کچە کوردێکی هۆڵەندی دەبێتە پێشمەرگە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1961
image

شیلان حه‌مید، كچه‌ ئارایشگه‌رێكى كوردى ته‌مه‌ن 26 ساڵانه‌ و نیشته‌جێى شارى ئاڵمییه‌ر له‌ وڵاتى هۆڵه‌ندایه‌ و ئێستا هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ دژى تیرۆر ده‌جه‌نگێت.


(مارى كڵایه‌ر) گۆڤارێكى هۆڵه‌ندییه‌ و له‌ ڕاپۆرتێك دا ده‌نووسێت: “شیلان پێڵاوه‌ به‌رزه‌كان و داوێنه‌ درێژه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ جلێكى سه‌ربازیدا ده‌گۆڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ دژى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى (داعش) شه‌ڕ بكات”.


دواى ئه‌وه‌ى كه‌ناڵێكى ته‌له‌فزیۆنى هۆڵه‌ندى چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ئه‌م خاتوونه‌ شه‌ڕڤانه‌ كورده‌دا ئه‌نجام دا، ئێستا شیلان كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراوه‌ و ناوبانگى ده‌ركردووه‌.


شیلان حه‌مید ده‌ڵێت: “دواى ئه‌وه‌ى ڕاپۆرتێكى له‌ ته‌له‌فزیۆن بینیوه‌ سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكاریانه‌ى داعش دژى مرۆڤایه‌تى ئه‌نجامى داون و ئافره‌تانى ئێزیدى به‌ كۆیله‌ گرتوون، ئه‌ویش لاى خۆى هه‌ستى به‌ به‌رپرسیاره‌تى كردووه‌ و بڕیارى داوه‌ له‌ سه‌نگه‌رى پێشمه‌رگه‌وه‌ دژى داعش شه‌ڕ بكات”.


ئه‌و كچه‌ كورده‌ به‌ گۆڤارى (مارى كڵایه‌ر)ـى گوتوه‌: “من له‌ ژیانم دا هیچ جۆره‌ چه‌كێكم به‌ ده‌ستمه‌وه‌ نه‌گرتووه‌. ته‌مه‌نى لاویه‌تیشم له‌ هۆڵه‌ندا به‌ ئارامى تێپه‌ڕاندووه‌، هه‌رچه‌ند له‌و بابه‌ته‌وه‌ سپاسگوزارم، به‌ڵام كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ هه‌ر له‌ خه‌ون و خه‌یاڵم دا بوو”.


ئه‌و له‌ ڕێگه‌ى ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ وێنه‌ى ئه‌و كچه‌ كوردانه‌ى بینیبوو كه‌ له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگ بوون و پارێزگاریان له‌ نیشتمان ده‌كرد. هه‌ربۆیه‌ شیلان ده‌ڵێت: “خۆشه‌ویستى ئه‌و كچه‌ شه‌ڕڤانانه‌ بۆ نیشتمان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئاماده‌ن له‌ پێناویدا شه‌ڕ بكه‌ن. بۆیه‌ منیش ده‌مه‌وێت به‌شدار و هاوكاریان بم”.


ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:” من بۆ پارچه‌ زه‌وییه‌ك یان بازبازێن له ‌نێوان دوو سه‌ركرده‌دا نه‌هاتوومه‌ته‌ به‌ره‌ى جه‌نگ، و شه‌ر كردن دژى داعش شه‌ڕێكى ئاسایی نییه‌. ئه‌گه‌ر ته‌نیا زه‌ڕه‌یه‌ك خۆشه‌ویستیم بۆ كه‌سێك هه‌بێت هه‌رگیز ناتوانم بیكوژم. به‌ڵام تیرۆریستانى داعش ئاژه‌ڵن و من هیچ به‌زه‌ییه‌كم بۆ ئه‌وان نییه‌”.


ئه‌و خاتوونه‌ ته‌مه‌ن 26 ساڵییه‌ له‌ 14 كانوونى دووه‌م و له‌ ته‌له‌فزیۆنى هۆڵه‌ندا، له‌ پرۆگرامى (جینێك) به‌ رێگه‌ى سكایپه‌وه‌ به‌شدارى له‌ به‌رنامه‌كه‌دا كرد، و له‌ لایه‌ن ئافره‌ته‌ كورده‌كانى نیشته‌جێى هۆڵه‌ندا كه‌ پشتگیرى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ده‌كه‌ن پێشوازى لێ‌كرا.

 

http://basnews.com/news/2015/01/19/%d8%a8%db%95%d9%88%db%8e%d9%86%db%95-%da%a9%da%86%db%95-%da%a9%d9%88%d8%b1%d8%af%db%8e%da%a9%db%8c-%d9%87%db%86%da%b5%db%95%d9%86%d8%af%db%8c-%d8%af%db%95%d8%a8%db%8e%d8%aa%db%95-%d9%be%db%8e%d8%b4/