پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردی

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    919
image

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە و هەموو ئەو نەتەوانەی جیهان دەكەم كە وەكو كوردستانیان ئەو جەژنە بەرز ڕادەگرن. هیوادارم هەموو ساڵ و هەموو كاتێكتان خۆشی و شادی و بەختەوەری بێت.

نەورۆز بۆ گەلی كورد مانا و پەیامی تایبەتی خۆی هەیە. بە درێژایی مێژوو ئەوە نەورۆز بووە خاڵی وەرچەرخانی لە ژیانی گەلی كورددا دروست كردووە. جگە لە هاتنی بەهار و زیندووبوونەوەی سرووشت، نەورۆز بۆ ئێمە هەڵگری پەیامی ژیان و هیواكان و ئازادیخوازی و ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و زۆردارییە. زۆربەی سەركەوتن و خۆشی و ناخۆشییەكانی گەلی كورد لە نەورۆزدا ڕوویانداوە و مێژووی ئێمەیان نەخشاندووە و، نیشانەیەكی ئەوەیە زیاتر لە 2700 ساڵە كورد زوڵمی قبووڵ نەكردووە و ئێستایش مەحاڵە قبووڵی بكات.

جەژنی نەورۆز هەردەم بیرەوەریی ڕووخانی نەیارانی گەلەكەمان و مژدەی دەستپێكی ژیانێكی گەش و پڕ ئومێدمان پێ دەبەخشێت. هەر لەو بۆنەیەدا و لە یادی بیست و دوو ساڵەی ئازادكردنی شاری كەركووكدا پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و دانیشتوانی سەربەرزی شاری كەركووك دەكەم. هەڵاتنی خۆری ئازادی لە نەورۆزی 1991 ـی كەركووكدا مانایەكی قووڵتری بەخشییە نەورۆز و ئەدەبیاتی نەتەوەیی و سیاسیی ئێمەی دەوڵەمەندتر كرد و سەلماندی كە كەركووك و نەورۆز و كوردستان قەت لێك دانابڕێن
هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە هۆی بەدیهاتنی ئاواتەكانی گەلەكەمان و نەمانی زوڵم و ستەم و بەرقەراربوونی ئاشتی و تەبایی لەهەموو جیهاندا. جارێكی دی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم. هیواخوازم جەژنێكی ئارام و ئاسوودە بەسەر ببەن و بە خاوێنڕاگرتنی ژینگە و سرووشت، خۆشەویستیی خۆیان بۆ جوانیی وڵاتەكەمان دووپات بكەنەوە.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
20.03.2013