دەقى دیمانەى بەڕێز جەعفەر ئیبراهیم کە لە هەفتەنامەى زارى کرمانجى ژمارە(366) لە رێکەوتى 19/11/2012، بڵاوکراوەتەو

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1116
image

جه‌عفه‌ر ئیبراهیم، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان:
كردنه‌وه‌ى لقی باڵه‌ك بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ شوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ ده‌رنه‌چوونه‌

جه‌عفه‌ر ئیبڕاهیم ئێمنكى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان‌و وته‌بێژی فه‌رمی هه‌مان حزب له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌فته‌نامه‌ی زاری كرمانجی وێڕای ئه‌وه‌ی تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ندێك بابه‌تی گرنگی هه‌نووكه‌ی كوردستان و عێراق كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ تێروانینی حزبه‌كه‌ی له‌هه‌مانكاتیشدا باسی هۆكاره‌كانی كردنه‌وه‌ی لقی باله‌ك و گۆڕانكاریی قائیمقامه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تایبه‌ت به‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌كات.

*مه‌به‌ست له‌ كردنه‌وه‌ى لقى باڵه‌ك بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ؟
- به‌رفراوان بوونى رێكخستنه‌كانمان یه‌كێكه‌ بووه‌ له‌و هۆكارانه‌ى بیر له‌ گۆڕینی هه‌یكه‌لییه‌تی حزب له‌و شوێنه‌ بكه‌ینه‌وه‌، واته‌ به‌پێى پێداویستى گۆڕانكاری ستوونى و ئاسۆیی و زیادبوونى رێكخستنه‌كان، ئێمه‌ش گۆڕانكارى بكه‌ین، دواى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى، هه‌روه‌ها بوونی بیرۆكه‌یه‌كی وا كه‌ له‌هه‌ر قه‌زایه‌ك پێویست بكات لقێك هه‌بێت، به‌ پێویست زانرا ئه‌و لقه‌ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ باڵه‌كایه‌تی جگه‌ له‌وه‌ى قه‌زای لێیه‌، ناوچه‌یه‌كى سنووریشه‌، له‌رووى رێكخستنیشه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ى هه‌مێشه‌ باوه‌شیان بۆ پارتی كراوه‌ بووه‌‌و له‌ رووى مێژوییشه‌وه‌ پارتی و باله‌كایه‌تی لێك جیاناكرێنه‌وه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا رێكخستنه‌كانى ئێمه‌ له‌وێ گه‌شه‌یان كردووه‌، له‌ كاری رێكخستنیشه‌وه‌ رێژه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕی كرد پێویسته‌ بیر له‌ گۆڕانكاری بكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستمانزانى له‌وێ لقێك بكه‌ینه‌وه‌‌و ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌ مه‌كته‌بى سیاسى به‌ ئاماده‌بوونى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، بڕیارى له‌سه‌ر درا‌و به‌روارى 14-11-2012 واژووى كردنه‌وه‌ى ئه‌م لقه‌ له‌ لایه‌ن جه‌نابی سه‌رۆكی پارتی كرا.
* پێتانوایه‌ رێژه‌ى ئه‌ندامانتان له‌ ده‌ڤه‌رى باڵه‌كایه‌تى زیادى كردووه‌ ؟
- ناڵێم زۆر زیادى كردووه‌، به‌ڵام رێژه‌یه‌كى باش چووینه‌ پێش، له‌هه‌ندێك شوێن به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو زیادى كردووه‌، له‌ هه‌ندێك شوێنیش به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌، به‌گشتى زه‌مینه‌یه‌كى مێژوویى‌و مه‌عنه‌وى سیاسى رێكخستنى باشى پارتى دیموكرات كوردستان له‌وێیه‌وه‌ هه‌یه‌.
*هه‌یكه‌لى لقى باڵه‌ك چۆن ده‌بێت، ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ سنوورى لقى 10 ده‌رنه‌چوون، له‌م لقه‌ جێگایان ده‌كه‌نه‌وه‌؟.
- نه‌خیر، دورستكردنى ئه‌م لقه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، كه‌ شوێن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێته‌وه‌.
*سه‌باره‌ت به‌ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، ئێوه‌ وه‌ك پارتى چیتان كردووه‌، له‌كاتێكدا جه‌نابى سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌كاتى هاتنى بۆ سۆران، له‌ دانیشتنێكى جه‌ماوه‌ریدا موژده‌ى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆرانى راگه‌یاند، كه‌چى زیاتر له‌ دوو ساڵى به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێوه‌و ئه‌م ئیداره‌یه‌ نه‌كه‌وتۆته‌ بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ ؟
- ئێمه‌ وه‌ك پارتی به‌رده‌وامین بۆ ره‌خساندنی بواره‌ یاسایی و ئیدارییه‌كانی ئه‌و بابه‌ته‌، چونكه‌ دیاره‌ ته‌نها گرفت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ رووی یاسایی و ده‌ستووری كێشه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ و هۆكاری دواكه‌وتنشی هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا بڕیار و ئامانجمانه‌ ئه‌وه‌ بكه‌ین.
*له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ڤه‌رى سۆران، بۆ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، به‌پێى ئه‌وه‌ى به‌شێكى زۆرى خه‌ڵكى سۆران ئینتیمایان بۆ پارتى هه‌یه‌‌و ئه‌ندام‌و لایه‌نگری پارتین، به‌ڵام زۆربه‌یان گله‌یى له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ وه‌ك پێویست كار له‌سه‌ر پێداویستی خه‌ڵكه‌كه‌ ناكرێت، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ كه‌ له‌ ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ نیشته‌جێن؟
- خه‌ڵكى مافى خۆیانه‌ داواخوازى زیاتر له‌ حزب بكه‌ن، ئه‌و كاته‌ى داواكاریمان پێشكه‌ش ده‌كرێت، بڕواى زیاترمان به‌ خۆمان ده‌بێت، كه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ بڕوایان به‌ ئێمه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا داواكاریمان پێشكه‌ش ناكه‌ن، به‌ڵام هه‌میشه‌ راسپارده‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌وه‌ بووه‌ ، كه‌ به‌پیر داواكاری هاووڵاتییانه‌وه‌ بچن و له‌گه‌ڵیان دابن و دابران له‌ نێوانمان رونه‌دات، بێ گومان كاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین.
* ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی دڤه‌ری سۆران به‌ڵێنیاندا نووسینگه‌ی په‌رله‌مان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ریكه‌ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان كۆتایی دێت و به‌ڵێنیان نه‌گه‌یانده‌ جێ؟
- هه‌میشه‌ راسپه‌رده‌كانى سه‌ركردایه‌تى ئێمه‌ بۆ په‌رله‌مانتارانمان ئه‌وه‌یه‌ بگڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌نگده‌رانى خۆیان زوو زوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانیدا نوێنه‌ری هه‌موو خه‌ڵكه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌مه‌ راسپارده‌ى سه‌ركردایه‌تییه‌و به‌دواداچوونی جددی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین، كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ به‌ شتێكى باش ده‌زانم، به‌ڵام سه‌ردانكردنى ئه‌م خه‌ڵكانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانه‌وه‌ له‌وه‌ش گرینگتره‌، ماوه‌یه‌كه‌ چاودێرى ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانى خۆمان ده‌كه‌ین وه‌ك پارتى، به‌ڕاستى به‌گشتى لێیان رازین.
*چاودێریتان وه‌ك مه‌كته‌بى سیاسى بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ پیشه‌ییانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌ چۆنه‌؟
- لاى ئێمه‌ 3 جۆره‌ رێكخراو هه‌یه‌، رێكخراوى جه‌ماوه‌رى تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌، له‌رووى چالاكى، له‌رووى چاودێرى كردن، له‌رووى به‌دواداچوون، رێكخراوى پیشه‌یش هه‌نه‌، كه‌متر ده‌چینه‌ ناو ئیش‌و كاره‌كانى ئه‌وان، ته‌داخولى ئێمه‌ ته‌نها ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م سیاسه‌ته‌ى گشتى پارتیمان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌لایه‌ن ئه‌م رێكخراوانه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن، پاراستنی سه‌ربه‌خۆى ئه‌م رێكخراو پیشه‌ییانه‌ ئه‌ركى ئێمه‌و هه‌موو هێزه‌كانى دیكه‌ى سیاسییه‌، هه‌روه‌ها رێكخراوى دیموكراتى، یان رێكخراوى ئاره‌زومه‌ندانه‌، كه‌ په‌یوه‌ست نین به‌ پیشه‌وه‌و په‌یوه‌ستن به‌ سیفه‌تێكه‌وه‌، به‌ به‌دیلی حزبى سیاسی نازانین، به‌ڵام واتێده‌گه‌ین ته‌واوكه‌رن بۆ حزبه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌و رۆڵه‌ى حزبى سیاسى ده‌یه‌وه‌ بیبینێت، له‌رووى په‌روه‌رده‌یى‌و گه‌شه‌كردنى مرۆیى، كه‌ بتوانیت كه‌ش‌و هه‌وایه‌كى ئیجابى له‌ناو راى گشتى دروست بكه‌ى، هاوكارى حكومه‌ت بۆ بابه‌تی خزمه‌تگوزارى، پێمانخۆشه‌ بۆ هه‌موو ئه‌م رێكخراوانه‌، له‌ پێشبڕكێ دابین له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه‌، هاوكارى كردنى ئه‌م رێكخراوانه‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى مه‌ده‌نیمان ده‌بات.
*زۆر له‌ رێكخراوه‌كانى سه‌ر به‌ ئێوه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌كاتى بۆنه‌كاندا خه‌ڵكێكى زۆر كه‌میان پێ كۆده‌بێته‌وه‌، بۆنموونه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا بۆ به‌رگرى كردن له‌ داخوازیه‌كانى مانگرتووانى توركیا، ئه‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ بینیمان به‌زۆربه‌ى ئه‌م رێكخراوه‌نه‌ى سۆران، 40 كه‌سیان پێ كۆنه‌بووه‌وه‌، ئێوه‌ هه‌ست ناكه‌ن ئه‌مه‌ هۆكارى دووركه‌وتنه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ یان رێكخراوه‌كانه‌ له‌ جه‌ماوه‌ر ؟
- به‌بڕواى من رووداو خه‌ڵك كۆده‌كاته‌وه‌ نه‌ك به‌ بانگێشكردنى ئه‌م‌و ئه‌و، واته‌ هه‌ڵویستى خه‌ڵكى له‌گه‌ڵ جۆرى رووداوه‌كه‌ ده‌بێت، پێشموایه‌ له‌ كوردستانى باكوور گرفتێكى سیاسى هه‌یه‌ زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ى باسى لێوه‌ ده‌كه‌یت.
*هه‌ندێك پۆست هه‌ن له‌ده‌ڤه‌رى سۆران، ماوه‌یه‌كى زۆره‌ ئاڵوگۆڕیان پێنه‌كراوه‌، بۆنموونه‌ قائیمقامه‌كان، له‌هه‌مانكاتیشدا پۆست دراوه‌ته‌ كه‌سێك به‌گشتی خه‌ڵكى پێیان خۆش نه‌بووه‌، تا ئێستاش هاوكارى ئه‌م به‌رپرسه‌ ناكه‌ن، بۆچى هه‌وڵى گۆڕانكاری نادرێت ؟
- ئێمه‌له‌ناو پارتى به‌ پێى ئه‌زموون ئیش ده‌كه‌ین، سیسته‌مێكى واشمان نیه‌ كه‌ بڵێن "هه‌ردوو ساڵ قائیمقامه‌كانى خۆمان ده‌گۆڕین، به‌ڵكو كاتێك به‌رپرسێك له‌ شوێنێك دادنرێت، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بوو پشتیوانى لێده‌كه‌ین‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو زوو ده‌یگۆڕین، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و براده‌رانه‌ى كه‌ به‌دواداچوون ده‌كه‌ن‌و چاودێرى ورد ده‌كه‌ن، بۆیه‌ گۆڕانكارییه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه‌ ده‌بێت.
*هه‌واڵێكمان له‌لابوو گوایه‌ گۆڕانكارى به‌ قائیمقامه‌كان ده‌كرێت‌و براده‌رانى مه‌كته‌بى سیاسیش ئاگادارى ئه‌م بابه‌ته‌ن ؟
- راسته‌ به‌رنامه‌یه‌كى واهه‌بوو، له‌ ساڵی نوێ كۆمه‌ڵیك گۆڕانكاری ده‌كرێت، جگه‌ له‌مه‌ش له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبى هاوپه‌یمانى فه‌رمانره‌وا پارتى‌و یه‌كێتى له‌هه‌رێمى كوردستان باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ئاڵۆگۆڕ له‌ هه‌ندێك پۆستى قائیمقامه‌كان بكرێت، له‌ناوچه‌ جیاجیاكاندا ئاماده‌كارى ته‌واو بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ كراوه‌، كه‌ جێبه‌جێ بكرێت.
*پێتانوایه‌ به‌و جۆره‌ دیارده‌ى دوو ئیداره‌یه‌ى نه‌مێنێت، له‌هه‌مانكاتیشدا پێتوایه‌ قائیمقامێكى سنووری هه‌ولێر یا دهۆك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش قائیمقامێكى ئه‌وێ له‌ زاخۆ سه‌ركه‌وتوو بێت ؟
-به‌ڵێ من بڕواى ته‌واوم به‌سه‌ركه‌وتنى ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ هه‌یه‌، كاركردن‌و كاردانه‌وه‌ى ده‌بێت، ئه‌م دۆخه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ئارادایه‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین، هه‌نگاوى كردارى بۆ بنێن‌و به‌ره‌و سه‌ركه‌وتوونشی ببه‌ین.
*رێكه‌وتن نامه‌ى ستراتژى ئێوه‌و یه‌كێتى له‌ چ دۆخێكدایه‌؟
- هه‌ردوو لامان له‌ دۆخى پێداچوونه‌وه‌ داین، به‌هه‌ماهه‌نگى‌و بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینى هاوبه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌، گرفتمان له‌سه‌ر رێكه‌وتنى ستراتژى نه‌بووه‌، به‌ڵام زه‌مینه‌یه‌كى واهاتۆته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ هه‌ر دوو لامان پێداچوونه‌وه‌ بكه‌ین، هه‌ندێكی به‌هۆی درووستبوونی راى گشتییه‌، هه‌ندێك له‌لایه‌ن نوخبه‌وه‌ باسى لێوه‌كراوه‌، هه‌ندێكیش له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى‌و رێكخستنه‌كانى هه‌ردوو لاوه‌ باسى لێوه‌كرا، ده‌رئه‌نجام بابه‌ته‌كه‌ بووه‌ گفتوگۆى جددى، ئه‌م گفتوگۆیه‌ش كه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌و قۆناخه‌ داینه‌، دوو یاداشتنامه‌ى هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕ كراون، له‌لایه‌ن سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتی دیموكراتى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌رپرسى كارگێڕى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌دواین دیداردا، ئه‌وان یاداشتى پارتى ده‌خوێنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی خۆیان ده‌بێت، ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌، دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌ش خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان راده‌گه‌ینین‌و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێین.
*له‌یاداشته‌كه‌ى یه‌كێتیدا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ غه‌دریان لێكرا بێت ؟
- نه‌خێر له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتییه‌وه‌ له‌و كۆبوونه‌وانه‌ى ئاماده‌بووم، رۆژێك له‌ رۆژان باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌، كه‌ غه‌در له‌و حزبه‌ كرا بێت، سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ باس له‌وه‌ بكات‌و بڵێت، غه‌درمان لێكراوه‌و باس له‌ هه‌ندێك پۆستی ساده‌ی ئیداری بكه‌ن.
*ئه‌ى بۆ له‌لایه‌ن كادرانی یه‌كێتی ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر ده‌گوترێته‌وه‌؟
- كادر تێگه‌یشتنى جیاوازى هه‌یه‌، له‌ناو پارتیش خه‌ڵكێك هه‌یه‌ بۆڵه‌ بۆڵ ده‌كات، له‌ناو یه‌كێتیش به‌ هه‌مان شێوه‌، پله‌ داری گه‌وره‌ش بۆڵه‌ بۆڵ ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئه‌زیه‌تى بینیووه‌ یان مه‌غدوره‌، تێگه‌یشتنى ئه‌وه‌نده‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ به‌م شێوه‌یه‌ باسى لێنه‌كراوه‌.
* په‌یوه‌ندی سه‌ركردایه‌تی گۆڕان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی مێژوییه‌، هه‌ست ناكه‌ن ئه‌م قسانه‌ى له‌ ئاستى خواره‌وه‌ ده‌كرێن، له‌ناو كادرانى یه‌كێتى، ته‌نانه‌ت زۆرجار له‌ راگه‌یاندنه‌كان باسى لێوه‌كراوه‌، ده‌ڵێن پارتى له‌ رێكه‌وتنامه‌ى ستراتژى گۆڵى خۆى له‌ یه‌كێتى كردووه‌، پێتوانییه‌ كاریگه‌رى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌سه‌ر كادرانی یه‌كێتییه‌وه‌ بێت ؟
- لێكدانه‌وه‌ى وام نییه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌، من ورده‌كاریم له‌لایه‌، به‌ڵام باس له‌و ورده‌كارییانه‌ ناكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نامه‌وێت ئه‌م بابه‌تى وا بوه‌رژێنم، بۆیه‌ ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ كه‌ چیان گووتوه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ى به‌ گرنگى ده‌زانم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێككه‌وتن نامه‌ی ستراتیژی له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتییه‌ و ئه‌بێ واكار بكه‌ین، به‌ سوودى یه‌كێتى‌و پارتى‌و رێكخستنه‌كانى دیكه‌وه‌ بێت، هه‌ر رێكه‌وتنێكیش خه‌ڵك سوودى لێ نه‌بینێت، ئه‌و رێكه‌وتنه‌ چه‌ند پیرۆز بێت هیچ به‌هایه‌كى نابێت، بۆیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ لێكی ده‌ده‌مه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ى رێككه‌وتنى ستراتیژى واژووه‌ كرا، خودى نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى له‌و تیمه‌ دابوو، پێی باشبوو بۆ رێكخستنه‌كانى هه‌ر دوو لاو میلله‌تى كورد باس له‌ گرنگى ئه‌م رێككه‌وتن نامه‌یه‌ بكرێت، نه‌وشیروان ستایشى ده‌كرد‌و ئێستاش ئه‌م گرته‌ ڤیدۆیانه‌ ماون، له‌هه‌مان كاتیشدا له‌سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى‌و پارتى‌و رێكخستنه‌كانى هه‌ر دوولا به‌گشتى كه‌سێك نه‌بوو بڵێت ئه‌م رێكه‌وتن نامه‌یه‌ به‌ زیانى حزبێكه‌، چونكه‌ حیزبایه‌تى ئامرازه‌، ئامانج نییه‌، نه‌ پارتى نه‌یه‌كێتى، دووه‌میش ئه‌م رێكه‌وتنه‌ بۆ پرسێكى ستراتیژى‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان بوو، بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ بگوترێت ده‌بێت فڵان به‌ڕێوه‌به‌ر ئیلا له‌ پارتى یان یه‌كێتى بێت، رێككه‌وتن نامه‌ی ستراتیژی مه‌به‌ستى خۆى پێكاوه‌ له‌ سه‌قامگیرى سیاسى ئێستا، پڕ بایه‌خترین فاكته‌ر له‌ هه‌موو ده‌وڵَه‌تێك‌و هه‌رێمێكدا سه‌قامگیرى سیاسییه‌، دواتر سه‌قامگیرى ئارامی‌و ئاسایش‌و دام‌و ده‌زگاكانى حكومڕانییه‌ له‌ وڵاتدا، ئه‌م رێككه‌وتننامه‌ى ئێمه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى بوو، بۆ سه‌قامگیرى له‌ناو په‌رله‌مان‌و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان‌و دام‌و ده‌زگاو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ڵێم، با به‌ره‌و دواوه‌ نه‌چین، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ى ره‌خنه‌و گله‌ییه‌‌و له‌ جێى خۆیه‌تى‌و بۆ گه‌شه‌كردنه‌ هه‌موومان كۆكین كه‌ قسه‌ی زیاتریشی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین، ئێستا سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌گشتى باسى گه‌شه‌كردنى ئه‌م رێكه‌وتنه‌ ده‌كات نه‌ك گرفت، ئه‌مه‌ش هه‌مان بیرۆكه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌، كه‌ ئه‌م رێككه‌وتن نامه‌یه‌ پێویستى به‌گه‌شه‌كردن هه‌یه‌ نه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ى هه‌رێمى كوردستان پێویستى پێى هه‌یه‌.
*زۆرجار لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن یان هه‌ندێك له‌ كادرانى یه‌كێتى قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ر جارێك بابه‌تێك بێته‌وه‌ پێش، براده‌رانى پارتى بزانن ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندى به‌ خۆیان هه‌یه‌و له‌ سوودى پارتییه‌، ئه‌مه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ سوودى نه‌ته‌وه‌یى‌و نیشتیمانى، ئه‌گه‌ر به‌زیانى خۆشیانه‌وه‌ بێت ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ به‌ زیانى نه‌ته‌وه‌و نیشتمانى ؟
- من تێناگه‌م له‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى من لێى تێ ئه‌گه‌م پارتى‌و یه‌كێتییه‌، كه‌ هه‌ر دوو كیان دوو حزبى سیاسى نه‌ته‌وه‌یى دیموكراسین، له‌ رووى ئایدیۆلۆجییه‌وه‌ جیاوازیه‌كى وا له‌نێوان ئه‌م دوو حزبه‌ دانییه‌، له‌ رووى به‌رنامه‌ى سیاسى شتێكى جیاواز له‌نێوانیاندا نییه‌، به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى‌و سیاسى هاوبه‌شیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ ئامانجه‌كانیاندا له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم‌و عێراقدا ده‌ڵێى كۆپى یه‌كترن، پێموایه‌ ئێمه‌ وه‌ك پارتى ئه‌وه‌نده‌ حزبێكی تاكتیكی نین، كه‌ خه‌ڵكێك وا باس له‌پارتى ده‌كات، به‌ڵگه‌شمان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ى گۆڕان جیابووه‌وه‌ له‌ یه‌كێتى، ئه‌گه‌ر پارتى به‌ تاكتیك ئیشى بكردبوایه‌ ده‌بوایه‌ به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ ره‌فتار بكات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى تاكتیكى ره‌فتاری نه‌كرد، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى ستراتیژى ره‌فتارى كرد.
*ئه‌وان پێنوایه‌ كه‌ پارتى زۆر به‌وه‌ دڵته‌نگ بووه‌و مه‌ترسى ئه‌وه‌ى لادروست بووه‌، كه‌ یه‌كێتى‌و گۆڕان خه‌ریكى تاكتیكن ؟
- بیرۆكه‌یه‌كى ئه‌وها له‌ناو رێكخستنه‌كانى پارتى هه‌بوو، ئێستاش له‌وانه‌یه‌ هه‌بێت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تى پارتى بڕواى به‌وه‌ نه‌بووه‌، ده‌بێت واقیع بینانه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كى روكه‌ش بیرنه‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ سیاسه‌ته‌، سیاسه‌ت عه‌قڵ دروست ده‌كات، ئه‌و كات گووتم و ئێستاش ده‌ڵێمه‌وه‌، پرۆسه‌ى سیاسى له‌هه‌رێمى كوردستان له‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بوو كه‌ گۆڕان له‌ یه‌كێتى جیابووه‌وه‌، چونكه‌ پارتى پێویستى به‌ هاوبه‌شێكى به‌هێزه‌ نه‌ك لاواز، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ی گۆڕان له‌ یه‌كێتی پرۆسه‌ى سیاسى زیانی به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌یبینین مه‌به‌ستمان زیاتر پرۆسه‌ى سیاسییه‌.
*ئه‌گه‌ر ئه‌م ریككه‌وتن نامه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى كوردایه‌و بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌ى سیاسى كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كى به‌رفراوانترو قوڵتر ئیشى له‌سه‌ر بكرێت، لایه‌نه‌كانى دیكه‌ به‌تایبه‌تى ئۆپۆزسیۆن، بۆ پێى سه‌خله‌تن ؟
- چونكه‌ حه‌زی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌سته‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ بێنن، پێانوایه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى‌و پارتى به‌یه‌كه‌وه‌ نه‌بن ده‌توانن خێراتر ده‌سته‌ڵات به‌ده‌ست بێنن، له‌وانه‌یه‌ هۆكاره‌كه‌ى ئه‌مه‌ بێت.
* ماوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتى‌و گۆڕانه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، هه‌ندێكی ئاشكرا و هه‌ندێكیش دوور له‌ راگه‌یاندن، تاچه‌ند ئاگادارى ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ن پێتانوایه‌ له‌و كۆبوونه‌وانه‌ جۆرێك له‌ رێككه‌وتن نه‌بێت ؟
- ئێمه‌ ویستومانه‌ په‌یوه‌ندى ئێمه‌ زۆر ئاسای بن له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و به‌ سوودى پرۆسه‌ى سیاسى بن، هه‌روه‌ها به‌سوودى هه‌ماهه‌نگى بن له‌سه‌ر ئاستى به‌غدا، نامه‌نه‌وێت گرفت له‌ په‌یوه‌ندیكانمان دروست بێت، ئاگادارى هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانى یه‌كێتیشین له‌گه‌ڵ گۆڕان، واته‌ ئه‌وه‌ى راگه‌یاندن باس بكات‌و باس نه‌كات، هه‌ندێك له‌و كۆبوونه‌وانه‌ یه‌كێتى ئاگادارمان ده‌كاته‌وه‌، هه‌ندێك له‌وانه‌ گۆڕان ئاگادارمان ده‌كات، شتێكى شاره‌وه‌ بۆ ئێمه‌ له‌و رووه‌ نه‌بووه‌و نییه‌، بۆ كه‌سى دیكه‌ش شاراوه‌ نییه‌، به‌و پیوه‌ندییانه‌ش زۆر خۆشحاڵین، گۆڕان به‌شێكى گرنگه‌ له‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، به‌گرنگیشى ده‌زانین‌و زۆرجاریش ره‌خنه‌ى توندمان لێده‌گرن، به‌هه‌مانشێوه‌ش ره‌خنه‌ى توندیان لێده‌گرین، حه‌ز ده‌كه‌ین له‌وه‌ش رزگار بین‌و مامه‌ڵه‌ى باشتر له‌گه‌ڵ یه‌كترى بكه‌ین، گرنگی په‌روه‌رده‌ى سیاسى كه‌متر نییه‌ له‌ ئیداره‌ كردنى پرۆسه‌ى سیاسى، ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ش به‌وه‌ بده‌م په‌یوه‌ندمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نۆرماڵه‌و ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ گۆڕانیش نۆرماڵى بكه‌ین.
*ئه‌ى له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووى ئیسلامى چۆنه‌ ؟
- په‌یوندیمان به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كى باش ده‌ڕوات.
*له‌ رووداوه‌كانى بادینان یه‌كگرتوو قه‌ره‌بوو كرایه‌وه‌ ؟
- به‌ڵى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ قه‌ره‌بووكرانه‌وه‌، ئێمه‌ش پشتیوانیمان كردن، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیشمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى ئاسه‌وارى ئه‌م رووداوانه‌ نه‌هێڵین.
*له‌ راگه‌یاندنه‌كانى یه‌كگرتووى ئیسلامى زۆر به‌توندى هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد، كه‌ زۆرجار باسى كه‌مته‌رخه‌مى ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تى ناوه‌ندى هه‌رێم، له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئقلیمى‌و سیاسه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر بارودۆخى ناوه‌خۆو په‌یوه‌ندییه‌كان، هه‌موو كاتێكیش ناو سه‌ركرده‌ى سیاسى به‌تایبه‌تى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم‌و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دێنێته‌ گوڕێ، له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م هێرشانه‌ش پارتى بێده‌نگه‌و وڵامیان ناداته‌وه‌، هۆكارى وڵام نه‌دانه‌وه‌ چییه‌ ؟
- بێده‌نگى ئێمه‌ له‌ هێزه‌و هێرشى ئه‌وان له‌ لاوازی، مافى خۆشیانه‌ ره‌خنه‌ بگرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگاته‌ هه‌ره‌شه‌ مافى ئه‌وه‌یان نییه‌، ناشمانه‌وێت له‌و كات‌و ساته‌دا ده‌رگایه‌كى دوو به‌ره‌كى بكه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، ته‌ركیزى ئێمه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌، ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانه‌، چ له‌ به‌غداوه‌ ده‌ێن كه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كى شۆڤێنیانه‌ی زۆر مه‌ترسیدار له‌ناو هه‌ندێك هێزى سیاسى عه‌ره‌بى عێراقى هه‌یه‌، چ له‌و مه‌ترسییانه‌ى ده‌وروبه‌ر، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت راى گشتى هه‌رێمى كوردستان مه‌شغول نه‌بێت به‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ هه‌ره‌شه‌ له‌ یه‌كترى بكه‌ین، به‌داخه‌وه‌ ده‌بوایه‌ ئاستى ئه‌و راگه‌یاندنه‌ زۆر به‌هێزتر بوانه‌ له‌و ئاسته‌ى كه‌ ئێستا پێشكه‌شى ده‌كه‌ن، له‌هه‌مانكاتیشدا له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ره‌شه‌كان بگه‌نه‌ ئاستێكی ناته‌ندروست ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش قه‌بولى بكه‌ین، ره‌نگه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌مان تووشى توه‌ڕه‌یى ببێت‌و هه‌ڵوێستى هه‌بێت.
*به‌بڕواى تۆووه‌ جه‌ماوه‌رى پارتى له‌ زیادبووندایه‌ یا كه‌مبووه‌ ؟
- رێكخستنه‌كانمان له‌هه‌ندێك شوێن له‌كه‌مى داوه‌و جه‌ماوه‌ر له‌زیاد بووندایه‌ به‌ڵگه‌ى ته‌واویشم له‌به‌رده‌سته‌ له‌م رووه‌وه‌.
* پێتوایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو پارتى چۆن ده‌بێت پێشبینى ده‌كه‌ى 35% ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت ؟
- بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م، رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى پارتى 40% بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌بێت، به‌و مه‌رجه‌ى ئێمه‌ هه‌ڵمه‌تێكى باش بكه‌ین.
*پرسى ده‌ستورو گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ په‌رله‌مان، پرسێكه‌ ته‌واوى كه‌ناڵ‌و راگه‌یاندنه‌كانى سه‌رقاڵ كردووه‌، ته‌نانه‌ت سه‌نته‌ره‌ رۆشنبیرییه‌كان‌و ناوه‌نده‌كانى سیاسیش باسى لێوه‌ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌م ده‌ستوره‌ چى لێدێت ؟
- ده‌ستور زۆر گرنگه‌و شایسته‌ى گفتوگۆیه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستى ئێمه‌ له‌وه‌ نه‌گۆڕاوه‌ كه‌ پێمان وایه‌ ده‌ستور هه‌میشه‌ شایه‌نى گفتۆگۆ كردن و هه‌موار كردنه‌، به‌ڵام كه‌ى‌و چۆن ؟ لێره‌دا هه‌ڵوێستى ئێمه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك هێزى سیاسى دیكه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێن ره‌شنووسى ده‌ستور له‌ناو په‌رله‌مان ده‌رباز بووه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر دراوه‌، تازه‌ ناكرێت میكانیزمى په‌رله‌مان پێشێل بكه‌یت، ده‌توانین له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان جارێكى دیكه‌ بێن گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ین، تا بزانین مه‌به‌ست له‌ هه‌موار كردنى له‌ كوێیه‌و چییه‌؟، به‌ڵام براده‌رانى ده‌ڵێن نه‌خێر ده‌بێت بێنینه‌وه‌ ناو په‌رله‌مان، میكانیزمى په‌رله‌مان پێشێل بكه‌ین، رێكه‌وتنی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌و جا بچێته‌ ریفراندوومه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێن به‌ر له‌وه‌ى بچێته‌ رفراندۆم ده‌بێت رێكه‌وتنى نیشتمانى له‌سه‌ر دورست بكه‌ین‌و ئنجا هه‌موومان پێكه‌وه‌ بیبه‌ینه‌ ریفراندۆم، ده‌ڵێن ده‌رناچێت ئێ باشه‌ ئێمه‌ى هێزه‌كانى سیاسى رێككه‌وتنى له‌سه‌ربكه‌ین‌و بیبه‌ینه‌ ریفراندۆم، ده‌رنه‌چوو ده‌ى هێنه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین‌و به‌یاخى زیاترى پێده‌ده‌ین‌و ده‌یبه‌ینه‌وه‌ ریفراندۆم.
*قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ براده‌رانى ئۆپۆزسیۆن گومانیان هه‌یه‌ له‌وه‌ى بتوانن كارێكی وا بكه‌ن كه‌ ره‌ش نووسی ده‌ستوور له‌ رفراندۆم ده‌نگی پێویست نه‌هێنێت ؟
- له‌ناو هێزى سیاسى مامه‌ڵه‌ به‌گومان ناكرێت، په‌رۆشى ئێمه‌ بۆ ده‌ستوور ئه‌گه‌ر له‌خه‌ڵكى دیكه‌ زیاتر نه‌بێت ئه‌وه‌ كه‌متر نییه‌، هه‌رێمى كوردستان بۆ بێ ده‌ستوور بێت، له‌ساڵى 2002وه‌ ئێمه‌ خه‌رێكى ده‌ستوورین، كه‌چى تا ئێستاش بێ ده‌ستوورین، به‌پێى یاساكانى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌رێمى كوردستان پابه‌نده‌ به‌ ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق و ده‌بێ جێبه‌جێ بكات، عێراق بۆ ده‌ستى پێ كرد‌و له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ یه‌ك ساڵ ره‌شنوسى ده‌ستوورى نووسى‌و رایگه‌یاندو بردیه‌ ریفراندۆم‌و ده‌رچوو، بۆ ئه‌وان به‌و ماوه‌ كه‌مه‌ ئه‌مه‌ به‌ده‌ست بێنن، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستان په‌له‌ نه‌كه‌ین، له‌ لایه‌كی دیكه‌ ناتێگه‌یشتنێك له‌سه‌ر ده‌ستوور هه‌یه‌، كه‌ له‌ تێروانینی ئێمه‌ خالێكى به‌هێزه‌، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن به‌ خاڵێكى زۆر بێ هێزى ده‌زانێت، ئه‌ویش بیرتییه‌ له‌و خاڵه‌ی كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، چونكه‌ پێگه‌ى هه‌رێمى سیاسى به‌هێزتر ده‌بێت، ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن، نه‌خێر با له‌ناو په‌رله‌مان سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌ڵبژێردرێت. سه‌یرى سیسته‌مى ئێستاى په‌رله‌مان بكه‌، ده‌سته‌ڵاتى سه‌رۆكى هه‌رێم كه‌مه‌، به‌ڵكو ده‌سته‌ڵات له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌، واته‌ فه‌رموو حزبێكى سیاسى وه‌ره‌ رۆڵى خۆت له‌ناو ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ببینه‌وه‌، ته‌ركیزت له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم نه‌بێت، چونكه‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌سته‌ڵاتى كه‌مه‌، به‌ڵام پێگه‌ى سیاسى به‌هێز بێت، بۆ گفتوگۆ بۆ ده‌روبه‌ر هه‌رێمى كوردستان بتوانێت كه‌سایه‌تى‌و مه‌عنه‌وه‌ى به‌هێز بێت، ده‌بێت پێگه‌ى سیاسى به‌هێز بێت، له‌م رووه‌ دیراسه‌تى بابه‌تیمان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌یه‌، به‌ڕوانگه‌ى زاتى‌و شه‌خسى نه‌بووه‌، له‌ناو سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌ر له‌ هه‌موویان جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى بووه‌، كه‌ له‌مه‌دا جگه‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان، به‌رژه‌وه‌ندێكى دیكه‌ى پارتى له‌م پرسه‌دا نه‌بووه‌، ئێمه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هاوبه‌شین.
*رۆژنه‌ باس له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى هێزه‌كانى دیجله‌ ئه‌كه‌رێت له‌ناوچه‌ كوردییه‌كانداو ده‌ڵێن ده‌بێت كورد به‌كارت بێت بۆناو كه‌ركووك، دیدى ئێوه‌ وه‌ك پارتى چییه‌ له‌سه‌ر هاتنى ئه‌م هێزانه‌ ؟
- ئه‌مه‌ ئه‌نجامى ئه‌و سیاسه‌تانه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌سه‌نته‌ر له‌ به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌كرێن، چونكه‌ سیاسییه‌ن شكستیان هێنا به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێگه‌‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانى به‌هێزتر بوو، سیاسه‌تێكى راست‌و ره‌واى هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌م رووداوه‌ سیاسییانه‌ى له‌ عێراق، له‌ زۆربه‌ى بواره‌كاندا دواى چه‌ندین بوختان‌و به‌هانه‌ دژبه‌ هه‌رێمى كوردستان، سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناو له‌ دونیا كه‌س گوێى پێنه‌دان، دوڵه‌تانى جیهانیش سه‌یریان كرد، دان به‌خۆداگرتنى هه‌ریمى كوردستان راست‌و دروستتره‌، گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت‌و غاز دروستتره‌، داواكاریه‌كانى هه‌رێم، بۆ پێشمه‌رگه‌و هۆكاره‌كانى دیكه‌ دروستتره‌، قۆناخى دووه‌م ده‌ستیان كرد به‌ گوشارو هه‌ڕه‌شه‌‌و فشارى له‌شكرى، ئه‌مه‌ش زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌وه‌ى پێشوو، به‌ڵام ده‌بێت ئێمه‌ دان به‌خۆمان دابگرین، ئێمه‌ ئه‌م كاره‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین‌و به‌نا ده‌ستووری و نایاسایى له‌قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ین، ئه‌م جوله‌ پێكردنه‌ى هێز ده‌ستوورى‌و پێویست نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها فرۆشتنى شه‌ڕو ئاژاوه‌یه‌ به‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌گه‌ر راست ئه‌كه‌ن با له‌ناوچه‌كانى خۆیان ئارامی‌و ئاسایش بهێننه‌ دی.
*تاكه‌ى هه‌رێمى كوردستان دان به‌خۆى دابگرێت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م كرده‌وانه‌ى حكومه‌تى مالكى ؟
- به‌پێى ئه‌م زانیارییانه‌ى هه‌مه‌، ئه‌گه‌ر كار گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ى مه‌ترسی هه‌بێت له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد، خه‌ڵكى ئێمه‌ له‌ ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ به‌رگرى كردن، ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچوو كه‌ زۆردارى له‌ كورد بكرێت، خه‌ڵكێك هه‌یه‌ هه‌ندێك جار پرسى ناخۆش له‌مێژوو ده‌هێنێت‌و سه‌یرى ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ پشت به‌ستم له‌ جه‌ماوه‌رو هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوێستى توندیان ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌م هێزانه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا، له‌ئێستادا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كى له‌شكرى له‌همبه‌ر ئه‌م هێرشانه‌ له‌به‌رژه‌وندى ئێمه‌دا نییه‌، به‌ڵكو شه‌رمه‌زاركردنى به‌ شێوه‌ی چالاكى سیاسى و مه‌ده‌نى زۆر پێویسته‌، هه‌روه‌ها كار كردن بۆ هوشیارى نیشتمان‌و ئاماده‌سازى بۆ گشت رووداوه‌كان زۆر پێویسته‌.
نابی ئه‌وه‌ش له‌ بیر بكه‌ین كه‌ براده‌رانى له‌شكریش هیچ كاتێك له‌م رووه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌م نه‌بووه‌نه‌، له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، له‌ هێزه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، رێكخستنه‌كانى هه‌ر دوولا، خه‌ڵكانى دیكه‌ هه‌موو كات له‌ ئاماده‌باشی دان، به‌ڵام له‌م قۆناخه‌دا ئه‌وه‌نده‌ دان به‌خۆمان بگرین بارى ناوچه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كى واده‌گۆڕێ له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئێمه‌دا ده‌بێت.
*یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌كانى ئۆپۆزسیۆن باسى له‌وه‌ده‌كرد "له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان نا ئومێد بووه‌ له‌ توركیاو ئه‌و سیاسه‌ته‌ى كه‌ هه‌یانه‌ له‌گه‌ڵ توركیا له‌ پاشه‌ كشێدایه‌، بۆیه‌ بیرى له‌ به‌دیلێك كردۆته‌وه‌و نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى كۆمارى ئیسلامى كردووه‌ بۆ په‌یوه‌ندى بازرگانى، له‌وانه‌یه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمیش سه‌ردانى ئێران بكات، ئه‌م قسه‌یه‌ تاچه‌ند مه‌نتیقیه‌و وه‌ڵامى ئێوه‌ چییه‌؟
- ئه‌م قسه‌یه‌ وه‌ڵامى ئه‌م خه‌ڵكانه‌یه‌ كه‌ به‌ساده‌یى ته‌ماشاى سیاسه‌ت‌و دیبلۆماسییه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان‌و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، ده‌بوایه‌ ژیرانه‌تر ته‌ماشاى ئه‌م سیاسه‌ته‌ بكه‌ن، خه‌ڵكێك ئه‌و ناتێگه‌یشتنه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ بیرده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت یه‌كێتى‌و پارتى دابه‌شبوونه‌ به‌سه‌ر ئێران‌و توركیاو پاشكۆى ئه‌م سیاسه‌ته‌و ئه‌و سیاسه‌ته‌نه‌، سیاسه‌تى ئێمه‌ له‌ بڕیار و ئیراده‌‌و هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ئێمه‌ نه‌ده‌بینه‌ پاشكۆى ئێران، نه‌ده‌بینه‌ پاشكۆى توركیا، به‌ڵام توركیاو ئێران، هه‌ردوكیان بۆ ئێمه‌ گرنگن، ئه‌م واقیع بینییه‌ كه‌ توركیا بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ له‌ رووى بازرگانى‌و سیاسى، رۆڵى ئێمه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كوردى توركیا زۆر گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ رۆڵى خۆمان بچووك نه‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ ده‌خوازێت.