پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردیی و یادی رزگاركردنی شاری كەركووكەوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    939
image

بەناوی خۆمان و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە، پیرۆزبایی گەرم لە یەكە بەیەكەی رۆڵەكانی گەلی كوردمان دەكەین و هیوادارین ساڵی نوێمان ساڵی سەركەوتنی دۆزی رەوای نەتەوەییمان و كۆتاییهاتن بێ بەو قەیران و كێشانەی نەیارانی نەتەوەكەمان بۆمانی دەخولقێنن و رێگری دەكەن لە گەیشتن بە چارەسەری دیموكراسی و ئاشیانەی پرسی كورد لە ناوچەكەدا.

گەلی كورد لە كوردستانی عێراقدا هەنگاوی گەلێك گەورەی بەرەو گەشانە و پێشكەوتن ناوە و بە یەكڕیزی ناوماڵی كوردستانی و سیاسەتی رۆشن و دروستی سەركردایەتی سیاسی و حكوومەتی هەرێم، ئەمڕۆ دەتوانێ بەسەر ئەو كۆسپانەدا زاڵ بێ كە دەخرێنە رێی و دەرەنجام ئایندە روونە بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان لەم پارچەیەی كوردستاندا.

پێنگاڤەكانی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی گەلی كوردمان لە توركیا بەشێوەیەكی دروست دەچێتە پێشەوە و لە بەر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییانەی لە سیاسەتی حكوومەتی توركیا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەدا روویانداوە، چاوەڕوانی زۆرتری لێ دەكرێ. ئاهەنگە جەماوەری و فراوانەكانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ئەستەنبوول و شارەكانی باكوری كوردستان ئەو رووناكیەن كە لە كۆتایی تونێلی سەختی ئەم پرسە گەورەیە دەركەوتووە و ئومێدبەخشە بە ئایندەیەكی رۆشن.

لە سوریا، سەرەڕای ناڕۆشنی ئایندەی ئەو وڵاتە لە دوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، وەلێ یەكڕیزی نەتەوەیی كوردانی رۆژئاوا و بڕوابوون بە دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە، بنەمای بەدیهاتنی ئاواتەكانی گەلی كوردمان و خۆڕاگرییەتی بەرامبەر هەر دۆخێكی نەخوازراو و ئەگەرەكانی ئایندە.

نەورۆز كە شانازییەكی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی كوردانە، هاوكات چەژنی ژمارەیەكی بەرچاوی گەلانی ناوچەكەمانە و 300 ملیۆن كەس لەم جیهانەدا ئەم یادە پیرۆز دەكەن و هەر یەكە بەپێی كولتوور و دابونەریتی خۆی بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕێ. ئێمەیش پیرۆزبایی گەرمیان لێ دەكەین و ئومێدەوارین ساڵی نوێمان ساڵی تێپەڕاندنی هەموو ئەو پڕكێشی و گرفتانە بێ كە ناوچەكەمانی دووچاری قەیران و دڵەڕاوكێ كردووە. هیوادارین ساڵی بەگەڕخستنی ئیرادەی ئاشتەوایی و چەسپاندنی بنەماكانی پێكەوەژیان و تەبایی بێت و تەواوی گەلانی ئەم ناوچەیە بكەونە سەر راستە رێی گەشانە و پێشكەوتن.

لە گەڵ هاتنەوەی نەورۆز و ساڵی نوێدا، لە كوردستانی عێراق وا 22 ساڵە یادی رزگاركردنی دڵی كوردستان، كەركووكی ئازیز دەكەینەوە و مەشخەڵی نەورۆزمان بە بڵێسەی ئاگرەكەی باوەگۆڕگوڕ دادەگیرسێنین و پەیامی كوردستانیبوونی ئەم شارە دێرینەی كوردان بە گوێی دەوڵەتی عێراق و ناوچەكە و جیهاندا دەدەینەوە و دووپاتی دەكەینەوە كە رێی دەستووریمان بۆ وەرگرتنەوەی شاری كەركووك و گەڕانەوەی بۆ ئامێزی هەرێمی كوردستان ماددەی 140 ـەو پابەندین پێوەیی و لە پێناویدا خەباتی هەمەلایەنە دەكەین. هاوكات بەرپرسیارێتی ئاكامەكانی جێبەجێ نەكردنی ئەم ماددە دەستوورییە لە ئەستۆی حكوومەتی فیدراڵ دەزانین.
 
سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێی رزگاری نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستان دادەنەوێنین و سوپاسگوزاریمان بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان دەنێرین كە لەسایەی قوربانیدانی رۆڵەكانی ئەوانە، ئەمڕۆ پرسی كورد گەییوە بەم دۆخە پێشكەوتووەی.

هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێ و ساڵوەگەڕی رزگاركردنی دڵی كوردستان، شاری كەركووك خۆشەویست، لە هەموو لایەك پیرۆز بێ.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
20ی ئاداری 2013