سەرۆكی كوردستان بۆ رۆژنامەی میللیەت: وەك كورد خۆمان لە هیچ شوێن و بەرەیەك دا نابینینەوە، ئێمە تەنیا بڕوامان بە دۆزی كورد هەیە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    980
image

حەسەن جەماڵ گەورە رۆژنامەنووسی تورك چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان ساز كردووە، كە بە دوو بەشی یەك لە دوای یەك و بە ناوونیشانی(با مانگرتن كۆتایی بێ) لە رۆژنامەی میللیەت بڵاوكراوەتەوە. ئەمەش تەواوی ئەو راپۆرتەیە، كە بڵاوبۆتەوە.

سەری رەش. هێلانەی هەڵۆیان
كورد بە ئەربیل دەڵێن هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە. لەوێوە بە ئۆتۆمبێل بۆ شارۆچكەی سەلاحەدین نیو سەعات رێگەیە، ئەو شوێنەی لە بەرزاییەوە دەڕوانێتە دەشتی كاكی بە كاكی هەولێر. مەودای راستەوخۆی لە گەڵ توركیا 180 كیلۆمەترە. بەڵام ئەوێش لە زمانی خەڵكەوە سەلاحەدین نییە و مەسیفە. لە بەرزترین خاڵی مەسیف كە بە یەكێك لە چیا بەرزەكانی كوردستان دێتە ئەژمار، سەری رەش هەڵكەوتووە. ئەو گردە وەك هێلانەی هەڵۆیان ناوی براوە و لەو شوێنەوە كوردستانی عێراق بەڕێوە دەبرێ. وتوێژی من بە هاوڕێیەتی فۆتۆگرافەر نامیق دوروكان، لە گەڵ سەرۆك مسعود بارزانی سەر لە نیوەڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەڵكەوتوو لە سەری رەش ئەنجامدرا و سەعات و نیوێكی خایاند. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی هەرێم لە تەنیشت بارزانی دانیشتبوو كە لە نزیكەوە كاری لە گەڵ دەكا. یەكەم چاوپێكەوتنم لە گەڵ بەڕێز مسعود بارزانی بۆ ساڵی 1993 دەگەڕێتەوە، كە لە شاری دهۆك بوو. لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو دا، چەندین جار وتوێژم لە گەڵیدا كردووە.

ناوچەكە لە ناو ئاگر دایە
ساڵانێكە شتێك هەیە ناگۆڕدرێ. ناوچەكە بە هیچ شێوەیەك سەقامگیر نابێ، بەردەوام و گەرماوگەرم بلێسەی دێ. كاتێك ئەمەم هێنایە زمان، كاردانەوەی بەڕێز مسعود بارزانی بەمجۆرە بوو: ناوچەكە لە ناو ئاگر دایە و بە پێكەنینەوە بەردەوام بوو و گوتی: بەڵام لەم بێنەو بەردەیەدا و لەو مەتبەخە چ جۆرە خواردنێك دێتە دەر، نازانم.
منیش سەرم لێ شێواوە
پاش ئاماژە كردن بە گۆڕینی بە پەلەی هاوسەنگی لە ناوچەكە و پەلەقاژە كردنی گەلێك شت، دەچمە سەر باسی پرسی دەستنیشان نەكردنی ئەوەی ناوچەكە لە كوێوە بۆ كوێ هەنگاو دەنێ. بۆی دەگێڕمەوە كاتێك لە هەولێر قسەمان دەكرد، كەسێك گوتی: وەك چۆن دەڵێن كێ بە كێیە. لە نێو جەرگەی ئەم ناوچەیە دا، كەس نازانێ كێ بە كێیە. بەڵام ئەو پێدەكەنێ. پرسیارم لێی كرد:ئێوە لەو ناوچەیە دا دەتوانن پێش خۆتان ببینن؟ من تا ئاستێكی زۆر سەرم لێ شێواوە؟ بارزانی كە بە گشتی خۆی كۆنتڕۆڵ دەكا، ئەمجارەیان خۆی پێ رانەگیرا و قاقایەكی لێدا:دە وەڵاهی منیش سەرم لێ شێواوە
پەیوەندییەكانمان لە ئاستێكی زۆر باش دایە
پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لە (ئاستێكی زۆر باش) دایە و لە پێناو گەیشتن بەو ئاستە، رۆڵی ئەرێنی حكومەتی ئاكپارتی بەرز دەنرخێنێ. دەڵێ بە مەبەستی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە دەبێ ئەم پەیوەندییانە هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئابوورییەوە پەرەیان پێ بدرێ.
پەكەكە لایەنێكی كێشەكەیە
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی دوولایەن پرسیارم لێی كرد، كە ئاخۆ پەكەكە فاكتەرێكی زیان بەخشە؟ تۆزێك بیری لە وڵامی پرسیارەكەم كردەوە و بەمجۆرە دوا. پەكەكە لایەنێكی كێشەكەیە. لێرەدا ئیرادەیەك پێویستە، ئیرادەیەكی سیاسی، ئیرادەیەك كە پەنا بۆ چەك نەبا و لە رێگەی ئاشتیانەوە كێشەكان چارەسەر بكا، تا ئێستا سەبارەت بە چارەسەری كێشەی كورد ئەم ئیرادەیە نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵام ئێمە بڕوامان بە چارەسەری ئاشتیانەی ئەو كێشەیە هەیە.
دوو رێبازی جیاواز
لە وەڵامی پرسیاری پەیامتان بۆ ئەنقەرە، پەكەكە، تورك و كورد چییە؟ بە كورتی ئاوا وەڵامی دایەوە: هەم بە نیسبەت ئەنقەرە و هەم پەكەكە، لە هەردوولا، دوو رێبازی جیاواز هەیە. لایەنێك هێشتا پێ لە سەر چەك دادەگرێ و شەڕی گەرەكە، لایەنەكەی دیكەش پێداگری لە سەر ئاشتی دەكا.
كە بۆ جاری دووەم پرسیارم لێی كردەوە. ئاخۆ لە نێو پەكەكەش دا كەسانێك هەن پێداگری لە سەر ئاشتی دەكەن؟ تەئكید دەكاتەوە و گوتی: (بەڵێ)، بەڵام ئێمە لایەنگری ئەو هێزانەی ناو ئەنقەرە و پەكەكەین كە خوازیاری چارەسەركردنی كێشەكانن لە رێگەی ئاشتیانەوە. هەروەها گوتی: لە میانەی دوا چاوپێكەوتنم لە ئەنقەرە، باسم لەوە كرد پڕۆسەی كرانەوە هاوشێوەی ساڵی 2009، نیاز پاكییە. جگە لەمە ئەم قۆناغەش بە تەواوەتی رانەوەستاوە.
كێشەكە قووڵتر دەبێتەوە
پرسیار و وەڵامی نێوان ئێمە و سەرۆك بارزانی بەمجۆرە بەردەوام بوو: ئایا پەكەكە بە چەك بە شوێنێك دەگا؟
سەرۆك بارزانی: بە چەك ناگاتە هیچ شوێنێك. سەردەمی خەباتی چەكداری تێپەڕیوە. پێویستە پەكەكە واز لە چەك بێنێ.
٭ نەخشە رێیەك هەیە؟ بۆ پێڤاژۆیەكی نوێ چ بكرێ باشە؟ كێشەكە قووڵتر و قووڵتر دەبێتەوە.
قسەكانی سەرۆك وەزیر ئەردۆغان لە ساڵی 2005 لە دیاربەكر دێنمەوە یاد كە گوتبووی (كێشەی كورد، كێشەی ئێمەشە، پاشان قسەكانی لە میانەی سەردانەكەی دا بۆ هەولێر. توركیا دەوڵەتێكە لە بەرامبەر هاوڵاتیانی بەرپرسیارە.
٭ چۆن نەخشە رێیەك پێویستە؟
سەرۆك بارزانی: سەرەتا پێویستە ئاگربەست رابگەیەنرێ، سەرەتا پێویستە چەكەكان بێدەنگ بكرێن (لەو مانایە دا ناڵێ یەكسەر چەكەكان فڕێ بدرێن و بخرێنە ژێر خاكەوە؛ وەك هەنگاوی دواتر ئاماژە بەم خاڵە دەكا حـەسەن جەماڵ) ئینجا هێدی هێدی هەنگاو بنرێ و لە شتە ئاسانەكانەوە دەست پێ بكرێ.
پەروەردە بە زمانی دایك
٭ پەروەردە بە زمانی دایك، پەروەردە بە كوردی لە كوێی ئەو نەخشە رێیە دان؟
سەرۆك بارزانی: پەروەردە بە زمانی دایك، پەروەردە بە زمانی كوردی یەكێكە لە سەرەكیترین و سەرەتاییترین مافەكان. نابێ توركیا خۆی لەمە بدزێتەوە. هەروەها دووبارەی دەكاتەوە: بە راگەیاندنی ئاگربەست، قۆناغێك، نەخشەڕێیەك بە هەنگاوی بچووك لە هەرە ئاسانەكانەوە دەست پێدەكا. لە شتە ئاسانەكانەوە بۆ سەختەكان، قۆناغێكی زەمەنی دەوێ. فاكتەری ئۆجەلان
٭ لەم قۆناغە دا ئۆجەلان چۆن رۆڵێك دەتوانێ بببینێ؟ ئەم مژارە لە توركیا دا گفتوگۆی لە سەر دەكرێ. هەندێك دەڵێن پەكەكە ئیتر گوێ لە ئۆجەلان ناگرێ و هەندێكی تریش جیاواز بیر دەكەنەوە. ئێوە راتان چییە؟
سەرۆك بارزانی: ئەگەر بڕوانینە فەزای رای گشتی، كورد و بە تایبەت نووسەرانی توركیا لە قۆناغێكی ئاشتی بەمجۆرەدا، دەبینین كە ئۆجەلان دەتوانێ رۆڵ ببینێ. بە رای من، پەكەكە هێشتا سەر بە ئۆجەلانە. وەك دیارە، ئۆجەلان هێشتا كاریگەری بە سەر رێكخراوەكەوە هەیە، بەڵام كە مەسەلە دێتە سەر كردەوە و پراكتێك، بێگومان نازانم چ دەبێ.
چی لە دەستی من بێ درێغی ناكەم
نامیق دوركان لێرەدا دەكەوێتە ناو قسەكانمانەوە: ئەگەر بێتو قۆناغێكی وەك ئۆسلۆ سەر لە نوێ دەست پێ بكاتەوە، ناوبژیوانی دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: لە پێناو چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەكە، من بەردەوام ئامادەم. هەر لایەنێك بچووكترین هەنگاوی ئاشتیانە بەرز بكاتەوە، چی لە دەستی من بێ درێغی ناكەم.
٭ قۆناغێكی ئاوا لە گۆڕێ دایە؟
سەرۆك بارزانی: هێشتا هیچ شتێك لە ئارا دا نییە. ئەگەر شتێكی ئاوا ببینم و پێویست بە من بكا، من ئامادەم.
ئەو قسەیەی بەڕێز مسعود بارزانی كە دەڵێ : هێشتا شتێكی ئاوا لە ئارا دا نییە، رەنگدانەوەی راستیەكانە.
لە رۆژی هەینی رابردووەوە لە هەولێرم. بەردەوام چاوپێكەوتن ئەنجام دەدەین. ئەو بابەتانەی زیاتر هەڵوەستەیان لە سەر دەكەم، كێشەی كورد و پەكەكەیە لە توركیا.
لەوانەیە كەناڵی جیا جیای ئەنقەرە، لەوانە میت و وەزارەتی دەرەوە بڵێن لە گەڵ هەولێر لە پەیوەندی دان. بەڵام لە هەرێمی كوردستان، كە دەگوترێ لە ئێستا دا (دۆسیەی كورد) پەیوەندیدار بە كێشەی كورد و پەكەكە لە توركیا بەتاڵە، دیارە ئەودیوی راستیەكان نیشان دەدا.
مانگرتن لە خواردن
سەبارەت بە مانگرتن لە خواردن لە گرتووخانەكانی توركیا پرسیارم لە بەڕێز مسعود بارزانی كرد و بەمجۆرە وڵامی دامەوە:
سەرۆك بارزانی: ئەوەی راستی بێ بە مانگرتن پەیامی خۆیان دا. ئیتر پێموایە دەوڵەتیش دەبێ هەنگاو بنێ. بە كورتی، پێموایە پەیامەكان دران و وەرگیران، با مانگرتن لە خواردن كۆتایی پێ بهێنرێ. لە بەرامبەردا دەوڵەتیش وڵامی ئەرێنی بداتەوە.
دەبێ راستی كوردلە سوریا ببینرێ
كوردستانی سووریا، وەك هەندێك كەسیش دەڵێن: رۆژئاوای كوردستان. وەك چۆن سەردەمانێك رای گشتی تورك پێی وابوو تەنیا باكووری عێراق هەیە. وەك چۆن سەردەمانێك رای گشتی تورك نەیدەزانی بە راستی لە باكووری عێراق چ روودەدا. ئێستاش، دوای 400 كیلۆمەتر سنووری هاوبەش لە گەڵ عێراق، ئەمجارەشیان لە سنوری توركیا 900 كیلۆمەتر بووینە هاوسێ، سەبارەت بەوەی كە لە روداوە گەرماوگەرماكانی باكووری سووریا تێناگەین، دەست پێدەكەم. بارزانی پێدەكەنێ و ئاماژە بە هەندێك لە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیر ئەردۆغان دەكەم كە گوتبووی لە سووریا رێگە بە باكووری عێراقی نوێ نادەین و ناهێڵین قەندیلێكی نوێ دروست بێ. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی هەرێم كە چەندین ساڵە وەك باڵی راستی بارزانی كار دەكا، هێڵەكانی دەموچاوی ناگۆڕدرێن. نیگاكان لە سەر منن.دەڵێم لە كوردستانی سووریا، پەیەدە زیاتر زاڵە، واتە باڵی پەكەكە لەو وڵاتە كەمێك دەجوڵێنەوە.دەربارەی بۆچوون و پێشبینیان سەبارەت بەوەی پەیەدە لە كوردستانی سووریا دەتوانێ هێزێكی وای هەبێ یان نا، پرسیار دەكەم:
٭ پەیەدە لە كوردستانی سووریا گرنگە. ئایا بوونی پەیەدە، هەم بۆ ئێوە و هەم بۆ ئەردۆغان فاكتەرێكی نەرێنیە؟ هەروەها دەگووترێ، لە دوا كۆبوونەوەی دەوحە لە هەفتەی رابردوودا، توركیا و هەرێمی كوردستان لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە دژی پەیەدە یەكتریان گرتووە، لە مەڕ كوردستانی سووریا و پەیەدە چۆن بیر دەكەنەوە؟
سەرۆك بارزانی: لە كوردستانی سووریا، كێشەی كورد هەیە، واقیعێكی كوردی هەیە. تێناگەین بۆچی دەوڵەتانی ناوچەكە دان بە واقیعی كورد لە سووریا دانانێن. هەر پارچەیەكی كوردستان، تایبەتمەندی خۆی هەیە و تایبەتمەندییەكان جیاوازن. كێشەكە لە كوردستانی سووریا بە چ شێوەیەك چارەسەر دەبێ؟ قسە لە سەر ئەمە دەكەین. لایەنی عەرەب، لە ساڵی 1962 بە دواوە سیاسەتی تەعریب لە كوردستانی سووریا پەیڕەو دەكا، بەڵام لەم سیاسەتەیاندا سەرنەكەوتن. ئێستا ئیتر دەبێ راستی كورد ببینرێ.
دیسان قسەكانم دەبەمەوە سەر پەیەدە..
سەرۆك بارزانی: نكۆڵی لە پەیەدە ناكرێ. پەیەدە لە كوردستانی سووریا بوونی هەیە. بەڵام لە دەرەوەی سووریا، ئەمە زۆر گەورە دەكرێتەوە. لە سووریا كورد هەن، كوردی ئەوێ، كوردی سووریان. لەوانەیە كوردی ئەوێ سۆزیان بۆ پەیەدە و پەكەكە هەبێ، بەڵام مومكینە سۆزیان بۆ گرووپەكانی دیكەش هەبێ. ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، ئەوەیە كوردی سووریا شەڕی یەكتری نەكەن. بۆ ئێمە ئەو خاڵە زۆر گرنگە. لە لایەكی ترەوە، بێگومان گرنگە كورد عەڕەبیش شەڕی یەكتری نەكەن. بڕوام بەوە هەیە كە كورد لە نێو خۆیاندا، كورد لە گەڵ عەرەب و عەرەب لە نێو خۆیاندا، واتە گەلانی سووریا كێشەكانیان لە چوارچێوەی دیموكراسی دا چارەسەر دەكەن. ئەگەر پەیەدە لەم پێڤاژۆیە دا تێكدەر بێ و ببێتە لایەنی گوشار، ئەوا قەبووڵ ناكرێ. هێشتا زوویە. بەڵام ئەگەر پەیەدە پابەندی دیموكراسی بێ، ئەوا هیچ كەس كاری بە سەریەوە نییە. بەڵام ئەگەر دژی دیموكراسی دەربكەوێ، بە ئاڕاستەی بەرنامەی جیاواز دا بڕوا، نە كوردی سووریا، نە لایەنەكانی دیكە و نە ئێمەش ئەمە قەبووڵ ناكەین.
٭ دوای عێراق، ئێستا دیكتاتۆری بەعس لە سووریا خەریكە هەڵدەوەشێتەوە. پێدەچێ دوای عێراق، كوردی سووریاش بەڕێوەبەرایەتی خۆیان هەبێ. گەڕانەوە بۆ دواوە زەحمەتە. لەم چوارچێوەیەدا چۆن سووریایەك لە خەیاڵتان دایە؟
سەرۆك بارزانی: تا رۆژی ئەمڕۆ دان بە ناسنامەی كوردی سووریا دانەنراوە. بگرە تۆماری نیشتەجێبوونیان نییە. بەر لە هەر شتێ پێویستە واقیعی كورد لە سووریا لە بەر چاو بگیرێ. نزیكەی دوو میلیۆن و نیو تا سێ میلیۆن كورد هەیە. بوونی ئەم ژمارەیە لە سووریا بۆ ئێمە گرنگە. بۆ ئێمەی كوردی عێراق زۆر گرنگە، ئەوان بە مافەكانی خۆیان بگەن. ئێمە قەبووڵ ناكەین مافەكانی ئەوان رەت بكرێتەوە. بەڵام سەبارەت بەوەی چۆن سیستەمێك بێتە سووریاوە، ئەوا بابەتێكە خۆیان بڕیاری لە سەر دەدەن.
٭ پێشبینیتان دەكرد پەیەدە لە كوردستانی سووریا ئەو هێزەی هەبێ؟
سەرۆك بارزانی: ئەوەی لێرە دا گرنگە، ئەوەیە لە كوردستانی سووریا دەرگای بەخت بۆ پەیەدە كراوەتەوە یاخود ئەو ئاستەی پێی گەیشتووە، بەرهەمی باندۆڕی خودی پەیەدەیە؟ هێشتا نازانین، هەڵیدەسەنگێنین.
٭ ئەسەد ئەم دەرگایەی كردۆتەوە؟
سەرۆك بارزانی: وەك پرسیار لای ئێمەش ماوەتەوە. هێشتا وڵاممان بۆ نەدراوەتەوە و بەلامانەوە پرسیارە كە ئەسەدە یا كەسێكی تر؟ بڕیار نادەم. بەڵام ئەمە راستیەكە، پەیەدە لەو ئاستە دا نییە خوێ بتوانێ كوردستانی سووریا كۆنتڕۆڵ بكا. هێز و لایەنی دیكەش هەن. بە تایبەت هێشتا لەوە تێناگەین چۆن شوێنەكانی ئاسایش و ئیستیخبارات رادەستی پەیەدە كران و چۆن لە گەڵ كاربەدەستانی سووریا شان بە شانی یەكترین. هێشتا ئاشكرا نەبووە. هێشتا ئەم وڵامەمان وەرنەگرتوە كە ئاخۆ ئەمە رێككەوتنێكە یان لە لاوازبوونی رژێمی بەشار ئەسەدەوە سەرچاوە دەگرێ؟ ئێمە هەڵوەستەی لە سەر دەكەین. دووبارەی دەكەمەوە، ئێمە لە ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەین كورد لە كوردستانی سووریا لە نێو خۆیاندا بە شەڕ نەیەن.
دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی
٭ دەچمە سەر ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە. ئەو پرسیارەی بە بیر دێنمەوە كە ساڵی 1993 لە یەكەم چاوپێكەوتنم لە گەڵ ئەو لە دهۆك ئاراستەم كردبوو، سەبارەت بە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان وڵامەكەی منتان لە بیرە. باسم لە ئیدەئالی دەوڵەتی سەربەخۆ كردبوو. بەر لە هەموو شتێ، ئەمە مافی سرووشتی ئێمەیە. كێشەی هەرە گەورە لێرە دا ئەوەیە كورد بە سەر چوار دەوڵەت دا دابەشبوون. لێرەدا مەسەلەكە زەحمەت دەبێ. ئەگەر وا نەبوایە و كورد بە سەر دوو وڵات دا دابەش بوایەن یان هەر هەموویان بە سەر وڵاتێك دا، دەوڵەتی كوردی زۆر ئاسانتر دادەمەزرا. ئێمە لایەنگری گەیشتنی هەموو كورد بە مافەكانی خۆیانین. ئەمە مافی هەرە سرووشتی ئەوانە. ئیتر لە دونیا دا هیچ شتێك مەحاڵ نییە. لە پێناو دۆزێكی گەورە دا خوێنیش دەڕژێ و باجی گەورەش دەدرێ. بەڵام دواجار گومان لەوە دانییە كە چارەسەر دێتە دی و بە هەڵە لێك تێگەیشتن لە ئارا دا نامێنێ، ئێمە لەمڕوەوە دڵنیاین.
نموونەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەڵمانیا لەبەرچاوە. نموونەی چیك و سلۆڤاكی هەیە. یەكگرتن و جیابونەوە بە زۆر نییە، گەل خۆی بڕیار دەدا.
لایەنی تر، مافی ئەوەیان نییە بڕیار لە سەر مافەكانی ئەو گەلە بدەن.
بڕوانن، لەم چوارچێوەیە دا، دونیا لەم دە پانزە ساڵەی دوایی دا گۆڕانێكی گەورەی بە سەر هاتووە.
ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە
كاتێك باس دێتە سەر ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، سەرۆك بارزانی بەمجۆرە دێتە ئاخافتن: لەوانەیە ئاڵۆزیەكی زۆر لە ناوچەكە دا هەبێ، بەڵام لێرە دا ئەوەی بە لای منەوە گرنگە، دۆزی كوردە، من بڕوام بەمە هەیە. ئێمە نامانەوێ لە سەر حیسابی ئەوانی تر كێشە یاخود دۆزی كورد چارەسەر بكرێ. ئێمە دەمانەوێ لە گەڵ هەموو گەلانی ناوچەكە بە تورك، فارس و عەرەبەوە پەیوەندی تۆكمەمان هەبێ. لەگەڵ ئەوەش داین كێشەی كورد لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە باشانەدا چارەسەر بكرێ. نامانەوێ لە سەر حیسابی گەلانی دی ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین. لە هەمانكاتدا نامانەوێ ببینە هۆكاری هەڕەشە بۆ هیچ كەس و لایەنێك. بێگومان لە پێناو بەرژەوەندی لایەن و دەوڵەتانی دی، لە دۆزی كورد دا پاشەكشە ناكەین. وەك كورد خۆمان لە هیچ شوێن و بەرەیەك دا نابینینەوە. ئێمە تەنیا بڕوامان بە دۆزی كورد هەیە.
كە پرسیاری بەرەی لێدەكەم، بەمجۆرە بابەتەكەم بۆ روون دەكاتەوە:
سەرۆك بارزانی: ئێمە هیچ بەرەیەكمان نییە. نە ئەمریكا و نە توركیا تا ئێستا پێشنیاریان پێنەكردووین (ببنە ئەم یا خود ئەو بەرەیە) ئامانجی ئێمە دۆزی كوردە. ئێمە بۆ ئەمە تێدەكۆشین.
٭ ئەگەر توركیا كێشەی كوردی خۆی بە رێگایەكی ئاشتیانە چارەسەر بكا، بێگومان كاریگەری ئەرێنی بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە دا دەبێ، ئێوە دەڵێن چی؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان وایە. باس لەوە دەكەم كوردستانی عێراق، لە گەڵ بەغدای سەرۆك وەزیری شیعەی عێراق نووری مالیكی، هاوینێكی گەرم و ئاڵۆزی تێپەڕاند، بە تایبەت لە شەنگال كە شوێنی نیشتەجێی كوردە ئێزدییەكانە، لە ناوچەكانی كەركووك و خانەقین، هەر دوو لایەن پەنجەیان لە سەر ماشەی چەك بوو.
سەرۆك بارزانی: كێشە هەن و نكۆڵی لەمە ناكرێ. بەڵام ئێمە لایەنگری ئەوەین كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەییدا چارەسەر بكرێن. ئێمە هیچ شتێك لە دەرەوەی دەستووری هەمیشەیی قەبووڵ ناكەین.
٭ پێدەچێ سەبارەت بە پەیوەندیی لە گەڵ توركیا و ئێران، لە نێوان ئێوە و سەرۆك كۆمار جەلال تاڵەبانی دا بۆچوونی جیاواز هەبێ؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا ئێمە یەك بۆچوونمان هەیە. هەر دووكمان لە گەڵ بەردەوامیی پەیوەندی تۆكمە داین لە گەڵ ئێران و توركیا. مام جەلال سەرۆك كۆمار و من سەرۆكی هەرێمی كوردستانم. ئەگەر ئەمە لە بەرچاو بگرین، بۆی هەیە جار جارە بیروڕای جیاواز هەبێ، بەڵام بابەتی بچووكن. لە سەر بابەتە پێویست و سەرەكییەكان، یەك بۆچوونمان هەیە. خۆی ئەمەش گرنگە.
وەرگێڕانی لە توركیەوە:سەلاحەدین بایەزیدی