راگەیاندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    938
image

ئەمڕۆ شەممە، رێكەوتی 9/2/2013، بەسەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، لەم هەلومەرجەی ناوچەكەو عیراق و كوردستان پیا تێدەپەڕن، هەردوو مەكتەبی سیاسی(ی.ن.ك) و (پ.د.ك) كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر چەند تەوەرێكی گرینگ گفتوگۆكرا و بڕیاری پێویست وەرگیرا:

تەوەری یەكەم: سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و چاوپێكەوتنەكانی كە لەم سەردانەدا ئەنجامدرابوون بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپا، دیدارەكانی لەگەڵ سیاسەت مەدار و كاربەدەستانی ئەو وڵاتانە باسكران و گفتوگۆیان لەسەركراو تێكرا سەفەرێكی سوودمەند بووە بۆ ئەزموونی كوردستان و پشتیوانی كردنی.

تەوەری دووەم: تاوتوێكردنی سەردانی شاندی مەكتەبی سیاسی(ی.ن.ك) بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و چاوپێكەوتنەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و گفتوگۆكردنیان سەبارەت بە ئەو پرسە هاوبەشانەی ناوچەكەو عیراق و كوردستان، بەتایبەتی قەیرانە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق و ئەو مەترسیانەی چاوەڕوان دەكرێت رووبەڕووی عیراق و ناوچەكەو كوردستان بێتەوە.

تەوەری سێیەم: گفتوگۆكردن سەبارەت بە ئاكامی سەردانەكەی شاندی هەردوو مەكتەبی سیاسی بەڕێزان(نێچیرڤان بارزانی و دكتۆر بەرهەم صاڵح) بۆلای هەرسێ‌ حزبی ئۆپۆزسیۆن و گفتوگۆكردنیان سەبارەت بەو خاڵانەی لەكۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەركردەی هەرسێ‌ لایەنی ئۆپۆزسیۆن خراوبوونە روو، كە وابڕیارە لە رای خۆیان ئاگادارمان بكەنەوە.

تەوەری چوارەم: گفتوگۆی پێویست سەبارەت بە وەڵامی هاوپەیمانی نیشتمانی عێڕاقی بۆ ئەو یاداشتەی كە لەلایەن هێزە سیاسیەكانی كوردستانییەوە ئاراستەیان كرابوو، وێڕای دواكەوتنی بۆ ماوەیەكی زۆرو چەندین تێبینی بنچینەیی كە لەسەر وەڵامەكە هەبوو، بەڵام وا بەباشزانرا دوای ئەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە ئامادەكردنی یاداشتەكە كۆدەبێتەوە، هەڵوێست و وەڵامی پێویست ئامادەبكرێت، ئەویش لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ هاوپەیمانێتی و خەباتی هاوبەشی هەردوولامان و رزگاركردنی عێڕاق لەو قەیرانە قوڵە و دەربازكردنی پرۆسەی سیاسی لەو چەقبەستوییەی كە لەئاكامی پابەند نەبوونی سەرۆكی حكومەتی عێڕاقی فیدڕاڵی بە دەستوور و رێككەوتنەكانی كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان ئەنجامدراون، توشی هاتووە.

تەوەری پێنجەم: سەبارەت بە كەركووك بەتایبەتی و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش بەگشتی، بەوردی گفتوگۆكرا، ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كە لەئاكامی كۆمەڵێك بڕیاری هەڵەی چارەسەر نەكراوی حكومەتی فیدڕاڵیەوە بەدی هاتووە، لەسۆنگەی دروستكردنی بەناو ئۆپەراسیۆنی دیجلە و كاریگەری ئۆپەراسیۆنەكە لەدروستكردنی بۆشاییەكی ئەمنی لە پارێزگای كەركووك بەگشتی و ناوشاری كەركووك بەتایبەتی، كە بۆتە هۆی دزەكردنی تیرۆرستان و زیانگەیاندن بە خەڵكی خۆڕاگر و تێكۆشەری شاری كەركووك و شارۆچكەكانی دیكە، بڕیاردا لە رێگای لیژنەی تایبەتەوە رێنمایی و ئاراستەی دروست بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان ئامادەبكرێت و گیروگرفتی ناو دامودەزگاكان چارەسەر بكرێن و بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی بكرێن، بۆئەوەی سەروماڵی هاووڵاتیانی دانیشتووی ئەو ناوچانە پارێزراوبن. هەروەها، بڕیاریشدرا، بەوردی بارودۆخی عیراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم چاودێری بكرێ‌ و لەبەرامبەر هەر ئەگەرو ئەركێكی پێویستدا، ئامادەبین.

تەوەری شەشەم: سەبارەت بە بەردەوامی خۆپیشاندان و مانگرتنەكانی خەڵكی شار و شارۆچكەكانی سونە نشینی عێڕاق و رەنگدانەوەی لەسەر ئاییندەی عێڕاق، وێڕای پشتیوانیكردنی داوا رەوا و دەستووریەكانی خۆپیشاندەران، مەترسی بەردەوامی و درێژەكێشانی ئەم رووداوانە هەڵسەنگێندرا، وەڵامنەدانەوەی ئەم داوایانە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی فیدڕاڵی بەهۆكارێكی بەردەوامی ئەم رووداوانە زانرا، هەروەها ئەو مەترسیانەش باسیان لێوەكرا كە لەگەڵ درێژەكێشانی ئەم بارودۆخە كۆمەڵێك لایەنی دژ بەپرۆسەی سیاسی عێڕاق و بونیادنانەوەی عێڕاقی فیدراڵی دیموكرات بەشێوازێكی نوێ‌ و لەپەنای پاساوی داخوازی رەوای خەڵكدا، زەمینەیان بۆ دەڕەخسێت كە باشتر بخزێنە ناو ئەو ئاڵۆزیانەوە و بۆشیان بلوێ‌ گورزی مەترسیدار لەكۆی دەستكەوتەكان بدەن، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بەئاوڕلێدانەوە و هەڵوێستەكردنی هەمەلایەنە هەیە كە لەپاڵا كێشە چارەسەرنەكراوەكانی تری ناو عیراق و هەرێم و بەغدا، بڕیاری بەرپرسیارانەیان دەربارە بدرێ‌.

 

 

     مەكتەبی سیاسی                                      مەكتەبی سیاسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان                           پارتی دیموكراتی كوردستان

9/2/2013