ڕۆژنامەنووسێكی هۆڵەندی بە شوێن بازرگانانی چەكی كیمیاویدا دەگەڕێت

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    907
image

ڕۆژنامەنووسی هۆڵەندی ئارنۆڵد كارسكینس بەنیازە پڕۆژەیەك ڕادەستی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم بكات تا لە ڕێگەیەوە چۆنیەتیی پێدانی چەكی كیمیاوی بە حكوومەتی عێراق ئاشكرا بكات.

ئارنۆڵد كارسكینس كە ئێستا سەرۆكی ڕێكخراوی لێكۆلینەوەیە لە تاوانە جەنگییەكان، لە هەرێمی كوردستانە و بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی هەرێم هاوكاریی تەواوی بكات تا لە ڕێگەی پڕۆژەكەیەوە بتوانێت سەرجەم ئەو شێونانە ئاشكرا بكات كە چەكی كیمیاوییان بە حكوومەتی پێشووی عێراق داوە.
ئارنۆڵد كارسكینس گوتی "تا كات بڕوات بۆ پڕۆژەكەم درەنگ دەبێت، چونكە بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی بە تایبەت برینداران لە مەرگ نزیك دەبنەوە، بە نەمانی ئەوانیش ئەرك و ماندووبوونەكەمان بەهەدەر دەچێت."

ئاشكرایشی كرد "كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیایانەی چەكی كیمیاوییان فرۆشتووە، ئاشكرایان بكەین و بە شوێن تاوانباراندا دەگەڕێین."

ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵەكانی 1980ـدا چەكی كیمیاویی بەرانبەر گەلی كورد بەكار هێنا و لە دیارترینیان كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بوو كە بە پێی ئامارەكان پێنج هەزار شەهید و 10 هەزار برینداری لێ كەوتەوە.

پاشخان
- ئارنۆڵد كارسكینس بە یەكەم هاووڵاتیی ئەورووپی دادەنرێت، كە كاری بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد بە وڵاتانی ئەورووپا كردووە.

- پاش كۆكردنەوەی بەڵگەی تەواو لەسەر بازرگانی هۆڵەندی ڤان ئانرات، كە چەكی كیمیاویی فرۆشتبووە ڕژێمی پێشووی عێراق، ڕاپێچی دادگەی كرد.
- ئارنۆڵد كارسكینس لەساڵی 1954 لە ئوتریختی هۆڵەندا لە دایك بووە.

- لەو 32 ساڵ كاری ڕۆژنامەنووسییەی، ماوەی 15 ساڵ وەك ڕۆژنامەنووسێكی سەربەخۆ كاری كردووە و تایبەت بووە بە ریپۆرتەری جەنگی.

- سەرۆكی رێكخراوی لێكۆڵینەوەیە لەتاوانە جەنگیەكان.
- لە ساڵی 2008 لە لایەن ئەنجوومەنی ئاشتیی مرۆڤایەتییەوە خەڵاتی ڕۆژنامەنووسی ئاشتیی پێ بەخشرا.

- لە هەمان ساڵدا لە لایەن ڕێكخراوی مافی مرۆڤەوە خەڵاتی پیاوی مافی پێ بەخشرا.

- لە ساڵانی 1995 تا 2012 هەشت كتێبی نووسیوە كە تایبەتن بە ڵیكۆڵینەوە لەو تاوانانەی كە دژ بە مرۆڤایەتی كراوە. لە نێویشیاندا كتێبێك بە ناوی "ببوورە فلسێك ناهێنێت" كە تایبەتە بە بازرگانە هۆڵەندییەكە، بڵاو كردووەتەوە.