ده‌قی وتاری نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی (میدیا، سیاسه‌ت و دیموكراسی به‌ره‌و تێگه‌یشتنێكی باشتر)

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    906
image

ڕۆژتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان بە خێر بێن به‌سه‌ر چاو بۆ ئەم کۆنفرانسە تایبەتە.
زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەته‌وە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتێکی زۆر گرنگ و هەنووکەیی.
ئازادی و ئارەزووی ئێمە هەموومان بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا و بڕیاری هاوبەش، هاندەری سەرەکیی ئەم دەستپێشخەرییەی ئەمڕۆن. بۆیە لە دەستپێکی ئەم کۆنفرانسەدا دەمەوێ سه‌ره‌تا لەسەر واتای ئازادی قسە بکەم.
ئەم ئازادییە ئەمڕۆ لە کوردستان زۆر ئاسایی دەبینرێ، بەڵام بۆ گەیشتن پێی،  میللەتی کورد قوربانیی زۆری داوە. بۆیە ئێمە زۆر ڕێزی لێ دەنێین و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە نەک تەنها بیپارێزین، بەڵکو هه‌وڵ ب‌ده‌ین ڕۆژ به‌ ڕۆژ گەشەشی پێ بدەین.
خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و بەرقەرارکردنی ئازادی تەنها خەباتی کورد نیە، بەڵکو خەباتی سەرجەم مرۆڤایەتییە، بە تایبەتی دوای مەینەتی و وێرانییەکانی جەنگ.
لە ساڵی 1948، دوای جەنگی جیهانیی دووەم، سەرکردەکانی ووڵاتانی جیهان کۆ بوونەوە و جاڕی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤیان پەسەند کرد. یەکێک لە بەندەکانی ئەم ڕێککەوتنامەیە دەڵێت:
"هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لە دایک دەبن و لە ماف و کەرامەتدا یەکسانن. مرۆڤ ئەقڵ و هۆشیاری پێ بەخشراوە و پێویستە لە بەرامبەر یەکتردا بە گیانی برایەتی ڕەفتار بکەن."
دواتر ئەم ڕێککەتنامە نێودەوڵەتیە دێتە سەر ئازادیی ڕادەربڕین و بەندی ژمارە  19 دەڵێ:
"هەموو کەسێک مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ڕادەربڕینی هەیە؛ ئەم مافە ئازادیی بیروبۆچوون دەگرێتەوە بە بێ تەدەخولات، لەگەڵ ئازادیی گەڕان و وەرگرتن و بەدەستهێنانی زانیاری و ئایدیا لە ڕێگای میدیاوە..."
ئەم ووشانە زۆر گرنگن و پەیوەندیان بە هەموومانەوە هەیە، کە ئەمڕۆ لێرە لە چوارچێوەی ئەم کۆنفرانسەدا گفتوگۆ دەکەین.
هەروەها دەزانن، جاڕی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ تەنها بەوەوە نەوەستاوە. لە ماوەی بیست ساڵی دوای ئەم ڕێککەوتنامەیە، سەرکردەکانی ئەو ووڵاتانە کۆمەڵێک یاسای نێودەوڵەتیان داڕشت و لەسەری ڕێککەوتن. زۆر لە دەوڵەتانی جیهان ئەم یاسا نێودەوڵەتیانەیان ئیمزا کردووە، له‌گه‌ل ئه‌وانیش دەوڵەتی عێراق.
ئەم یاسا نێودەوڵەتیانە جەخت لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین دەکەنەوە. لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە کە پیادەکردنی ئەم ئازادییە بەرپرسیارێتی هەیە. واتە ئازادی بە بێ بەرپرسیارێتی نابێت.
جا ئەم بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە ئەستۆی کێ؟
دیارە بە تەنها ناکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات، بەڵکو دەکەوێتە ئەستۆی ئێوەی ڕۆژنامەنووسیش. لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ئازادیی ڕادەربڕین بکەم بە پێی ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتیی مافە سیاسی و مەدەنییەکان.
ئەم یاسایە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئازادیی ڕادەربڕین دەبێ لە چوارچێوەی یاسادا بێت، ئەمەش هەروەک لە یاساکەدا هاتووە:
"یەک: لە پێناو ڕێزگرتن لە ماف و سومعەی کەسانی دیکە.
دوو: لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی گشتیی خەڵک، یا تەندروستی و ئەخلاقی گشتیدا"
ئەمانە بڕگەی تایبەتن لە ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتیی مافە سیاسی و مەدەنییەکان.

جا پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئەمە چی دەگەیەنێ؟

ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە دەبێ یاسا هەبێت بۆ بەرقەرارکردنی ئازادی. بێگومان ئەمە ئەرکی دەسەڵاتە کە دەبێ یاسای گونجاو دابڕێژێ و کاریان پێ بکات بۆ دابینکردنی ئەو ئازادی و مافانە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەش دەگەیەنێ کە لە دەربڕینی بیروڕادا، نابێ تەشهیر بە کەس بکرێ و بە هەڵە سومعە و کەرامەتی کەس لەکەدار بکرێت. دڵنیام هەمووشتان لەگەڵ من کۆکن کە نابێ بە بێ بەڵگە کەس تۆمەتبار بکرێت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە مانای پێشێڵکاری و نابەرپرسیارێتی دەگەیەنێ. هەروەها ئەو بەندانەی ئاماژەم پێدان ئەوەش دەگرێتەوە کە ئازادیی ڕادەربڕین نابێ تا ئاستێک بێت کە ئاسایشی نەتەوەیی بخاتە مەترسییەوە. هەروەک گوتم، ئەمانە بڕگە و ماددەی یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافی مرۆڤن، ئەو یاسایانەی کە دەوڵەتانی دیموکرات لەسەری ڕێککەوتوون و ئیمزایان کردووە.

بەڕێزان،

ئازادی و ئازادیی دەربڕین مافی بنەڕەتین و ئەو مەرجانەی لەو یاسا نێودەوڵەتیانە دانراون؛ بۆ تەسککردنەوەی ئەو مافە نیە، بەڵکو بۆ پاراستنی مافی ئەوانی دیکەیە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی گشتییە لە کۆمەڵگە. چونکە ئازادیی تۆ لە هەر شوێنێک ئازادیی مرۆڤێکی دیکە پێشێڵ بکات، ئەوە ئازادی نیە و دەرچوونە لە بەرپرسیارێتی. کەس ئازاد نییە ئەمڕۆ لێرە ئاگر لەم بینایەته‌ بەربدات، کەس ئازاد نیە بە هەڵە تۆمەت بخاتە پاڵ کەسێکی دیکە و ژیان و سومعەی بشێوێنێ. کەس ئازاد نیە وێنە و زانیاری دەربارەی ژیانی تایبەتی كه‌سێك، یان ژنێک لە ڕۆژنامە و ئینەرنێت بڵاو بکاتەوە و ژیانی ئەو ژنە بخاتە مەترسیەوە.

بەندی 20 ی یاسای نێودەوڵەتی؛ ئاراستەی ڕۆژنامەنووسان کراوە و دەڵێ:

1. پێویستە هەموو پڕوپاگەندەیەک بۆ نانەوەی شەڕ بە یاسا قەدەغە بکرێت.

2. هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ڕق و کینەی نەتەوەیی، نەژادی و ئاینی کە ببێتە مایەی ڕەگەزپەرستی و دوژمنکاری و توندوتیژی؛ پێویستە بە یاسا قەدەغە بکرێت." کەواتە کەس ئازاد نیە لە نانەوەی ڕق و کینە، لە دروستکردنی هەستی ڕەگەزپەرستی و دوژمنکاری و دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەدا. ئەمانە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغە کراون.

دیارە بۆ من ئاسان نیە لێرە باسی بەرپرسیارێتی و قەدەغەکردن دەکەم لە بواری ئازادیی ڕادەربڕیندا؛ ئەمە لەوانەیە لای هەندێک وەک هەوڵدان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین لێک بدرێتەوە. ئەم بابەتە زۆر هەستیارە، بۆیە دەبێ حکوومەتان زۆر ووریا بن لە قسەکردن و هەوڵەکانیان بۆ چاککردنی دۆخی میدیا و ئازادیی دەربڕین.

ئەمڕۆ ئێمە لێرە بە ڕاوێژکاری و لێزانیی ئێوە دەمانەوێ ئەو چوارچێوە یاسایی و ئێتیکیانە دەستنیشان بکەین، بگەینە هەندێک بڕیار کە بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان و هاوکاریی UN میکانیزمی جێبەجێکردنیان بۆ دیاری بکەین و کاریان پێ بکەین. چاککردنی دۆخی میدیا لە کوردستان بە هەوڵی هەموو لایەک؛ هاوکارمان دەبێت لە چارەسەرکردنی زۆر کێشە لە کوردستاندا، بۆ نموونە مەسەلەی توندوتیژی دژی ژنان و ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەت، چونکە میدیا کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵگە.

ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئەرکمان وەک دەسەڵات ئەوەیە بە ووریایی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ماف و ئازادیی ڕادەربڕین؛ یاسا و سیاسەتمان دابڕێژین و کار بکەین بۆ دابینکردنی دۆخێکی ڕاست و دروست له‌ ووڵاته‌كه‌مان، دۆخێکی ئێتیکی و مەدەنیانە بۆ میدیا لە کوردستان. چونکە ئازادی پیرۆزە و مافی بنەڕەتیی مرۆڤە و ئەرکی ئێمەیە وەک دەسەڵات بیپارێزین. ئەمانە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و بڕیاری هاوبەشی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگە و ڕۆژنامەنووساندا جێبەجێ بکرێن.

پێش کۆتایی حەز دەکەم ئاماژە بە ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بکەم کە ماوەی (150) ساڵە بوونى هەیە. ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕیکلامێکیدا وەسفی خۆی دەکات وەکو هاوڕێ کە هەموو بەیانیان دێتە ماڵەکەت: "هاوڕێیەک دێتە ماڵەکەت". حەز دەکەین ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان کە دێنە بەردەستمان، کە دێنە ماڵەکانمان، وەک دۆست و هاوڕێ بن. ئەمە دەبێ بۆ تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێتیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بێت. مەبەستم ئەوەیە هەندێ ڕۆژنامە و گۆڤار هەن لەوانەیە حەزیان لێ نەکەی، بەڵام هەندێکی دیکە هەن پێت خۆشە بیانبەیتە ماڵەوە، ئەمەش پەیوەستە بەوەی تا چەند متمانەت بەو ڕۆژنامەیە هەیە، تا چەند حەز بە زمانەکەی دەکەیت، ئایا ڕاستگۆیە؟ ئایا ڕێز لە مافی تۆ وەکو مرۆڤ دەگرێت؟. ئەمانە ئەو بنچینانەن کە ئێوە دۆست و ڕەفیقی خۆتانی لەسەر هەڵدەبژێرن: ئەگەر برادەرێکت درۆت لەگەڵ بکات، ڕێزت نەگرێت، زانیاریی هەڵەت بداتێ و تووڕەت بکات، ئەوە تۆ نایکەیتە برادەری خۆت. ئەو سیفەتانەی کە تۆ لە برادەر و ڕەفیق داوایان دەکەیت، هەمان ئەو سیفەتانەن کە پێت خۆشە لەو ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و کەناڵە تەلەڤزیۆنیەکاندا هەبن. پێت خۆشە ڕاستگۆ بن، وردبین بن، گیانی گفتوگۆ و ڕەخنەیان تێدا بێت.

ئەمڕۆ کە لێرە لەبەردەم ئێوەدا وەستاوم و ئەو قسانە دەکەم، مەبەستم ئەوە نیە وانەی میدیایی بە ئێوە بڵێـمەوە، نەخێر، حکوومەت بە هیچ شێوەیەک بۆی نیە بە ڕۆژنامەنووسان بڵێت وا بکەن و وا مەکەن، حکوومەت دەبێ لە ڕێگای یاسا و سیاسەتی گونجاوەوە دۆخەکە ڕێک بخات و بەرەو باشتری ببات. منیش لێرە کە ئەم قسانە دەکەم، وەک بەکاربەری میدیا و خوێنەری زۆربەی ئەو ڕۆژنامانە دەدوێم کە ئێوە ئەمڕۆ نوێنەرایەتییان دەکەن.

خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە کۆ بووینەوە. کاری ئێوە بەرز هەڵدەسەنگێنم و دەزانم ئەرکی ئێوەیە؛ من و کابینەکەم بخەنە ژێر پرسیاره‌وه‌ و ڕەخنەی لێ بگرن. تکایە ئەو ئازادییەی بە هەوڵی هەموو لایەک، بە هەوڵی لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی کوردستان بەدەستمان هێناوە؛ بەکاری بێنن. ئەم ئازادییە زۆر سەنگین و پیرۆزە، بەڵام ده‌مه‌وێ بیرتان نەچێت کە ئازادی بە بێ بەرپرسیارێتی مەیسەر نابێت و مومكن نیه‌ جێبه‌جێ بكرێت. جارێکی دیکە بەخێرهاتنتان دەکەم و هیوای کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو و سەرەنجامێکی کاریگەرتان بۆ دەخوازم، زۆر سوپاس بۆ هەموو لایه‌كتان و به‌ خێر بێن به‌سه‌ر چاو.