ده‌قی وتاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ ڕێوڕه‌سمی ئه‌مڕۆی كردنه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی نیشتیمانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    985
image

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز، به‌یانیتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به‌ خێر بێن به‌ سه‌ر چاو، به ‌خێر بێن بۆ مه‌راسیمی ڕۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان. ئه‌مڕۆ خۆشحاڵم لێره‌ له‌گه‌ڵتان ئاماده‌ ده‌بم بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ، ئه‌ویش پرسی توندوتیژیه‌ دژی ڕه‌گه‌زی مێینه‌.
ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی نیشتیمانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان، له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كان و خه‌ڵكانی ئازادیخوازی جیهان به‌شدار ده‌بین له‌ هه‌وڵه‌كانی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان و كاری جددی له ‌سه‌ر نه‌هێشتنی توندوتیژیی خێزانیی ده‌كه‌ین.
لێره‌ له‌ ده‌ستپێكردندا ده‌مه‌وێ سوپاسی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان بكه‌م بۆ سازدان و ڕێكخستنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌، هه‌روه‌ها زۆر سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تی و وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی حكوومی و ناحكوومی‌ ده‌كه‌م كه‌ كاری جددیان كردووه‌ بۆ چاكتركردنی بارودۆخی ژنان و كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی و دابینكردنی ئاسووده‌یی بۆ خێزان.
ئه‌و چالاكیانه‌ی له‌ ڕۆژی 25ی مانگه‌وه‌ له‌ كوردستان ده‌ست پێكراوه‌ جێگه‌ی ده‌ستخۆشین. هیوادارم ئه‌و گه‌رموگوڕیه‌ی ئه‌مڕۆش به‌ درێژایی ڕۆژانی هه‌ڵمه‌تی نیشتیمانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌رده‌وام بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا ڕایده‌گه‌یه‌نین به‌ هه‌موو بڕوایه‌كه‌وه‌ نمایشێكی میدیایی نییه‌، به‌ڵكو له ‌باوه‌ڕی ته‌واوی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ مافه‌كانی ئافره‌تان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئازادیخوازانی جیهاندا ده‌زانین توندوتیژینواندن دژی ئافره‌تان هه‌ڕه‌شه‌كردنێكی جددییه‌ له‌ دیموكراسی. هیچ سیسته‌مێك ناتوانێ به‌ خۆی بڵێ دیموكراسی كه‌ ده‌رفه‌تی یه‌كسانیی ژیان و كاركردن بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ وه‌ك یه‌ك نه‌ڕه‌خسێنێ.
دڵنیام ئێوه‌ش هاوڕان له‌گه‌ڵ من كه‌ توندوتیژی ده‌رهاویشته‌ی نه‌بوونی یه‌كسانی و دادوه‌رییه‌. ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری جددی ده‌كه‌ین كه‌ حكوومه‌ت پارێزه‌رێكی چاوكراوه‌ی پاراستنی مافی ئافره‌تان بێت، هه‌روه‌ها دوور له‌ حیزبایه‌تی و مه‌حسووبیه‌ت ده‌رفه‌ت بۆ چوونه‌پێشه‌وه‌ی ئافره‌تانی خاوه‌ن توانا ده‌ڕه‌خسێنین.

به‌ڕێزان ..
ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 2007ه‌وه‌ ساڵانه‌ به‌شداریمان له‌و یادكردنه‌وه‌ و ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ جیهانییه‌دا كردووه‌، ئه‌نجامه‌كانیشی تاوه‌كو ڕاده‌یه‌كی زۆر جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندین، چونكه‌ بووه‌ هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی زیاتری هوشیاری له‌ ناو كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا.
ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ڕێز له‌ خه‌باتی ئافره‌تانی جیهان ده‌گرین، به‌ ڕێز و پێزانینێكی زۆریشه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ خه‌باتی ئافره‌تانی كوردستان له‌ ڕابردوو و له‌ ئێستادا. له‌ ڕۆژگاری شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تیدا هه‌موومان به‌ چاوی خۆمان ڕۆڵی ژنانمان له‌ كوردستاندا ده‌بینی، له‌ كاری سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیدا، له‌ دابینكردنی گوزه‌رانی منداڵه‌كانیان له‌ ئاواره‌یدا. هه‌زاران كچ و كوڕی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌ دوای ئه‌نفاله‌كان به‌ ڕه‌نج و خۆڕاگریی دایكانی كوردستان گه‌وره ‌كراون. پیاوی كورد كه‌ خۆی ئه‌و زۆرداریه‌ی بینیوه‌، ده‌بێ ئێستا شه‌رم بكات كه‌ غه‌در و زوڵم له‌ ئافره‌ت بكات له‌ كۆمه‌ڵگادا.
شه‌ره‌ف له‌ كوشتندا نییه‌، به‌ بڕوابوون به‌م بنه‌مایه‌، دژی نه‌ریتی كوشتن له‌ سه‌ر شه‌ره‌ف وه‌ستاینه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی به ‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و به‌ كرده‌وه‌ ڕێگه‌ی لێ بگرین، له‌ ساڵی 2007دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی گشتیی به‌دواداچوونی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ئافره‌تانمان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و هه‌ر چوار پارێزگای هه‌رێمی كوردستان دروست كرد كه‌ ئه‌وانیش نووسینگه‌یان له‌ ده‌ڤه‌ره‌كان و قه‌زاكان دروست كردووه‌ .
به ‌پێی ئاماره‌كان ژماره‌ی كوشتنی ئافره‌تان كه‌م بووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو، هه‌روه‌ها ژماره‌ی زۆری سكاڵاكردنی ئافره‌تان به‌رز بووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی هوشیاربوونه‌وه‌ی پتری ئافره‌تان و كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه‌‌. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك وڵاتانی پێشكه‌وتوو، چه‌ند شێلته‌رێكی داناوه‌ بۆ پاراستنی كچان و ژنان له‌ هه‌ڕه‌شه‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ بكه‌م له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ سلێمانی، گه‌رمیان، هه‌ولێر و دهۆك.
له‌ دوای ساڵی 2001 هه‌ندێ ماده‌ و بڕگه‌ی یاسای باری كه‌سێتی و یاسای سزادانی عێراقمان گۆڕی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یاسا مافی زیاتر بده‌ینه‌ ئافره‌تان، به‌م هه‌مواركردنانه‌ ڕێگه‌مان گرت له‌ فره‌ژنی، هه‌روه‌ها ڕێگه‌مان گرت له‌ كوشتن له‌ سه‌ر شه‌ره‌ف، ئه‌وه‌مان كرده‌ "تاوانی كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست". لێره‌شدا داوا له‌ حكوومه‌تی فیدرالی عێراق ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌وانیش هه‌نگاوی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بهاوێژن، چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ شێوازی جۆراوجۆر په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ژنهێنانی زیاتر و به‌شوودان و ماره‌كردنی كچان له‌ ته‌مه‌نی منداڵی و خۆشاردنه‌وه‌ له‌ تاوانی كوشتنی ژنان. لێره‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ حكوومه‌ت له‌ به‌غدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زۆر به‌ جددی وه‌ربگرێت و دیراسه‌تی بكات و ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ هاوكاریی ‌ته‌واوی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كه‌ین.
ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ 122 وڵاتی دیكه‌دا خاوه‌ن یاسای نه‌هێشتنی توندوتیژی خێزانییه‌، كه‌ ساڵی ڕابردوو په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندی كرد كه‌ پرۆژه‌كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ پێشكه‌ش كرا بوو، به‌ ئاماده‌كاریی چه‌ند چالاكڤان و كه‌سی شاره‌زا. ئه‌و یاسایه‌ به‌ بۆچوونی زۆر له‌ شاره‌زایان به‌ یه‌كێك له‌ یاسا پێشكه‌وتووه‌كان داده‌نرێت له ‌سه‌ر پرسی ژن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
زۆر سوپاسی رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان و چالاكڤانانی پاراستنی مافه‌كانی ژنان ده‌كه‌ین كه‌ یارمه‌تیان داین له‌ هه‌نگاونان و گۆڕین و دانانی یاسا پێویسته‌كاندا، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ داوایان لێ ده‌كه‌م كه‌ زیاتر چاودێریی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌ و یاسایانه‌ بكه‌ن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئافره‌تانه‌وه‌. هه‌روه‌ها پێویسته‌ به‌رده‌وام ماده‌ و یاسا تازه‌كان بۆ ژنان شی بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جیاتی خۆكوشتن په‌نا بهێننه‌ به‌ر حكوومه‌ت، ئێمه‌ش وه‌ك حكوومه‌ت پابه‌ندین به‌ پاراستنی مافه‌كانی ژنان و سه‌لامه‌تییان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
لێره‌وه‌ به‌ هه‌موو دایكان و خوشكان ده‌ڵێم، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ژێر هیچ زولمێكی ناوخۆی خێزانیدا بیر له‌ خۆكوشتن نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ده‌توانن حكوومه‌ت وه‌ك پشت و په‌نای خۆتان ته‌ماشا بكه‌ن و په‌نای بۆ بهێنن بۆ ئه‌و زوڵمه‌ی كه‌ لێتان ده‌كرێت.
پێویسته‌ سوپاسی زانا و مامۆستایانی ئایینی بكه‌م كه‌ ڕۆڵێكی منه‌وه‌رانه‌یان گێڕا له‌ ئه‌نجامدانی گۆڕینی پێویست له‌ یاساكاندا، له‌ هه‌مان كاتدا داوایان لێ ده‌كه‌م به‌ فراوانی به‌شداری له‌ هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیدا بكه‌ن، چونكه‌ به ‌ڕاستی ئیسلام ڕێگه‌ به‌و ڕووداوانه‌ی كوشتن نادات كه‌ له‌ كوردستان ده‌كرێن، هه‌روه‌ها خۆكوشتنیشی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك حه‌رام كردووه‌. له‌گه‌ڵ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕێزم بۆ هه‌موو مامۆستایانی ئایینی كه‌ به‌ ڕاستی ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییان بینی له‌ ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌، دیسانه‌وه‌ داوایان لێ ده‌كه‌م ڕۆڵی به‌رده‌وامی خۆیان ببینن.
ئه‌ركی مامۆستایانی قوتابخانه‌كانه‌ قوتابیانیان هوشیار بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ركی زانكۆ و سه‌نته‌ره‌ ئه‌كادیمییه‌كانه‌ لێكۆلینه‌وه‌ی پێویست له‌و باره‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن. داوا له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌م زیاتر ڕۆڵ بگێڕن له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ده‌رهه‌ق به‌م مه‌سه‌له‌یه‌‌.
ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌ت ئه‌ركی خۆمان له‌ پاراستنی ئافره‌تان ناخه‌ینه‌ سه‌ر پێكهاته‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام پاراستنی ماف و ژیانی ئافره‌ت ئه‌ركێكی هاوبه‌شی نێوان حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ هه‌نگاوی جددیمان هاوێشتووه‌ و ئێمه‌ له‌ كابینه‌ی حه‌وته‌م پێداچوونه‌وه‌یه‌كی وردمان كردووه‌ و نه‌خشه‌ی زیاترمان داناوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
له‌ كابینه‌ی شه‌شه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمدا ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان دامه‌زرا، ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ بوو كه‌ كابینه‌ی شه‌ش ئه‌نجامی دا، ئێستا به‌ یارمه‌تیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كه‌سانی شاره‌زای نێوده‌ڵه‌تی؛ ستراتیژیه‌تی تایبه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان له‌ سه‌ر ئاستی نیشتیمانی داڕشتووه‌، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ باشتر ڕۆڵی هه‌ماهه‌نگی و چاودێریكردن و به‌دواداچوون بگێڕێت، بۆردی چاودێریی مافی ژن له‌ كابینه‌ی حه‌وته‌مدا دامه‌زراوه‌. ئه‌و بۆرده‌ هه‌وڵ ده‌دات مانگانه‌ كۆبوونه‌وه‌ بكات به‌ به‌شداریی وه‌زاره‌ته‌كانی داد، ئه‌وقاف، ناوخۆ، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، ڕۆشنبیری، خوێندنی باڵا، كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زاره‌تی پلاندانان. هه‌ر له‌و بواره‌شدا یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌نجومه‌نی خانمان داده‌نرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی دامه‌زراوتر و كاریگه‌رتر ببێت.
له ‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای نه‌هێشتنی توندوتیژیی خێزانی وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌نجام دران، له‌وانه‌ش كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، له‌و بواره‌دا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش هاوكارمان بوو كه‌ لێره‌وه‌ سوپاسیان ده‌كه‌ین. له‌ ئه‌نجامدا توانیمان چه‌ند بڕگه‌یه‌ك بخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ، له‌وانه‌ش دانانی دادوه‌ری تایبه‌ت به‌ توندوتیژی، ڕاهێنانی دادوه‌‌ران و ئه‌فسه‌رانی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ نووسینگه‌كانی به‌دوداچوونی توندوتیژیدا. بڕیارمان داوه‌ 10 بنكه‌ی تایبه‌تی پۆلیس له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ینه‌وه‌ بۆ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی توندوتیژیی خێزانی و ئافره‌تان.
لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی داوا له‌ هه‌موو ئافره‌تانی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوه‌كانی ژنان بكه‌م كه‌ ئافره‌ته‌ ئاواره‌بووه‌كانی كوردستانی سووریا له‌ بیر نه‌كه‌ن. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ‌پێی توانا هاوكاریی ئه‌و خێزانانه‌ی كردووه‌ و ده‌یكات، به‌ڵام ئه‌ركێكی مرۆڤانه‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ سه‌ر ئێوه‌ش كه‌ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تیی پێویست بۆ ئه‌و دایكانه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پێی تواناتان هاوكارییان بكه‌ن له‌و میحنه‌ته‌ی كه‌ هه‌یانه‌.
هه‌روه‌ها داواتان لێ ده‌كه‌م كه‌ هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان ته‌نیا له‌و 16 ڕۆژه‌ی ماوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا نه‌بینن، به‌ڵكو به‌ درێژایی ساڵ ئه‌وه‌ وه‌ك ئه‌ركێكی خۆتان ببینن. پێویسته‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تیش به‌ ته‌واوه‌تی ماده‌ و یاساكانی په‌یوه‌ست به‌ پاراستنی ژیان و مافه‌كانی ئافره‌تان له‌ كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن.
ئێمه‌ ئاسووده‌ نابین تا نه‌بینین سه‌رجه‌م ژنانی كوردستان هه‌ست به‌ دڵنیایی ده‌كه‌ن. ده‌بێ وا هه‌ست بكه‌ن هه‌ر كاتێ هه‌ڕه‌شه‌یان لێ بكرێت حكوومه‌ت و پۆلیس و دادگاكان پارێزگاریان لێ ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی كاردنی ئێمه‌یه‌. به‌ هیوای ژیانێكی خۆشتر بۆ سه‌رجه‌م ئافره‌تانی كوردستان.
به‌خێربێن به‌ سه‌ر چاو، زۆر سوپاس.