راگەیاندراوێك لە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، سەبارەت بە نارەزاییەکان بەرانبەر کەنالی ئێن ئار تی

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    942
image

پاش زنجیرەیەك نارەزایی كە بەم دواییە روبەرووی كەناڵی ئین ئارتی بووەوە و دواترینیان ئەو گردبونەوە عەفەوییە بوو كە وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر ئەو پەلامار و سوكایەتییە رویدا كە لە رێگەی بەرنامەیەكی كەناڵەكەوە بە سەركردەی نەتەوەیی كورد بارزانی نەمر كرا، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم رونكردنەوەیەی خوارەوە بە پێویست دەزانێت:
ئیمە لە كاتێكدا تەئكید لەسەر باوەری نەگۆڕمان بە ئازادی كاری راگەیاندن دەكەینەوە و بە پێویستییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەزانین كە هیچ كۆمەڵگایەكی مەدەنی و دیموكرات ناتوانێت دەستبەرداری بێت، لە هەمان كاتدا ئەو راستییەش لەبەر چاو دەگرین كە كەناڵەكانی راگەیاندن دەبێ بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە بكەن و پابەندی ئەخلاق و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و یاسا بەركارەكان بن و رێگە بە خۆیان و بە خەڵكی دیكەش نەدەن بە ناوی ئازادییەوە ئەو مینبەرانە لە رایەڵەی گواستنەوەی زانیاری و رای جیاوازەوە بگۆڕن بۆ مینبەری سوكایەتی و بێرێزی بە باوەڕو بەها و قەناعەت و رەمزە نەتەوەییەكان و تایبەتمەندییەكانی تاك و كۆمەڵەكان و هەر هاووڵاتییەكی ئاسایی ئەم كوردستانە . رێگەدان بە رەفتاری نابەرپرسیار و ئیستیغلالكردن و خراپ بەكارهێنانی مینبەری ئازاد، دواجار دەزگای راگەیاندن لە پێویستییەكی كۆمەڵایەتییەوە دەكاتە هەرەشەیەكی جیدیی بۆ سەر تەبایی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و مایەی پشێوی و ئاشوب. هەر ئەو بەدكارییە لە هەمان كاتدا دەشبێتە هەرەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر خودی ئازادی راگەیاندن و كەمكردنەوەی ئەرزش و میسداقیەتی ئەو كەناڵانە لە بەرچاوی رای گشتی بە جۆرێك چیدی نەتوانن ئەركی خۆیان لە فەزایەكی پڕ متمانەدا بەڕێوە ببەن .
هەر لەم پێودانگەوە سەرباری ناڕەزایی و نیگەرانی قوڵمان بەرامبەر بەو سوكایەتییەی لە رێگەی مینبەری كەنالی ئین ئارتییەوە بە كەسایەتی مستەفا بارزانی نەمر كرا، بە دڵنیاییەوە رایدەگەیەنین ئەو گردبونەوەیەی لە بەردەم كەناڵەكە رویدا لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رێكنەخراوەو گەر وابوایە پارتی بە ئاشكرا و بە ناوی خۆوە دەیكرد و بێگومان رێكاری یاسایی مۆڵەت وەرگرتنیشی دەگرتەبەر. ئەوەی رویداوە كاردانەوەیەكی بێ بەرنامەی كۆمەڵێك هاوڵاتی وەفاداری شاری سلێمانی بووە كە سوكایەتیكردن بە بارزانی نەمر توڕە و نیگەرانی كردون، ئەو سەركردەیەی سەراپای ژیانی خۆی لە پێناوی كورد و كوردستاندا بەختكردووە و زیاتر لە نیو سەدە رابەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان بووە و و نەوە دوای نەوەی رۆڵەكانی ئەم گەلە لە ژێر رابەرایەتی ئەودا كوردایەتییان كردووە و رووبەڕووی دیكتاتۆری بوونەتەوە و لە پێناوی دیموكراسیدا گیانیان بەخت كردووە .
لە هەمان كاتیشدا زۆر بە توندی ئیدانەی روداوی تەقینەوەكە دەكەین كە لەسەربانی كەناڵی ئین ئارتی رویدا و بە هەرەشەی دەزانین نەك هەر بۆ سەر ئازادی راگەیاندن، بەڵكو بۆ سەر ئاسایش و ئەمنیەتی شارێكی كوردستان ، بۆیە داواكارین لایەنە بەرپرسەكان بە خێرایی لێكۆڵینەوەی تێدا بكەن و ئەنجامدەرانی ئاشكرا بكرێن و بدرێنە دادگا .
هیواداریشین ئەم روداوە بكەینە دەرفەتێك بۆ هەموو ئەوانەمان كە بە تەنگ ئازادی كاری راگەیاندنەوەین و پەرۆشی ئەوەین ئەو ئازادییە لە لایەن خەڵكی شەڕانگێز و ئاشوبكار و نامەسئولەوە نەقۆزرێتەوە، پێكەوە بیر لە پیاچونەوەی میكانیزمی كاری راگەیاندنمان بكەینەوە و ئەو دەلاقانە نەهێڵین كە خەڵكی لەو جۆرە دزەی لێوە دەكەن و هەم دەبنە هۆی قیزەونكردنی ئازادی و هەم دەبنە مایەی ئازاردانی هاووڵاتیانی كوردستان .


دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
10/2/2013