فازڵ میرانی: نەتەوەی كورد بۆ سەلماندنی ڕێژەو ژمارەی راستەقینەی پێویستی بە هێنانی چەند هەزار خانەوادەیەك نییە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    966
image

لەدیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی الموسڵیە، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان تیشكی خستەسەر چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان وپەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان وبەغدا وبارودۆخی هەنووكەیی گشتیی خستەڕوو.

هەبوونی سەرژمێرییەكی تەواو بۆ دانیشتوان

میرانی لە دیدارەكەدا جەختی لەسەر هەبوونی سەرژمێرییەكی تەواو بۆ دانیشتوان لەعێراق بەگشتی كردەوە نەوەكو سەرژمێریی گشتی چونكە وەك ئێستا باسی لێوە دەكرێت عێراق 30 ملیۆن هاووڵاتییە وگوتی: من هیوادارم عێراق 30 ملیۆن كەس بێت بەڵام من لەوە بەگومانم،شیعە ئیدیعای ئەوە دەكەن كە 65%ی عێراقن، سوننە دەڵێن ئێمە 19٪ین كوردیش دەڵێن ئێمە 13٪ی عێراق پێكدێنین، من لەوانە بەگومانم. جارێكیان كادیرانمان لەوە تووڕە بوون كە توركمان دەیانگوت ئێمە 3 ملیۆنین لەعێراق، من گوتم جا بۆ ئێوە تووڕە بوون، هیچ شتێك هەیە پێچەوانەی یان ڕاستیی قسەكانیان بسەلمێنێت؟ ئەو بابەتە دەمانباتە ئەو ئەنجامەی كە لەساڵی 2003 ـەوە حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە سەرژمێریی هاووڵاتیانی خۆی ئەنجامبدات دە كەواتە ئەو حكوومەتە چیی پێدەكرێت؟ چۆن دەتوانێت بزانێت كام شوێن چیی پێویستە وئەو شوێنە چەند كەسی لێ دادەنیشێت خۆ بەبۆچوونی من ئەهوارەكانی باشوور لە دهۆك و مووسڵ وهەولێر زیاتر پێویستییان بە خزمەتگوزاری هەیە بەڵام ئایا حكوومەت دەزانێت پێویستیی بە چییە وئێستا دانیشتوانی دوای گەڕانەوەی كۆچپێكراوانی، بەداخەوە حكوومەت ئەگەر ئەوە نەزانێت چۆن دەتوانێت ئابووریی خۆی بونیات بنێت؟ ئەوەی من بیزانم هەر پارێزگایەك بودجەیەكی باشی هەیە بەڵام ئایا چ جارێك پەرلەمان سەیری سایتی وەزارەتەكانی كردووە تا بزانێت چەند لەچی سەرفكراوە؟ زۆر وەزارەت هەن بودجەی خۆیان دەگەڕێننەوە چونكە نازانن لەچیی سەرفبكەن خۆ بودجەی تەشغیلی پشتی عێراقی شكاند بەتایبەتی دوای زیادكردنی بەردەوامی مووچە تا خەڵك لەخۆپیشاندان بێدەنگ بكەن و لەبەرامبەریشدا هیچ خزمەتگوزارییەك نییە ئەمەش گرفتێكی گەورەی نیشتیمانییە پێویستە هەموو عێراقییەك ئەوەی لەمێشكدابێت.

كەركووك كوردستانییە

میرانی هەموو ئەو ئیدیعایانەی ڕەتكردەوە گوایە پارتی و حزبە كوردستانییەكان 5-6 هەزار خانەوادەی كوردیان لە توركیاوە هێناوە بۆ ئەوەی ڕێژەی كوردی لەكەركووك پێ زیاد بكەن و لەوێ نیشتەجێیان كردوون، میرانی ئەوەی خستەڕوو كە جارێكیان بەرەی توركمانی لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ توركەكان ئەو تۆمەتەیان بەڕاشكاوی خستەپاڵ پارتی دیموكراتی كوردستان وگوتی: ئێمە لەوەڵامی ئەو تۆمەتەدا گوتمان: ئەو خانەوادانەی كە ئێوە دەڵێن لەتوركیا هێناومانە دیارە ئێوە ڕێگەتان پێیان داوە بێنە كوردستان، دەبڕۆن بزانن ئەو خانەوادانەی ئێوە گومانتان لێیان هەیە عەرەبی دەزانن یان نا چونكە خەڵكی كەركووك زۆربەی زۆرییان هەرسێ زمانی كوردی وعەرەبی وتوركمانی دەزانن، ئەگەر بینیتان ئەوان عەرەبی نازانن ئەوسا ئیدیعاتان ڕاست دەردەچێت، كاكە ئێمە هیچ كاتێك لەكەركووك هەستیاریمان لەگەڵ برایانی عەرەب نەبووە تا ئەو كاتەی حكوومەتی لەگۆڕنراوی سەددام حوسێن دەستی بە پرۆسەی تەعریب لەو شارەدا كرد، بۆ نموونە كورد دەچوونە ماڵی نازم عاسی كە نوێنەری بارزانیی نەمر بوو لە ناوچەكەدا، گۆڕانی دیموگرافیی ناوچەكە ئەو هەستیارییەی دروستكرد بەڵام بەویژدانەوە دەڵێم ماڵی نازم عاسی پێكهاتەی هەموو كەركووك دەزانن. كاكە كورد سروشتی دیموگرافیی كەركووكی نەگۆڕی بەپێچەوانەوە تاوەكو ئێستا زۆر لە خێزانی كورد نەگەڕاونەتەوە. بەبۆچوونی من چارەسەریی كێشەكە بەگەڕانەوەی چەند هەزار خانەوادەی كوردەوە نییە چونكە ناوچەیەكی فراوانی كەركووك لێی دابڕێندراوە و خراونەتەسەر پارێزگای دیكە بۆ نموونە پدرێ خراوەتە سەر هەولێر، چەمچەماڵ وكفری خراونەتە سەر سلێمانی، خانەقین خراوەتەسەر دیالا ئەوە پشتی كوردی شكاند نەوەكو عەرەبی هاوردە و عەشایەری هێنراو بۆیە پێش هەموو شتێك گەڕانەوەی ئەو قەزایانە پێویستە زۆریش بەداخەوە 4 قەزا لەكەركووك دابڕێندرا كەس قسەی نەكرد بەڵام بە گەڕانەوەی چەند خێزانێك هەموو لایەك دێتە گۆ، من پرسیارێك دەكەم: گوندی بەشیری توركمانی كێ داگیری كرد؟ بێگومان عەرەب.

قبووڵكردنی بەرانبەر

سكرتێری مەكتەبی سیاسی هەبوونی ڕەوشتی یەكتر قبووڵكردنی بە زامنی سەقامگیریی عێراقی زانی و گوتی: بە بۆچوونی من پێویستە لەچارەسەركردنی كێشەكان پشت بەپرەنسیپی قبووڵكردنی یەكتر ببەستین بەهەموو نەتەوە و پێكهاتە و ئایینەكانەوە و هیوادارم ئەوانەی پشتیان بەشۆڤێنیزمی عەرەبییەوە بەستووە هەموو خەڵك لە چوارچێوەی ئەو نەتەوەیەدا نەبینن، پێموایە عەرەبی مووسڵ پێویستییان بەهێنانی خانەوادەی عەرەب نییە بۆ بەعەرەبكردنی شەبەك یان ئێزدی، باشە ئەگەر ئێزدی كورد نەبن لەبەرچی عەرەبی نازانن و لەبەرچی لەكوردی زیاتر هیچ نازانن؟

من لەساڵی 2004-2005 پێشنیاری ئەوەم كرد ئێزدیان ڕاپرسییەكی تایبەتییان بۆ بكرێت وبائازادیی خۆیان بابڵێن ئێمە كوردین یان عەرەبین،دەباشە ئەگەر ئێزدی وشەبەك عەرەب بن لەبەرچی كۆچیان پێكرا و لادێیەكانیان بەعەرەبكرا؟ دەباشە لادێیەك لەناحیەی بەعاج هەیە كە هەموویان عەرەبن بەڵام وەكو من بەكورد قسە دەكەن، لەبەرچی هیچ ڕۆژێك داوامان لێیان نەكرد وەكو كورد تەعبیر لەخۆیان بكەن؟هیچ جارێك ئێمە لەنێو نەتەوەی كورد دا نەمانتواندنەوە، جارێكیان لەگەڵ تەها جەزراوی لەبەغدا دانیشتین پێیم گوت من باوكی شەهید سامی عەبدولڕەحمان دەناسم كە یەك ژنی هەبوو هەروەها براكانیشی دەناسم عوسمان و خدر و عەلی كە لەمووسڵن ئەوان بەعەرب نووسراون تەنها سامی بەكورد نووسراوە، من گوتم باوك ودایكێكی عەرەب چۆن كوردێك بەرهەم دێنن؟ ولەبەرئەوەی كە تەها جەزراوی كورد بوو خۆی لەپرسیارەكە دزییەوە، ئێستاش لەمووسڵ عەشیرەتی گەرگەری بەعەرەب نووسراون وئەگەر ئەوە نەكرابوایە ئەوكات كۆچیان پێدەكرا. بۆ زانیاریتان ئێمە داوامان لەمیری ئێزدییانیش كرد لیژنەیەك پێكبهێنن وباخۆیان ئەوە یەكلایی بكەنەوە كە كوردن یان عەرەب بۆیە دەڵێم نەتەوەی عەرەب ماشائەلڵا پێویستیی بەتواندنەوەی كەسانی دیكە نییە، ئەمە لەبەرژەوەندیی ئەواندا نییە.

پەیوەندیی كورد و ئوسامە و ئەسیل نوجەیفی

سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی دووپاتكردەوە نزیكبوونەوە لە ئوسامە و ئەسیل نوجەیفی لەوەدا نییە كە مەسەلەكە بە خانەوادەی نوجەیفییەوە پەیوەست بێت، ئەو دووپاتیكردەوە لیستی حەدبا لەسەر حیسابی كورد و دوژمنداریی كورد توانی دەنگێكی زۆر بەدەستبهێنێت وگوتی: ئێمە پیرۆزباییمان لە حەدبا كرد كاتێك سەركەوتن، ئێمەش وەكو برایەتیی نەینەوا سێیەكی دەنگەكانمان بەدەستهێنا بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە پارێزگار تەنها بۆ لیستێك دەبێت یان بۆ هەموو مووسڵە؟ خۆ ئەو كاتەش كە پارێزگار لەلیستی ئێمە بوو خۆی عەرەب بوو و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا عەرەب بوو دەشمانتوانی كەسێك دیكە دابنێین، ئێمە داوامان كرد پێكهاتەی مووسڵ وەكو خۆی ڕابگرن بەڵام ئەوان لیستی كوردستانییان پشتگوێ خست و هەمان سیاسەتی بەعسی گرتەبەر و كوردی هاوپەیمانی خۆیان لەشوێنی ئێمە دانا بەڵام دواتر هاوشێوەی ساڵانی شەست و حەفتاكان لەكارەكەی خۆیان پەشیمان بوونەوە، من پرسیاری ئەوە دەكەم لەبەرچی كورد بۆی نییە بارەگای لەمووسڵ هەبێت؟ ئێمە دوای ئەو تاكڕەوییە پارێزگای موسڵمان بایكۆتكرد،بەڵام دواتر بەگۆڕانی بۆچوونەكان ئێمەش گەڕاینەوە پرۆسەكە ولەئەنجوومەنی پارێزگا ماینەوە، ئێستاش ئەسیل نوجەیفی پارێزگای مووسڵە و خەڵكی مووسڵ خۆیان دەنگیان بۆی دا، بارودۆخی سیاسیش بۆ ئێمە ئەوەی بەباشتر زانی لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگا داوای مافی خۆمان بكەین وبایكۆتی نەكەین ئەوە لەبەرژەوەندیی خودی پارێزگا بوو چونكە پارێزگار تەنها لەشوێنی خۆی حەشاردرابوو لیستی ئێمەش لەبەعشیقە نەدەهاتنە دەرەوە و ناوچە كوردنشینەكان مامەڵەیان لەگەڵ كورد دا نەدەكرد بۆیە ئێمە لەسۆنگەی بڕوابوون بەدیدی هاوبەش وبەرژەوەندیی هاوبەش وایكرد بەشێك لەلیسی حەدبا بە بۆچوونی خۆیان دا بچنەوە، بێگومان ئەوكارەش ئەگەر بۆ یەك مانگیش بێت گرنگە، و ئێمەش بێگومان خۆمان لەمێژووی مووسڵ جیا ناكەینەوە.

كورد و پێترۆڵ

میرانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەموو عێراق مافی لە نەوتی عێراقدا هەیە و كورد مافی لە نەوتی مووسڵ وبەسڕا هەیە و خەڵكی مووسڵ وبەسڕاش مافیان لە نەوتی كوردستان هەیە و لەئاكامدا ئەنجامی 17% ی داهاتی نەوتی كوردستان دەگاتەوە هەرێم و گوتی: ئیكسۆن مۆبێل لەگەڵ پارێزگای مووسڵ وحكوومەت قسەی كردووە و تائێستاش گفتوگۆ لەمبارەیەوە بەردەوامە و وەك دەشزانین لەدەستووردا پارێزگای ڕێككەوتوو لەهەرێمێكدا مامەڵەی لەگەڵ دۆسێی پیترۆڵ لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەدا جیاوازە وپێشموایە پارێزگای مووسڵ دەبێتە كلیلێك بۆ چارەسەریی كێشەی ئیكسۆن مۆبێل لەعێراق و زۆر كەس ئەمە لەدژی نوجەیفی بەكاردێنن، بەڵام من دەپرسم ئەگەر ئەسیل نوجەیفی لەپارێزگا نەما و عەبدوڵلا حومەید عەجیل بووە پارێزگار هەمان شت دەكەن؟ من دەڵێم ئەگەر هەركەسێك بەڵگەی ئەوەی هەبێت كوردستان و ئیكسۆن مۆبیل گرێبەستی نهێنیی هەیە بابیسەلمێنێت.