ڕۆژنامەی ئەمەریکەن: "کاتی سەربەخۆیی کوردستانە"

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    917
image

لە بابەتێکدا کە لە ڕۆژنامەی "ئەمەریکن"ـدا بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە. لەم بابەتەدا کە بە قەڵەمی جای هۆلن نووسراوە، نووسەر بە پێویستی دەزانێت ئەمەریکا پاڵپشتی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات تا پشتیوانێکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا بۆ خۆی پەیدا بکات.

لەو بابەتەدا کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە قەڵەم دراوە و نووسەر بە بەستنەوەی ڕووداوەکانی عێراق و سووریا و تورکیا بەیەکەوە، ئێستا بە باشترین دەرفەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دەزانێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا و هەنگاونانی عێراق بەرەو داهاتوویەکی نادیار، دەرفەتێکی ستراتیژی و چارەنووسسازی بۆ کورد ڕەخساندووە کە بیرۆکەی سەربەخۆیی لەلا بەهێزتر کردوون. بۆ نموونە تورکیا ڕازییە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا مافی تەواو بۆ کورد دابین بکات؛ بۆیە ئەمەریکا کارێکی ژیرانە دەکات ئەگەر پاڵپشتیی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بکات.

عێراق بە یارمەتیی ئێران بەرەو داهاتوویەکی نادیار هەنگاو دەنێت، بۆیە بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، یەکێک لە گەورەترین پاڵپشتەکانی ئەمەریکا لە دایک دەبێت، کورد تەنیا نابێتە پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا، بەڵکوو دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی گەلانی هەردوولا و ئەمەیش کارێکی گرنگە. هەڵبەت دۆستایەتیی کورد و ئەمەریکا و باوەڕکردن بە کورد پێشینەیەکی باشی هەیە.

عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی باش کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی بکات و لێنەگەڕێت ئێران چەک بۆ سووریا بنێرێت، بۆیە ئەمەریکا دەبێت پرسیارێک لە خۆی بکات، عێراق چ جۆرە هاوپەیمانێکی ئەمەریکایە؟ ئەگەریش ڕووداوەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، ئەمەریکا دەبێت بەدوای هاوپەیمانێکی تر لە ناوچەکەدا بگەڕێت. بێگومان یەکپارچەیی عێراقیش وەک ئەمەریکا باسی لێوە دەکات شتێکی ئەوەندە پیرۆز نییە، هەر بۆیە سەربەخۆیی کوردستان تەنیا پێویستییەکی ستراتیژی نییە، بەڵکوو مافێکی ئەخلاقییە و دەبێت بەجێ بهێنرێت. کوردەکان نەهامەتی و چەوسانەوەی زۆریان بە دەستی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغداوە دیوە. هەر لە قەدەغەکردنی فەرهەنگ و کولتوورەوە تا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ساڵانی هەشتاکاندا.

لە ساڵی 1991ـدا کە ئەمەریکا بڕیاری دژەفڕینی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان بەسەر ڕژێمی سەددامدا سەپاند، کوردەکان ئەنجوومەنێکی نیشتمانییان پێک هێنا و سیستەمێکی دیموکراسییان بۆ خۆیان دانا. هەڵبەت ئەو سیستەمە بە هۆی گەندەڵییەوە کەمێک لاواز بووە. لەو کاتەوە کورد وەک یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا مایەوە و بۆ لەناوبردنی ڕژێمی سەددام یارمەتیی ئەمەریکای دا.

ئێستا کورد خاوەنی هەرێم و حکوومەتێکی سەربەخۆن. هێزی سەربازی و سەرکردایەتیی سوپایان هەیە و خاوەنی چەندین دەزگای مۆدێرنن. کوردستان سەرنجی هەزاران وەبەرهێنەری بیانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و تاکە شوێنە لە عێراق کە ڕۆژئاواییەکان تێیدا هەست بە سەلامەتی دەکەن.

 

خاڵە گرنگەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان

هەندێک پێیان وایە کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆ عێراق، بەڵام لە ڕاستیدا عێراق خۆی ئێستا ناسەقامگیرە؛ هۆیەکەشی قاعیدە و عەرەبی سوننە و شیعە توندڕەوەکانن کە ناکۆکیی ئەوان بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی تایفی. هەندێکی تر پێیان وایە کە شاری خاوەن نەوتی کەرکووک، ڕەگی ئەو بابەتەیە کە جیاکردنەوەی هەولێر لە بەغدا ئاڵۆزتر دەکات. هەرچەند هەردوولا دەتوانن زۆر بە ئاشتیانە ئەو بابەتە چارە بکەن.

بەپی دەستووری عێراقی و ماددەی 140 دەبووایە ساڵی 2007 ریفراندۆم لە کەرکووک بکرێت، دواتر ئەو ڕیفراندۆمە بۆ ساڵی 2009 دوا خرا، دواتریش بۆ کاتێکی نادیار دوا خرایەوە. لە ریفراندۆمی ئەو شارەدا دەبێت ئەوانەی کە بە زۆر لەلایەن ڕژێمەوە هێنراون بۆ ئەم شارە بگەڕێنرێنەوە. پاشان سەرژمێریی بکرێت. ترس لە ئەنجامی سەرژمێرییەکان وای لە هەردوو لا کردووە کە ریفراندۆمەکە دوا بخەن، بەڵام ریفراندۆمێکی تەواو بۆ ئەو شارە مەرجێکی سەرەکیی دروستبوونی دەوڵەتی کوردییە و دەبێت سەرکردە کوردییەکان پێداگریی لەسەر ئەم بابەتە بکەنەوە، چونکە ئەمە هۆیەکی سەرەکیی لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردییە. سەنتەری جۆرج تاون لە ساڵانی ڕابردوودا ویستی ڕیفراندۆمی شاری کەرکووک بکات، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەوڵ و چاودێری نێودەوڵەتی هەیە.

 

یەکگرتنی کوردەکان

بابەتی کوردانی سووریا و پێوەندییان بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردییەوە، کەمتر سەرنجڕاکێشە. شەڕی ناوخۆی سووریا دەرفەتێکی پێ بەخشیون کە بتوانن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا، هەرێمێکی سەربەخۆ و سەقامگیر دوور لە دەستی ڕژێم و سوپای ئازاد دروست بکەن. ئەوان دەتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن و بێنە پاڵ هەرێمی کوردستان. بەم کارەش ئەو رق و کینەیەی کە لە سووریای دوای ئەسەد دروست دەبێـت بە تەواوی نامێنێت. حکوومەتی هەرێم، حکوومەتێکی ڕۆژئاواییە و پێوەندیی ئابووری لەگەڵ تورکیادا هەیە. ڕەنگە مەرجی سەرەکیی کوردانی سووریا لە نێو دەوڵەتی کوردیدا ئەوە بێت کە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیدا ڕۆڵێکی کاریگەریان پێ بدرێت

پێشتر تورکیا بە هەموو شێوەیەک دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بوو. ئەمەیش بۆ هەبوونی کێشە و لاوازیی پێوەندییەکانی لەگەڵ کوردی ئەو وڵاتە بوو کە 20%ـی دانیشتووانی تورکیا پێک دەهێنن. تورکیا ترسی لەوە هەبوو کە کوردەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کوردی عێراق و ئێران و سووریا یەک بگرن. بەم هۆیەشەوە سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژئاوا بابەتی سەربەخۆیی کوردی بە بابەتێکی قەدەغەکراو دادەنا و نەیدەویست هاوپەیمانێکی خۆی (تورکیا) لە دەست بدات، بەڵام ئێستا پێدەچێت تورکیا ڕازی بێت بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە عێراق یانیش دروستبوونی هەرێمێکی کوردی لە سووریادا.

لە سەرەتادا تورکیا پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم ئاسایی کردەوە. دواتر پێوەندیی ئابووری و وزەیی لەگەڵ هەرێم توندوتۆڵ کرد. ئێستایش خەریکی بنیاتنانی بۆڕییەکی نەوتین. باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا فرانس ریکاردۆن دەڵیت "سەربەخۆیی ئابووری بۆ کوردەکان بە تەواوی لە عێراقیان جیا دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەغدا و ئەنکەرا پێوەندییەکان ئاسایی نەکەنەوە، پێوەندییەکانی کورد و تورکیا بەردەوام دەبێت و کاتی سەربەخۆیی کوردیش نزیک دەبێتەوە." هەروەک تورکیا ئێستا گەیشتووەتە ڕێککەوتن لەگەڵ پەکەکە. کوردی ئەو وڵاتەش چەندین داواکارییان هەیە. لەوانەش قبووڵکردنی کورد لە تورکیادا و بەیەکەوەژیان لە تورکیایەکی یەکگرتوودا یاخود هەبوونی هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کورد. دەرەنجامی پڕۆسەی ئاشتی کاریگەریی تەواوی دەبێت لەسەر پرسی کورد لە جیهاندا، چونکە دەبێتە هۆی یەکگرتنی کوردی سووریا و تورکیا ئینجا هەردووکیان دەچنە پاڵ چەقی کوردەکان کە هەرێمی کوردستانە.

کورد و زوڵمی مێژوو

کورد و فەلەستینییەکان بە گەورەترین زەرەرمەندی سیاسەتەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا دادەنرێن. نەبوونی دەوڵەتێکی کوردیش تا ئێستا، بڕیارێکی دیکتاتۆرانە بوو. هەروەک لە کتێبێکی دەیڤید فرۆمکیندا بەناوی "ئاشتییەک بۆ کۆتاییهێنان بە گشت ئاشتییەکان"ـدا هاتووە کە سەربەخۆیی بۆ کورد کە لە ئەجێندای 1921 بوونی هەبوو، لە ئەجێندای 1922 بوونی نەما، بڕیارێکی نادروست بوو کە کاریگەرییەکەی تا ئێستاش ماوە.

کورد لە ناوچەیەکی نزیک، ڕۆژهەڵاتی هەزار ساڵە دەژین کە لە جیهاندا بە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت دادەنرێن. لە ڕاستیدا نەبوونی دەوڵەتێک بۆ کورد لەسەد ساڵی ڕابردوودا ڕووداوێکی گەورەی مێژووی هاوچەرخە. سەربەخۆیی کوردیش ئێستا ئەو ڕووداوە هەڵەیەی مێژوو ڕاست دەکاتەوە. بارودۆخەکەیش بۆ ئەمە گونجاوە و پێویستە ئەمەریکا سەرکردایەتیی ئەم کارە بکات. جێبەجێکردنی ئەم کارەیش تەنیا سوودی ستراتیژی نابێت، بەڵکوو کارێکی دروستە و دەبێت بکرێت.

پڕۆفایل:

نووسەر جای هۆڵن ئەندامی پەیمانگەی سی ئیف ئەی بۆ بواری دارایی و بازرگانییە و ڕاوێژکارێکی داراییە. ئەو لەسەر چەندین پرسی دیکەی جیهان وتار و ڕاپۆرت بڵاو دەکاتەوە. ئەو پێشتر بابەتێکی لەسەر کوردی سووریا و بابەتێکیشی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بڵاو کردووەتەوە.

 

لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە