لە رێوڕەسمێكدا نووسینگەی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا بە شێوەیەكی فەرمی لە هەرێمی كوردستان كرایەوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1011
image

ئەمڕۆ و بەئامادەبوونی كەریم سنجاری نوێنەری سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی و سینان چەلەبی وەزیری بارزگانی و بەرپرسی دۆسیەی عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و هاری مۆڵن باڵیوزی هۆڵەندا لە عیراق و ییرۆن كیڵدەر هاوس بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە هەرێم و و ژمارەیەك لە كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و رەوەندی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان " لە رێوڕەسمێكدا بە شیوەیەكی فەرمی نووسینگەی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە هەولێری پایتەخت كرایەوە.

دواتر لە وتەیەكی دا ییرۆن كیڵدەر هاوس بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە هەرێم بەخێرهێنانی ئامادەبووانی كرد و كردنەوەی كونسوڵگەری وڵاتەكەی لە هەولێری پایتەخت بە هەنگاوێكی گرنگی وەسف كرد لە بواری بەرەو پێشەوەبردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێم. پاشان فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر بوارەكانی ژیانی وڵاتی هۆڵەندا و ئەو پێشكەوتنانەی كە لە تەواوی بوارەكانی دا لە خۆیەوە گرتووە نمایشكرا.

هەروەها هەر بەم بۆنەیەوە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عیراق لە پەیڤێكدا زۆر سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبووانی كرد كە لەو رێوڕەسمەدا ئامادەبوونە و گوتی: بەگەرمی بەخێرهاتنان دەكەم بۆ ماڵی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان كە هەبوونی لە بەرژەوەندی هەردوولا دایە و هەنگاوێكە بۆ زیاتر بەرفراوانكردنی بازنەی پەیوەندی نێوان وڵاتی هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە تەواوی بوارەكان دا بەشێوەیەك كە خزمەت بە هەردوولا بكات.

پاشان كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتەیەكی دا پیرۆزبایی لە گەل و حكومەتی هۆڵەندا كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە عیراق و هەرێمی كوردستانی خواست ، هەروەها رایگەیاند" حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو دەرگاكانی واڵا كردووە بۆ جیهانی دەرەوە و خوازیاریشە پەیوەندییەكی پتەوی هەبێت لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی وڵاتی هۆڵەندا كە ژمارەیەكی زۆری رەوەندی كوردستانی لە ئامێز گرتووە ، هەروەها هیوای خواست كردنەوەی كۆنسوڵگەری هۆڵەندا لە هەولێر ببێتە فاكتەری دەستپێكردنی قوناغێكی نوێ لە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هۆڵەندا.

لەكۆتایی وتەكانی دا وەزیری ناوخۆ پشگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە بۆ كونسوڵگەری هۆڵەندا لە هەرێم و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانی بۆ خواست.