دواى گەرمیان سەرۆکى حکوومەتى هەرێم چەند پرۆژەیەکى ستراتیجى لە هەڵەبجە دەکاتەوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1041
image

سەرچاوەیەکى فەرمى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە چوار چێوەى سەردانەکەى بۆ گەرمیان شارى خانەقین بەسەردەکاتەوە، ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستانیش ئامانجى سەردانەکە دەخاتەڕوو.

ڕۆژى 21 ئەم مانگ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى دەڤەرى گەرمیانى کرد و لەنزیکەوە چاوى بە خانەوادەى شەهیدانى ئەو سنورە کەوتو و چەند پرۆژەیەکى گرنگیشى بۆناوچەکە خستەڕوو دواتر سەردانى زانکۆى گەرمیانى کردو لەنزیکەوە لە چۆنیەتى ئاستى زانکۆکەى پرسییەوە.

ئەمرۆش سەرۆکى حکوومەت سەردانى شارى دەربەندیخان و خانەقین دەکات، لەم بارەوە سەرچاوەیەکى فەرمى لە حکوومەت بە سایتى kdp.info راگەیاند کە سەرۆکى حکوومەت سەردانى شارى خانەقین دەکات و بە وردى ئاگادارى پرۆژەکانى ئەو شارە دەبێت .

لەم بارەوە فازڵ بەشارەتى ئەندامى لێژنەى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ بوون لە پەرلەمانى کوردستان بە سایتى kdp.info راگەیاند سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئامانج لەسەردانەکەى بەسەر کردنەوەى تەواوى پرۆژەکانى کابینەى حەوتە کە لەکاتى خۆى بەڵێن درابووە خەڵکى ئەو دەڤەرە گوتى " سەرۆکى حکوومەت بۆ ماوەى سێ ڕۆژ لە گەرمیان دەمبێنێتەوە و بەوردى ئاگادارى سەرجەم گرفت و داواکاریەکانى خەڵکى ئەو سنورە دەبێت بۆ ئەوەى لە بەرنامەى کارى حکوومەت پەرەى زیاترى پێبدرێت ".

گوتیشى " بەسەرکردنەوەى ئەو ناوچە لەلایەن سەرۆکى حکوومەتەوە گرنگییەکى زۆرى هەیە، بۆ ئەوەى لە نزیکەوە گوێى لە داواو سەرنجى هاوڵاتیان بێت و ئاگادارى ئەو پرۆژانە بێت کە حکوومەت لەو ناوچەیە ئەنجامى دەدات ".

فازڵ بەشارەتى درێژەى بە قسەکانى داو ئەوەى خستەڕوو کە چەند لایەنێک هەوڵیان دابوو لە کاتى هاتنى سەرۆکى حکوومەت بۆ ناوچەکە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام کاتێک زانرا جەنابى سەرۆکى حکوومەت بە پرۆژەى گرنگەوە هاتۆتە ناوچەکە هەر زوو ئەو هەوڵە کۆتایى پێهات چونکە خەڵک چاوەڕێى پرۆژە دەکەن لە کاتێکدا ئەوەى کاک نێچیرڤان بارزانى کردوویەتى کۆمەڵێک پرۆژەى ستراتیجى گرنگ بوون لەوانە دانانى بەردى بناغەى نەخۆش خانەى 100 قەرەوێڵەیى و دروست کردنى 1500 خانوو بۆ شەهیدان و بەجودساید کردنى دەربەندیخان کەلار .
گوتیشى " دواى سەردانى گەرمیان سەرۆکى حکوومەت سەردانى شارى هەڵەبجەى شەهید دەکات و کۆمەڵێک پرۆژەى گەورەى ستراتیجى ڕادەگەینێت لەوانە ڕاکێشانى ئاوى سیروان بۆ هەڵەبجە کە بە گوژمەى 220 ملیۆن دۆلارە.

سەلاح کوێخا سەر پەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان بە سایتى kdp.info راگەیاند دواى ئەوەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم سەردانى ناوچەى گەرمیانى کرد لەو چوار چێوەیەدا ئەمڕۆ 22/10/ 2012سەردانى شارى دەربەندیخان و خانەقین دەکات ،دەربارەى ئامانجى سەردانەکە گوتى " پێشووتر لەسەر داواى سەرۆکى حکوومەت لێژنەیەک ڕاسپێردرابوو کە لەگەڵ یەکە ئیداریەکانى سنورى گەرمیان کۆببنەوە بۆئەوەى سەرنج و پێشنیارى ئەوان وەربگرێت لەسەر پرۆژە خزمەت گوزاریەکان و پرکردنەوەى بۆشاییە خزمەت گوزارییەکان".

گوتیشى " ئەوە بوو یەکە ئیداریەکانى کفرى ، کەلار ، خانەقین ، دەربەندیخان ، دوزخورماتوو لەگەڵ لێژنەکە کۆبوونەوە و سەرنج و داواکاریەکانیان خستەڕوو ئێستاش سەردانى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ ئەو مەبەستەیە کە بزانرێت لەو بارەوە چى کراوە ".

گوتیشى " سەرۆکى حکوومەت لەکاتى دەست بەکار بوونى بڕى 200 ملیۆن دۆلارى خەرج کرد بۆ ناوچەى گەرمیان لەو بڕە 15 ملیار دینار بۆ خانەقین دانراوە کە لەسەر دانى سەرۆکى حکومەت ئەو بڕە پارەیە بۆ خەرجى پرۆژەکان ڕووندەکرێتەوە".

 

بەکر و کارزان kdp.info