شەڕەکەی شەوی رابردوو لە گوێڕ لە زاری فەرماندەکانی پێشمەرگەوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1064
image


 شەوی هەینی چەکدارانی داعش لە رێگەی ئاوییەوە هێرشیان کردە سەر میحوەری گوێڕ و مەخموور و توانیان بگەنە ناو شارەدێی گوێڕ، بەپێی
 زانیارییەکان ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی لەو شارە شەهید بوون، بەڵام دواتر هێزی پێشمەرگە لە شەڕێکی قورسدا توانی گوێر کۆنتڕۆڵبکاتەوە و چەند چەکدارێکی ئەو گروپەش بکوژێت.


بەغدادی سەرپەرشتیار بووە
 
سیروان بارزانی ، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ - مەخمووری پێشمەرگە ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە ئەبووبەكر بەغدادی ، خەلیفەی داعش سەرپەرشتی هێرشە " تێكشكاوەكە"ی شەوی رابردووی داعشی دەكرد بۆ سەر دەڤەری گوێڕ ، كە ئەمڕۆ 4ی بەرەبەیان، هێرشەكەی داعش بە "تێكشكان" و "هەڵاتنی چەكدارانی داعش "كۆتایی هات و ناوچەكە بەتەواوی لە دەستی پێشمەرگەدایە.


هێرشێکی فراوانی داعش

نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند" دوێنێ داعش هێرشێکی سەرتاسەری بە درێژایی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر کرد بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە گوێڕ تاوەکو سوڵتان عەبدوڵا و تەلەڕیم و جاڕوڵا، ئێمە یەکەمجار ویستمان فریای جاروڵڵا بکەوین، چونکە لەوێ خاڵێکیان کۆنتڕۆڵ کردبوو، ئێمە هەر زوو گەییشتینە ئەوێ و توانیمان لەوێ تێکیان بشکێنین و هەمەرێکی سەربازی گولـلە نەبڕیان لێ بستێنین"

بەرپرسی میحوەری مەخموور لەسەر ئامادەبوونیان لە گوێڕ گوتی"دوای ئەوەی زانیمان لە میحوەری گوێڕ پێویست دەکات ئامادە بین هاتین بۆ ئێرە و داعش گەییشتبووە ناو گوێڕ و بەشێکی زۆری گوێڕی کۆنتڕۆڵکردبوو، بەڵام کە هاتین نەوەست

این و هێزێکی باشمان لەگەڵ بوو، هێرشمان کردە سەریان و شەڕێکی قورس لێرە روویدا"
سەبارەت بەوەی دەگوترێت رێژەیەکی زۆر لەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە پیاوەکانیان کوژراون و ژنەکانیان بە دیل گیراون، نەجات عەلی گوتی" نەمزانیوە هیچ ژنێک بردرابێت بەڵام پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنیش لێرە شەهید کراوە، بەڵام زانیاری دروستمان لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی بزانین چەند شەهیدمان هەیە"

بەرگرییەکی قورسی پێشمەرگە

عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی لە هەولێر کە بە یاوەری نەجات عەلی گەییشتبووە گوێڕ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو
 گوتی" ئێمە لە مەخموور بووین کە بینیمان داعش هێرشیان کرد بۆ سەر گوبەیبە و جاروڵڵا و سوڵتان عەبدوڵڵا ئێمە بەرەو ئەوێ رۆیشتین، یەکەمجار ئێمە چووینە گوبەیبە و جاروڵڵا، لە جاروڵڵا چەند شوێنێکیان گرتبوو، ئێمە لێماندان و شوێنەکانمان کۆنتڕۆڵکردەوە"

سەبارەت بەوەی کە دەتانزانی ئەوان جموجوڵیان هەیە چۆن بوو کە بەسەرتاندا تێپەڕین عەلی حوسێن گوتی" جموجوڵی شەوانە هەیە، بەڵام لەو شوێنەی کە ئێمەی لێ بووین توانیمان هەر زوو شوێنەکانمان کۆنتڕۆڵ بکەین، دواتر کە زانیمان لە گوێڕ پێویستە بەپەلە بگەینە ئێرە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەڤاڵانی میحوەری گوێڕ و کاک سیروان بارزانی ٣ و ٤٥ دەقیقەی بەرەبەیان گەییشتینە ئێرە و هاتینە ناو گوێڕ و لە راستیدا شەڕێکی قورس بوو کە خانوو بە خانوو لەو شەڕە توانیمان وەدەریان بنێین"

سەبارەت بەوەی بۆ ئامادەکاری نەکراوە کە دەتانزانی داعش دێتە ئێرە نەجات عەلی گوتی" شەڕ سەرکەوتن و شکستی تێدایە، کە شکستێکت خوارد دەبێت بیکەیتە ئەزموون، لەوانەیە چاوەڕوانی ئەوەمان نەکردایە کە ئەوان بەو بەرفراوانییە ئەو هەموو بەلەمە بەکار بهێنن و بەو شەوە بپەڕنەوە و هێرشێکی کتوپڕ بکەنە ناو گوێڕ، لەوانەیە ئەو چاوەڕوانییە لاواز بووبێت"

بۆیەکەمجار داعش هێرشی ئاویی دەکات

سەبارەت بە هێزەکەی داعش و ئەو بەلەمانەی کە بەکاریان هێناوە، نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور گوتی" نازانم بە ژمارە چەند بەلەم بووە، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی ئێمە 100 بۆ 150 چەکداریان لە ئاو پەڕیونەتەوە، ئاگری ئەوانمان دەدی کە لە چەند لاوە تەقەیان دەکرد، بەیانی کە رایان کرد لە رێگەی پەڕینەوە و هەروەها هەندێ زانیاریمان لەرێگەی چەند سەرچاوەیەکەوە وەرگرت کە لە نێوان 100 بۆ 150 کەس بوون"
لە وەڵامی ئەوەی داعش مەبەستیان لە هێرش بۆ گوێڕ گەییشتنە بە هەولێر یان چ ئامانجێکیان هەیە عەلی حوسێن گوتی" ئێرە شوێنێکی گرینگە شوێنێکە نزیکە لە هەولێر و لەوانیش، چونکە لەسەر زێیەو و ئەو زنجیرەیە تاوەکو دەگاتە خەبات چەند دێیەکی لێیە کە هەموو لەسەر ئاون و ئەوبەری ئاو ئەوانن، کە هەموو کات دەتوانن تەقە لەوبەر بکەن"

پێشمەرگە شەهیدی هەیە

قادر قادر بەرپرسی میحوەری گوێڕ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند" زانیاریمان لەسەر رێژەی شەهیدبوونی پێشمەرگە نییە تاوەکو ئێستا، ئەوە برادەرانی ئاسایش لێرە بوون و من لێرە نەبووم"

قادر قادر هەروەها گوتی" ئەوان هەر لێرەوە هێرشیان نەکردووە لە مەخموور و سوڵتان عەبدوڵڵا و تەلشەعیر و دوێزات و ئەوناوچانەیش هێرشیان کردووە و شەڕی خۆکوژیان کردووە و تێکشکاون"

لەوەڵامی ئەوەی کەس لێرە نەبووە کە بەرەنگاری پێشڕەوی ئەوان ببێتەوە بەرپرسی میحوەری گوێڕ گوتی" ئێمە لە بەینی کورد و عەرەب ئاوێکمان بەینە، ئەوان لە ئاوەکە پەڕیونەتەوە و هاتوونەتە ئەم بەر و خەڵکی خۆکوژی خۆیان هێناوە و ئەو هێرشەیان کردە سەر گوێڕ، چۆن رێگری نەکراوە ئەگەر رێگری نەکرایە شەڕ دەکرا؟ شەڕ لە هەموو شوێنێک کراوە "

دەگوترێ پێشمەرگە لەو ناوچەیە لەگەڵ عەرەب باش نەبوون بۆیە ئامادەکاری بۆ داعش دەکەن و ئاسانکارییان بۆ دەکەن، بەڵام قادر قادر رەتیکردەوە و گوتی" بەداخەوە هەڵەن ئێمە لێرە دژی عەرەب نین ئێمە دژی دەسەڵاتی فاشیستین جا هەرکەسێک بێت، کورد و عەرەب چەند ساڵە پێکەوە ژیاوین و هیچ کێشەیەکمان نەبووە، ئێمە پارێزگاری لە خاکی خۆمان دەکەین و بەتەمای داگیرکردنی خاکی کەسی دیکەیش نین"


بارودۆخەکە ئاسایی بووتەوە

سەبارەت بەوەی وەک بەرپرسی میحوەری گوێڕ دەتوانێت دڵنیایی بداتە خەڵک کە بگەڕێنەوە و ژیانی ئاسایی خۆیانی بکەن قادر قادر گوتی" دڵنیا بن کە مژدەی سەرکەوتن دەدەین بە خەڵک، ئەوە نەبێت کە بۆ چەند مانگێک و چەند ساڵێک گوێڕ گیرابێت، ئەوان بۆ چەند کاژێرێک هاتوونەتە ناو گوێڕ و لەچەند جێگایەک سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە ئەویش بەهۆی خەڵکە خراپەکەی ئەم سنوورە بووە، رەنگە زۆریش لەو عەرەبانە کە ئێمە رێز و حورمەتیان دەگرین هاتبێتن لەگەڵیان و چاوساغیان بووبێتن، بەڵام گورزێکی زۆر باشیان لێدرا و تێکشکان"

لەسەر ئەو دەنگۆیانە کە هەندێک بنەماڵە شەوی رابردوو کۆمەڵکوژکراون قادر قادر گوتی" داعش ئەمشەو لەبەرچاوی ماڵ و منداڵی کابرایەکی هەژاریان کوشتووە کە کابرا رۆنگۆڕ بووە، داعش دەست لە خەڵک ناپارێزێت و ئەوەی کە ئەوانی نەوێت ئەوانیش نایانەوێت"
سەبارەت بە کوژراوانی داعش قادر قادر گوتی" ئێمە لێرە لە ژمارەی کوژراوانی داعش چوار تەرممان بینیوە، بەڵام رەنگە زۆریان لێکوژرابێت، تاوەکو ئیستا نەمانتوانیوە بگەڕێین بزانین چەندیان کوژراون"

لەلایەکی دیکەوە نەجات عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە" ئەوە یەکەمجارە ئەوان بەلەم بەکار بهێنن و لە ئاو بپەڕێنەوە و هێرش بکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، حەتمەن دەبێت ئەوە بکەینە ئەزموون، لەمەودوا دەبێت حساباتێکی زۆر بکەین بۆ ئەوەی چاوەڕێی هێرشیان بین بە بەلەم، ئەوان هەتا بۆیان بکرێت رۆژ لەدوای رۆژ تەکتیکی نوێ بەکار دێنین لەوەی کە ئێمە بیری لێناکەینەوە"

بەرپرسی میحوەری مەخموور شەڕەکی شەوی رابردوو بە شکستێکی گەورە بۆ داعش ناوزەد دەکات و پێیوایە" ئەو شەڕە شەڕێکی قورس بوو، راستە ئێرە گیرا بەڵام داعش تێکشکاندنێکی باشی بەخۆیەوە بینی و بە شکستێکی گەورە بۆ داعش تۆمار دەکرێت لە مێژووی ئەو شەڕانەی کە لەگەڵ پێشمەرگە کردوویەتی "

داعش وا هاتبوو نەگەڕێتەوە

نەجات عەلی هۆکاری ئەوەی کە ئەوە بە شکستێکی گەورە بۆ داعش دادەنێت بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە" ئەوان بۆ ئەوە نەهاتبوون کە 150 کەس لەئاو بپەڕێننەوە بەڵکوو بەنیاز بوون لێرە بمێننەوە، چونکە ئێرە شوێنێکی ستراتیژییە و نزیکە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە هەموو روویەکەوە کاریگەری خۆی دەبێت، بۆیە ئەوان بۆ ئەوە نەهاتبوون کە بگەڕێنەوە، بەڵام پێشمەرگە توانی بە هێز و بە شەڕ دەریانبکاتە دەرەوە"

سەبارەت بەوەی بۆ مەخموور چۆڵکرا نەجات عەلی گوتی" هاووڵاتیان ترسان، بەڵام ئەوە نەبوو کە بە یەکجاری چۆڵبکرێت، بەڵام خەڵکانێک هەبوون کە ترسان و خەڵکی سیڤیلیش دەترسێت و ئاساییە، بەڵام ئەو شوێنانەی کە شەڕی تێدا کرا لە مەخموور دوور بوون، ئەوان هیچ پێشڕەوییەکیان بۆ نەکرا تەنها یەک خاڵیان لە گوندێک گرتبوو کە خۆی دەخاڵی تێدایە و دواتر کۆنتڕۆڵکرایەوە و ئۆتۆمبیلێکی هەمەریشیان بەجێهێشت"

 بە گوتەی پەیامنێری رووداو لە گوێڕ ئێستا ئەو شارە هێور بوەتەوە و دەنگی تەقەی تێدا نابیسترێت و پێشمەرگە توانیویەتی کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بگرێتە دەست.

 

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/1001201513