاسا و بڕیارە رەھەند نیشتمانییەکان بە کۆدەنگی و بە رەزامەندیی ھەمووان تێپەڕێن، خرایە بەر ھەرەشەی کۆدەتا و، ھێزگەلێک ویستیان لێی ھەڵگەڕێنەوە. مەبەستیش لەو گەلەکۆمەکێیە پەراوێزخستن و شکاندنی ئیرادەی پارتی و خۆسەپاندن بوو بەسەریدا، بێباک لەوەی بیرکردنەوە لە پەراوێزخستن و دەرپەڕاندنی گەورەترین ھێزی سیاسیی کوردستان لە ھاوکێشەکە، چ نادیدەگرتنێکی بەرچاوتەنگانەی جەماوەر و لایەنگرانی فراوانی ئەو پارتەیە، چجای پێگە و مێژوو و خەبات و سەنگە نێوخۆیی و ئیقلیمی و جیھانییەکەی..!

ھاووڵاتیانی ئازیز ..
لایەنگرانی دڵسۆزی پارتی ..
ئێمە لەو باوەڕەداین، گەر بەدنیازی و کۆنەقین و گیانی کۆدەتاچێتی و قۆڵبادانی یەکدی لە ئارادا نەبوایە، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی کوردستان و ھەستیاریی قۆناغ و ھەلومەرجەکە، پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم قابیلی چارەسەرێکی گونجاو و تەوافوقی بوو، چاوەڕوانیشمان وابوو کە لەو کاتەی میللەتەکەمان بە ھۆی ئابڵوقە و گوشار و مەینەتییەکانی جەنگ و نەداری و قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە لە تەنگژە و نارەحەتیدایە و، رۆڵە دلێرەکانمان لە بەرەکانی بەرگریدا گیان دەبەخشن و چاوەڕێی ھاندان و پشتیوانیی ئێمەن، ئەم بابەتە نەکرێتە تەنگژە و قەیرانێکی سەربار.. دەبوا لە جێی قەیرانخوڵقاندن، ھەموو پێکەوە لە خەمی کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی سەرشانی گەلە خۆڕاگرەکەماندا  بین. ئەرک و بەرپرسیاریی نیشتمانی و مێژوویی سەرشانمان ھەر ئەوەمان لێ دەخوازى.

کوردستانیانی ھێژا ..
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرباری ھەموو قەیران و مەینەتییەکان، سەرباری ئەم ناکۆکی و ململانێ نێوخۆییە نابەجێ و ناموجەب و ناوەختەی کوردستانی پێوە سەرقاڵ کراوە، ئاسۆ روون دەبینین، دڵنیاین گەلەکەمان ئەم تەنگژە و گرفتانەش تێدەپەڕێنێ و، رەنج و خەبات و قوربانیدانی ئەم گەلە ھەرگیز بەفیڕۆ ناچێ و بە ئاواتە مەزنەکانمان دەگەین و رۆحی شەھیدانمان شاد دەکەین. سەرچاوەی ئەم دڵنیاییەشمان، خۆڕاگری گەلەکەمان و گیانبازیی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانە.
 
لە یادی شازدەی ئابدا، بەڵێن و وەفاداری بۆ گیانی پاکی رابەر و دامەزرێنەری پارتیمان مستەفا بارزانیی نەمر و تێکڕای شەھیدانی پارتی و رێگای رزگاری کوردستان  نوێ دەکەینەوە، کە درێژەپێدەر و پارێزەر و قوتابی بە ئەمەکی رێبازی بارزانی و پارتی بین.. بە خوێن ئەو دەستکەوت و سەرکەوتن و بەھا بەرزانە بپارێزین کە ئەوان  بە خوێن و خەبات و کۆڵنەدان بەدەستیان ھێنا.

سووربوونی خۆمان لە خەبات لە پێناوی بەدیھێنانی خواست و ئاواتەکانی گەلی کوردستان دووپات دەکەینەوە و، جەماوەری خۆڕاگری پارتیمان و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە پارتی بە پشتیوانیی میللەت جگە لە سەرکەوتن ھیچ رێگەیەکی دیکەی لەپێش نییە. پارتی زۆر ھەوراز و نشێوی سەخت و دژواری بڕیوە و ھەموویشی ھەر بە سەرکەوتویی و سەرفرازی تێپەڕاندووە..

سڵاوی گەرم و سوپاس و پێزانین بۆ تێکڕای ھەڤاڵان و كادیر و لایەنگران و جەماوەری پارتیمان، کە خۆنەویستانە و دڵسۆزانە لە خەبات و داکۆکی لە پارتەکەیان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بەردەوامن و، بە ئارامگرییەکی شۆڕشگێڕانەوە بەرگەی قەیران و کێشە جۆراوجۆرەکان و سەختییەکانی ژیان و گوزەران دەگرن.

سڵاو لە گیانی سەرجەم شەھیدانی کورد و کوردستان و درود و نەمری بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو . ..

سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی پاراستنی کوردستان لە جەنگی چارەنووسسازی دژەتیرۆر و داعشدا، سڵاو و سەرنەویکردن بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان..
سڵاو له‌ خۆڕاگری و كۆڵنه‌دانی خوشك و برایانی ئێزدی، كه‌ ساڵێك به‌سه‌ر كاره‌ساتی شنگالدا تێپه‌ڕیوه‌ و ئازاره‌كانیان له‌ بیر ناكه‌ین..

سڵاو لە پێشمەرگە نەبەز و دلێر و قارەمانەکانی کوردستان ..
سڵاو لە جەماوەری خۆڕاگر و پشتیوانی پێشمەرگەی کوردستان..

                   هه‌رشەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان


مه‌كته‌بی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی ئابی 2015