ئاژانسی پاراستن داوا لە کوردستانیان دەکات: با پاراستنی کوردستان ببێتە فەرهەنگی کوردستان

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1249
image

با پاراستنی کوردستان ببێتە فەرهەنگی کوردستان" ناوی ئەو نامیلکەیەیە کە ئاژانسی پاراستنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی بەرچاوڕوونی و هۆشیاریى زیاتری هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە؛ نامیلکەکە پێوەستە بە هەڕەشە و ئەو شەپۆلە نوێیەی تیرۆر بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هاوشێوەکانی کە بە پۆست- تیرۆریزم ناو دەبرێت، بۆیە ئاژانس بەپێویستی دەزانێت هەر تاکێک لە هاووڵاتیانی کوردستان زۆر بە وریایییەوە بەپێی ئەرک و بەرپرسیاریەتی لە کۆمەڵگەدا، خۆی و ئەندامانی خێزانەکەى و هاونیشتیمانیانی لەو هەڕەشەیە بپارێزێت.

لەبەر گرینگیی نێواخنی نامیلکەکە کە ڕێنمایی و هۆشیارکردنەوەی کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەرکی مێدیاکانی کوردستانیشە لەم هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەیەدا بەشدار بن، دەقی نامیلکە پەیامەکەی ئاژانسی پاراستن بڵاو دەکەینەوە:

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
تیرۆر هەڕەشەیەکى جیهانیە و لەئێستادا تیرۆر زیاتر لە هەر ساتێکی تر مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە هەرێم ساڵانێکە لەگەڵ ئەو دوژمنە دڕندەیە لە جەنگدایە، وێڕای هەوڵ و پیلانی بەردەوامی تیرۆریستان بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان، بەڵام بەهۆی دڵسۆزی و کارامەیی هێزەکانی پاراستنی هەرێم و بە پشتیوانی و هاوکاری هاونیشتیمانییان، کوردستان بووەتە نموونەیەکی ئارام و سەقامگیر لە ناوچەکەدا.
بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ و نائارامی لە سوریا و ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق و دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەڕێکی فراوان لەو دوو وڵاتە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، هەروەها بەدەستهێنانی چەک و جبەخانەیەکی زۆر و پێشکەوتووی سوپای هەر دوو وڵات و دەستکەوتنی سەرچاوەی دارایی هەمەجۆر و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسامی، وێڕای ویستی لەبن نەهاتووی فراوانخوازی و ڕق و کینەیان بەرامبەر بە ئەزموونی دیموکراسی و سەقامگیری کوردستان، ئاگری ئەو شەڕە نەگریسەیان کوردستانیشی گرتەوە، دەرئەنجام نیشتیمانەکەمان ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی دڕندانەی سەربازی و سایکۆلۆژی تیرۆریستان بووەوە، بەڵام بەخۆڕاگری گەلەکەمان و فەرماندەیی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێم لە بەرەکانی جەنگ و بە ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە و خوێنی پیرۆزی شەهیدان و کار و کۆششی دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، تیرۆریستان رووبەڕوى شکستی گەورە هاتوون.
جەنگی دژ بە تیرۆریستان جەنگێکی فرە ڕەهەندە، بەهۆی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوانەیان و سڵ نەکردنەوەیان لە ئەنجامدانی تاوانی دڕندانەى دژ بە مرۆڤایەتی، بوونی چەندین هەزار شەڕکەر و تیرۆریستی شارەزای بیانی، توانایان لەڕووی دارایی و لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ فریودان و کاریگەری خستنە سەر هزری خەڵک بە تایبەت توێژی گەنجان، بەرفراوانی بەرەکانی جەنگ، هەوڵی بەردەوامیان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەنجامی شکستەکانیان بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە، ئەم جەنگەی سەخت کردووە. سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستان لەو جەنگەدا، هاوشانی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان، هۆشیاری و بەشداربوونی هاووڵاتیانی پێویستە، چونکە لە ئەنجامی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ و شەڕی سەخت دژ بە تیرۆریستان و پەنادانی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ئاوارەی دەستی تیرۆر، کوردستان دووچاری بارودۆخێکی ئابووری دژوار بوەتەوە. بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخەکە و هەڕەشەی تیرۆر، پێمان وایە ئاسایش و ئارامی کوردستان و روبەڕووبونەوەی تیرۆریستان، دەبێت زیاتر لە هەموو کاتێک لە پێشەنگی گشت کار و ئەرک و پێویستییەکانی تر دابنرێت، لەو روانگەیەوە کە ئارامی و ئاسایشی وڵات زامنی بەهێزیی پێگەی سیاسی، ئابوورى، دیپلۆماسی و پێشکەوتنی کۆمەڵگایە و هاووڵاتی تیایدا دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت. بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندی نێوان هاونیشتیمانییان و دامەزراوە ئەمنى و هەواڵگرییەکان، ئاژانسی پاراستن ئامادەکردنی ئەم نامیلکەیەی بە پێویست زانی بۆ هۆشیاری زیاتری هاونیشتیمانییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و تێکدەران.

هاونیشتیمانی ئازیز، بە یەکگرتوویی و خۆڕاگریمان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکانمان، چارەنووسی تیرۆریستان هەر ریسوا بوون و شکستە، دڵنیاتان دەکەینەوە ئەم قۆناغە دژوارەش بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنین و بە ئامانجە نیشتیمانییە باڵاکانمان دەگەین.

ئاژانسی پاراستن
هولێر - ئادارى 2015


هاونیشتیمانی ئازیز....
•هاونیشتیمانیان لەژێر شکۆی ئاڵای کوردستان، وەفادارییان بۆ خاکی کوردستان دەسەلمێنن.
•هەر هاووڵاتییەک، لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا بژی، پێویستە وەفادار بێت بەرامبەری و بە باوەڕی تەواوەوە خاکی کوردستان بپارێزێت و بەرەنگاری تیرۆریستان ببێتەوە.
•کوردستان سەرزەمینی لێبوردەیی و پێکەوەژیانە، هاووڵاتیانی هیچ جۆرە سازشێک لەسەر ئەو لێبووردەیی و پێکەوەژیانە و پاراستنی ئاسایش و ئارامیەکەی ناکەن.
•هاونیشتیمانی هێژا، بەهۆی سەرنجێکی قووڵی چاوی تۆوە و گەیاندنی هەواڵێک بۆ دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان، دڵنیابە پیلانی تیرۆریستان پووچەڵ دەبێتەوە و بەشدار دەبیت لەجەنگی دژ بە تیرۆر و تیرۆریستان و هاوکار دەبیت لە چەسپاندنی فەرهەنگی پاراستنی کوردستان.
*تیرۆر چۆن ژیان ژەهراوی دەکات؟
*تیرۆر پێچەوانەی خوداپەرستی و ئیمانه
*تیرۆر دەبێتە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵگە
*تووندڕەوی ئایینی، پیرۆزیی ئایین لەکەدار دەکات
*تیرۆر مرۆڤ دەکات بە کۆیلە
*تیرۆر شەڕ بە ئایین دەکات، شەڕ بۆ ئایین ناکات
*تیرۆر ژیان و کۆمه ڵگە و ئایین دابەش دەکات
*تیرۆر ساڵانە بە هەزاران مرۆڤ لەناو دەبات
*داعش زانست و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دەوەستێنێت
*داعش لە سەدەی بیستویەک، تاوانی کۆیلەکردنی ئافرەتانی کوردی ئێزدی بە دڕەندەترین شێوە ئەنجام دا
*تیرۆر ژیانی مرۆڤ و بەهاکانی وێران دەکات
*تیرۆر ئەو هەڕەشەیەیه که خێزان بەرەو و لێکترازان دەبات
*تیرۆر منداڵان بێ دایک و باوک، تەنیا و سەرگەردان دەکات
*داعش مێژوویەکی نوێى لە کوشتن و تۆقاندن و چەوساندنەوە و جینۆساید تۆمار کردوە و دەکات

پێشمەرگەی ناو سەنگەر، گیانبەخشە بریندارەکان، دەستمان لە ناو دەستتان، بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان. پێشمەرگە شکۆی نەتەوەییمانە، بە ئازایەتى و فیداکاریى ئەوە کوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە، نەداگیرکاری، نە مەرگ و نە تیرۆر لە ئامانجەکانمان پاشگەزمان ناکاتەوە. گیانفیدایى پێشمەرگەی قارەمان سنووری بۆ نییە، داستانێکە کۆتایی نییە، جگە لە دوژمن کەس لە ناسینى پەشیمان نییە. شەهیدانی کوردستان، ڕێنیشاندەری ڕێگای ئازادی و سەربەرزیمانن، سیمبولی بەرخودان و مایەی شانازیمانن، بە پاراستنی دەستکەوتە نیشتیمانییەکان و بەها مرۆڤایەتییەکان، بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی پیرۆزیان.

فەرهەنگی پاراستنی کوردستان
لە دێر زەمانەوە کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانە، بەها مرۆڤایەتییەکان ڕەگ و ڕیشەیان لە ناو کۆمەڵگای کوردستان داکوتاوە، لەم پێناوەشدا گەلی کوردستان قوربانی زۆری بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و ئەو بەها مرۆڤایەتیانە داوە. هەروەها لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لە ئەنجامی کۆشش و شەونخوونی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکان و هێزەکانی پۆلیس، ئارامی و ئاسایشى هەرێم تا ڕادەیەکی باش پارێزراو بووە. ئەو دامەزراوانە هەرچەند چالاک و بەهێز بن، بەبێ هاوکاریی هاووڵاتیان ناتوانن بەپێی پێویست ئەرکی خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن، چونکە تیرۆریستان و تێکدەران هەمیشە بە دوای کەلێنێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئاسایشی وڵاتمان تێک‌بدەن و ڕێگری بکەن لە گەیشتنمان بە ئامانجە نیشتیمانییە باڵاکان.
بەڕێزان، ئەرکی هەر تاکێکی دانیشتووی سەر خاکى کوردستانە، بە پارێزگاریکردن و پەرەپێدانی فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی لێبووردەیی و پێکەوەژیان، لە پاراستنی هەرێم و شەڕی دژەتیرۆر بەشدار بێت.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم نامیلکەیە بۆ بەرچاوڕوونی و هۆشیاریى زیاتری هاووڵاتیانە لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هەڕەشە و ئەو شەپۆلە نوێیەی تیرۆر بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هاوشێوەکانی کە بە پۆست- تیرۆریزم ناو دەبرێت، بۆیە پێویستە هەر تاکێک لە هاووڵاتیانی کوردستان زۆر بە وریایییەوە بەپێی ئەرک و بەرپرسیاریەتی لە کۆمەڵگەدا، خۆی و ئەندامانی خێزانەکەى و هاونیشتیمانیانی لەو هەڕەشەیە بپارێزێت.
هاونیشتیمانی هێژا، لەم کاتەدا هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتیمانى فرەڕەهەند و جۆراوجۆرن، بەتایبەتی تیرۆر هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیان و ئاسایش و ئارامى، پێویستە هاونیشتیمانییان زۆر بە هۆشیارییەوە ئاسایشی خۆیان و ئارامی کوردستان لە هەڕەشەکان بپارێزن. پاراستنی ئاسایشی کوردستان پێویستی بە ڕۆڵی هەمووانە و بەتەنها ئەرکی هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکان نییە، دەزگا ئەمنییەکان هاونیشتیمانییان لە دەستى ڕەشى تیرۆر دەپارێزن، بەڕێزیشت هەمووان بپارێزە بە بەخشینی سەرنج و زانیارییەکانت لەسەر هەر دیاردەیەکی نامۆ کە گومان دەکەیت دەستی تیرۆر و تێکدەرانی لەپشتەوەیە.
هاونیشتیمانی خۆشەویست، دڵنیابە هەموومان بە هۆشیارى و ئەنجامدانی ئەرک و کارەکانمان بە باشترین شێوە، دەتوانین خۆمان و کوردستانەکەمان بپارێزین.

تیرۆر لە ڕوانگەی ئاژانسی پاراستن
تیرۆر ئەو کردەوە تووندوتیژ و تووندڕەوانەن دژ بە ژیان و بەها و بنەماکانی مافی مرۆڤ پیادە دەکرێن کە تاکێک یان کۆمەڵە کەسێک بە پان و بەرنامەی پێشوەخت پێی هەڵدەستن، بە ڕێگای کوشتن، ڕفاندن، ئەنجامدانی تەقینەوە، دزین و تێکدانی موڵکی هاووڵاتیان و سامانی گشتی، کۆیلەکردنی ئافرەت و پیاو و منداڵ، هێرشی ئەلیکترۆنی، کیمیاوی، بایۆلۆژی و هێرشی سەربازی بەدەر لە بنەماکانی جەنگ، بەمەبەستی بەزۆر سەپاندنی هزر و باوەڕی خۆیان بە ئامانجی سیاسی و بەهۆی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگاکاندا. لەو شەپۆلە بەرفراوان و نوێیەی تیرۆردا کە (داعش) و هاوشێوەکانی نوێنەرایەتی دەکەن، بە دڕندەترین شێوە کاریان بۆ لەناوبردنی ژیانی مرۆڤ و هەڵوەشاندنەوەی خێزان هکان کردووە و دەکەن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی، ئازادی، سەربەخۆیی و نیشتیمانپەروەری. ئەم شەپۆلە نوێیەی تیرۆر، نەک تەنیا هزری پێکەوەژیان و لێبووردەیی هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵکو مرۆڤ دەکاتە کۆیلە، ئایین و خوداپەرستی دەشێوێنێت و مەزارگە ئایینی و شوێنەوارە مێژووییەکان خاپوور دەکات.
جۆر و شێوازی ئەو کردەوە تیرۆریستیانەى دژ بە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون له چه ند ساڵی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان ئامانجێکی دەستنیشانکراو بووە بۆ هێرشى تیرۆریستان، زۆربەی شێوازەکانی کاری تیرۆریستی دژی ئارامی و ئاسایشی هه رێمی کوردستان تاقی کراونەتەوه، بۆ ئەو مەبەستەش سوودیان لە نوێترین چەک، تاکتیک، تەکنەلۆژیا و تیرۆریستی ڕاهێنراو وەرگرتووە و، بە بەردەوامی پیلانی تێکدەرانە دژ بە کوردستان دادەڕێژن. زۆربەی ئەو کردەوە تیرۆریستیانە نەک تەنیا هاوشێوەن لەگەڵ کردەوە تیرۆریستییەکانی دژ بە ئاسایشی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، بەڵکو دڕندانەتر و فراوانتر بوون وەک:
١- تیرۆری تاک
٢- تیرۆری به کۆمەڵ
٣- چاندنی بۆمب
٤- بەکارهێنانی بۆمبی موگناتیسی
٥- خۆ تەقاندنەوە
٦- تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو
٧- هێرشبردن بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکان
٨- تیرۆری هزری و جەنگی دەروونی
٩- ڕاکێشانی گەنجان بۆ ڕیزی تیرۆریستان
١٠- هێرشی سەربازیی (داعش) بە بەرفراوانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان
١١- کۆیلەکردنی ئافرەتانی کوردی ئێزدی
١٢- بەزۆر گۆڕینی ئایین بە کوردە ئێزدییە دیل و گیراوەکان
١٣ - ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن
١٤ - سەربڕینی پێشمەرگە بەدیلکراوی
١٥- تاڵانکردن و سەرانە وەرگرتن
١٦ - خاپوورکردن و تەقاندنەوەی شوێنەوار و شوێنە مێژوویی و مەزارگە ئایینیەکان.
١٧ - ڕاگواستن و دەربەدەرکردن و بەتاڵان بردنى ماڵ و سامانى کریستیانەکان، کوردانی موسڵمان (شیعە و سوننە) و ئێزدی و کاکەیی، تورکمانەکان، تەنانەت ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی کە هاوبیریان نەبوون.

ئاژانسی پاراستن و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان، بەپێى یاسای ژمارە  4ـی ساڵی 2011ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و یاسای ژمارە  3ـی ساڵی 2006ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر له هەرێمی کوردستان، ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
ئەرکی سەرەکیی ئەنجوومەنى ئاسایش له هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەکانی تری حکوومەت، بریتییە لە پاراستنی ئاسایشی تاک و کۆمه ڵگا، بە تێکڕای نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانەوە. هەروەها لە ترۆپکی ئەرکەکانی ئاژانسی پاراستن دا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی دێت، له پێناو بەدیهێنان و مسۆگەرکردنی ژیانێکی ئاسوودە و تەناهی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
ئەفسەر و کارمەندانی ئاژانسی پاراستن بە خزمەتکردن و شەونخوونییان، بەشدارن لە فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، زانستی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو پێشەوە بچێت، بۆ ئەم مەبەستە بە پلانی جۆراوجۆر بەرەنگاری هەموو ئەو دەست و هزر و کردەوە تێکدەرانەی تیرۆریستان دەبنەوه کە دەیانەوێت بە پیلانە گڵاوەکانیان ئارامیی هەرێمی کوردستان بشێوێنن.
هەروەها ئاژانسی پاراستن ڕووبەڕووی ئەو گرووپ و کەسانە دەبێتەوە کە لەسەر فریودان و بەلاڕێدابردنی هاووڵاتیان بەتایبەت گەنجانی هەرێم کار دەکەن بەمەبەستی تێوەگلاندنیان لە کاری تیرۆریستی.
ئاژانسی پاراستن نەک هەر لە شێوەی ئۆپه راسیۆن، بەڵکو بەشێوەی ئەکادیمی و زانستی، کار له سەر بەرەنگاربوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوە و بنبڕکردنی تیرۆر دەکات، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە پارێزگاری له تەناهی و بەها مرۆڤایەتییەکانی هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکات.

هاونیشتیمانی خۆشەویست، تیرۆر پێچەوانەی ئایینی ئیسلامە

ئایینی ئیسام داوای ئاسوودەیی و بەختەوەری دەکات و لێپرسینەوە لە مرۆڤ بۆ خودا بەجێدەهێڵێت، بەڵام تیرۆریستانی وەکو (داعش) و هاوشێوەکانیان بە ناڕەوا کاری قیامەتیان هێناوەتە دونیا و دونیایان کردووەتە مەیدانی سزادان و تۆڵەسەندنەوە لە مرۆڤ، بەهۆی ئەوانەوە هەزاران کەس بە ناڕەوا کوژراون، ملیۆنەها کەسیش ئاوارە و دەربەدەر و بێکار بوون، لە کاتێکدا ئایین داوای لێبووردەیی و بەخشندەیی لە مرۆڤ دەکات.

تیرۆریزم بەرهەمی سەپاندنی بیر و هزری هاوردەكراوی كەمینەیەكی سەرلێشێواو و دەروون نەخۆشە، لەكاتێكدا خودای گەورە بە پێغەمبەر (د.خ) و موسڵمانان دەفەرمووێت:
كە ئێوە تەنها بیرخەرەوەن و مافی سەپاندنی رای خۆتان بەسەر کەسدا نییە.

(فَذَكِّرْ إِنَّما أَنْتَ مُذَكِّرٌ لَسْتَ عَلَیْهِمْ بِمصَیْطِرٍ) الغاشیة ( 21-22)
واتە: بیریان بخەرەوە، تۆ بیرخەرەوەی، نەك زاڵبوو بەسەریاندا.

تیرۆر پێچەوانەی خوداپەرستی و ئایینی ڕاستەقینەیە.
بەپێی (لاَ إِكْرَاهَ فی الدِّینِ) واتە: زۆرلێكردن لە ئاییندا نییە، مرۆڤەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی ئایینیان.

تیرۆریستان، ئایینی پیرۆزی ئیسام بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دژی بەرژەوەندیی موسڵمانان و گشت مرۆڤایەتی بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا خوداى مەزن داوامان لێ دەکات: ( وَلا تَشْتَرُوا بِآیَاتِ ثَمناً قَلِیلاً) (البقرة: 41 ) واتە بە ئایەتەکانی من شتی کەمنرخ مەکڕن.

ئایین دژی زۆرداری و دەستدرێژی کردنە بۆ سەر مرۆڤایەتى.

(وَلاَ تَعْتَدُوا إِنَّ اللَّهَ لاَ یُحبُّ الْمُعْتَدِین) (البقرة  190) واتە:  دەستدرێژی مەكەن، خوداى مەزن دەستدرێژیكارانی خۆش ناوێت.

• وریا بین تێگەیشتن لە ئایین هاوردە نەکەین، چونکە بە درێژایی مێژوو زانا و مەلا و شێخانی کورد، هەر خۆیان هەردوو چەمکی نیشتیمان و ئایینیان پێکەوە گرێدابوو، هەر ئەوانیش بە ئاییندارییان خەباتیان بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەییمان کردووە.
• ئەو راستییە لەبیر مەکەن لە عێراقدا تەنها ئەم هەرێمەی ئێمەیە ماناکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی ئایینی و نەتەوەیی بەرجەستە کردووە و ئامێزى بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەرى جیاواز لە نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان کردووەتەوە.

بە هێزی فرەکەلتووری و پێکەوەژیان ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبینەوە

هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگایەکی خاوەن كەلتوورى لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی ناسراوە، بەهێزیی ئەو ڕەگە کۆمەڵایەتیانە لەناو یەکتردا و باوەڕیان بە پێکەوەژیان پتەوترین قەڵغانی بەرگرییان دژ بە دوژمن و تیرۆریستان دروست كردووە، هەر ئەو کەلتوورە هۆکارێك بووە کە هێزەکانی پاراستنی هەرێم بتوانن رێگە لە پیلانی گڵاوی تیرۆریستان بگرن و لە ئەنجامدا کوردستان بە سەقامگیرى بمێنیتەوە.

هاونیشتیمانیان...
دەبێت هەمیشە بە یەکگرتوویی بمێنینەوە و دڵ و گیانمان یەکگرتوو بێت، باوەڕی پاراستنی نیشتیمانمان بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی چارەنووسمان گەشتر و پارێزراوتر بێت، هزری تووندڕەوی و ڤایرۆسی تیرۆر خاک و باوەڕی پێکەوەژیانمان پارچە پارچە نەکات.

بە یەکڕیزی و چەسپاندنی فەرهەنگی پاراستنی کوردستان بەهێز دەبین
*کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئێوە بە گیان و خوێنی ئازیزانتان پارێزگاریتان لە کوردستان و کوردستانیان کردووە، بە فەرهەنگی پاراستنی کوردستان ڕووبەڕوی تیرۆریستان و تێکدەران ببنەوە.
*پێشمەرگەی ناو سەنگەر، گیان بەخشە بریندارەکان، دەستمان لە ناو دەستتان، بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان.
*بەرێز مامۆستای ئایینی لە گوتارەكانتدا تیرۆریستان ڕیسوا بکە، تاوەکو ڕێگای خوداپەرستی ڕووناکتر بکەیتەوە.
*خوێندکار و قوتابی خۆشەویست، ئایندەی کوردستان بەهزر و دەستی بەهێزت بونیاد دەنرێت، بە زانست ڕێگر بە لە بەردەم هەڕەشەکانی تیرۆر و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی.
*شوفێری ئازیز، چۆن لە کاتی شوفێریدا وریای، بە هەمان شێوە هۆشیار بە لە گەیاندنی زانیاری بە دەزگا ئەمنییەکان لە سەر هەر ڕووداو و کەسێكی گومانلێکراو.
*پەنابەری ئازیز، کوردستان هەمیشە پەناگەی ستەملێکراوان بووە، کوردستان بپارێزە، هەروەکو چۆن کوردستان دەتپارێزێت، بەشدار بە لە بنبڕکردنی تیرۆریستان لەسەر ئەم خاکە.

ئەرکی هەر هاووڵاتیەکە، هاوکاری هێزەکانی پاراستنی هەرێم بێت
هەر تاکێكی ئەم هەرێمە لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگادا بێت، ئەرکی پاراستنی خاکی کوردستانی دەکەوێتە سەرشان، پێویستە لەو ڕێگایەوە دڵسۆزی و خۆشەویستی خۆی بۆ کوردستان و هاووڵاتیانی بسەلمێنێت و پابەند بێت بە دروشمی پێنج(هـ) کە بریتییە لە:
(ئەرکی هەر هاووڵاتیەکە هاوکاریی هێزەکانی پاراستنی هەرێم بێت) بۆ پتەوترکردنی سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا، هیوادارین فەرهەنگی پاراستنی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناو هزرمان بچەسپێت و لە پەیڤ و هەڵسووکەوتماندا رەنگ بداتەوە بۆ ئەوەی کوردستان و هاونیشتیمانیانی پارێزراو بن، ئەرکێکی نیشتیمانییە پاراستنی کوردستان ببێت بە فەرهەنگی هەموومان.
ئاژانسی پاراستن و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، دەرگا و کەناڵەکانیان بە ڕووی هاونیشتیمانیاندا کراوەن بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆیە بڕوامان وایە هەموومان پێکەوە دەتوانین باشتر کوردستان بپارێزین.
هاووڵاتی خۆشەویست، وەک هەمیشە دەتوانیت بەشێک لە ئەرکی خۆت بۆ پاراستنی نیشتیمان جێبەجێ بکەیت بە ئاگاداركردنەوە و ناردنی زانیاری بۆ دەزگا ئەمنییەکان لەسەر هەر کەس وگروپێک، کەلوپەل و شوێنێک یان رووداوێک کە گومانی هەبوونی دەستی تیرۆر و تێکدەرانی تێدا دەکەیت.  بە ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، تۆش بەشدار دەبیت لە پارێزگاریکردن لە خۆت و خێزانەکەت، هاونیشتیمانیان و خاکی کوردستان لەدەستى ڕەشى تیرۆریستان.
هاونیشتیمانی بەڕێز، خۆبەدوورگرتن لە هزری تووندڕەوی ئەرکێکی نیشتیمانییە، بە ڕەتکردنەوەی بانگەشەی تیرۆریستان ڕێگە لە گەشەسەندنیان لە ناو کۆمەڵگادا دەگریت، چونکە تیرۆریستان بە هەڵە راڤەکردنی ئایەت وفەرموودە پیرۆزەکان خەڵکانێک بە لاڕێدا دەبەن و بە کردەوە قێزەونەکانیان زیان بە ناوبانگی ئایین و مرۆڤایەتی دەگەیەنن.

هاونیشتیمانیان... تیرۆریستان شەڕی دەروونییان دژ بە خەڵکی کوردستان هەڵگیرساندووە، پێویستە هۆشیار بن نەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانیان و لە ئەنجامی دڵپاکیەوە نەبنە هۆکارێک بۆ بڵاوكردنەوەى ئەو پڕوپاگەندانە، هەروەها لەپێناو داهاتوویەکی گەش و پاراستنی خۆتان و کەسوکارتان و ئارامی کوردستان، دەتوانن لە هەر دیاردەیەکی گوماناوی هاوکاری دامەزراوە ئەمنییەکان بن، چونکە تیرۆر مەترسیەكى ڕاستەقینەیە بۆ سەر ژیانی گشت هاووڵاتیان، جەنگی دەروونی و پڕوپاگەندەش لە چەکە سەرەکیەکانی تیرۆریستانن، پێویستە هاووڵاتی بەرچاوی ڕوون بێت و لەو راستیەش بگات كە لەمێژەوە وتراوە: (پڕوپاگەندە، نەیارەكان دایدەڕێژن، ساویلكەكان دەیگوازنەوە و نەزانەكان بڕوای پێدەکەن)، پێویستە وریا بین هیچ یەك لەم سێ جۆرە كەسە نەبین.

هاونیشتیمانی خۆشەویست، هەر کاتێک گومانت لە کەسێک کرد کە دەیەوێت ڕێگاکانی ژیانت بشێوێنێت و هانت بدا بەرەو تووندڕەویی و تیرۆر، بە ڕەتکردنەوەی داواکاریەکەی و وەڵامدانەوەت بە (نەخێر)، نیوەی پیلانەکەی پوچەڵ دەکەیتەوە، بە ئاگادارکردنەوەی دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکان، هەموو پیلانەکەی هەڵدەوەشێنیت و پووچەڵی دەکەیتەوە.


*بەڕێز مامۆستای زانکۆ، لە ڕێگەی پێنووس و هزر و پەیڤی خۆتەوە، شان بەشانی دەزگا ئەمنییەکان، کوردستان لە هزری تووندوتیژی و تیرۆر بپارێزە.
*دادوەران، پارێزەران و مافپەروەرانی بەڕێز، بە جێبەجێکردنی یاسا، فەرهەنگی پاراستنی کوردستان دەچەسپێنن.
*مامۆستای هێژا، پێکەوەژیان و لێبووردەیی بکە بە پەیام، تاوەکو زانست لەسەر دەستی تۆ پێش بکەوێت و هزری تووندڕەوی لە هەرێمی کوردستان بنبڕبکرێت.
*ڕۆشنبیر و هونەرمەندی هێژا، ئێوە بە پێنووس، بە ڕەنگ، بە دەنگ، تیرۆر بسڕنەوە، پێشمەرگەش بە چەک دەیتوێنێتەوە، بۆ ئەوەی کوردستان پارێزراو بێت.
*میدیاکار و رۆژنامەنووسی بەڕێز، بە پێنووسەکەت، بە دەنگت، بە کامێراکەت، وێنەی ڕاستەقینەی تیرۆریستان نیشان بدە و بەو ڕێگایە بەشدار بە لە شەڕی دژ بە تیرۆر.
*دایكی خۆشەویست، چۆن منداڵەکانت پەروەردە دەکەیت تا لەشساغ و سەلامەت بن، بەو شێوەیەش پەروەردەیان بکە تا لە ڤایرۆسی تیرۆر پارێزراو بن.
*کرێکار و جووتیاری ماندوویینەناسى خۆشەویست، بە دانانی هەر خشتێک و ناشتنى هەر نەمامێک، زەبرێک لە تیرۆریستان دەدەیت.

*پارت و لایەنە سیاسییە خۆشەویستەکان، بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هەمووان، تیرۆر ڕەگکێش دەکەین لەسەر خاکی کوردستان.

*ئەندازیاری بەڕێز، هەروەکو چۆن ئەندازیاری بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانیت، بەشدار بە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
*پزیشک و کارمەندانی تەندروستی ئازیز، هەروەکو چۆن خزمەت و چارەسەری نەخۆشی هاونیشتیمانیان دەکەن، دەتوانن بە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکان ڕێگا لەبڵاوبوونەوەی پەتای تیرۆر بگرن.
*فەرمانبەری ئازیز، بە دڵسۆزی و دەستپاکی و لێهاتووییت لە جێبەجێکردنی ئەركەکانت و گەیاندنی زانیاری بە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان، دڵنیابە بەشدار دەبیت لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و بنبڕکردنی تیرۆر.
*پیشەوەران، کاسبکارانى خۆشەویست، بە کارەکانتان ژیانی هاووڵاتیانتان ساناکردووە، بە هاوکاری و گەیاندنى زانیارییەکانتان بە دەزگا ئەمنییەکان ئەركى پاراستنی کوردستان ئاسان دەکەن.
*وەبەرهێنەری بەڕێز، بە دوو ڕێگا بەشدار بە لە پاراستنی کوردستان، بە ئاوەدانکردنەوە، زیادکردن و باشکردنی بەرهەمەکانت و بە بەخشینی زانیارییەکانت بە دەزگا ئەمنییەکان لەسەر تیرۆر و دەستی تێکدەران.
*هێژایان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ئەوەی کوردستان بپارێزین فەرهەنگی پاراستنی هەرێم و رووبەڕووبوونەوەی تووندڕەوی و تیرۆر بکەنە دروشم و سەرمەشقى كارەكانتان.


وریا بە لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
هاونیشتیمانی و قوتابی و خوێندکارى خۆشەویست، تیرۆریستان بۆ گەیاندنی پەیام و مەرامە گڵاوەکانیان، سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرن، بۆیە وریابە و دووجار بیر بکەرەوە پێش ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو (فەیسبووک، تویتەر، ئینستگرام....هتد) بەکار بهێنیت، هەرێمی کوردستان باوەڕی بە ئازادی و کارامەیی هاووڵاتیانی خۆی هەیە، بۆیە هاونیشتیمانی و قوتابی و خوێندکاری ئازیز، پێویستە ئێوەش زۆر بە هۆشیاری هەڵسووکەوت لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەن، بۆ ئەوەی ناڕاستەوخۆ نەبن بە ئامرازێک بۆ پاڵپشتی و بەرژەوەندیی تیرۆریستان لەم ڕێگایانەوە:
* بە (لایک)ـکردنی هەر پەیجێکی تیرۆریستان و تووندڕەوان، ناڕاستەوخۆ دەبیتە پاڵپشت بۆیان.
* بە نووسینی کۆمێنت لەسەر گرتەی ڤیدیۆیی و وێنە و پۆستەکانی تیرۆریستان و تووندڕەوان، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بانگەشەیان بۆ دەکەیت.
* تا نەبیتە ئامرازی زۆرترین بڵاوبوونەوە، بە هیچ شێوەیەک (تاگ و شێری) پۆست و گرتەی ڤیدیۆیی تیرۆریستان نەکەیت.
* بۆ ئەوەی پارێزراو بیت، وەڵامی هیچ(مەسیج و تویت و کۆمێنتێکی) تووندڕەوان و تیرۆریستان مەدەرەوە.
* ئەگەر هەستت بە پەیام یا جۆرێک لە نزیکبوونەوەی تیرۆریستان کرد، بەزووترین کات ئاگاداری دەزگا ئەمنییەکان بکەرەوە.
* ئاگادار بە، تیرۆریستان لە پشت بەشێکی زۆر لە پەیج و ئەکاونتی ساختەن.
* سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەربگرە و ڕێگە نەدەیت تیرۆر ڕێگای ڕاستت لێ ون بکات.
* هەمیشە وریابە و هاوڕێکانت بناسە و هۆشیار بە چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنیت.