پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    983
image

بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە بە ناوی خۆمان و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و گەلانی عێراق و گشت جیهان دەكەین و ئومێدەوارین ساڵێكی ئارام و بە بەخشش بێ و بەخێر بۆ هەموومان بگەڕێتەوە.

بەشێوەیەكی زۆر تایبەت پیرۆزبایی لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە نەبەردەكانی كوردستان دەكەین كە هەر ئێستا لە تخوبی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە سەنگەری بەرگری و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل و دیموكراسی و ئاوەدانی و گەشەكردندان.

هەر لەم بۆنەیەدا دووپاتی پەرۆشیمان بۆ بەڕێز جەنابی (سەرۆك تاڵەبانی) سەرۆك كۆماری فیدڕاڵی عێراق دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە ساڵی داهاتوودا بە تەندروستییەكی باش و جۆشی كوردەواری و لێهاتوویی خۆیەوە بێتەوە ریزی ئێمە و هەموو هەڤاڵان و گەلەكەی بۆ درێژەدان بە خەبات لەپێناوی ئەو ئامانجە رەوایانەی تەمەنی خۆی بۆ بەدیهێنانیان تەرخان كرد.

هەر لەم سۆنگەیەوە دووپاتی پابەندبوونی پارتیمان دەكەینەوە بە رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی هاوپەیمان و بەردەوامدەبین لە ئایندەشدا بۆ ئامانجە هاوبەشەكانمان كە ئامانجی گەلەكەمانن، هاوخەبات و هاوسەنگەر دەبین، هەروەكو هاوئاهەنگیش دەبین لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.

لە ساڵی 2012 دا وێستگەی زۆر گرنگ هاتنە رێی كاروانی خەباتی گەلەكەمان. هەندێك لەوانە قەیرانئامێز و هەندێكی دیكەیان تەواوكەر بوون لە درێژەی ئەو تێكۆشانە هەمەلایەنەی بۆ بەدیهێنانی ماف و ئاواتە رەواكان كراون.

دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و شەراكەتی راستەقینە لەسەر بنەمای دەستوور و سازانی نێوان پێكهاتە جیاجیاكان لە عێراقدا و كۆی دەستكەوتە دەستوورییەكان، لە ساڵی 2012 دا كەوتنە بەردەم هەڕەشەی مەیلی دیكتاتۆری و قۆرخكاری تا رادەی لەشكركێشی بەرەو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و سەپاندنی دیفاكتۆی سەربازیی بەسەر ئەو ناوچانەدا لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەكانیان لە رێی ماددەی 140ی دەستوورەوە. بۆیە گەلی كوردستان بە كۆی چین وتوێژ و هێز و لایەن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییەوە، بە یەك دەنگ و بە یەك هەڵوێست رووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە بوونەوە و رێگریان لێ كرد و بوونە هێڵی دووەمی بەرگری و پشتیوان لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە سەنگەری یەكەمی بەرگریدایە. هەروەها لەبەرامبەر هەڕەشەی گەڕانەوەی دیكتاتۆریی،كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا هاتە دەنگ و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و سیاسییەكان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی مێژوویی و نیشتمانیان رووبەڕووی هەموو ئەو پێشێلكارییانە بوونەوە كە تاقمێك لە دەسەڵات ئەمڕۆ بەسەرچاوەگرتن لە مەیلی تاكڕەوی و خۆسەپاندنەوە و بۆ مەبەستی تایبەت بەرامبەر دەستوور و بنەماكانی شەراكەت و پێكەوەبوون لە عێراقێكی دیموكراسی فیدراڵدا پەیڕەوی دەكەن.

ئەمڕۆ بەرەی خەبات بۆ دامەزراندنەوەی عێراقێكی نوێ و پاراستنی دەستوور و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و تەرخانكردنی داهاتی فرەی ئەم دەوڵەتە بۆ خزمەتگوزاری و پێشخستنی ژیانی هاوڵاتیان و گەشەكردنی ئابووری، بەرەیەكی فراوانە، و هەوڵ و كۆشش دەكات بۆئەوەی كۆی كێشەكان بە رێگای دیالۆگ و گەڕانەوە بۆ بنەماكانی سازان، چارەسەر بكات. بەڵام لەبەردەم بژاردەی قەیرانخوڵقێنی و جموجوڵی سەربازی و دروستكردنی تەڵەزگەی ئەمنیدا، دەرگا لەبەردەم هەموو ئەگەر و بژاردەكانی دیكەیشدا كراوەیە. میللەتی ئێمە بە ئاسانی دەستبەرداری بژاردەی ئاشتی نابێ و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا مەیدانی كاری هەموو گەلانی عێراق و پێكهاتە جیاجیاكانییەتی و بایكۆتی ناكات و پۆستە سیادییەكان و كورسییەكانی لە ئەنجوومەنی نیشتمانیدا و بەشداریكردنی لە حكومەتدا، ئیستیحقاقی خۆیەتی لەژێر هیچ فشارێكدا لێیان ناكشێتەوە مەگەر ئیتر هیچ دەروویەك نەمابێ و دوا بژاردەی بێ لە خەباتی رووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم و دیكتاتۆریدا.

لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕش لە سووریا، گەلی كوردمان لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ هەڵكەوتێكی نوێدا كەوتوونەتە مامەڵەی سیاسی و چاوەڕوانی زیاتری لێ دەكرێ بەرەو ئەو ئامانجە رەوایانەی لەپێناویدا تێكۆشاون. هێشتا رێگای خەباتی ئایندەیش لەبەردەمیان واڵایە بەتایبەتی لەگەڵ دەركەوتنی سیماكانی ئەو سیاسەتەی چاوەڕوان دەكرێ پاش ئاڵوگۆڕی رژێمی سیاسی لەو وڵاتەدا پەیڕەوی بكرێ. ئایا تا چ رادەیەك بە دەنگ جێبەجێكردن و دابینكردنی مافە رەواكانی گەلی كوردەوە دێت و بەكردەنی و لە دەستووری نوێی سووریادا دەچەسپێنرێ.

هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی و بەشێوەیەكی زۆر تایبەتیش هەوڵ و كۆششی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە ئەو خێوەتەی كە، هەموو هێزەكانی كوردی رۆژئاوای لەگەڵ یەكدا و لەیەك هاوپەیمانێتی و لەیەك پێناودا كۆكردەوە. هەروەها كوردستانەكەی خۆیان لەم پارچەیەی نیشتماندا بووە ماڵ و پەناگەی ئارام بۆ ئەو هەزاران هەزار كوردەی رۆژئاوای كوردستان كە بەهۆی شەڕ و نەبوونیەوە دەربەدەر بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد.

رەوایەتی دۆزی كورد لە توركیا بەرەو ئاستێكی باڵاتر هەڵكشاوە و خەباتی سیاسی و مەدەنی ئاراستەیەكی دروست تری دۆزیوەتەوە. سەرەڕای بەرز نرخاندنی ئەو كرانەوە سیاسی و هەنگاوانەی دەوڵەتی توركیا، چاوەڕوانی هەمووان ئەوەیە كە حكومەتی توركیا هەنگاوی ئەرێنی زیاتر لەوەی ئێستا بەرەو چارەسەری ئاشتییانە و لە رێی دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كورد بەگشتی و پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بنێ و ساڵی داهاتوو ساڵی گەشەكردنی ئەم هەوڵانە بێ و ئیتر مەنتیقی هێز و چەك بەلاوە بنرێ و بە هێزی مەنتیق و رەوایەتی و داننان بە یەكتردا چارەسەری ئەم كێشە مەترسیدارە بكەن كە ساڵانە قوربانی بێشووماری لە هێزەكانی هەردوولا و لە ریزی خەڵكی سڤیل لێ دەكەوێتەوە و زیانێكی مەزن بە ئابووری ئەو وڵاتە دەگەیەنێ و كۆسپ دەخاتە بەردەم رەوڕەوەی دیموكراسی و پێشكەوتن و گەشەكردن.

گەلی كوردمان لە رۆژهەڵاتی وڵات لەگەڵ كۆی ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا روودەدەن بە وەرچەرخانێكی مێژووییدا تێدەپەڕێ و نزیكبوونەوە و گرێدانی هاوپەیمانێتی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەنگاوێكی ئەرێنییە لەم بارودۆخەدا.

دووپاتكردنەوەی بژاردەی رێگەچارەی ئاشتییانە وەكوو ستراتیژ بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان، رەوایەتی دۆزی نەتەوەكەمان و جیهانبینی گونجاوی لەگەڵ پەرەسەندنەكانی جیهاندا دەسەلمێنێ و دۆستان و پشتگیرانی لەسەرانسەری دنیادا بۆ زیاتر دەكات و چەندین هەنگاویش لە بەدیهێنانی ئاواتی ستراتیژیی نیشتمانیمان نزیكتر دەكاتەوە.

هەوڵەكانی سەلماندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان وەكوو راستییەكی حاشا هەڵنەگر لەلایەن وڵاتان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە كە لە وڵاتی سویدەوە دەستی پێكردووە، وەرچەرخانێكی گەورەیە لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی كورددا و پێویستە برەوی پێ بدرێ و بە ئاراستەی هەرچی زیاتر سەلماندنی رەوایەتی دۆزەكەیدا ببرێ.

چاوەڕوانی هەمووان بۆ ساڵی داهاتوو ئەوەیە كە لەسەر ئاستی عێراق، ئارامی و ئۆقرەیی بێنە دی و پرۆسەی سیاسی بكەوێتەوە سەر راستە رێی خۆی لە رێی پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی پێكەوەیی و شەراكەت و دووركەوتنەوە لە وەلانانی یەكتر و تاكڕەوی.

لەسەر ئاستی دۆزی نەتەوەییش چاوەڕوانی بۆ ساڵی داهاتوو ئەوەیە كە لە هەموو ئەو وڵاتانەدا كە كێشەی كوردیان تێدایە، بژاردەی ئاشتی و دیالۆگ و پەیڕەوی كردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ ببنە بژاردەی لایەنەكان بۆ چارەسەر.

لەسەر ئاستی ناوچەكەش، ئەو گۆڕانكارییانەی هاتنە ئاراوە و هێشتا لە هەندێك وڵات بە شێوەیەكی دراماتیكیانە بەردەوامە و لە هەندێكی دیكەیدا لێكەوتەی مەترسیداریان لێكەوتۆتەوە و نیشانەكانی زەوتكردنی دەستكەوتەكانی شۆڕش و قۆرخكردنی دەسەڵات و پێشێلكردنی ئازادیان لێ دەركەوتووە، چاوەڕوانی گەلانی ناوچەكە لێیان ئەوەیە كە ساڵی داهاتوو بە خەباتی مەدەنی و سیاسی، ئەو گۆڕانكارییانە بخرێنەوە سەر راستە رێی خۆیان بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانی شۆڕشی گەلانی ناوچەكە و، دیموكراسی و ئازادی و ئاشتەوایی و پێكەوژیانی كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنی ئابووری بەدیبێنن.

لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانی ئەوە دەكرێ كە لە ساڵی 2013 ـدا خەباتی گەلان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و جیاكاری رەگەزی و چارەسەركردنی هەژاری و بیكاری و داڕمانی ئابووری و پیسبوونی ژینگە و بەبیابان بوون، هەنگاوی خێراتر بنێ و دەستكەوتی كردەنی هەبێ، چونكە ئەو كێشانە وەكوو كێشەی نێونەتەوەیی هەڕەشەی راستەقینە لە مرۆڤایەتی و ژیانمان لەسەر ئەم هەسارەیە و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەن.

خەباتی ئێمەیش لە هەرێمی كوردستان بۆ پشتگیری پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و ئەو بنەما دیموكراسییانەی ژیانی سیاسی هەرێمیان لەسەر دامەزراوە و، لەپێناوی پتەوتركردنی ستوونەكانی پێكەوەیی سیاسی و ئاشتەوایی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و گەشەكردنی ئابووری و دۆزینەوەی دەروەكانی چاكسازی لە رێی سازانی نیشتمانییەوە، برەوی دەبێ.

بەپشتیوانی یەكتر و یەكڕیزیمان و ئیرادەی یەكگرتوومان دەتوانین ئاواتەكانمان بەدی بهێنین.

دووبارە هاتنی ساڵی نوێ لە هەموو لایەك پیرۆز بێ بە كریستیان وموسڵمان و ئێزیدی و سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان و عێڕاق.

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

31/12/2012