ده‌قی وتاری مسروور بارزانی له‌ پرۆژه‌ی ئازیزانی به‌ باوانكردنی منداڵانی بێ باوك

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    946
image

لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا بەبۆنەی راگەیاندنی پرۆژەی (بە باوانكردنی ئازیزان)ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەگرنگیدانی زیاتری منداڵانی بێباوك لە كوردستان كردو رایگەیاند: ئەركی سەر شانی هەموو لایەكمانە ئەو بۆشاییەی بۆ منداڵانی بێباوك لەكوردستان دروستبووە، بتوانین پرٍی بكەینەوە، ئەمەش دەقی وتارەكەیەتی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان


پێشەكی بەخێرهاتنێكی گەرمی ئێوەی بەڕێز دەكەم وسوپاستان دەكەم بۆ ئامادەبوونتان

بەڕێزان ...

گیانی هاوكاری و دەستگرتنی خەڵكی هەژار بەشێكی ڕەسەنە لە كولتووری كوردەواریمان، خەڵكی كوردستان بە كورد و توركمان وئاشووری و كلدان و مەسیحی و موسڵمان وئێزدی بەوە ناوبانگیان هەبووە كە باوەشیان بۆ خەڵكی لێقەوماو كراوە بووە و گەلەكەمان چەند نەدار و هەژاریش بووبێت لە هاوكاریكردنی یەكتر تەنانەت خەڵكی بیانیش درێغییان نەكردووە.

بەداخەوە بەهۆی چەندین ساڵەی شەڕی سەپێندراو و داگیركردنی خاكەكەی زۆربەی گەلەكەمان توانا ماددیەكەی لەو ئاستەدا نەبووە بتوانن هاوكاریی یەكتر بكەن و ڕێژەی هەژاری ونەداری كەمبكەنەوە.

بەڵام هەڵوێستی جوامێرانەیان بەردەوام هەبووە بەجۆرێك ئەو پارچە نانەی كە هەیانبووە هەمیشە ویستویانە لەگەڵ هاونیشتیمانیان بەشی بكەن، زۆرن ئەو نموونە جوامێرانە و ئەو كارە خێرخوازانەی پێشتر كراون و نموونەی زۆر بەرچاویشیان ئەوكاتە بوو كە ئەنفالی شووم ڕوویدا و زۆر لە خانەوادەی ئەنفالەكان هێندران ولەكەنارەكانی شار جێگیركران وخەڵكی شاری هەولێر خۆشەویست وشارەكانی دیكەی كوردستان بە هانایانەوە چوون ودەستی یارمەتییان بۆ درێژكردن، ئەمە یەكێك بووە لەو كارە خێر خوازییە گەورانەی هەمیشە شانازیی پێوە دەكەین ولەبیرمانە چۆن بەهانای یەكترەوە چوون.

جیا لەوەش گەلەكەمان بەردەوام دۆست و دڵسۆزی دەرەكیی هەبووە و لەكاتی ڕاپەڕین و دوای ئەوەش لە ساڵە سەختەكان گەلەكەمان تووشی نەهامەتیی زۆر هات و سوپاس بۆ هەموو ئەو ڕێكخراو و لایەنانەی لەو كاتە بەهانای خەڵكی ئێمەدا هاتن وئێمە بەڕێز و پێزانینەوە ئەمڕۆ بیریان دەكەینەوە.

هەندێك لەو ڕێكخراوانەی كە ئەو سەردەمە دەستی هاوكارییان بۆ ئێمە درێژكرد ئێستاش بەردەوامن بۆ گەیاندنی یارمەتی و هاوكاری بۆ بەشێكی گەلەكەمان لەوانەش مانگی سووری ئیمارات كە تاوەكو ئێستا ساڵانە یارمەتیی 5181 منداڵی بێ باوك یان بێ دایك دەدات و ئەم كارەیان جێگەی پێزانین و ڕێزێكی زۆری ئێمەیە و ئێمە سوپاسیان دەكەین، بەڵام ژمارەی ئەو ئازیزانەی بێ ناز وبێ دایك و باوكن زۆر لەوە زیاترە، بەپێی ئەو ئامارەی كە لەبەردەستی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدایە زیاتر لە 11 هەزار كەسی بێ ناز وبێ دایك وباوك لەكوردستاندا هەن ولەبەرنامەی ئێمەدایە كار بۆ ئەوە بكەین بتوانین دەستی یارمەتی بۆ هەر هەموویان درێژ بكەین.

سوپاس بۆ خوا ئێستا بەهۆی سەقامگیریی ئاسایشی هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی باش ڕەخساوە بۆ گەشەكردنی باری ئابووریی هەرێم، ئێستا ڕێژەیەكی بەرچاو لە خەڵكی خۆمان لەبواری بازرگانیدا سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و توانای ماددیی باشیان هەیە بۆیە كاتی ئەوە هاتووە لەئاستی ناوخۆشدا تواناكانی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ بواری خێرخوازی وڕێكیان بخەین ئیدی خۆمان ئاوەڕ لەو ئازیزانە بدەینەوە.

پێشی ئێستا بینیمان لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بۆ خەڵكی لێقەوماوی ناوخۆ تەنانەت لەپارچەكانی دیكەی كوردستانیش وەكو شاری وان و ئەو ئاوارانەی ڕۆژئاوای كوردستان هەڵمەتێكی گەورەی جەماوەری بەڕێوەچوو خەڵكی ئێمە سەلماندیان ئەم نەریتە ڕەسەنە لەنێویاندا بەبەهێزی ماوەتەوە.

ئاگادارین زۆرێك لەو خۆشەویستانەی ئێستا لێرەن ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئاوەڕیان لەخەڵكی هەژار و كەمدەرامەت داوەتەوە كە ئەمەش جێگەی ڕێز وپێزانینە بەڵام بە پێویستی دەزانین كە ئەم كردارە پیرۆزانە فراوانتر بكەین و ڕێكیان بخەین و بەیارمەتیی دەزگاكانی خێرخوازیی وەكو دەزگای بارزانی هەوڵبدەین ئەو یارمەتییە كاریگەرتر وئاسانتر بەو كەسانە بگات كە پێویستیان پێی هەیە.

ئێستا ئەوەی من ئاگادارم ئێوەی بەڕێز وخێرخوازی دیكە لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە یارمەتیی 2023 كەسی دیكەتان لەو ئازیزانە لە ئەستۆ گرتووە، من دەستخۆشیتان لێدەكەم و ئەمە بە ئەركێكی نیشتیمانی و ئایینی دەزانم و خوا پاداشتی هەموو لایەكتان بداتەوە.

ئەمە هەنگاوێكی باشە، چونكە وەكو یەكەم هەنگاو ڕێژەیەكی چاكی لەو ئازیزانە لەخۆگرتووە، هیوادارین بە بەشداریی خێرخوازانی وەكو ئێوە و زیاتریش برادەرانی دیكە ئەگەر بتوانن هەنگاو بنێن ئەو پرۆژەیە فراوانتر بكەین بەجۆرێك كە لەماوەیەكی نزیكدا لەو بەرنامەیە هەموو ئەو ئازیزانە بگرێتەوە كە هەروەك ئاماژەم پێیكرد ژمارەیان لەسەرووی 11 هەزار كەسە.

ئێوەی بەڕێز هاوبەشی ئەو پرۆژەیەن، خاوەنی ئەو پرۆژەیەن لەگەڵ برادەرانی دیكەدا دەبێ هاوكاری بكەن و هاوكاریی ئێمە بكەن و من داواكارم لێتان یارمەتیدەرمان بن بۆ بەرفراوانكردنی ئەم پرۆژەیە و هەر خۆشتان كارێكی وا بكەن بۆ ئەوەی ئەم كارە خێرخوازییە هەموو ئەو منداڵانە بگرێتەوە و ببن بە خاوەنی پرۆژەیەكی فراوان لەكوردستان و كەسێك لەوانەی لە نازی دایك و باوكیان بێبەش بوونە لەدەرەوەی ئەم پرۆژەیە نەمێنێت.

ئێمە وڵاتێكی دەوڵەمەندمان هەیە و خێر و بێری كوردستان لە ئاستێكدایە كە پێویستە ژیانێكی شایستە بۆ تێكڕای پێكهاتەكانی گەلەكەمان دابین بكەین، بۆیە دەبێ بە هەموو لایەكمان هەوڵبدەین بەپشتبەستن بە توانا ناوخۆییەكان ئاستی ژیانی گەلەكەمان بوژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و وێڕای ئەوەش دەستی هاوكاریمان دەبێ بگاتە خوشك و برایانمان لەپارچەكانی دیكەی كوردستان تەنانەت لێقەوماوانی گەلانی دیكە لە ناوچەكە و سەرانسەری جیهان.

جارێكی دیكە سوپاس و دەستخۆشیتان ئاراستە دەكەم و ئاراستەی هەموو برایانی بەڕێز و ئامادەبوان دەكەم لە دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا كار دەكەن دەستخۆشیتان لێدەكەم و سوپاستان دەكەم هیوادارم سەركەوتوو بن و پەنا بەخوا لەم كارە خێرخوازییەتان بەردەوام دەبن.
زۆر سوپاسی ئێوەی خۆشەویست دەكەم بەخێر بێن.