دەقی ووتاری سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی لە مەڕاسیمی تەواوبوونی نەخۆشخانەی (شار) لە سلێمانی

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    919
image

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

ئامادەبووانی خۆشەویست
میوانە بەڕێزەكان
رۆژتان باش و هەمووتان بەخێربێن..


ئەم پرۆژەیە سەرەتایەكی نوێ‌ بوو بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێشتر بریاری لەسەردرا بوو. چونكە پڕۆژەی وا گەورە پێشتر لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرابوو، پرۆژەیەكی پێشكەوتووی نوێ‌ بوو ئەگەرچی زۆر كەم و كوری تێدابوو، هاوكات زۆر دوا كەوت. بەڵام ئیرادەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم وای كرد كە ئەمرۆ ئێمە بە خۆشحاڵیەوە ئامادەی كردنەوەی ئەو پڕۆژەیە بین لە شاری سلێمانی خۆشەویست.

لێرەدا رووی قسەم لە د.فەرەیدونە، چونكە بۆ ئەویش ئەزموونێكی نوێیە بۆ بەڕێوبردنی نەخۆشخانەیەكی وا گەورە كە ئێستا پێی دەگوترێ‌ نەخۆشخانەی (شار) بەو قەبارە گەورەیە كە بەڕاستی رووبەڕووبوونەوەیەكی گرینگە. جێگەی شانازیە ئەو خۆی قەبوڵی كردووەو ئەو ئەركەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە. من هیوادارم هەموو لایەك چ وەزارەتی تەندروستی یان بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و هەموو خەڵكی شاری خۆشەویستی سلێمانی بتوانن یارمەتی ئەو بەڕێزە بدەن بۆ ئەوەی لەم ئەركە سەركەوتووبێت.

جێی خۆیەتی سوپاسی كابینەكانی پێشووی حكومەت بكەم هەر لە جەنابی كاك عومەر فەتاح كە لەسەردەمی ئەو ئەو پڕۆژەیە كەوتە دەستپێكردن. لەو كاتەوە كە دەستی پێكرا هەندێ‌ كەم وكوڕی تێدابوو. هەروەها دەمەوێ‌ بە تایبەتی سوپاسی جەنابی كاك د. بەرهەم ساڵح بكەم سەرۆك وەزیرانی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم بكەم كە هەر لە یەكەم رۆژەوە  لە كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم هەوڵیدا كە ئەو پڕۆژەیە بە سەركەوتوویی لە شاری سلێمانی جێبەجێ‌ بكرێت. من خۆم شاهێدی ئەوەم كە زۆر خەم خۆری ئەوەبوو ئەو پرۆژەیە جێبەجێبكرێت.

لەسەرووی هەموویانەوە دەمەوێت سوپاسی ئەو لیژنە تایبەتیە بكەم كە بە سەرۆكایەتی كاك كامەران احمد وەزیری ئاوەدانكردنەوە دروستكرا كە بە ئەندامەتی ئەوانەی كە ئەو ناوی هێنان بەراستی ئەوانیش لە خەم خۆری بۆ شارەكە و سەركەوتنی ئەو پرۆژەیە شەو و رۆژیان كرد بەیەك زۆر بە خەمخۆری و پەرۆشیەوە كاریان كرد بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بەڕێكوپێكی ئەنجام بدرێت.

ئاڵۆزی پرۆژەكە یەكجار زۆر بوو شتێكی كەم نەبوو لەهەموو روویەكەوە. كاك د. ڕێكەوت خۆی ئاماژەی بە ئاستەنگەكان كرد كە لەكاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە هاتۆتە پێشەوە. من لە نزیكەوە ئاگاداری كارو دڵسۆزانی ئەوان بووم بۆیە دەمەوێت سوپاسێكی تایبەتیان بكەم، هەروەها سوپاسی ئەو بۆردە بكەم كە لەرێگەی كاك كامەرانەوە ناویان هات. من و كاك عیماد ئاگاداری كارەكانیانین بۆیە بە گەرمی دەستخۆشیان لێ‌ دەكەم.  لەگەڵ داوای لێبوردنمان لە دواكەوتنی پڕۆژەكە هیوادارم ئەم نەخۆشخانەیە بتوانێ‌ خزمەتێكی زۆر پێشكەش بە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بكات.  

پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و تەندروستی دوو ئامانجی هەرە سەرەكین لە كارنامە و پلانی ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا كاری لەسەر دەكەین .

ئێمە وەك خزمەت و ئەركێكی یاسایی بەپێی یاسای وەزارەتی تەندروستی كە لەساڵی 2007 دەرچووە ، كارێكی زۆرمانكردووە بۆ پێشخستنی توانای كادیرانی تەندروستی ، هەروەها دابینكردنی ئامێری پێشكەوتوو. لە هەمانكاتدا پشتگیری كەرتی تایبەتمان كردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە پێشخستنی كەرتی تەندروستیدا بكەن لە كوردستان و بەردەوامیش دەبین، بۆ ئەوەی كەرتی تایبەتیش لەگەڵ حكومەتدا، بتوانێ نەخۆشخانەی پێشكەوتوو و ناوەندی چارەسەری لە كوردستان بكاتەوە.

هەر لێرەوە من دەمەوێ‌ هانی ئەو وەبەرهێنەرانە بدەم كە دەیانەوێت كار لەسەر ئەم كەرتە بكەن بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی ئازیزی هەرێمی كوردستان.

بڕگەی 21ی یاسای وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەكردووە كە وەزارەت پێویستە پشتگیری لە پزیشكە تازە دەرچووەكان بكات و ‌خولی تایبەتیان بۆ بكاتەوە و بواری چوونەدەرەوەیان بۆ دابین بكات ، بەمەبەستی شارەزابوونی زیاتر. وەزارەت لە ‌سەرەتاوە تائێستا بەردەوامە لە ناردنی نێردەی پزیشكی بۆ دەرەوە و ماوەی داوەتە پزیشكان خوێندنی پسپۆڕییان تەواوبكەن. ‌هەروەها بانگێشتی چەندین تیمی پسپۆڕی پزیشكی كردووە، بۆ ئەوەی لە بوارە جیاجیاكانی تەندروستیدا شارەزایی پێشكەش بكەن.

ئەوەی تائێستا كراوە، كارێكی زۆربووە، بەڵام هێشتا زۆری دیكەش ماوە بیكەین. بەتایبەتیش گۆڕینی سیستەمی تەندروستی بۆ سیستەمێكی هاوچەرخ و دروستكردنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا.

ئێمە كارێكی زۆرمان لەپێش خۆمان داناوە بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی و، بە پشتیوانی خەڵك و ئێوەی خۆشەویست ئەم كاروانە دەگەیێنینە ئامانج .

ئامادەبووانی بەڕێز..

لەو ماوەیەی رابردوودا، رووداوێكی جەرگبڕ هەموومانی تاساند، ئەویش بەهەڵە بەكارهێنانی چارەسەری بوو بۆ چەند هاووڵاتییەك لە هەولێر ، كە بەهۆیەوە هەندێكیان بیناییان لەدەستدا، ئەوانە وەك هەموو خەڵكی كوردستان كەس و خۆشەویستی ئێمەن و بەڕاستی زۆر دڵتەنگین بۆ ئەوەی بەسەریان هات . ئێمە بەپێی یاسا ، بەدواداچوونی ورد و لێپێچینەوەیەكی تووندمان دەستپێكرد ، وەزارەتی تەندروستیش لە بەدواداچوونەكەیدا بەردەوامەو هیوادارین بگاتە ئەنجام.

هەر لێرەشدا دووپاتی دەكەینەوە، بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین هیچ بازرگان و كۆمپانیایەك زیان بە هاووڵاتیانی كوردستان بگەیێنێ و، هەر كۆمپانیایەك ئەوەبكات لێخۆشبوونی بۆ نییە و رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە بەپێی یاسا.

ئێستا سەردەمی سەروەری یاسایە، هەموو كارێكی ئێمە لەبواری تەندروستیدا ، لە چوارچێوەی یاسای تەندروستیدایە كە بە ژمارە 15 لەساڵی 2007 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە. ئەم سەروەركردنەی یاسا، هەنگاوێكی بنەڕەتییە لە بەدامەزراوەییكردنی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستاندا.

سوپاسی هەموو ئەو پزیشك و كارمەندانەی تەندروستی دەكەم كە زۆر دڵسۆزانە ئەركی خۆیان رادەپەڕێنن لە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستاندا. زۆر پێویستە پزیشك پابەندی سوێندی پیشەیی خۆی بێت لە پاراستنی تایبەتمەندی و نهێنی و تایبەتمەندی نەخۆشدا، هەروەها لە وردی لە ئەنجامدانی پشكنین و پێشكەشكردنی چارەسەریدا.

بەڕێزان..

هەمیشە گوتوومە و ئێستاش دووپاتی دەكەمەوە كە بنەمای كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بریتییە لە دەستەبەركردنی ماف و پاراستنی ئاسایش و ئازادییەكان.

هەر لەو روانگەیەشەوە چاودێریكردنی كوالیتی دەرمان و خۆراك، وەك مافێكی هاووڵاتیان و ئەركێكی حكومەت، یەكێك بووە لەو كارانەی لەو كابینەیەدا بە وردی دەستمانپێكردووە. بۆ كۆنترۆڵكردنی كوالیتی دەرمان، حكومەت ساڵێكە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانیدا كردووە. لە ماوەی ساڵی رابردوودا هەزاران تۆن دەرمان پشكنێراون ، زۆر دەرمانی خراپ لەناوبردراوە یاخود رێگەی لێگیراوە بێتە ناو هەرێمی كوردستان.

بڵاوبوونەوەی دەرمانی خراپ و ساختە زۆر فراوانبووە لە جیهاندا، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر كاركردن بۆ نەهێشتن و رێگە لێگرتنی. ئێمە دەمانەوێ لەو بوارەدا چاو لە وڵاتە چالاكەكان بكەین لە بواری بەرنگاربوونەوەی دەرمانی ساختەدا.

هەروەها لیژنەی كۆنترۆڵی خۆراك و، ئەو لیژنانەی بەردەوام رێستۆرانت و دووكان و سوپەرماركێتەكان دەپشكنن ، كارێكی زۆر گرنگ دەكەن لە بواری پاراستنی هاووڵاتیان لە خۆراكی خراپ. لەو بوارەشدا زۆر سوپاسی لیژنەكەی شاری سلێمانی دەكەم و كارەكانیان زۆر بە باخ و بەرزییەوە سەیر دەكەین .

هەروەك لەسەرەتای راگەیاندنی كابینەی حەوتەمیشدا رامانگەیاند ، كاری ئێمە وەك حكومەت تەنیا چارەسەری نەخۆش نییە، بەڵكو پاراستنی هاووڵاتیانە لە نەخۆشكەوتن، لەبەر ئەوەش دەبینن هەڵمەتەكانی لیژنەكانی پشكنین و بازاڕ، زۆر بە باشی بەڕێوەدەبەین وەك حكومەت.

من لێرەدا دەمەوێ‌ سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم بەرشێز د. رێكەوت بكەم بۆ ئەو كارانەی كردوویەتی لە هەموو بوارەكاند، وەك حكومەت وەك سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران پشتگیری لە هەموو ئەو كارو پڕۆژانەی دەكەین كە دەستە پێكردووە. بڕوای تەوامان بە بەڕێزیان هەیە و هیوای سەركەوتن بۆ بەرنامەكەی دەخوازین.

هێژایان..

لەم بۆنەیەدا دەمەوێ ئەوەتان بەبیر بێنمەوە كە بەر لە وەرگرتنی كابینەی حەوتەم، لەڕووی پەرۆشیمان بۆ بەهێزتركردنی چاكسازییەكان و یەكخستنی نێوماڵی كورد، هەوڵم لەگەڵ هەموو لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵاتدا كە بەشداربن لەو كابینەیەدا، چونكە بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی گەلەكەمان ، زیاتر لە هەموو كات پێوستیمان بە ‌یەكڕیزیە.

ئێمە دەمانویست حكومەت بتوانێ توانای كادیرە بەتواناكانی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش بخاتە كارەوە، بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان. ئێستاش ئەو لایەنانە دەتوانن بەشداربن بە پێشنیاز و رەخنەی وردی دوور لە هێرشكردن ، بۆ زیاتر پێشخستنی كاری حكومەت .

ئەو كابینەیە ، زۆر بە وردی چاودێری كارەكان و بڕیارەكانی دەكات، كە لەكاتی خۆیاندا و بە باشی جێبەجێبكرێن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە چاودێری میدیا و ئۆپۆزیسیۆن بۆ كاری حكومەت، وادەكات ئێمە چاودێرییەكی دڵسۆزانەمان دەستبكەوێت بۆ كاری حكومەت، بەڵام بەداخەوە هەندێجار كاری ئۆپۆزیسیۆن وادەردەكەوێت كە ئامانجی بووەتە رەشبینكردن و بێ باوەڕكردنی هەموو خەڵك بە ژیان و هەرێمی كوردستان.

كاری زۆر گەورە لە وڵاتی ئێمە كراون، رۆژ بە رۆژ گەورەتربوونی وەبەرهێنان و گەشتیاری لە وڵاتەكەماندا نیشانەی ئەو پێشكەوتنەیە كە لە كوردستاندا دروستبووە. هەرێمی كوردستان ، بە بەراورد بە ناوچە هاوسنوورییەكانمان لە هەموو وڵاتانی ناوچەكە ، شوێنێكی زۆر پێشكەوتووە . ئێستا كوردستان ناوبانگی بەوە دەركردووە لە جیهاندا كە بەردەوام پێشدەكەوێ و خۆشگوزەرانی تێدا زیاتر دەبێت . ئەوە هەروا دروستنەبووە، بەڵكو بەكارێكی زۆر ئەو ناوبانگەی دەستكەوتووە. بۆیەش بەڕاستی هەر  هێز و لایەنێك ، ژیان لە كوردستان لەبەرچاوی خەڵك رەش بكات، كارێكی خراپ دەكات. ناكرێ ئۆپۆزیسیۆن، بۆ مەرامی ئینتیخابی، ژیان و وڵات بە رەشی پیشانبدات. ناكرێ بۆ مەرامی سیاسی و ئینتیخابی، درز بخاتە نێوان حكومەت و هاووڵاتیانەوە.  

ئێستاش دەڵێین ، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، كە ئەمڕۆ بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن حوكمی هەرێمی كوردستان دەكەن لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكەدا، ئامادەن بۆ دانیشتن و كۆدەنگی لەسەر پرسە نیشتمانییەكان، بەپێی بنەما یاساییە كار پێكراوەكانی وڵاتەكەمان. بەڵام لە هەمانكاتیشدا زمانی هەڕەشەكردن لەلایەن یەكێتی و پارتی و خەڵكی كوردستانەوە زمانێك نییە كە قەبول بكرێت، چونكە تەوافوق و سازانی نیشتمانی لە كەشێكدا دروستنابێ كە پڕبكرێت لە هەڕەشە و مەرج سەپاندن.

ئێستا هەموو نەتەوەی كورد لە دۆخێكی زۆر هەستیاردایە. لەعێراقیش كێشەی خاك و جێبەجێكردنی مافەكانی كورد لە دەستووردا هێشتا چارەسەرنەكراون، ئەوەش پێویستی بەوەیە كە كێشە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان بۆ مەسەلە ئینتیخابییەكان لەبیر نەكەین، لەبەرئەوەش ئێمە داوای دروستكردنی یەكدەنگی دەكەین لەسەر مەسەلە نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەی هەموو گفتوگۆ و راگۆڕینەوەین لەگەڵ هەموو لایەنەكان.

خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی ..

رۆڵی سلێمانی لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسی و كولتووری كوردستاندا زۆر گرنگ و بەرچاوە، هەموو كوردستان شانازی بە چالاكبوونی خەڵكی سلێمانییەوە دەكات. من خۆشم زۆر شانازی بەوە دەكەم، پشتگوێخستنی سلێمانی لە بەرنامەی حكومەت و هیچ لایەكدا نەبووەو نابێت، چونكە مێژوو و ئێستای سلێمانی رێگە بەوە نادات . ئێمە هەروەك لەسەرەتای ئەو كابینەیەدا رامانگەیاند دەمانەوێ دەسەڵاتی زیاتر بدەینە پارێزگاكان ، هەر واشمانكردووە .

ئێستا لەو چەند رۆژەدا لە سلێمانی ، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لێرە دەكرێت، لە كاروبارەكان دەكۆڵینەوە، لەگەڵ ئەو لیژنەیە دادەنیشین كە دوای دەركردنی بڕیاری كردنی سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری كوردستان، دروستكراوە. دەبێ بە هەموومان كارێك بكەین، سلێمانی هەمیشە شانازی بەخۆیەوە بكات. ئێمەش شانازی بە سلێمانیەوە بكەین.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زۆر كاری جوان لەلایەن حكومەت و سەرمایەدارەكانەوە لەشاری سلێمانیدا كراون، من لێرەوە دیسانەوە دەستخۆشی لەهەموو ئەو سەرمایەدارانە دەكەم كە كاری باشیان لەم شارە كردووە. هیوادارم لە كارە باشەكانیاندا بەردەوام بن. حكومەت هەوڵدەدات بۆ داهاتوو ئەو كارانە زیاتر ببن و زیاتر زەمینە بۆ سەرمایەدارانی سلێمانی و وەبەرهێنان لەسلێمانی بكاتەوە . بەڵێنی ئێمە ئاوەدانی و پێشخستنی ئاوەدانی كوردستانە لە هەموو رووێكەوە.

بەهیوای سەركەوتن و تەندروستییەكی باش بۆ هەموو لایەكتان