ڕێزدار مه‌سرور بارزانی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان بۆ که‌ناڵی ئه‌لعربیه

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1000
image

٭ لەبەرچی گەیشتینە قۆناغی ئامادەسازیی هێزی سەربازی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا؟
مەسرور بارزانی : ئەو گرفتانەی ئەمڕۆ دەیبینین كەڵەكەبوونی گرفتی ڕابردوون و ئێستا كاریگەرییەكانیان دەبینین، جەوهەری گرفتەكانیش لەجیاوازیی شێوازی حوكمە لەنێوان دیدی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا، پێموایە بۆ زانینی كێشەكان پێویستە بۆ دواوە بگەڕێینەوە بۆ زانینی هۆكاری سەرەكیی ناكۆكییەكە ئەویش خۆی لە باوەڕیی حكوومەتی بەغدا بە مەركەزیبوونی حوكم دەبینێتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش ئێمە بڕواییمان بە نامەركەزییەت هەیە ئەمەش لە بنەڕەتدا كار و كاردانەوەی دروستكرد كە ئێمەی گەیاندە ئەو بارودۆخەی ئێستا تیایداین.
٭ بەڵام كاك مەسرور سەردانی ئێوە بۆ كەركووك لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن بەغداوە وەسفكرایەوە؟
مەسرور بارزانی: لەبارەی بڵاوكردنەوەی سوپا لە كەركووك و لە ناوچە كوردستانیەكان لەدەرەوەی هەرێم، دەستوور ڕێگەی مامەڵەكردنی لەگەڵدا بەپێی ماددەی 140ی دەستوور دیاریكردووە، ئەمەش ماددەیەكی دیار و بەرچاوە، بڵاوكردنەوەی هێز لەو ناوچانەدا لەخۆیدا هەنگاوێكی ئیستیفزازییە لەلایەن حكووومەتی مالیكییەوە، پێویستە ئەو پرسیارە بۆ عێراقییان ڕونبكرێتەوە : كێ یەكەمینجار دەستی بە خوڵقاندنی ئەو بارودۆخە كرد و ئەم هەنگاوانە چ كاردانەوەیەكیان لێدەكەوێتەوە؟ ئێمە پێمانوایە دەستوور چارەسەرییەكی تەندروستی بۆ ئەو مەسەلەیە داناوە بەڵام ئەم چارەسەرییە بەداخەوە بۆ چەند ساڵی دیكە دواخرایەوە،ئێستاش پشتگوێخستنی دەستوور و هەوڵی سەپاندنی چارەسەریی سەربازی بێگومان كاردانەوەی لەلایەن گەلی عێراق و كوردستانەوە لێدەكەوێتەوە.
٭ لەبەرچی ئەو سەردانەتان بۆ كەركووك كرد بۆ لای پیشمەرگە؟ ئایا ئێوە ئامۆژگاریتان بە پێشمەرگە دا بەوەی نەكەونە نێو هیچ شەڕێكەوە یان دانی ورەی زیاترە بە پێشمەرگە؟
مەسرور بارزانی: جارێ وەكو عێراقی ئازادیی ئەوەمان هەیە بچینە هەر شوێنێك لە دەوڵەت وهیچ كۆت وبەندێك لەسەر سەرۆك یان هەر كەسێك لە ئێمەوە نییە بۆ جووڵانەوەی ئازادانە لەنێو دەوڵەتدا ولەبارەی سەردانی سەرۆكەوە بەڕێزیان دەیویست لەنزیكەوە پێشمەرگە ببینێت وداوایان لێبكات لە هەر ئیستیفزازێكی لایەنی بەرامبەر هۆشدار بن، بێگومان هۆكاری سەرەكیی سەردانی ئەو ناوچانە ئاگاداربوونە لەوەی ڕوودەدات ئەمەش هەڵە نییە.
٭ كاك مەسرور بەغدا دەڵێت ماددەی 140 تەنها لەسەر كەركووك جێبەجێدەكرێت وهیچ پەیوەندییەكی بە مووسڵ ودیالا و سەڵاحەددینەوە نییە، لەبەرچی هێزەكانتان بەرەو پارێزگاكانی دیكەدا دەڕۆن؟
مەسرور بارزانی: ئەم خوێندنەوەیە بۆ دەستوور بەپێی ویستی خۆیەتی ئەمەش شێوازێكی نامۆیە بۆ شیكردنەوەی دەستوور، ئێمە باش دەزانین دەستوور بە شێوەیەكی ڕوون باس لەو ناوچانە دەكات كە تیایاندا ڕژێمی پێشوو بە زۆر و بەشێوەیەكی ڕێكخراو كوردی لە زێدی خۆیان كۆچپێكرد وئێستاش كورد هەوڵی ئەوە دەدەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، دەستووریش لەماددەی 140یشدا بەڕوونی پلانی كاركردنی لەگەڵ ئەو ناوچانەدا بە 3 قۆناغ داناوە یەكەمیان: ئاساییكردنەوەی بارودۆخ بەدوو قۆناغ بە گەڕاندنەوەی هەموو كۆچپێكراوان و گەڕاندنەوەی هاوردەكان بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان و قەرەبۆ بكرێنەوە، دووەمیان:ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی، سێیەمیان : ئەنجامدانی ڕێفڕاندۆمی گشتی لە لایەن خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی خۆیان، ئەمەیە چارەنووسە دەستوورییەكە كە بە ڕەزامەندیی هەموو لایەك لە دەستووردا جێگیركرایەوە و هەر ئەو دەستوورەش بوو كە 80٪ی گەلی عێراق بە بەڵێ دەنگی بۆ دا،كەواتە بۆ ئێستا چارەسەریی دیكە دێتە بەرچاو ولەبەرچی ئەو ماددەیە بە شێوەیەكی جیاواز شیدەكرێتەوە ؟ئەمەیە ڕاستیی ناكۆكییەكە، ئەوان كار بۆ ئەوە دەكەن لە هەموو ئەو بابەتانەی خزمەت بەوان دەگەیەنێت وەریبگرن و ئەو ماددانەی بە چارەسەركردنی گرفتەكان پەیوەستە پشتگوێی دەخەن.
٭ ئێستا لە میانەی ئەو قەیرانەی كە لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەغدا داوای كرد ئەو چەكە قورسانەی لەبەردەستاندایە بیگەڕێننەوە، ئەم چەكانەتان لەكوێ دەستكەوت؟
مەسرور بارزانی: ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و هەمیشە ئاراستەی ئێمە دەكرێت، ئێمە شەڕی ڕژێمی پێشوومان كرد وقوربانیی زۆرمان لەپێناو ئازادیی عێراق و ئازادیی گەلی خۆمان دا و ئەو چەكەی كە باسی لێوە دەكرێت لە ڕژێمی پێشوو واتا لە ڕژێمی سەددام دەستمان كەوت و وابزانم ئێمە بەشێكین لەو دەوڵەتە و مافی خۆمانە ببینە بەشێك لەسیاسەتی بەرگریی گشتیی ئەو دەوڵەتە، بەداخەوە ئێمە ئەو شتەمان لە مامەڵەكردنی بە غدا لە گەڵ هەرێمی كوردستان بەدی نەكرد، ئەوان تەنها لەكاتی باسكردنی ئەرك هەرێمی كوردستان بە بەشێك لە عێراق دەزانن،بەڵام لە باسكردنی ماف وەكو كیانێكی سەربەخۆ لەوان مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا دەكەن. ئەم چەكانە تاوەكو ئێستا لە عێراقن كەواتە ئەو نیگەرانییەی بەغدا لەبەرچی؟ ئەگەر ئێمە بۆ هەموو ڕێككەوتنەكانی ساڵانی پێشوو گەڕاینەوە دەبینین مووچە و ئامادەسازی و بودجەی پێشمەرگە دەبێ لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی بەرگریكاریی عێراقەوە بێت، بەڵام حكوومەتی مالیكی تاوەكو ئێستا پارەی پێشمەرگەی نەداوە و بەشێوەیەكی هاوسەنگ لەگەڵ یەكەكانی دیكەی سوپای عێراق چەكدار نەكردووە وبەهیچ شێوەیەك وا سەیری پێشمەرگەی نەكردووە كە بەشێك بێت لە سیاسەتی گشتیی بەرگریكاری عێراقی، جگە لەوەش دەرماڵەی سیادی لە بودجەی گشتیی عێراق دەبڕدرێت وملیارەها دۆلاریش لە بودجەی عێراقەوە بۆ بواری سیادی سەرفدەكرێت، بەڵام پێشمەرگە هیچی دەستناكەوێت پاشانیش بودجەی كوردستانیش بودجەی سیادیی لێدەبڕدرێت . كاتێكیش دەڵێن بودجەی هەرێمی كوردستان 17٪یە بەڵام وانییە وزۆر لەوە كەمترە،چونكە ئەوان ئەو 17%یە لە 80٪ی بودجەی عێراق دەدەنە هەرێمی كوردستان، سیاسەتی بەرگریی عێراقیش بەو پێیەی كوردستان بەشێكە لە عێراق دەبێ لەسەر بەغداوە بێت وپێویستە چۆن پارە بۆ بەرگریی عێراق سەرفدەكەن ئاواش لە بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان سەرفبكەن، بەڵام بە داخەوە ئەوان یاری بە بودجە و بەوسیستەمە دەكەن وڕای گشتی بە قسەی چەواشەكارانە پڕ دەكەن.
٭ بەڕێز مالیكی سەركردەی گشتیی هێزی چەكدارە و بۆی هەیە هێزی چەكدار بەرەو هەرێمی كوردستان بجووڵێنێت، لەبەرچی ئێوە ڕێگە لە هێزە عێراقییەكان دەگرن بەتایبەتی لەوكاتەی كە بڕیار وابوو سنووری نێوان عێراق و سووریا بپارێزن؟ لەبارەی بودجەش بەغدا دەڵێت هەرێمی كوردستان تەنها دوو ماددەی دەستوور دەناسێت،ماددەی 140 و ئەو ماددەیەی باسی خەرجییە ئیتیحادییەكان دەكات؟
مەسرور بارزانی: ئەمە ڕاست نییە،ئەوان لە مامەڵەكردن لەگەڵ دەستووردا تەنها ئەو ماددانە هەڵدەبژێرن كە خۆیان دەیانەوێ، پاراستنی گەلی عێراق بە عەرەب و كورد و توركمان و ئاشووری و كلدانییەوە ئەركی سەرەكیی سوپای عێراقە نەوەكو دەستوەردان لەبواری سیاسی و تەدەخولكردن لە یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسییەكان، ئەمە جگە لەپاراستنی عێراق لە وڵاتانی دراوسێ، عێراق تووشی هەڕەشەی دەرەكی نەبووە، بەڵكو گرفتەكان نێوخۆیین، كەواتە لەبەرچی سوپا لە كیانێكدا بڵاو دەبێتەوە كە بەشێكی گرنگی پێكهاتەی سیاسیی عێراقە؟ پێویستە هەرچی زووە گەلی عێراق وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگرێت وپێویستە حكوومەتی عێراقی نییەتی خۆی لە بڵاوەپێكردنی سوپا بەرامبەر هەرێمی كوردستان ڕوونبكاتەوە.
٭ ئێران و ئەمەریكا چ ڕۆڵێكیان لە هێوركردنەوەی ئەو قەیرانەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بینی؟
مەسرور بارزانی: پێموایە ئەم پرسە پرسێكی نێوخۆییە و بێگومان هەموولایەك بەرژەوەندیی خۆی هەیە جا چ وڵاتانی دراوسێ یان ئەمەریكا، ئەوان هەموویان عێراق بە وڵاتێكی گرنگ دەزانن و هەبوونی عێراقێكی سەقامگیر لە بەرژەوەندیی هەموواندایە، بۆیە ئێمە پێشوازی لە هەر هەوڵێك بۆ ڕاگرتنی قەیرانەكە دەكەین بەڵام لە هەمانكاتدا دووپاتیدەكەینەوە ئەمە پرسێكی نێوخۆییە و پێویستە لەچوارچێوەی عێراقدا چارەسەر ببێت.
٭ بەڕێز مەسرور، زۆر جار ئێوە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ئەو عەرەبانەی دێنە لای ئێوە ئێوە بە پلەبەندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن بەوپێیەی كارتی نیشتەجێبوونیان پێدەدەن، زۆرر كەس وای لێكدەدەنەوە وەكو ئەوە وابێت هاتبنە نێو وڵاتێكی دیكەوە ئایا بەمشێوەیە ئێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن یان ئەمە تەنها ڕێوشوێنێكی ئەمنییە؟
مەسرور بارزانی: ئەمە ڕێوشوێنێكی تەواو ئەمنییە و تەنها بۆ عەرەبان نییە بەڵكو لەسەر كوردیش جێبەجێدەكرێت، ئەوەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە دێتە نێو هەرێم بۆ پاراستنیان وپاراستنی ئاسایشیان، ئەوان دێنە كوردستان چونكە دەزانن هەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارامە،بەڵكو ئارامترین شوێنی عێراقە، ئەوان بۆ حەسانەوە و بەسەربردنی كاتی خۆش و زامنكردنی ئایندەی ڕۆڵەكانیان دێنە كوردستان، ئێمە دەمانەوێ ئەوان و خەڵكی هەرێمی كوردستان بپارێزین ئێمە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ئەو كەسانەی لەهەرێمی كوردستاندا دەژین بە ئەركی خۆمان دەزانین ئەو ڕێوشوێنانەش شتی ئاسایین، بەداخەوە تۆمەتی زۆرمان ئاراستە دەكرێت،بەڵام كوردستان وڵاتێكە بۆ هەمووان وئێمە زیاتر لە 100 هەزار عەرەبمان هەن لە باشووری عیراقەوە بۆ كوردستان هاتوون وتیایدا نیشتەجێن ولەوپەڕی خۆشیدا دەژین و بەخێرهاتنی هەر هاووڵاتییەكی عێراقی دەكەین كە بێتە كوردستان وتیایدا نیشتەجێن.
٭ دەڵێن هاوپەیمانیی كورد و شیعە كۆتایی پێهات ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكیشە سەرۆك كۆمار لە بەغدایە، بەڵام هیچ پەیوەندییەكی بە مالیكی نەكردووە و هیچ دیدارێكی لەگەڵدا ئەنجام نەداوە، چارەسەرییەكان چییە بۆ ئەو گرفت و قەیرانە؟
مەسرور بارزانی: ئەو گرفتە لەنێوان مالیكی و هەرێمی كوردستانە نەوەكو لەنێوان كورد و شیعە وئەوەی مالیكی هەوڵی دەدات بیكات كە بێگومان زۆر هەڵەیە خوڵقاندنی شەڕە لەنێوان كورد وعەرەب، ئێمە هەر گرژییەك یان شەڕێك لەنێوان یەكتردا ڕەتدەكەینەوە كورد و عەرەب لەدێر زەمانەوە بەیەكەوە دەژین وچەندین سەدەیە ئەو پێكەوەژیانە هەیە، كورد تووشی مەینەتی و ئازارێكی زۆر هات لەلایەن حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق هەروەها تووشی ئیهانە و چەواشەكردن و كیمیاباران وكۆمەڵكوژی هاتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ڕوویدا نزیكەی 70 هەزار سەربازی سوپای عێراقی خۆیان بۆ كوردو پێشمەرگە بە دەستەوەدا و هیچ یەكیان تووشی لەسێدارەدان یان كوشتن نەهات تەنانەت هیچ یەكیان یەك قسەی ناشیرینی پێ نەگوترا، لەنێوان 19972000 باشووری عێراق تووشی وشككردنی ئەهوارەكانی هات ولەو ماوەیەدا ژماەیەكی زۆری عەرەب بەتایبەتی ئەوانەی شوانكاری دەكەن و مەڕ وماڵاتیان هەیە هاتنە هەرێمی كوردستان وكوردیش بەخێرهاتنیان كردن و ڕێگەیان پێدان لەوەڕگاكانیان تا كۆتایی هاوین بەكاربهێنن وهیچ یەكیان تووشی نەخۆشی نەهات،لەساڵی 2003 دا سوپا لە كوردستاندا زۆر ڕێكخراو بوو ودەكرا هەموو سنوورەكانی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكەین بەو شوێنانەش كە بەزۆر لە كوردستان دابڕێندراون بەڵام كورد ئەوەیان ڕەتكردەوە بۆ ئەوەی گرفتەكان بەشێوەیەكی سیاسی و ئاشتییانە چارەسەر بكرێن، لەبارەی هاوپەیمانیی نێوان كورد و شیعە وكورد و سوننە بێگومان هیچ گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە ئێمە باوەڕیمان بەوە هەیە كورد دەتوانێ بەشێوەیەكی ئاشتییانە و بەپێكەوەژیان لەگەڵ سوننە و شیعە و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقدا هەبێت وپێویستە هەموومان لەسەر شێوازی حوكمی دەوڵەت بەپێی دەستوور ڕێكبكەوین، ئێمە باوەڕیمان بەوە هەیە دەستووری عێراقی بریتییە لە كۆمەڵێك چارەسەریی یەكلاكەرەوە،بەڵام گرفتەكەی ئێمە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانێكە وەكو ئێمە تێی ناگات وباوەڕیی پێ نییە گرفتی سەرۆك وەزیرانیش تەنها لەگەڵ كورد نییە بەڵكو لەگەڵ هەموو گەلی عێراقە،گرفتەكە لە سیستەمی حوكمە بە ناكۆكی لەنێوان مەركەزییەت و نامەركەزییەت لە حوكم، ئەی لەبارەی سوننە و ئەو شیعانەی پاڵپشتیی سەرۆك وەزیران ناكەن؟ئەوان هەموون تووشی دابڕاندن وپشتگوێخستن ولەكارلادان دەبن،ئەوەشی ئێستا دەیكات هەڵەیەكی زۆر گەورەیە بەوەی دەیەوێ وا نیشانبدات ناكۆكییەكە لەنێوان هەردوو نەتەوەی كورد وعەرەبە ئێمەش ئەوە بە تەواوی ڕەتدەكەینەوە و باوەڕیمان بەوە هەیە كە دەتوانین بە یەكەوە بژین وئێستاش ئێمە لەبەردەم گرفتێكی گەورەداین ودەبێ بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.
٭ ئێوە باسی دەستوور دەكەن و بەڕێز مالیكیش دەڵێت كورد زۆر لە ماددەكانی دەستوور پێشیلكردووە، هاوبەندیی نیشتیمانی دەڵێت دەستوور، عێراقییە دەڵێت دەستوور، كەواتە كوا دەستوور لەكاتێكدا هەمووی ناوی دێنێت؟
مەسرور بارزانی: بێگومان ڕاستی وئیدیعا دوو شتی لەیەكتر جیاوازن ئەمەش لەخۆیدا ناكۆكییە، ئێمە باوەڕیمان بەدەستوور هەیە، بەڵام چۆن ئێمە چۆن دەستوور جێبەجێبكەین لەكاتێكدا كە بڕیارە سەرەكییەكان لەبەغداوە دەرەدەچێت؟ ناكۆكییەكە لەوەدایە كە بەغدا هاوبەشانی خۆی پشتگوێ دەخات،مالیكی وەكو بەشێك لە كیانێكی سیاسیی گەورە هاتە سەر حوكم وئەو سەرۆك وەزیرانێك نییە بە هەڵبژاردن هاتبیتە سەر حوكم تا بەتەنیا ڕەفتار بكات، بەڵكو ئەو بەشێكە لە سیستەمێكی سیاسی هاوشانی سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان، ئەوان سیستەمی سیاسیی دەسەڵات پێكدێنن و پێویستە بڕیارەكانی دەوڵەت بەشێوەی ڕاوێژكاری لەنێوانیاندا دەربچێت هەموویان پێویستە لەبارەی بڕیارە یەكلاییكەرەوەكانی دەوڵەت ڕاوێژی بكەن بەڵام، بەداخەوە ئەو بڕیارانە بەشێوەیەكی تاكڕەوانە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دەدرێت وبەداخەوە هەر خۆی دەستوور پێشیل دەكات بەتایبەتی لە ڕووی پشتگوێخستنی ئەو خاڵانەی خزمەتی بەرژەوەندیی ئەو ناكەن، ئەو نوێنەرایەتیی دەزگای جیێبەجێكار دەكات ولە جێبەجێكردنی دەستوور بەرپرسن ئێمەش هەمیشە بۆ گەیشتن بەچارەسەرییەكی ئاشتییانە هەمیشە خۆمان لە ڕەخنەگرتن لە حكوومەت دوور خستووە، ساڵانێكی زۆر تێپەڕی وخەڵكانی زۆریش لەو حاڵە بێزار بوون وئێستاش وا دەبینن كە خەڵكانێك هەن دەیانەوێ ئەلتەرناتیڤ بۆ دەستوور بدۆزنەوە.
٭ زۆر كەس كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكات كە وەكو دەوڵەت ڕەفتار دەكات واتا دەوڵەت لەنێو دەوڵەت لەكاتێكدا كە كورد لە حكوومەتی بەغدا بەشدارن و ڕەخنە لە حكوومەتی بەغدا دەگرن و باسی ئەوەش دەكرا كە حكوومەتی بەغدا ڕێگە بەوە نادات بە بێ ڕەزامەندیی ئەوان ئێوە و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە سەفەر بكەن؟
مەسرور بارزانی: دەمەوێ بەر لە هەموو شتێك بزانم فیدراڵیزم لەلای بەغدا چ واتایەكی هەیە؟ فیدراڵیزم ئەوەیە تۆ پایتەختی دەوڵەتت هەبێت هەروەها هەرێمی فیدراڵیت هەبێت كە لەڕووی پێكهاتەی دەستووری و ڕێكخستن وبەڕێوەبردنی كاری ناوخۆییان سەربەخۆییان هەبێت، كورد كۆنتڕۆڵی كوردستانیان كردووە و هەروەهاش خەڵكی بەسڕا كۆنتڕۆڵی بەسڕایان كردووە، ئەمە جگە لە ئەنبار و مووسڵ وئەو پارێزگایانەی دیكەی كە لەهەرێمێكدا ڕێكنەخراون، بەڵام وەكو هەرێم مافی ئەوەیان هەیە ببنە هەرێمی فیدراڵی ئەوەی كوردستان دەیكات جێبەجێكردنی دەستوورە وەكو خۆی. بەغدا ئەو پارێزگایەیە كە سەرپەرشتیی هەمووان دەكات و شوێنێكە بۆ هەمووان جا لەبەغداوە بن یان كوردستان یانیش بەسڕا بەگشتی بەغدا پایتەختی عێراقە بە باكوور و باشوور و ڕۆژهەڵات وڕۆژئاوای كەواتە ناكرێ ئەوە بڵێن كە بەغدا تەنها بۆ ئەوانە و كوردستانیش تەنها بۆ كورد وكوردستانیانە، بەغدا بۆ هەمووانە بەڵام هەریەكە و شوێنی خۆی هەیە و بۆی هەیە بەڕێوەی ببات وئێستاش لەبەرچی كورد لە چوونیان بۆ بەغدا بێبەش دەكرێن؟ ئەگەر ئێمە بەشێك بین لەعێراق دەبێ بەغدا ببێتە پایتەختی ئێمەش.
٭ قسەی زۆر لەبارەی نەوتەوە هەبوون و بەڕێز شەهرستانی بەزۆر شت تۆمەتباری كردن و ئێوەش بەقاچاغی نەوت تۆمەتبار كران؟
مەسرور بارزانی: وەك پێم گوتی ئیدیعا لە ڕاستییەكان جیاوازە، وابزانم بەڵگە و ڕاپۆرت و دۆسێی زۆر هەن ڕێگاكانی قاچاغی نەوت لەباشووری عێراق دەسەلمێنێت، ئەمە جگە لە دۆسێ و بەڵگەگانی نەبوونی خزمەتگوزاری . هەرێمی كوردستان دەستوور جێبەجێ دەكات وئەوەی لەو هەرێمەدا دەكرێت بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ دەستوورە و وەزیری سامانە سرووشتییەكانی ئێمەش هەموو ڕوونكردنەوەكانی لەبارەی وردەكاریی هەموو هەنگاوەكانی ئەم پرسە پێشكەشكردووە هەمووشیان بەپێی دەستوورە كەتیایدا هاتووە(پێشخستنی كێڵگەی تازەی نەوتی لەدەسەڵاتی ڕەهای هەرێمە بەڕاوێژكردن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بەڵام كیڵگە كۆنەكان لەژێر بەرپرسیارێتیی حكوومەتی فیدراڵ دەبێت بەڕاوێژكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم) ئەوەش كوردستان دەیكات مومارەسەكردنی مافێكە كە دەستوور پێی داوە.
٭ كاك مەسرور قسە لەبارەی هێزەكانی دیجلە یان هەبوونی هێزی هاوبەش دەكرێت، ئەمە جگە لەهێزی نێوخۆیی چارەسەری چییە بۆ كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی بۆ شوێنە كۆنەكانیان؟
مەسرور بارزانی: پێویستە ئیدارەی ئێستای بەغدا هەموو هێزەكانی خۆی كە بۆ ناوچە كوردستانییەكان لەدەرەوەی هەرێم ناردوونییەتی بكشێنێتەوە چونكە ئەوە هۆكاری سەرەكیی ناكۆكییەكەیە، كشانەوەی هێزەكان و بڕیاردانی چارەنووسی ئەو ناوچانە تاكە چارەسەرن بۆ قەیرانەكە ئەگەر ئەوەش نەكرا كاردانەوە ڕوودەدات چونكە ئێمە قبووڵی هیچ بەدیلێكی نادەستووری بۆ چارەسەریی ئەو ناكۆكییە قبووڵناكەین . لەوانەیە هەندێك كەس بڵێن هێزی دیجلە بۆ پاراستنی ئاسایش هاتوونەتە ناوچەكە بۆیە دەكرێ بپرسین ئاسایش لە ناوچەكانی دیكە لەچ بارێكدایە؟پێتان وانییە بەغدا پێویستیی بەهێزی گەورەتر هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی؟ پێتان وانییە بەغدا پێویستیی بەهێزی زیاتر هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش؟لەبەرچی ئەو هێزانە دێنە كوردستان كە ئارامترین شوێنەی عێراقە؟ لەبەرچی مالیكی ئەو پارەیە بۆ خەڵك سەرفناكات كە پێویستیی بە خزمەتگوزاریی زۆر هەیە لەكاتێكدا كە بودجەیەكی لەبەردەستدایە بەبڕی20 ملیار دۆلار بەڵام زۆر شوێنی بەغدا ماوەی كەمتر لە6 كاتژمێر كارەبای پێدەدرێت،شاری گەورەی عێراق ئاوی خاوێنی نییە وئاسایش ڕۆژانە لەتێكچووندایە وئابووریی وڵات ڕووخاوە باری سیاسی لەپاشاگەردانیدایە پێموایە ئەركی سەرشانی سەرۆك وەزیرانە.
٭ ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا جووڵانەوەی پێشمەرگەیان بە جووڵانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل وەسفكرد كاتێك بەرەو شوێنێك دەڕۆن ودەیكەنە بەشێك لە خۆیان وەكو ئەمری واقیع، ئێوەش هەمان شت دەكەن؟
مەسرور بارزانی: با ڕوونی بكەمەوە، ئێمە باوەڕیمان بەوە هەیە ئەو ناوچانە بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانن بەڵام ئەوەی وای لە ئێمە كرد هێزەكانی خۆمان نەبەینە ئەو شوێنانە و كۆنتڕۆڵیان نەكەین جێبەجێكردنی دەستوور و چاوەڕوانیی چارەسەریی دەستوورین، ئێمە یەك پێشمەرگەشمان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بڵاو نەكردەوە.
٭ دوایین پرسیار بەڕێز مەسرور پەیامتان بۆ حكوومەتی عێراق چییە بۆ كۆتاییهێنان بەو دۆسێیە و بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هێز بەڕووی یەكتر نەجووڵێنین؟
مەسرور بارزانی: وابزانم باشترین ڕێگا گەڕانەوەیە بۆ دەستوور و وەستاندنی هاندانی شەڕی نەتەوەیی لەنێوان كوردو عەرەب، چونكە ئێمە براین و بەیەكەوە لەسەر خاكی ئەو دەوڵەتە بەیەكەوە دەژین، هەر دەبێ بگەینە چارەسەرییەكی ئاشتییانە و هەر ئەجەندایەك خزمەتی بەرژەوەندیی تاكە كەسێك بكات پێویستە وەلابنرێت وگرنگی بە خزمەتی نیشتیمان بدرێت نەوەكو بەرژەوەندیی تایبەتی وسیاسی