ده‌قی دیمانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌ناڵی ئاسمانی سكای نیوز عربیه‌

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    992
image

به‌رێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌رنامه‌ی به‌ ڕاشكاویی كه‌ناڵی سكای نیوزی عه‌ره‌بیدا ، رایگه‌یاند، دۆخی ئێستا له‌ هه‌ركاتێكی تر بۆ تێپه‌ڕاندنی سیستمی فیدراڵییه‌ت و هه‌نگاونان بۆ سیستمی كۆنفیدراڵی گونجاوتره‌، به‌ڵام كورد نایه‌وێت كۆنفیدراڵی یان سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو له‌ ڕێی توندوتیژییه‌وه‌ بێنێته‌ دی.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی دیمانه‌ی به‌رێزیان:

 

زۆر سوپاس جه‌نابی سه‌رۆك كاكه‌ مسعود بارزانی

 

 

سه‌رۆك بارزانی : زۆر سوپاس بۆ ئێوه‌ ، به‌خێربێن


هه‌موولایه‌ك ئه‌مڕۆ سه‌یری ئه‌م دیمانه‌یه‌ ده‌كات و هه‌میشه‌ ئه‌و پرسیاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ : ئایا خه‌ونی كورد به‌ سه‌ربه‌خۆیی و بوونی به‌ ده‌وڵه‌ت له‌ واقیعه‌وه‌ نزیك بووه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : مافێكی سروشتیه‌ بۆ كورد هه‌روه‌ك چۆن مافێكی سروشتیه‌ بۆ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌، به‌ڵام من دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ و دیسان قسه‌كانی خۆم دووباره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌م ئامانجه‌ به‌ توندوتیژی نایه‌ته‌ دی به‌ڵكو به‌ ڕێگایه‌كی ئاشتیانه‌ و دیموكراسیانه‌ دێته‌دی و پێویسته‌ كاتی باشی پێبدرێت و ئێستاش بیر له‌ بارودۆخی ئێستامان بكه‌ینه‌وه‌ به‌وه‌ی كورد بیر له‌ ده‌ستكه‌وت و ئامانجه‌كانی ئێستایان بكه‌ن و هه‌ندێك له‌ مافه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنن و له‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌وه‌ به‌ رێگه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و دیموكراسیانه‌ به‌ده‌ستبهێنن ، به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیی كوردستان مافێكی سروشتیه‌ و ده‌بێ بێته‌ دی به‌ڵام كه‌ی ؟ نازانم .

پێتان وایه‌ ئێستا بارودۆخ له‌ هه‌ر بارودۆخێكی رابردوو له‌بارتره‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : بێگومان ، بارودۆخی ئێستا بارودۆخێكی تازه‌یه‌ و له‌ رابردوو جیاوازه‌ و ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ كورد بۆ هێنانه‌دی زۆر له‌ ئامانجه‌كانیان كه‌ زۆر له‌و ئامانجانه‌ هاتوونه‌ته‌دی، جاران ئینكاریه‌كی ته‌واو بۆ بوونی كورد هه‌بوو به‌ڵام ئێستا باس له‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ ده‌كرێت بۆ پرسی كورد له‌ هه‌موو شوێنه‌كان و ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌.

ئایا ئه‌مه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتێكی كوردی له‌ قه‌ڵه‌مده‌درێت به‌وپێیه‌ی ئێوه‌ خۆتان رێكخست ؟ یانیش بارودۆخی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیقلیمی هۆكاره‌؟

سه‌رۆك بارزانی : هۆكاره‌كان زۆرن ، كورد زانیان چۆن ره‌فتار بكه‌ن و بۆ هه‌موو لایه‌كیان سه‌لماند كه‌ ئه‌وان فاكته‌ری سه‌قامگیرین نه‌وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌ ، له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا بێگومان هه‌میشه‌ حزب و كه‌سایه‌تی زۆر هه‌بووه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی ئیجابیان به‌رامبه‌ر پرسی كورد هه‌بووه‌ .

بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ بارودۆخی كوردی ئێران و توركیا و سوریا باشتره‌ ، ئه‌و بارودۆخه‌ به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ ئه‌م پارچانه‌ی دیكه‌ له‌ كوێدایه‌ واتا كامیان بارودۆخی خراپه‌ و كامیان باشتره‌؟

سه‌رۆك بارزانی : كورد له‌ عیراق قوربانی زۆری داوه‌ و كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و ئه‌نفالی به‌دناوی له‌ دژدا به‌كارهات كه‌ بووه‌ هۆی له‌ ده‌ستدانی 182 هه‌زار مرۆڤ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كوشتاری به‌ كۆمه‌ڵی بارزانی و فه‌یلی ، ئه‌و قوربانیانه‌ی كورد له‌ عیراق داویه‌تی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ بۆی هاتوته‌ دی وه‌كو ده‌ستكه‌وت. به‌ڵێ له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌ستكه‌وتی باش به‌ده‌ستهاتوون و پرسی كورد له‌وێ پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ . كورد له‌ سوریا وه‌كو گه‌لی سوریا له‌ مه‌ینه‌تیدان وه‌كو هه‌موو گه‌لی سوریا و له‌ هه‌ر به‌ش و ناوچه‌ی دیكه‌ زیاتر له‌ مه‌ینه‌تیدان.

پێتان وایه‌ ئێستا بارودۆخی كوردی سوریا له‌ بارودۆخی كوردی ئێران خراپتره‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : نه‌ له‌ سوریا و ئێران و نه‌ له‌ توركیاش ، داننانێكی راسته‌قینه‌ به‌ ماف و بوونی گه‌لی كورد دا نیه‌ و ئه‌مه‌ش راستیه‌ ، من ناتوانم باسی ئێران و سوریا بكه‌م به‌ڵام خۆ پێشكه‌وتنیش هه‌یه‌ و بارودۆخی كورد نه‌كه‌یشتۆته‌ ئه‌و باره‌ی بڵێین ته‌واو ئیتر گرفت نه‌ما و گه‌یشتینه‌ چاره‌سه‌ر . ئه‌گه‌ر باسی توركیا بكه‌ین ، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر پێشكه‌وتنی به‌رچاو هاته‌دی.

ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و سایكس بیكۆیه‌كی دیكه‌ هه‌نگاو ده‌نێت ؟

سه‌رۆك بارزانی : پێموایه‌ به‌ڵێ به‌ڵام به‌راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی سایكس بیكۆ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شته‌كان بۆ دۆخی ئاسایی ، سایكس بیكۆ به‌ رێگه‌یه‌كی نایاسایی و ناسروشتی ناوچه‌كه‌ی به‌ بێ ویستی رۆڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ دابه‌شكرد و ئێستاش بارودۆخه‌كه‌ ده‌رفه‌تێكی باش بۆ دووباره‌ رێكخستنی ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادایه‌ .

سایكس بێكۆیه‌ك دابه‌شكراوێك دابه‌ش ده‌كات ؟

سه‌رۆك بارزانی : نه‌خێر ، من ده‌ڵێم دابه‌شكراو راستبكاته‌وه‌.

ئایا ناسنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و تایفه‌یی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : به‌ ته‌واوی ئه‌وه‌ سه‌لمێندرایه‌وه‌ ئه‌و كیانانه‌ی دوای سایكس بیكۆ دامه‌زرێندران و چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ش به‌زۆر به‌یه‌كه‌وه‌ لكێندران و ئه‌مه‌ش شكستی خۆی سه‌لماند بۆیه‌ پێویسته‌ ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ دابڕێژرێته‌وه‌ نه‌وه‌كو سه‌پاندنی شێوازێكی دیاریكراو له‌سه‌ر هه‌ر لایه‌نێك.

ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باسی كیانی بچووكتری ده‌كه‌ین كه‌ نازانین به‌ره‌و كوێمان ده‌بات ، مسعود بارزانی چۆن قه‌ناعه‌ت به‌و كه‌سانه‌ دێنێت كه‌ دابه‌شبوون شتێكی ئاساییه‌ له‌ كاتێكدا ده‌ڵێن یه‌كگرتوویی هێزه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : راسته‌ ، به‌ڵام یه‌كگرتن و یه‌كبوونی ئاره‌زوومه‌ندانه‌وه‌ نه‌وه‌كو سه‌پاندنی شێوازێكی دیاریكراو ، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ئه‌ورووپا وه‌ربگرین، هیچ شێوازێكی دیاریكراو له‌سه‌ر هیچ وڵاتێكی ئه‌وروپایی نه‌سه‌پێندراوه‌ به‌ڵكو سازانێك هه‌یه‌ و یه‌كێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و هاوسه‌نگی و دادپه‌روه‌ری له‌ ماف و ئه‌ركدا هه‌یه‌ به‌ڵام لای خۆمان له‌ ناوچه‌كه‌ی خۆماندا كیانی سیاسی به‌زۆر دروستكران و ئه‌گه‌ر ئێستاش له‌ عیراق و سوریا و هه‌ر شوێنێك یه‌كێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هه‌بێت ئه‌وكاته‌ ئه‌زموونه‌كه‌ سه‌رده‌كه‌وێت و ئاینده‌یه‌كی رۆشن ناوچه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌ و هیچ گرفتێك روونادات به‌ڵام لایه‌نێكی دیاریكراو خۆی بسه‌پێنێت و ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا بنێت و هه‌مووان بخاته‌ ژێرده‌ست و ویستی خۆی بێگومان ئه‌وه‌ سه‌رناكه‌وێت و ئه‌زموونه‌كانی رابردوو ئه‌وه‌یان سه‌لماند ئه‌م شێوازه‌ شكستی هێنا .

ئه‌گه‌ر مسعود بارزانی له‌ نێو سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كێتی فیدراڵیدا بوو كامیان هه‌ڵده‌بژێرێت؟

سه‌رۆك بارزانی : ئه‌گه‌ر پابه‌ندی به‌ ده‌ستوور و شێوازی فیدراڵی دووپاتكرایه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتین بێگومان لاریمان نیه‌ به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ قبووڵمان نیه‌.

ئێوه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ڵێن باشترین شت بۆ ئێمه‌ یه‌كگرتووییه‌كی نموونه‌ییه‌ كه‌ هه‌موو مافه‌كانمان پێبدات؟

سه‌رۆك بارزانی : من ده‌ڵێم له‌ عیراق كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ره‌و كۆنفیدراڵی هه‌نگاو بنێین.

كۆنفیدراڵی چ جیاوازیه‌كی ده‌بێت؟

سه‌رۆك بارزانی : بێگومان جیاوازی زۆره‌ به‌ڵام عیراق وه‌كو یه‌ك وڵات ده‌مێنێته‌وه‌ .

كه‌واته‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری و مالیتان سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت ، راسته‌؟ واتان ده‌وێت؟

سه‌رۆك بارزانی : با راشكاو بم ، دوای ئه‌و قوربانیانه‌ی گه‌لی كورد پێشكه‌شیكرد ، مومكین نیه‌ كورد قبووڵی ئه‌وه‌ بكات ئیراده‌ی خۆی بداته‌ ده‌ست هیچ پایته‌ختێك به‌تایبه‌تی بۆ ئێمه‌ له‌ عیراق ، هه‌موومان با هاوبه‌شی شێوازێكی پێشكه‌وتووی فیدراڵی یان كۆنفیدراڵی بین به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ بڕیار به‌ده‌ستی خۆمان بێت نه‌وه‌كو به‌غدا ، من به‌ڕاشكاویه‌وه‌ ئه‌م شته‌ ده‌ڵێم.

جه‌نابی سه‌رۆك شێوازی ئه‌مڕۆی فیدراڵی ئێستا قبووڵه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : ئه‌گه‌ر قبووڵكراو نه‌بوایه‌ قبووڵی ده‌ستورمان نه‌ده‌كرد ، به‌ڵام ئێستا ئه‌م شێوازه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتین بوونی نیه‌ ، ئێستا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ فیدراڵی نیه‌ به‌ڵكو ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی داموده‌زگای حكومه‌ت و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاته‌ و فیدراڵیزم وه‌لانراوه‌ و پتشگوێخراوه‌.

به‌غدا و ئه‌وه‌ی ئێوه‌ پێیان ده‌ڵێن حوكمڕانانی به‌غدا ئێوه‌ تۆمه‌تبارتان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی له‌و شێوازه‌ ده‌رچوون ، به‌واتای ئه‌وه‌ی ئێوه‌ رێگه‌ له‌ سوپای عیراق ده‌گرن بێته‌ نێو وڵاته‌كه‌تانه‌وه‌ و سوپای خۆتان هه‌یه‌ و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوه‌ند و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بودجه‌ به‌ گرێبه‌ستی تایبه‌ت نه‌وت ده‌نێرن؟

سه‌رۆك بارزانی : ئێمه‌ پێویستیمان به‌ سوپای عیراق نیه‌ له‌ هه‌رێم ، سوپای عیراق بۆ دێته‌ ئێره‌ ؟ پێشمه‌رگه‌ به‌شێكه‌ له‌ سیسته‌می به‌رگری عیراق كه‌ به‌ ناوی پاسه‌وانی هه‌رێم ناسراوه‌ و پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوازه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ر مه‌ترسیه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هه‌ر كاتێك پێویستیمان به‌ سوپای عیراقی هه‌بوو بێگومان لاریمان له‌وه‌ نیه‌ بێنه‌ هه‌رێم، به‌ڵام سوپای عیراق كه‌ نه‌توانێ شارێكی وه‌كو فه‌للوجه‌ بپارێزێت ، چی له‌ كوردستان هه‌یه‌ و بۆچی دێت؟ پرسی نه‌وت و غاز له‌ ده‌ستووردا زۆر به‌ رونی شیكراوه‌ به‌وه‌ی موڵكی هه‌موو گه‌لی عیراقه‌ و داهاته‌كه‌یشی موڵكی هه‌موو عیراقه‌ و ئێمه‌ش هیچ لاریه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌و ماده‌یه‌ نیه‌ ، رێككه‌وتنێك له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌بوو و له‌ساڵی 2007 له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسایه‌ك له‌باره‌ی نه‌وت و غازه‌وه‌ رێككه‌وتین ، له‌و یاسایه‌دا پاشكۆیه‌ك هه‌یه‌ و دووپاتیده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه‌ تا مانگی ئایاری 2007 ئیقرار نه‌كرا ، ئه‌وكات هه‌ر لایه‌نێك مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمپانیایه‌كدا ئیمزا بكات تا ئه‌و كاته‌ی یاسایه‌ك رێككه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كرێت ، باسی یاسای نه‌وت و غاز ده‌كرێت به‌ڵام كام یاسا؟ هیچ یاسایه‌كی نه‌وت و غاز له‌ عیراقدا بوونی نیه‌ . ئێمه‌ پشتمان به‌ ده‌ستوور به‌ستووه‌ و ده‌ستوور ئه‌و مافه‌مان پێده‌دات و ئه‌و پاشكۆیه‌ش ئه‌و مافه‌مان پێده‌دات و ئێمه‌ له‌ دژی ئه‌و ده‌ستووره‌ ره‌فتارمان نه‌كردووه‌ .

ئه‌مرۆ مسعود بارزانی ده‌ڵێت ته‌واو كاتی فیدراڵیزم نه‌ما و ئه‌مڕۆ كۆنفیدراڵیمان ده‌وێت؟

سه‌رۆك بارزانی : كاتێك ده‌ڵێم كۆنفیدراڵی من ناڵێم ئێستا یان سبه‌ی ، به‌ڵكو ده‌ڵێم پێشخستنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم له‌گه‌ڵ ناوه‌ند كه‌ به‌شتێكی زه‌رووری ده‌زانم وشێوازی ئێستا هیچ سوودێكی نه‌ماوه‌، ناوه‌ند به‌ ئاره‌زووی خۆی ده‌ستوور شی ده‌كاته‌وه‌ و ئێمه‌ش شیكردنه‌وه‌ی خۆمان هه‌یه‌. ناكۆكیه‌كان له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وامن و ناشكرێ له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ به‌رده‌وام بین و بێگومان باشترین چاره‌سه‌ری له‌وه‌دایه‌ په‌نا بۆ شێوازی كۆنفیدراڵی ببه‌ین تا هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ مافی خۆی بزانێت و من به‌ شتێكی ئاسایی ده‌زانم و با هه‌موو لایه‌كیش ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ عیراق له‌ دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی پێكدێت له‌گه‌ڵ رێزم بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی دامه‌زراوه‌ له‌دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهان ، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ نه‌بین به‌ له‌وه‌ كه‌متر رازی نابین و بێگومان ئه‌م بابه‌ته‌ش ده‌بێته‌ بابه‌تێكی جدی و ده‌خرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و له‌وانه‌شه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م گه‌لی كوردستان بۆ ریفراندۆم له‌سه‌ری و بێگومان مه‌سه‌له‌كه‌ جدیه‌ و بۆ هیچ رێكلامێكی هه‌ڵبژاردن نیه‌ به‌ڵكو ئه‌مه‌ مافێكی سروشتیه‌ و ده‌بێ بێته‌ دی.

پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌م پرۆژه‌یه‌تان كۆده‌نگی جه‌ماوه‌ری و حزبی له‌سه‌ر ده‌بێت واتا حزب و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن و ئایا حزبه‌كانی دیكه‌ بۆچوونی ئه‌رێنیان له‌سه‌ری هه‌یه‌؟

سه‌رۆك بارزانی : له‌وانه‌یه‌ كه‌سانێك هه‌بن به‌ ته‌حه‌فوزه‌وه‌ باسی لێوه‌ بكه‌ن به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر ریفراندۆمێك ببێت بێگومانم له‌وه‌ی پشتیوانی بۆ ئه‌م بڕیاره‌ زیاتر له‌ 90% ده‌بێت.

جه‌نابی سه‌رۆك وه‌ڵامی به‌ په‌له‌م ده‌وێت ، عێراق تاچه‌ند ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی به‌ یه‌كگرتوویی هه‌یه‌؟

سه‌رۆك بارزانی : عیراق ئێستا لێكترازاوه‌ و به‌ش به‌شه‌ و واقیعی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند هیچ كۆنترۆڵێكی به‌سه‌ر رۆژئاوای عیراقه‌وه‌ نیه‌ ، هه‌رێمی كوردستان بارودۆخی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌ زۆر پارێزگای دیكه‌ش حكومه‌ت هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نیه‌ و حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ كۆنترۆڵی بارودۆخی وڵات بكات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئێستا به‌ حكومه‌تێكی ته‌وافوقی داناندرێت ، عیراق له‌ بارودۆخێكی ناوازه‌دایه‌ .

ئه‌گه‌ری بوونی هه‌رێم به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ چه‌نده‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : من بێگومانم له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌ڕێوه‌یه‌.

له‌ سنووری كوردستانی عیراق یان دوورتر؟

سه‌رۆك بارزانی : شێوازی نزیكتر له‌ واقیع و له‌ جێبه‌جێكردن سنووری كوردستانی عیراقه‌.

هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نفووزتان ناگاته‌ سنووری كوردی ده‌ره‌وه‌ی عیراق ؟

سه‌رۆك بارزانی : دوای دابه‌شكردنی كوردستان هه‌ر ناوچه‌یه‌ك بووه‌ خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆی و به‌شه‌كانی دیكه‌ش حزب و لایه‌نی سیاسی خۆی هه‌یه‌ و خۆیان بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان ده‌ده‌ن به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر كاتی سه‌ربه‌خۆیی بێت راوێژ به‌وانیش ده‌كه‌ین.

كه‌ی ئه‌و كاته‌ دێت ؟

سه‌رۆك بارزانی : با چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین.

پێتان وایه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ و موفاجه‌ئه‌ رووده‌دات ؟

سه‌رۆك بارزانی : من نازانم به‌ڵام ئێستا چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین تا كاتی خۆی دێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ین.

ئێوه‌ كۆنفیدراڵیتان ده‌وێت و ئه‌مڕۆ حوكمڕانانی به‌غدا گوێتان لێده‌گرن ، چیان پێده‌ڵێن ؟

سه‌رۆك بارزانی : هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی خۆمان رێگه‌مان لێبگرێت، و ئه‌مه‌ش مافێكی سروشتیه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ هه‌موو شتێك له‌ رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ بێت و نامانه‌وێ تووشی ناكۆكی و شه‌ڕ و ململانێی خوێناوی ببین ، نامانه‌وه‌ی رابردوو دووباره‌ ببێته‌وه‌ و قبووڵیش ناكه‌ین مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان وه‌كو تۆمه‌تێك سه‌یر بكرێت كه‌ مافی كورد نیه‌ ، نه‌خێر مافێكی سروشتی كورده‌ به‌ڵام ده‌بێ به‌ دیاڵۆگه‌وه‌ بێت و هه‌میشه‌ش دووپاتمان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كردووه‌ و ده‌شیڵێمه‌وه‌ كه‌ مافێكی سروشتیه‌ و هیچ كه‌سێك بۆی نیه‌ ئینكاری بكات.

پێتان ده‌ڵێن حوكمڕانانی چیا ؟

سه‌رۆك بارزانی : ئێمه‌ حوكمڕان نین ، به‌ڵكو رۆڵه‌ی ئه‌و چیایانه‌ین كه‌ ئێمه‌ و ئه‌وانی پاراست، ئه‌و چیایانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وان سوكایه‌تی پێده‌كه‌ن ئه‌وانی پاراست ، من ده‌ڵێم ئێمه‌ی رۆڵه‌ی ئه‌م چیایانه‌، به‌ شانازیه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ستهاتوون ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ زۆر گه‌وره‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی سوكایه‌تی به‌م چیایانه‌ ده‌كه‌ن له‌ نێو چاڵه‌كانیاندان به‌بێ هیچ ده‌ستكه‌وتێك و به‌وپه‌ڕی شكسته‌وه‌ دێنه‌ به‌رچاوی خه‌ڵك ، كوا ده‌ستكه‌وته‌كانیان؟ ئاسایش؟ خزمه‌تگوزاری؟ ته‌ندروستی؟ رێگاو بان ؟ چیان بۆ رۆڵه‌ی گه‌لی عیراق پێشكه‌شكردووه‌؟

ئایا ئه‌مڕۆ به‌ هۆی كۆتاییهاتنی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانی كورد و شیعه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌؟

سه‌رۆك بارزانی : نه‌خێر بێگومان وانیه‌ ، ئه‌و گروپه‌ی حوكمی عیراق ده‌كه‌ن نوێنه‌رایه‌تی شیعه‌ ناكه‌ن به‌ڵكو چه‌ند هێزێكی سه‌ره‌كی شیعه‌ هه‌ن ئێستاش هێزی سه‌ره‌كین و به‌هیچ شێوه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌دای گروپی ئێستای حوكمڕان رازی نین.

ئایا مالیكی به‌ تاوانبار ده‌زانن ؟

سه‌رۆك بارزانی : من مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر مالیكی به‌ تایبه‌تی ناشكێنمه‌وه‌ ، خۆی به‌ ته‌نها تاكه‌ تاوانبار نیه‌ به‌ڵام خۆی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ و به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیه‌تی و كه‌سایه‌تی زۆر له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و ره‌وتی سه‌در له‌ دژی سیاسه‌تی نوری مالیكین و ئه‌وان هاوپه‌یمانی ئێمه‌ن و هه‌رواش ده‌مێننه‌وه‌.

ئایا نوری مالیكی به‌ پۆست و سیاسه‌تیه‌وه‌ هاوپه‌یمانی كورد وشیعه‌ی له‌ناوبرد؟

سه‌رۆك بارزانی : به‌ داخه‌وه‌ ، شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی مالیكی له‌گه‌ڵ پرسی كورد به‌و ئاسته‌ نه‌بوو و زۆر ئازاری ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی دا

ئایا نیه‌ت و ویستێك هه‌بوو بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌ت بۆ كۆتاییهێنان به‌ هاوپه‌یمانی كورد و شیعه‌؟

سه‌رۆك بارزانی : ناڕه‌زایی ئێمه‌ له‌سه‌ر شێوازی حوكمه‌ ، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كورد بخه‌نه‌ ژێرده‌ستی خۆیانه‌وه‌ و هیچ باوه‌ڕیه‌كیان به‌ هاوبه‌شی نیه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ره‌فتاره‌كانی پێشوویاندا ره‌نگی دایه‌وه‌ و ئێمه‌ش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ ببینه‌ پاشكۆی ئه‌وان و ئه‌مه‌ش بنه‌مای ناكۆكیه‌.

كه‌سی وا هه‌یه‌ ده‌ڵێت مالیكی به‌ هۆی بێده‌نگبوونی كورد و به‌ یه‌كگه‌یشتنی ویستی ئێران و ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌ر حوكمه‌؟

سه‌رۆك بارزانی : ئه‌مه‌ راسته‌ و ئه‌وه‌شه‌ كه‌ روویدا و وایكرد بۆ جاری دووه‌م حوكمڕانی بگرێته‌ ده‌ستی خۆی .

ئایا ئێوه‌ په‌شیمانن؟

سه‌رۆك بارزانی : من ناڵێم په‌شیمانم و به‌هۆی هۆكاره‌كانی رابردوو حوكم له‌سه‌ر ئه‌مڕۆ ناكه‌م ، من پێشبینی ئه‌وه‌م ده‌كرد به‌ڕێز مالیكی له‌ غیابی ئێمه‌دا خۆی به‌رگری له‌ گه‌لی كورد بكات نه‌وه‌كو به‌م شێوازه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كورد و له‌گه‌ڵ هه‌رێم ره‌فتار بكات كه‌ شێوازێكی نامۆیه‌ .

بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كێ ئه‌و شته‌ ده‌كات؟

سه‌رۆك بارزانی : پرسیاره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ، ئه‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ژیا و له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوو و منیش تاوه‌كو ئێستا به‌ دۆستی ده‌زانم و رێزی لێده‌گرم و هیچ شتێكی تایبه‌تم له‌گه‌ڵی نیه‌ به‌ڵام من پێموابوو ئه‌و باشترین كه‌سه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ پرسی كورد و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و به‌شێك له‌ چاكه‌ی كورد بداته‌وه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی روویدا.

ئایا مالیكی ئه‌نجامی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانییه‌كی ئێران و ئه‌مه‌ریكایه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : بێگومان پاڵپشتیه‌كی ئێرانی ئه‌مه‌ریكایی بۆ مالیكی له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌بوو و ئه‌مه‌ش من به‌ نهێنییه‌كی عه‌جیب داده‌نێم كه‌ هۆكاره‌كه‌ی لای من هێشتا ئاشكرا نه‌بووه‌ ، و بێگومان تا ئێستاش ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام نه‌وه‌ك به‌ هێزی جاران.

چۆن له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا لێره‌دا به‌یه‌ك ده‌گات؟

سه‌رۆك بارزانی : هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ی تووشی دڵه‌راوكێ كردووه‌ به‌ڕاستی، چ شتێك ئه‌مه‌ریكا و ئێرانی له‌سه‌ر مالیكی كۆكرده‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌موو شته‌كان جیاوازن ، بێگومان ئه‌مه‌ شتێكی نامۆیه‌ .

ئێوه‌ش هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكان ، ئایا ئه‌مه‌ریكا وازی له‌ ئێوه‌ هێناوه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تی خۆی هه‌یه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌وان بڕیاری خۆیان به‌ ویستی كورد یان عه‌ره‌ب دروست ناكه‌ن به‌ڵكو به‌ویستی خۆیان و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌وڵی سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگ له‌ هاوپه‌یمانی و دۆستایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كاندا ده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش رێگه‌ی ئه‌وانه‌ .

ئایا به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ مالیكی یان له‌گه‌ڵ كورد زیاتره‌؟

سه‌رۆك بارزانی : له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا واتا له‌گه‌ڵ عیراق به‌ گشتی به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی راست ره‌فتاریان بكردبوایه‌ بێگومان بارودۆخ باشتر ده‌بوو.

پێشبینی چی له‌ سونه‌ ده‌كه‌ن وه‌كو كاردانه‌وه‌ له‌باره‌ی كۆنفیدراڵیزمه‌وه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : برایانی سوننه‌ پێویسته‌ په‌ند له‌ قۆناغی پێشتر وه‌ربگرن

واتا ؟

سه‌رۆك بارزانی : ئه‌وان له‌ دژی فیدراڵیزم وه‌ستان و ئێستاش له‌و هه‌ڵوێسته‌یاندا په‌شیمانن ، و پێویسته‌ له‌گه‌ڵ پرسی كورد وه‌كو پرسی گه‌لێك مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی كورد تێبگه‌ن.

تا ئێستا وا نابینن له‌وه‌ گه‌یشتبن مه‌سه‌له‌ی كورد پرسی گه‌لێكه‌؟

سه‌رۆك بارزانی : پێشكه‌وتن و گۆڕانكاریه‌ك هه‌یه‌ به‌ڕاستی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و گه‌وره‌ش به‌ڵام دواتر كاردانه‌وه‌یان چی ده‌بێت من نازانم ، ئه‌وان برا و هاوپه‌یمانی ئێمه‌ن .

گرفتی زۆر هه‌ن له‌ نێوان هه‌ردوولا به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی ناوچه‌ی جێناكۆكه‌كان له‌ كه‌ركووك له‌ مووسڵ وگرفته‌كانیش راسته‌قینه‌ن؟

سه‌رۆك بارزانی : پێویسته‌ بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێك له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ رێگه‌ی دیاڵۆگ و چاره‌سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بدۆزینه‌وه‌ .

په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆزه‌ كه‌ بگاته‌ ئاستی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی؟

سه‌رۆك بارزانی : من هیوادارم هیچ كه‌سێك بیر له‌م شته‌ نه‌كاته‌وه‌، به‌ڵێ ناكۆكی هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ بیر له‌وه‌ ناكه‌ینه‌وه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بگه‌یه‌نینه‌ ئاستی روو به‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی، و ناكرێ بیر له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بكرێت.

پێتان وایه‌ ناوه‌ند پلان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌گێڕێت، زانیاریتان هه‌یه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : هیوادارین بیر له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نه‌كاته‌وه‌ ، له‌ رابردوودا چه‌ندین ره‌فتاری له‌مجۆره‌ له‌ناوه‌نده‌وه‌ روویاندا كه‌ ره‌فتاری نابه‌رپرسانه‌ بوون به‌ڵام سنووردار بوون و وه‌ستان.

مالیكی ده‌توانێت چیت پێ بڵێت تا له‌ فیدراڵیزم یانیش له‌ هاوبه‌شیدا بمێننه‌وه‌؟

سه‌رۆك بارزانی : بابه‌ته‌كه‌ له‌باره‌ی شه‌خسی مالیكیه‌وه‌ نیه‌، مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌ستووره‌. ئه‌گه‌ر ویستیان بمێنینه‌وه‌ پێویسته‌ پابه‌ندیه‌كی حه‌رفی به‌ده‌ستووره‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ماف و ئه‌ركی هه‌موولایه‌ك دیاری ده‌كات و پێویسته‌ هه‌ر حوكمڕانێك جا مالیكی بێت یان هه‌ر كه‌سێك كه‌ حوكمی عیراق ده‌كات دوور بێت له‌ بڕیار دان به‌ میزاجی تایبه‌تی خۆی و راوێژكاری هه‌ندێك له‌و راوێژكارانه‌ی كه‌ هیچ له‌باره‌ی بارودۆخه‌كه‌وه‌ نازانن . پێویسته‌ ده‌ستوور حه‌كه‌م بێت و په‌نای بۆ ببه‌ین.

جه‌نابی سه‌رۆك ئایا مه‌سه‌له‌كه‌ ناوخۆییه‌ ، په‌یوه‌سته‌ به‌ شێوازی حوكم یانیش ویستێكی هه‌رێمیه‌ ؟

سه‌رۆك بارزانی : مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ و رونكردنه‌وه‌ی ده‌ستووردایه‌ یانیش باوه‌ڕهێنان به‌ ده‌ستوور به‌ڕاستی ، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌بینین حوكمی عیراق له‌سه‌ر میزاجی تایبه‌تی ده‌ڕوات و كه‌سی یه‌كه‌م له‌م وڵاته‌دا خۆی به‌ حوكمڕانی ره‌ها داده‌نێت و ئه‌مه‌ش راست نیه‌ و مومكین نیه‌ قبووڵ بكرێت ، مه‌سه‌له‌كه‌ لێره‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ویسته‌كانه‌ ، ئه‌وه‌ش كه‌ زۆر تووڕه‌ و دڵته‌نگم ده‌كات و وام لێده‌كات یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ بم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ست ده‌كه‌م ویستێك هه‌یه‌ بۆ شكاندنی هه‌یبه‌تی هه‌رێم و ئیراده‌ی كورد و ئه‌وه‌ش مه‌حاڵه‌ قبووڵی بكه‌ین.

باسی وه‌ستاندنی مووچه‌ و هه‌وڵی دیكه‌ ده‌كه‌ن ؟

سه‌رۆك بارزانی : مه‌سه‌له‌كان زۆرن ، و پرسی وه‌ستاندنی مووچه‌ شتێكی لاوه‌كیه‌ و پرسه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ حوكمی مه‌ركه‌زی جارێكی دیكه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمدا بسه‌پێنن ، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ فیدراڵیزم له‌ ناوه‌ڕۆكی خۆی به‌تاڵ بكه‌ن و هه‌رێم وه‌كو هه‌ر پارێزگایه‌كی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا بگه‌ڕێننه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێم هیچ ویستێكی هه‌بێت ، به‌كورتی ده‌یانه‌وێ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان له‌ ناو ببه‌ن و هه‌رێم ببێته‌ پاشكۆی به‌غدا كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ میزاجی خۆی حوكمی عیراق ده‌كات به‌بێ په‌به‌ندبوون به‌ ده‌ستوور ، ئه‌مه‌ لێره‌دا موسیبه‌تێكی گه‌وره‌یه‌.

باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر گرفتی نه‌وت نه‌بوایه‌ بارودۆخی ئێستا نه‌ده‌بوو ؟

سه‌رۆك بارزانی : ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ تازه‌ نیه‌ و له‌ساڵی 2008 گرفته‌كانی ده‌ستیان پێكرد .

به‌ڵام له‌ 2008 ئێوه‌ هاوبه‌ش بوون و گه‌یشته‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌؟

سه‌رۆك بارزانی : ئێمه‌ زۆر ئاراممان گرت و به‌رگه‌ی زۆر شتمان گرت و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانمان دا و لیژنه‌مان پێكهێنا و رێككه‌وتنمان ئیمزاكرد و هه‌مووی بێ سوود بوون .

مافی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتتان هه‌یه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوه‌ند جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی؟

سه‌رۆك بارزانی : به‌ڵێ ، ئه‌و مافه‌مان هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پابه‌ندی ئه‌و ماده‌ ده‌ستووریه‌ بین كه‌ ده‌ڵێت : نه‌وت و غاز موڵكی هه‌موو عیراقه‌ و داهات موڵكی هه‌موو عیراقه‌ ، ئێمه‌ هیچ لاریه‌كمان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ به‌شی هه‌رێم وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتین 17% بێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ بچێته‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق.

به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌وه‌دا بوو ناوه‌ند ئاگاداری هیچ ورده‌كاریه‌ك نه‌بوو له‌باره‌ی گرێبه‌ست و نرخه‌كانه‌وه‌، ئه‌وان وا ده‌ڵێن؟

سه‌رۆك بارزانی : نه‌خێر ئه‌مه‌ راست نیه‌ ، ئه‌وان باش ئاگایان لێیه‌ و ده‌یانه‌وێ هه‌موو شتێك له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی و له‌به‌رده‌ستی ئه‌وان دابێت.

ئایا درۆیان له‌گه‌ڵتاندا كرد، به‌ درۆكردن تاوانباریان ده‌كه‌ن؟

سه‌رۆك بارزانی : نه‌خێر من ئه‌و وشه‌یه‌ به‌كار ناهێنم وشه‌كه‌ ناشیرینه‌ به‌ڵام ئه‌وان راستگۆ نین، ئه‌وان نایانه‌وێ ئاگادار بن به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا بگرن و هه‌موو شتێك سه‌ر به‌وان بێت و ده‌ستووریش رێگه‌ی به‌ئێمه‌ داوه‌ ره‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بكه‌ین.

جه‌نابی سه‌رۆك نه‌ك ته‌نها به‌هۆی نه‌وت به‌ڵكو به‌هۆی زۆر شتی دیكه‌ ده‌ڵێن سه‌برمان نه‌ما و له‌ساڵی 2008ـه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ده‌ین و نامانه‌وێ هه‌رێم ببێته‌ پاشكۆی به‌غدا ، به‌ڵام بارزانی ئه‌مڕۆ باسی لێكترازانی عیراق و كۆنفیدراڵی و بارودۆخی ناوچه‌كه‌ ده‌كات به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كورد ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی نه‌قۆسته‌وه‌ ئیتر له‌ ده‌ستی ده‌چێت ؟

سه‌رۆك بارزانی : ئه‌وه‌ راست نیه‌ ، ئێمه‌ ویستمان عیراقێكی تازه‌ بونیاد بنێینه‌وه‌ كه‌ هاوبه‌شیه‌كی راسته‌قینه‌ی تیادا بێت ، سوپا وه‌كو نه‌وت موڵكی هه‌موو عیراقه‌ و پێویسته‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق به‌ هاوسه‌نگی بوونیان تیایدا هه‌بێت ، به‌ پێی ده‌ستووریش سه‌ركرده‌ی تیپێكی سوپا (قائد فرقه‌) ده‌بێ له‌ رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ ئه‌م پۆسته‌ بپاڵێورێت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات ، له‌ هه‌ر به‌رپرسێكی عیراقی بپرسه‌ بزانه‌ كام قائید فیرقه‌ به‌مشێوه‌یه‌ك به‌ ئاگاداری و ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داندراوه‌؟ له‌ ده‌ستووردا هیچ شتێك به‌ ناوی نووسینگه‌ی (القائد العام ) نیه‌ ، وه‌زیری به‌رگری هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نیه‌ ، سوپا سالار هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نیه‌ و ده‌سته‌ی سه‌ربازی هیچ ده‌سه‌ڵاتی نیه‌ و هه‌موویان له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌ركرده‌ی گشتی هێزی چه‌كداردان . به‌ پێی ده‌ستوور هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم به‌شی له‌ چه‌ك و بودجه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌و ماده‌یه‌ش جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و پشتگوێخراوه‌ ، له‌ باره‌ی پرسی نه‌وت و غازیش پێویسته‌ یاسایه‌ك هه‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه‌ هه‌بوو و ئێمه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ند نه‌بووین ئه‌وكات مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ گله‌یی له‌ ئێمه‌ بكه‌ن به‌ڵام هیچ كاتێك ئاماده‌ نین رێنماییه‌كانی كه‌سێك جێبه‌جێ بكه‌ین كه‌ له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی عیراق شكستی هێنا و ده‌یه‌وێ ئه‌و شكسته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانیش بنێرێت.

ده‌ڵێن ئه‌و ده‌یه‌وێ شكستی خۆی بۆ هه‌رێم هه‌نارده‌ بكات ؟

سه‌رۆك بارزانی : ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینین.

به‌ڵام ئێوه‌ 17%ی به‌شه‌ بودجه‌تان بۆ ده‌گات وه‌كو خۆی راسته‌؟

سه‌رۆك بارزانی : به‌ ته‌واوی ناگاته‌ ده‌ستمان .

چۆن ؟

سه‌رۆك بارزانی : به‌ڵی به‌ ته‌واوی ناگاته‌ ده‌ستمان ، به‌هۆی خه‌رجی سیادی و چه‌ندین خه‌رجی دیكه‌ش به‌شێكی زۆرمان لێ ده‌بڕن و له‌وانه‌یه‌ 12% بگاته‌ هه‌رێم .

جیاوازی 5 ملیار ؟

سه‌رۆك بارزانی : به‌ڵێ له‌و سنووره‌دایه‌.

ده‌مه‌وێ پرسیاری ئه‌وه‌تان لێبكه‌م : چۆن له‌باره‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌دوێن ، وه‌كو سیاسه‌تمه‌دارێكی عیراقی له‌ كوێوه‌ی بارودۆخی سوریان ، ئێوه‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ شۆڕش بوون ئه‌ی ئێستا چی ده‌ڵێن؟

سه‌رۆك بارزانی : ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵ گه‌لی سوریا داین، و له‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆی سوریا و خوێنرشتنه‌ی ئه‌م وڵاته‌ نیگه‌رانین كه‌ هیوادارین بوه‌ستێت و ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م گه‌لی سوریا بره‌خسێت به‌وه‌ی كه‌ بڕیاری خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی بدات ، ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوێستی ئێمه‌ و هه‌میشه‌ش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان هه‌بووه‌.

كوردی سوریا ئه‌مڕۆ له‌ رژێمی سوریا نزیكترن له‌وه‌ی له‌ هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن نزیك بن ؟

سه‌رۆك بارزانی : نه‌ك هه‌موو كورد به‌ڵكو لایه‌نێكی دیاریكراوی كورد له‌گه‌ڵ رژێمن و ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ دژی ئه‌م رژێمه‌ن.

به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌م نزیكیه‌ سنوره‌كه‌ی فراوانه‌ ، قامیشلۆ و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ رژێمه‌وه‌ نزیكن و له‌گه‌ڵ رژێم شه‌ڕده‌كه‌ن ؟

سه‌رۆك بارزانی : من گوتم به‌ڵێ رێكخستنێكی كورد له‌گه‌ڵ رژێمدایه‌ و له‌گه‌ڵیدا هاوپه‌یمانی به‌ست و به‌ پاڵپشتی ئه‌م رژێمه‌ كۆنترۆڵی به‌شێكی ئه‌م ناوچانه‌یان كرد به‌ هێزی چه‌ك.

پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ ببێته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئۆتۆنۆمی له‌و ناوچه‌یه‌دا ؟

سه‌رۆك بارزانی : ئه‌گه‌ر به‌ راستی رێككه‌وتنێك له‌ نێوان ئه‌م گروپه‌ و رژێم هه‌بێت به‌وه‌ی حوكمێكی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد تیایدا بره‌خسێت من به‌ هه‌نگاوێكی باشی ده‌زانم به‌ڵام من هیچ رێككه‌وتنێكی سیاسی نابینم به‌ڵكو ده‌ستكه‌وتێكی كاتی ده‌بینم كه‌ به‌ به‌ڕێوه‌چوونی كات كۆتایی پێدێت و نامێنێت.

واتا رژێمی سوریا كورد له‌مباره‌یه‌وه‌ ئیستیغلال كردووه‌؟

سه‌رۆك بارزانی : من وای ده‌بینم، له‌وانه‌یه‌ رێككه‌وتنی سیاسی هه‌بێت كه‌ ئێمه‌ ئاگاداری نه‌بین به‌ڵام من پێموانیه‌ شتی وا هه‌بێت بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر شێوازێكی دیاریكراو له‌باره‌ی داننان به‌ مافی سیاسی و رۆشنبیری كورد له‌ سوریا.