په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخوازه‌وه

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    838
image

وه‌كوو ئه‌و رۆژه‌ سه‌ختانه‌ی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌نفال یه‌كڕیزی هێزه‌ سیاسییه‌كانمان پێویست بوو، ئه‌مڕۆیش بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كان و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی ئه‌گه‌ره‌كان
پێویستیمان به‌هه‌مان یه‌كڕیزی هه‌یه‌

به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخوازه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رم له‌ گه‌لی كوردستان و گشت پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌رده‌كان و هه‌موو ئه‌و خه‌باتكارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ شێوازی جۆراوجۆر كارده‌كه‌ن بۆ پارستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات و په‌ره‌پێدانی ده‌ستكه‌وته‌كان و گه‌شه‌كردن و چه‌سپاندنی بنه‌ما ره‌سه‌نه‌كانی دیموكراسی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان كه‌ ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ نیشانه‌ و ئاماژه‌ دیاره‌كانی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا. له‌م بۆنه‌یه‌دا سڵاو بۆ شه‌هیدانی رێی رزگاری كوردستان و هه‌موو ئه‌و دلێرانه‌ ده‌نێرینكه‌ له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجه‌ ره‌واكانی دۆزی كورده‌واریدا گیانیان به‌خشی. سڵاو بۆ حزبه‌ كوردستانییه‌ ره‌سه‌نه‌كان كه‌ رۆڵی به‌رچاو و نه‌به‌ردیان له‌ درێژه‌دان به‌ كاروانی خه‌بات و به‌رخودان و یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌ماندا هه‌بوو. شۆڕشی پێشكه‌وتنخوازی گوڵان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌لی كوردستان بوو بۆ نائومێدی. هه‌ڵسانه‌وه‌ی میلله‌تێك و دۆزێكی ره‌وا بوو له‌پێناوی شكست هێنان به‌ پیلانێكی ئیقلیمی مه‌ترسیدار كه‌ بۆ له‌ناوبردنی ئیراده‌ و بوونی ئه‌م گه‌له‌ مۆركرا. مێژوویش هه‌قیانه‌تی ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ی سه‌لماندو، وه‌كوو درێژه‌پێده‌ری شۆڕشی ئه‌یلول توانی به‌سه‌ر پیلانه‌كاندا سه‌ربكه‌وێ و، ئه‌وانه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یان مۆركرد له‌ناوچوون و میلله‌تی كورد و دۆزه‌كه‌یشی به‌ زیندوویی مایه‌وه‌. شۆڕشی گوڵان قوتابخانه‌ی یه‌كڕیزی و هاوسه‌نگه‌ری گه‌لی كوردستان بوو تا گه‌یشتن به‌ پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی كه‌ هه‌وێن و داینه‌مۆی راپه‌ڕینی ئاداری 1991 و ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌كانی دواتری، له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و راگه‌یاندنی فیدراڵی و هه‌موو ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان خستۆته‌ ریزی كاره‌كته‌ره‌ كاریگه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان. هه‌موو پێدراوه‌كان ئاسۆیه‌كی روونیان له‌به‌رده‌م كاروانی خه‌بات و كۆششی گه‌له‌كه‌مان كردۆته‌وه‌، به‌ڵام هاوكات وه‌كوو ئه‌و رۆژه‌ سه‌ختانه‌ی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌نفال و جینۆساید یه‌كڕیزی هێزه‌ سیاسییه‌كانمان پێویست بوو، ئه‌مڕۆیش بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كان و هاوكات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكارییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا پێویستیمان به‌هه‌مان گیانی  پێكه‌وه‌یی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ و، ده‌بێت له‌ ره‌هه‌نده‌ جیاجیاكانیدا به‌ گیانی به‌رپرسیارێتی نیشتمانییه‌وه‌ كار بكه‌ین، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق ئه‌ركی گه‌وره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و چه‌سپاندنی ده‌ستوور و بنه‌ماكانی ته‌وافوق و شه‌راكه‌ت و ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێراو له‌نێوانی ئێمه‌و حكومه‌تی فیدراڵدا ماون و دیاریكردنی بژارده‌ی گرنگترمان بۆ جۆری په‌یوه‌ندیمان به‌ ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆ . هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمی و ناوچه‌ییش به‌شێكی گرنگی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ شێوازی ئاشتی له‌ چاوه‌ڕوانی رۆڵی كاریگه‌ری هه‌رێمی كوردستاندایه‌.  دووباره‌ له‌م یاده‌دا سڵاو بۆ شه‌هیدانی شۆڕشی گوڵان و هه‌موو شه‌هیدانی رێی رزگاری و خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان ده‌نێرین.  سڵاو بۆ یادی بارزانی نه‌مر و كاكه‌ ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی سه‌رقافڵه‌ی گه‌شانه‌وه‌ی ژیله‌مۆی شۆڕشگێڕی و به‌رخودان بوون.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
26/5/2013