مەکتەبی سیاسی 60 مین ساڵیادى دامەزراندن لە سکرتاریەتى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان پیرۆز دەکات

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1016
image

بە بۆنەى شەست ساڵەى دامەزراندنى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و لە رێگەى ئێوەشەوە لە سەرجەم ئەندام و لایەنگر و خانەوادەى سەربەرزى شەهیدانى ئافرەتانى کوردستان دەکەین.

یەکێتى ئافرەتانى کوردستان هەر لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە رۆڵى کارا و بوێرى خۆى لە بزاڤى رزگاریخوازى نەتەوەکەماندا بینیووە و لە مەیدانى شەڕى رەواى گەلەکەماندا دژ بە ستەمکار و داگیرکارانى وڵاتەکەماندا ئامادەیی هەبووە، لەو پێناوەشدا چەندین شەهیدى بەخشیووە، کە شەهید لەیلا قاسم نموونەى بەرزى ئافرەتانى شەهیدە.

ئێوە لە چوارچێوەى بەرنامە و کارەکانتاندا لە قۆناغە جوداکانى خەباتدا هەمیشە هەوێنى پێشکەوتنى کۆمەڵگەکەمان بوونە، لە پاڵ جێبەجێ کردنى ئەرکە نەتەوەییەکەتاندا رۆڵێکى کارا و چالاکیشتان لە ئاشناکردن و داکۆکیکردن لە مافە بنەڕەتییەکانى ئافرەتاندا هەبووە و جێ پەنجەتان دیارو بەرچاوە. ئەمرۆش لە سایەى ئەو پێشکەوتنەى لە کوردستان بەدیهاتووە ژمارەیەک ئافرەت بە سەرکەوتوویی و لێهاتووییەوە لە دامودەزگا فەرمیەکاندا کار بۆ باڵاکردنى کوردستان دەکەن. ئەمەش مایەى شانازییەکى گەورەیە بۆ یەکێتیەکەتان. لەم بۆنەیەدا جارێکى دیکە پاڵپشتى سەرکردایەتى پارتیمان بۆ بەرنامەکەتان دووپات دەکەینەوە و رایدەگەیەنیین هیچ بەربەستێک ناتوانى رێگریتان لێ بکات، چونکە ئێوە قوتابی قوتابخانەیەکەن، کە هەمیشە بە یەکسانى سەیرى هەردوو رەگەزى کردووە، لەسەر ئەو بنەمایەش دەرفەتى زیاتر دەڕەخسێنین بۆ کار و بەرنامەکەتان لە پێناو کۆمەڵگەیەکى یەکسانى دوور لە توندوتیژى خێزانییەوە. هاوکات دەستخۆشى کارەکانتان لێدەکەین، هانتان دەدەین بۆ کار و بەرهەمى زیاتر لە پێناو خزمەتکردنى ئافرەتانى کوردستان و بەرەنگاربوونەوەى دیاردەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان و ئەنجامدانى کارى سەردەمیانەى زیاتر بە شێوەیەک لەگەڵ ئەو پێگەیە بێتەوە، کە ئەمڕۆ کێشەى رەواى نەتەوەکەمان لە سەرجەم پارچەکانى کوردستان پێیگەیشتووە. دووبارە پیرۆزە ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان .


مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتى کوردستان