بە ئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆنفڕانسی یادی بیست و پێنج ساڵەی جینۆسایدی گەلی كورد و كیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    925
image

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 3ـی 2013 كۆنفڕانسی یادی بیست و پێنج ساڵەی جینۆسایدی گەلی كورد و كیمیابارانی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر و بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتیی ئاكادیمی و سیاسی بیانی و نێوخۆی كوردستان و عێراق دەستی بە كارەكانی كرد.

دوای خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سروودی نیشتیمانیی عێراق و سروودی ئەی ڕەقیب و هەروەها خوێندنەوەی وتاری بەخێرهێنان لە لایەن مامۆستا ئارام وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەشی كۆنفڕانسەكە كرد.
لە وتارەكەیدا سەرەتا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و بەشداریی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی بیانی لەو كۆنفڕانسەدا بە مایەی ئومێدبەخشین بۆ گەلی كورد زانی. پاشان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە پڕۆسەی ئەنفال و قڕكردنی گەلی كورد لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە هەر ساڵی 1975ـەوە دەستی پێكردووە و بە شوێنبزركردنی 12000 كوردی فەیلی و 8000 بارزانی و 182000 كورد لە گەرمیان و ناوچەكانی دی و كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە درێژەی هەبووە. شانازیشی بەوە كرد كە تاكێكە لەو گەلەی كە فەرهەنگی لێبووردەیی هەیە. ئەو گەلەی لە ڕاپەڕینی 1991ـدا بەدوای تۆڵەكردن نەبوو و سەربازەكانی عێراقی بەو پەڕی لێبوردییەوە بۆ شارەكانی عێراق گەڕاندەوە. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە پڕۆسەی ئەنفال تەنیا پڕۆسەیەكی سەربازی نەبووە بەڵكوو بەرنامەیەكی مونەززەم و ڕێكخستوو بۆ لەناوبردنی نەتەوەیەك و،
نەهێشتنی كورد و كوردستان بووە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتیی ئەو كارەساتەی بەسەر گەلەكەیدا هاتووە خستە سەرشانی حكوومەتەكانی پێشووی عێراقی و بە پێویستی زانی حكوومەتی عێراقی قەرەبووی ئەو كارەساتە بكات بەسەر گەلی كورددا هاتووە چونكە ئاسەوارەكانی بۆ چەندین نەوەی دیكە هەر دەمێنێتەوە و لەوبارەیەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی بە بەرپرس زانی لەوەی كە یارمەتیی ڕژێمی بەعسیان داوە و كۆمپانیەكانیان چەكی كیمیاوییان بۆ دروست كردووە و لە بەرانبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگ بوونە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای ئاماژەدان بە گەورەیی كارەساتەكە بەڵام بە هۆكارێكی زانی بۆ ئەوەی گرێی بەختی كورد ببێتەوە و جیهان بەو كارەساتە بزانێ كە بەسەر گەلی كورددا هاتووە و هیوایشی خواست چیدی وڵاتان بە بیانووی نێوخۆییبوونی كێشەكان لەبەرانبەر دیكتاتۆرەكاندا بێدەنگ نەبن. سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە حكوومەتانی جیهان و دۆستانی گەلی كورد كرد بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بدەن ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە بە جینۆساید بناسێنن و سپاسی ئەو هەوڵانەیشی كرد كە لە ناوە و دەروەی كوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی ئەنفال و كیمیابارانی شاری هەڵەبجە دەدرێن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا پەیامێكیشی ئاراستەی گەلی كوردستان كرد ڕابردوو لەبیر نەكەن و بەردەوام بن لەو فەرهەنگە جوانەی كە هەیانە كە فەرهەنگی لێبووردەییە. ئەو ڕۆژەیش ڕۆییشت گەلی كوردستان قڕ بكرێت و قبووڵی زوڵم بكات یان قبووڵ بكەین كە ئازاد نەژین. گەلی كورد قوربانیی داوە كە بە ئازادی بژییت لە كوردستاندا. سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاسۆیەكی ڕوونی بۆ كوردستان پێشبینی كرد و ئاماژەیشی بەوە كرد كە بەرەو پێشەوە دەچین و ناگەڕێینەوە. تەوەرێكی دیكەی قسەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بارودۆخی سیاسیی عێراق بوو و هێمای بەوەدا كە هەموو عێراق لە قەیران دایە نەك تەنیا پەیوەندی تێوان هەرێم و خكوومەتی فیدڕاڵ. سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی كوردستانی لە بنیاتناتی عێراقی تازە و هۆی قەیرانەكانی بۆ پابەندنەبوون بە دەستوور هەولێر گەڕاندەوە. هەروەها بە ورووژاندنی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئێمە شەریكین یان نا جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر وەڵامەكە بەڵێ بێت ئێمە ماندوو بوین لە بەڵێنی بێ كردار و پاشكۆبوون قبووڵ ناكەین ئەگەر نا هەر كەسەو پاشەڕۆژی خۆی باشتر دەزانێ. لە كۆتایی وتارەكەدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سپاسی میوان و ئامادەبووانی كرد و هیوای خواست كاتێكی خۆش لە كوردستاندا ببەنە سەر.

شایانی باسە لە پەراوێزی كۆنفڕانسی یادی بیست و پێنج ساڵەی جینۆسایدی گەلی كورد و كیمیابارانی هەڵەبجە لە شاری هەولێردا بەڕێز مسعود بارزانی بە جیا لەگەڵ هەریەك لە حەسەن دانایی فەر باڵوێزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و بەیان جەبر سەركردە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و ژەنەڕاڵ جەی گارنەر كەسایەتیی ئەمەریكی و دۆستی گەلی كورد و نەدیم ئەلزەهاوی ئەندامی پارلەمانی بریتانیا و پیتەر گاڵبریس سەفیری پێشووی ئەمریكا و شارەزا لە بواری یاسادا كۆبوویەوە.
لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و نێوخۆیی كوردستان كرا و هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ ئەو پێشكەوتنە ئابووریی و سیاسییانە كرا كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتوونەتە ئاراوە. هەروەها پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و جیهانی دەوروە و وڵاتانی هەرێمایەتی خرانە بەر باس و قسە لەسەر چۆنییەتی پێشڤەچوونی ئەو پەیوەندییانە كرا.
تەوەرێكی دیكەی دیدار و كۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەو كەسایەتییە سیاسی و نێودەوڵەتییانە باسكردنی ڕەهەندەكانی ئەو قەیرانە قووڵە بوو كە عێراقی پێدا تێدەپەڕێت و دوایین هەڵوێست و بۆچوونی هەرێمی كوردستان لەبارەی قەیرانەكانی عێراق و دۆخی پەیوەندیی هەرێم و حكوومەتی ناوەندی بۆ میوانان شی كرایەوە.