پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی بیست و پێنجەمین ساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهیدەوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    917
image

لە یادی بیست و پێنجەمین ساڵوەگەڕی شەهیدكردنی شارە جوانەكەی كوردستان، هەڵەبجەی گەشاوە و هەردەم پێشەنگ، هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەی قوربانیانی ئەو تاوانە گەورەیە دەردەبڕین كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە و هەرگیز نەبووە رژێمێك بە چەكی كیمیایی بۆردومانی خەڵكی سڤیل و هاوڵاتیانی وڵاتەكەی بكات، مەگەر لەسەردەستی فاشیزم و نازیزمەكان نەبێ. كە لەمەشیاندا رژێمی بەعس بە چەندین بار تاوانەكانی ئەوانی تێپەڕاند.

شەهید بوونی پێنج هەزار كوردی بێ دیفاع لە چەند چركەیەكدا خەمێكی قوڵە لە ویژدانی هەموو گەلی كوردستاندا و برینێكە سارێژبوونەوەی سەختە، بەڵام هاوارێكیش بوو ویژدانی نووستووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە زوڵم و چەوساندنەوە و جینۆسایدكردنی گەلێك بە ئاگا هێنایەوە كە نزیكەی سەدەیەك بوو لێی غافڵ بوو یان بە ئەنقەست و لە چوارچێوەی سیاسەتە نەگریسەكانی راگرتنی پارسەنگی هێز و بەرژەوەندییەكاندا خۆیان لێ بێ ئاگا كردبوو، لەپشتەوەی پەردەیش دنەی رژێمی بەعسیان دەدا و چەكی كیمیایی و قەدەغەكراوی نێودەوڵەتیان پێ دەفرۆشت.

لەم روانگەیەوە دۆزی رەوای كورد، لەپاڵ بەرخودانی سەد ساڵە و خەباتی رزگاری نیشتمانی، بە رادەیەكی زۆر قەرزاری شەهید بوونی هەڵەبجەیە، لەمەدا كە هەڵوێستی كەڕ و كەڕبووی جیهانی راچڵەكاند و چاوی كوێریانی لە ئاستی ئەم گەلە كردەوە.

لە كاتێكدا ئەو هەوڵانە كە لە وڵاتانی ئەوروپا دەدرێن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال و كیمیابارنكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی دیكەی كوردستان، بەرز دەنرخێنین و هاوكاری هەمە لایەنەی هەر هەوڵێك بەو ئاراستەیەدا دەكەین، هاوكات دووپاتی دەكەینەوە كە بە پلەی یەكەم ئەركی حكومەتی فیدراڵی عێراق قەرەبووی قوربانیانی ئەم تاوانە گەورەیە و هەموو ئەو تاوانانە بكاتەوە كە رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق دەرهەقی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە. هاوكات لەبەرئەوەی رۆژگاری ئەمڕۆمان و ئازادی و گەشەكردن و حوكمڕانی خۆیی لە عێراقی فیدراڵدا بەرهەمی ئەو خوێنە پاكژەیە لە هەڵەبجەی شەهید چۆڕا. بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش توانای تایبەت و گەورە بۆ چارەسەركردنی ئاسەوارە نەگریسەكانی ئەو تاوانە بەسەر هەڵەبجەییەكان و هەڵەبجەوە بسڕێتەوە و دەستی ئاوەدانكردنەوەی زیاتر و گەشەپێدانی مرۆیی و گوزاریی فراوانتریان پێ بگەیەنێ.

لەم بۆنەیەدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی رێی رزگاری كوردستان دادەنەوێنین و هاوخەمی خۆمان بۆ كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجەی شەهید و ئەنفال و هەموو تاوانەكانی بەعس و رژێمەكانی دیكەی عێراق دووپات دەكەینەوە و توانا سیاسییەكانمان تەرخان دەكەین بۆ دانەوەی ئەو قەرزە گەورەیەی لە ئەستۆمانە بەرامبەر هەڵەبجەی سەربەرز.

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

15/3/2013