سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری پایته‌خت ئاگری جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌كاته‌وه +++ ڤیدیۆ

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    967
image

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری پایته‌خت مه‌شخه‌ڵی ئاگری نه‌ورۆزی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی كوردی له‌ پاركی شانه‌ده‌ر كرده‌وه‌ و گوتی: به‌ر له‌ 2700 ساڵ گه‌لی كوردستان دژی زۆرداری راپه‌ڕی، كاوه‌ی ئاسنگه‌ر زوحاكی دیكتاتۆری له‌ناوبرد بۆئه‌وه‌ی ئازادی بۆ گه‌له‌كه‌ی بێنێ. له‌وساوه‌ تا ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ ژیانی بنده‌ستی و ژێرده‌ستی رازی نابێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 20ی ئاداری 2013 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ فیستیڤالی ئازادی و نه‌ورۆز كرد و له‌ پاركی شانه‌ده‌ر له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئاگری چه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزی كرده‌وه‌. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ له‌ وته‌یه‌كی كورتدا وێڕای پیرۆزبایی كردنی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان، پیرۆزبایی له‌و گه‌لانه‌ش كرد، كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد له‌و رۆژه‌دا له‌ ژێرده‌ستی و زوڵم و سته‌مكاری رزگاریان بوو. سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا باسی له‌ پیرۆزی ئه‌و رۆژه‌ كرد و گوتی: به‌ر له‌ 2700 ساڵ گه‌لی كورد دژی زۆرداری راپه‌ڕی و كاوه‌ی ئاسنگه‌ر دیكتاتۆری له‌ناوبرد بۆئه‌وه‌ی ئازادی بۆ گه‌له‌كه‌ی بێنێ. هه‌روه‌ها داوای له‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان كرد سرووشتی جوانی كوردستان پاك رابگرن و بیپارێزن و گوتی: به‌ پێویستی ده‌زانم داوایه‌كی برایانه‌ له‌ هه‌موو ماڵ و تاكێكی كوردستان بكه‌م، كه‌ جوانی ئه‌م سرووشته‌ و خاوێنی وڵاته‌كه‌تان بپارێزن. هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی به‌ بیر هه‌موو لایه‌ك هێنایه‌وه‌، كه‌ كێشه‌ی كورد، كێشه‌ی چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیداری نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، كێشه‌ی ماف و خاكه‌. هه‌روه‌ها جاریكی دیكه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی له‌ به‌غدا كرده‌وه‌ ، كه‌ ئایا ئێمه‌ شه‌ریكین یا نا؟

له‌ كۆتاییدا كوردستانیانی دڵنیا كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ رێككه‌وتن و دیالۆگه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، كه‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی هه‌موو ئه‌گه‌رێكه‌.

پاشان به‌ زمانی عه‌ره‌بی جارێكی دیكه‌ به‌ خێرهێنانی سه‌رۆكی زانكۆكاكانی عه‌ره‌بی كرد، كه‌ ئێستا له‌ هه‌ولێری پایته‌ختن بۆ به‌شداری كردن له‌ كۆنفرانسی خولی 46ه‌مینی یه‌كێتی زانكۆكانی عه‌ره‌بی و گوتی: كۆنفرانسه‌كه‌تان سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌ بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێری پایته‌خت، هه‌ولێر و كوردستان شانازی به‌ ئاماده‌بوونتان ده‌كات.

ئه‌مه‌ش ده‌قی وته‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

خوشك و برایانی خۆشه‌ویستم.. میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان.

زۆر زۆر به‌خته‌وه‌رم، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا، یادی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییمان، جه‌ژنی نه‌ورۆزی پیرۆز به‌شداریتان ده‌كه‌م. ئومیده‌وارم هه‌موو ساڵیك به‌ خۆشی ئه‌م یاده‌ بكه‌نه‌وه‌. به‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ هه‌موو كوردستانیان ده‌كه‌م له‌ هه‌ر كوێیه‌ك هه‌ن. هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ش‌ ده‌كه‌م، كه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی كورد ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌ ده‌ستی دیكتاتۆری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پێش 2700 ساڵ رزگاریان بوو.

به‌ر له‌ 2700 ساڵ گه‌لی كوردستان دژی زۆرداری راپه‌ڕی، كاوه‌ی ئاسنگه‌ر زوحاكی دیكتاتۆری له‌ناوبرد بۆئه‌وه‌ی ئازادی بۆ گه‌له‌كه‌ی بێنێ. له‌وساوه‌ تا ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ ژیانی بنده‌ستی و ژێرده‌ستی رازی نابێت.

دوژمن و ناحه‌زانی گه‌لی كوردستان ده‌توانن كیمیابارانمان بكه‌ن، ده‌توانن ئه‌نفالمان بكه‌ن و ده‌توانن بمانكوژن، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن ئیراده‌ی ئێمه‌ بكوژن. له‌به‌رئه‌وه‌ با كه‌س خۆی تاقی نه‌كاته‌وه شه‌ڕی ئیراده‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستان بكات.

خوشك و برایانی خۆشه‌ویست..

نه‌ورۆز یانی ئازادی، رزگاربوون، نوێبوونه‌وه‌ و هه‌نگاونان به‌ره‌و لوتكه‌ی سه‌ركه‌وتن. من لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم داوایه‌كی برایانه‌ له‌ هه‌موو ماڵێك و تاكێكی كوردستان بكه‌م، كاتیك خوا ئه‌م وڵاته‌ جوان و سرووشته‌ جوانه‌ی پێ به‌خشیوین، كه‌ ده‌چنه‌ سه‌یران، په‌نا به‌ خوا هه‌موو رۆژێكتان هه‌ر سه‌یران بێت و له‌ خۆشی و به‌خته‌وه‌ریدا بن، به‌ڵام جوانی ئه‌م سرووشته‌ و خاوێنی وڵاته‌كه‌تان بپارێزن.

ئازیزان..

هه‌رچه‌نده‌ بۆنه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ بچمه‌ ناو ورده‌كاری هه‌موو بابه‌ته‌كانه‌وه‌، به‌ڵام دیسان به‌ پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م ره‌نگه‌ هه‌ندێ كه‌س وا تێبگه‌ن، كه‌ كێشه‌ی ئێمه‌، كێشه‌ی چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیدارییه‌. نه‌خێر كێشه‌ی ئێمه‌، كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، كێشه‌ی مافه‌، كێشه‌ی زه‌وییه‌، كێشه‌ی سنووره‌ و كێشه‌ی هاوبه‌شی بوونه‌ له‌ حكومڕانی، ئه‌مه‌‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كییه‌، كێشه‌كانی دی هه‌موو لاوه‌كین. له‌به‌رئه‌وه‌ من ئێستاش ده‌ڵێم و ئه‌و پرسیاره‌ ئاراسته‌ی برایانم له‌ به‌غدا ده‌كه‌م، كه‌ وه‌ڵامی ئێمه‌ بده‌نه‌وه‌: ئێمه‌ شه‌ریكین یا نا؟

له‌ كۆتاییدا، من جارێكی دیكه‌ نه‌ورۆز له‌ هه‌موو كوردستانیان پیرۆز ده‌كه‌م و گه‌لی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ رێككه‌وتن و دیالۆگین، به‌ڵام به‌ هه‌موو بڕوایه‌كه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌یه‌.

ئێمه‌ به‌ پشتیوانی خوای گه‌وره‌ و ‌ گه‌لی كوردستان به‌هێزین. ئیتر له‌ خۆشی و به‌خته‌وه‌ریدا بن، په‌نا به‌ خوا هه‌موو رۆژێكتان نه‌ورۆز و جه‌ژن ده‌بێت. سڵاوی گه‌رمم بۆ هه‌مووتان چ ئه‌وانه‌ی له‌م ئاهه‌نگه‌ ئاماده‌ن چ ئه‌وانه‌ی دوورن، چاوی هه‌مووتان ماچ ده‌كه‌م هه‌ر بمێنن.