نێچیرڤان بارزانی بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌لی کوردستان ئێمه‌ نابینه‌ به‌شێك له‌ سیاسه‌تی هیچ وڵاتێك

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1018
image

٭ با لەوە دەستپێبكەین، لەبەرچی ماوەیەكە كەم لەمیدیاكاندا دەردەكەون؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆی وانییە، بڵێ دیدارم كەم بێت، بەڵام كاتی پێویست زیاتر هەوڵدەدەم، دیداری چ رۆژنامەوانی چ تەلەفزیۆنی ئەنجامبدەم، مومكینە ئەو كاتانەی كە هەست دەكەم پێویستە، دەبێ بكرێ، نەك هەموو رۆژێك دەربكەوین لە تەلەفزیۆنەوە، زیاتر لەبەرئەوەیە.

٭ شەش مانگ بەسەر كابینەی حەوتەم تێپەڕیوە، ئایا ئەدای ئەو كابینە حكوومییە بەدڵی جەنابتانە؟ لەدوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گلەیی ئەوەت كرد كە ئەدای حكوومەتت بەدڵ نییە؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆی حەقیقەت یەكەم شت مەسەلەكە رێژییە، یانی ماوەی شەش مانگ ماوەیەكی كەمە بۆ هەڵسەنگاندنی بە تەواوەتی ئیش و كاری حكوومەت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من دەتوانم بڵێم لەم شەش مانگەدا ئیشی باش كراوە و شتەكان وردە وردە خەریكە دەكەوێتە سەر سكەی ئیشكردن، بەڵام وەكو ئەو تموحەی كە من و هەموو ئەو هەڤاڵانەی كە لەگەڵم ئیش دەكەم بەو شێوەیە نییە، بەڵێ ئێمە گلەییمان كرد لە دواكەوتنی پرۆژەكان، گلەییمان كردووە لەسەر ئەدای حكوومەت بەشێوەیەكی گشتی، وەزارەتەكان، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەوڵێكی جیدیش نییە، بۆ ئەوەی كە ئەم كارانە رێكبخرێنەوە و لە ماوەیەكی كورتدا بكەوێتە سەر سكەی خۆی.

٭ ئەم گلەییانە لەبینینی جەنابتانە بۆ خوارەوە یان گلەیی هاووڵاتیان بوو گەیشتە ئێوە؟

نێچیرڤان بارزانی: هەردوو لایە، یەكەم گلەیی هاووڵاتیانە لەسەر مەسەلەی پرۆژەكان، كە هەقی خۆیانە، هەندێك چاودێری ئێمەیە بۆ ئەو پرۆژانەی كە دواكەوتوون، هۆكاری خۆی هەیە، وانییە بڵێی: هۆكاری نەبێ، ئێمە ئێستا خەریكین بۆ دروستكردنی میكانیزمێك لە ئەنجوومەنی وەزیران چاودێری پرۆژەكان بكات و هەوڵبدرێ ئیشەكان بەشێوەیەكی رێكوپێك بەرەوپێشبڕوات، هەروەها ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران ئێستا زیاتر خەریكی ئەوەین كار دەكەین لەوەی دەسەڵاتەكان زیاتر بۆ خوارەوە بچن، لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتەكان و لە وەزارەتەكان بۆ پارێزگاكان و لە پارێزگاكان بۆ بەڕێوەبەرە گشتیەكان، بۆ قەزا و ناحیەكان، ئێمە ئەگەر بتوانین بەمشێوەیە دەسەڵات دابەزێنین، كە ئەمە بیرۆكەی ئێمەیە و ئێستا بەجددی كاری بۆ دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە فەرمانگەیەكمان دامەزراندووە، فەرمانگەی بەدواچوون و هەماهەنگی لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران ئیشی سەرەكی ئەم فەرمانگەیە چاودێری هەم پرۆژەكانە و هەم هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەكانە، چونكە زۆرجار من باسی ئەوەم كردووە، ئێمە وەك تیمێكی فتبۆڵ واین، بەڵام ئەگەر كەس حازر نەبێ پاس بدات بە هاوڕێی خۆی، مەحاڵە گۆڵەكە بكرێ، ئێمە هەموومان ماندوو دەبین، بەبێ ئەوەی پاس بدەین بە یەكتر لەبەرئەوە هیچ ئەنجامێك وەرناگرین، ئێستا هەوڵدەدەین و دەستنیشانمان كردووە خەلەلەكە لە كوێیە، خەلەلەكە لەو هەماهەنگی و بەدواچوونی پرۆژەكان و شێوەی كاركردنی وەزارەتە، وەك تیم پێكەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، من هیوادارم لە ماوەیەكی كورتدا ئێمە بتوانین، ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنین لە ئەنجامی دروستكردنی ئەم فەرمانگەیە و بەدواچوونی جیدی لە كار و پرۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

٭ بەڕێز جەنابی سەرۆكی حكوومەت، تەركیزی جەنابتان لەحكوومەت لەسەر سەرۆكایەتییە یاخود هەموو حكوومەت؟ ستراتیژی كارەكانتان لەمبارەیەوە چۆنە؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆشبەختانە، من دەمەوێ ئەوە بڵێم، لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران چ خۆم وەكو سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و لەگەڵ بەڕێز كاك عیمادیش وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن و ئەم تیمەی كە لەگەڵ ئێمە ئیش دەكەن، هەقیقەت ئێمە وەكو تیمێكی هاوبەش پێكەوە كار دەكەین، مانای مەسەلەی شەخسی یەك نەفەر نییە تەركیز لەسەر شەخسی من یا شەخسی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئێمە هەوڵدەدەین كارەكان بەشێوەیەكی یەك تیمی و پێكەوە ئەنجام بدەین.

٭ ئەو هەماهەنگییەكان لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكوومەت هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: هەماهەنگی ئێمە لەپێشتریش، كاك عیماد ئەوە نییە بڵێی: ئێستا جێگری سەرۆكی حكوومەت بێ، لە كابینەی پێنجەمیش دوای بەڕێز كاك عومەر فەتاح ئەو بوو بە جێگری سەرۆك وەزیران، من دەتوانم بڵێم، هەماهەنگی تەواو لە نێوان من و كاك عیماد بۆ هەموو كارەكان هەیە.

٭ كابینەكەی بەڕێزتان لەهەلومەرجێكی یەكجار هەستیار لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و جیهان هاتە دی بەتایبەتی لەجیهان كە درفەتێكی باش بۆ دیموكراسییەت هاتۆتەدی، تەركیزی یەكەمتان بەپلەیەك لەسەر ناوخۆ، عێراق یان جیهانە؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆی ئەمانە هەمووی پێكەوە گرێدراوە، تەركیزی یەكەم لەسەر ناوخۆییە، ئێمە دەبێ كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین گوتارێكی یەكگرتوومان هەبێ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكانی كە لە دەوورووبەر دێتە پێشمان، هەروەها لەگەڵ جیهانی دەرەوەیش، تەركیزی یەكەمی ئێمە مەسائیلی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، دوای ئەوە چۆنێتی مامەڵەكردنی ئێمەیە لەگەڵ دراوسێیەكانمان، چارەسەری كێشەكانە لەگەڵ بەغدا بەشێوەیەكی گشتی، ئەمانە ئەو شتانەن كە بەڕاستی ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە تەركیزی لەسەر دەكەین بۆ جێبەجێكردنیان.

٭ زۆر باسی دۆسێی نەوت دەكرێت كە لای كابینەی حەوتەم گرنگترین دۆسێیە، بۆ وا بەم گرنگییە سەیر دەكرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە ئەمە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، نەك ئێستا هەتا دوای دەستوریش، كە دەستوور لە 2003ەوە. مەسەلەكە بەمشێوەیە، با من وای بۆ بچم: ئێمە مافێكی دەستوریمان هەیە لە چوارچێوەی ئەو دەستورەی كە گەلی عێراق بەشێوەیەكی گشتی دەنگی بۆ داوە، 80٪ی گەلی عێراق دەنگیان بۆ داوە، لەناو ئەو دەستورەدا مافێك دراوەتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر مەسەلەی نەوت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان جیدییە لەوەی مومارەسەی ئەو مافە دەستورییەی خۆی بكات، ئێمە زۆجار باسی ئەوەمان كردووە، كە كورد رازی بووە بگەڕێتەوە بۆ عێراقی نوێ، عێراقێك كە دیموكراتیەتی هەبێ، عێراقێك كە سیستەمی فیدراڵی هەبێ لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە گەڕاوەتەوە، ئەو دەستوورە چوارچێوەیەك بووە بۆ ئەوەی كورد بەشدار بێ لە حكوومەتی ئایندە، لە ناو ئەو دەستورەدا مافێك دراوەتە هەرێمی كوردستان لەسەر مەسەلەی نەوت، لە كابینەی پێنجەمەوە ئێمە هەوڵمانداوە ئەو مافە دەستورییەی خۆمان مومارەسە بكەین و دوای ئەوەش لە كابینەی شەشیش ئەو سیاسەتە درێژەی هەبووە و لە كابینەی حەوتەمیش درێژەی دەبێ و لە كابینەی تریش، بە تەئكید ئەم مەسەلەیە، مەسەلەیەكی هەستیار و هەرە بنەڕەتییە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ بەردەوامی پێبدات، من زۆر بەسرووشتی دەزانم كە میللەتێك، وڵاتێك داوای مافی دەستوری خۆی دەكات بێ كێشە نییە، كێشەیشی بۆ دێتە پێش، زۆر لایەن هەوڵدەدەن بواری ئەوە نەدەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مومارەسەی ئەم دەسەڵاتە یاساییەی خۆی بكات، كە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی بڕیاری لەسەردراوە.

٭ كاك نێچیرڤان نەوت بۆ كورد وەكو ڕابردوو دەبێتە نەگبەتی یان سوودی دەبێت وەكو پێگەو سەنگێكی باش لەجیهان؟

نێچیرڤان بارزانی: مەسەلەی نەوت، مەسەلەیەكی حەساسە، ئێمە وەكو كورد لەم وڵاتەی عێراق هەمیشە نەوت بۆ ئێمە نەگبەتی بووە، هەمیشە نەوتیان فرۆشتووە و چەكیان پێكڕیوە و ئەم مێژووەمان هەیە چیان بەسەرهێناوین، لە ئەنفال و لە تێكدانی گوندەكانمان، ئەمڕۆ ئێمە ئەو مافە دەستوریەمان هەیە، ئێمە هەوڵدەین ئەم مافە دەستورییەی خۆمان زۆر بە تەواوەتی جێگیر بكەین، ئێمە ئەگەر بەراوردێكی زۆر سادە باس بكەین، ئەو بەشە بوودجەی كە ئێستا ئێمە لە بەغدا وەریدەگرین بەرامبەر بە 260 هەزار بەرمیل نەوتە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە ئاسانی ئێستا دەتوانێ 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، هەتا ماوەیەكی كورت دەتوانێ بیكات بە 500 هەزار بەرمیل و لە 2014 بۆ 2015 دەتوانێ یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بنێرێ بۆ دەرەوە، ئەمە هەموو شتی كەم نین، ئێمە دەبێ وەكو میللەتی كورد شانازی بكەین بەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی ئەم كارە ئەنجام بدات. من پێموایە ئەمە مافێكە دەبێ ئێمە زۆر بەهێمنی و لەسەرخۆ بەردەوام بین لەوەی كە ئەم دەسەڵاتەی لە دەستوری عێراقدا بە هەرێمی كوردستان دراوە مومارەسەی بكەین و هەوڵبدەین و هیواداربین بەوەی نەوت ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و مایەی بەختەوەری بۆ گەلەكەمان.

٭ پێتان وانییە ئەوەی باس دەكرێ لە هەرێمی كوردستان لەنەبوونی شەفافییەت لەپرسی نەوتدا بۆ وەزارەت دەگەڕێتەوە كە نەیتوانیوە گرنگیی نەوت بۆ خەڵك باس بكات و هاووڵاتییان گلەیی لەنەبوونی ئەم شەفافییەتە بكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆی بەهەقیقەت ناشەفاف نییە، مومكینە شێوەی تێگەیاندنی بڵێین: تێگەیاندنەكەی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەشێوەیەك بێت هەتا ئێستا وا دەردەكەوێ ناشەفافە، بەڵام شەفافیەت یانی چی؟ چۆن شەفافە؟
یەكەم: ئەو گرێبەستانەی كە لەگەڵ ئەم كۆمپانیانە كراوە هەمووی لەسەر لاپەڕەی ئینتەرنێت هەیە، كە هیچ وڵاتێك بەو شەفافیەتە ئەمەی نەكردووە، لە كابینەی شەشەم جەنابی كاك دكتۆر بەرهەم هەمووی خستە سەر لاپەڕەی ئینتەرنێت، ئێستا هەر كەسێك بیەوێ سەیری گرێبەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات زۆر بە شەفافانە لەسەر لاپەڕەی ئینتەرنێت هەمووی روونە و زانراوە.
دووەم: ئەم سیاسەتەی كە ئێمە دەستمانپێكرد لە رۆژی یەكەمەوە دوژمنایەتی زۆری هەبوو، ئێمە دەمانزانی رێگەیەكی سەختمان دەستپێكردووە، دەبوایە لەو رێگا سەختەدا هەوڵبدەین زۆر بە شەفافانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەی بكەین، چونكە وەك شیرێكی دووسەرە، ئەگەر بە هەڵە بەكاریبهێنی لەوانەیە سەری خۆت ببڕی، ئەمە كێشەكەیە، لەبەرئەوە ئێمە زۆر هەوڵمانداوە لە رۆژی یەكەمەوە پرۆسەكە بەشێوەیەكی شەفافانە بەڕێوەبچێت، گرێبەستەكان هەمووی لەسەر لاپەڕەی ئینتەرنێت هەمووی باسكراوە.
ئەم كۆمپانیانەی كە پارەیان داوە بە هەرێمی كوردستان ئەمانەش زانراوە، كە پارەكەیان چەندە، پەرتووكێك دەرچووە لە هەرێمی كوردستان، ئەوانەی ئینگلیزی زانن و لەم ئیشە دەزانن دەتوانن ئەو پەرتووكە بخوێنەوە و زانراوە و شتەكان مەعلومە، بەداخەوە كێشەی گەورە لەوەیە زۆرجار خەڵكانێك قسە لەسەر ئەم مەسەلەیە دەكەن كە تێگەیشتنی تەواویان لەسەر ئەم مەسەلەیە نییە، یانی ئەو تێگەیشتنەی كە دەبێ لەسەر ئەم مەسەلەیە هەیان بێ وەكو پێویست تێگەیشتنیان نییە. ئێمە باسی ئەوەمان كرد، ناشەفافیەت ئەوەی كەباسی دەكرێ چییە؟ ئەو گرێبەستانە مەعلومن لەگەڵ چ كۆمپانیایەك كراوە، ئەو پارەی لە كۆمپانیاكان وەرگیراوە شتێك نییە بتوانین بیشارینەوە و شتێكە زۆر بە شەفافی مەعلومە چیە.
قۆناغی سێهەم، ئەوەیە ئەم پارەیە چۆن سەرفكراوە، ئەوەی كە تا ئێستا وەرگیراوە، قسە لەسەر ئەوە دەكرێ زۆرجار باس لەسەر ئەوە دەكرا، لە هەندێك لە میدیاكان كە ئێمە چوار ملیار دۆلارمان وەرگرتووە و ئەم چوار ملیار دۆرلارە مەعلوم نییە، یانی ئەم شێوەی دەربڕینی رەخنەگرتن لە حكوومەت شێوەیەكە بۆ ئەوەی كە بەڕاستی خەڵك چەواشە بكەن، ئەگەرنا ڕوونە، ئەوەی ئێمە هەتا ئێستا وەرمانگرتووە و ئەگەر هەموو گرێبەستەكان تەواو ببن پارەكەی چەندە؟ ئەوەی هەتا ئێستا وەرمانگرتووە و ئەوەش زانراوە چەندە.

٭ ڕەنگە ئەو قسانە بەباشی نەگەیندرابێتە خەڵك، لەكابینەی شەشەم تاوەكو ئێستا ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز هەیە، پەیوەندیتان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن چۆنە؟ ئایا هاوكارتانن یان ڕێگرن لەكارەكانتان؟

نێچیرڤان بارزانی: من دێمە سەر ئەو مەسەلەیە، یەكەم، من تەسەور دەكەم كێشەی گەورە لە سەر گرێبەست نییە، چ گرێبەستێكمان كردووە و ئێستا كێشەكە ئەوەیە ئەرێ چەند پارەمان وەرگرتووە و چۆن سەرفمان كردوو، ئەمە ئێستا مەوزعەكە قسەی لەسەر دەكرێ، ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا خەریكی دروستكردنی دۆسیەیەكین لەمبارەیەوە، كە نیشاندەدەین چەند پارەمان وەرگرتووە لە كۆمپانیا و ئەم پارەیە چۆن سەرفكراوە، بەشێكی مەعلومە چۆن سەرفكراوە، ئێمە لە كابینەی پێنجەمدا نزیكەی 200 ملیۆن دۆلارمان سەرفكرد لە گەرمیان، پارەیەكمان سەرفكرد لە ئاوی دهۆك، پارەیەكمان سەرفكردووە بۆ دروستكردنی خانووی خانەوادەی ئەنفالكراو و شەهیدان. یانی شتەكان ئەوەیە، من وەكو نموونە دەهێنمەوە، بەڵام شتەكان مەعلومە، ئێمە ئێستا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەریكین ئەم دۆسیەیە بەتەواوەتی هەرچی ئەو پارەیەی كە وەرگیراوە، چۆن سەرفكراوە ئامادە دەكەین لە ماوەیەكی نزیكیشدا دەیخەینە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەك دیار بێت كە ئێمە ئەم پارەیەمان چۆن سەرفكردووە، ڕوونە.
ئەوی تر بە نیسبەت ئۆپۆزسیۆن یەكەم ئۆپۆزسیۆن خۆی دیاریدەیەكی تەندروستە لە وڵاتی ئێمە، من بەو شێوەیە گوزارشتی لێدەكەم ئەوەی بەرامبەرەكەت، ئەوە ئۆپۆزسیۆن هەتا ئەو كاتەی دەیەوێ رەخنە لە ئەدای حكوومەت بگرێ و دەیەوێ كار بكات بۆ ئەوەی حكوومەتەكەت باش بێ، من تەسەور دەكەم هەتا ئێرە جێ ئیحترامە و دیاریدەیەكی تەندروستە. من خۆم پێموایە و هەڤاڵانیشم لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆنێكی وەكو بڵێی: كارا، میدیایەكی كارا دەتوانن چاودێر بن و دەتوانن یارمەتی حكوومەتی هەرێمیش بدەن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، هەتا ئێستا كێشەیەكی وا گەورە بەشێوەیەكی گەورە لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەبێ بەو شێوەیە نەبووە، بەڵام من پێموایە ئۆپۆزسیۆنیش دەبێ تەقدیرێك بۆ ئەوە بكات، ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دەسەڵات بەڕێوەدەبات، دەسەڵاتێكە شەرعیەتی لە سندووقی دەنگدانی خەڵكی كوردستان وەرگرتووە، شتێك نییە بە كودەتا هاتبێتە سەر حكووم، شەرعیەتی ئەم دەسەڵاتە، شەرعیەتێكە بە دەنگدانی خەڵك هاتووەتە سەر كار و رێگەی لادانی ئەم دەسەڵاتەیش تەنیا و تەنیا سندوقی دەنگدانە و لەوە زیاتر هیچ رێگەیەكی تر نییە. لەبەرئەوە من پێموایە دەبێ هەم ئۆپۆزسیۆن ئیحترامی هەبێ بۆ ئیرادەی ئەم میللەتە و هەم حكومەتی هەرێمی كوردستانیش سەیری ئۆپۆسیۆن بكات وەكو چاودێرێك بەسەر ئەدای حكوومەتەوە، ئێمە وا دەتوانین كارەكان بەڕێوە ببەین، من پێموایە لە هەرێمی كوردستانی ئەمڕۆی ئێمە، ئێمە پێویستمان بە كۆدەنگیەكی نیشتمانی زیاتر هەیە هەتا ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، ئێمە زۆرمان ماوە بڵێین: ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، ئێمە پێویستمان بە كۆدەنگیەكی نیشتمانی هەیە لەسەر هەموو ئەو پرسانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا هەمانە لەگەڵ دراوسێكانمان هەمانە.
ئێمە هەتا ئێستاش ئەگەر سەیری رەوشی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەم سیستەمە فیدراڵیەی ئێمە وەكو پێویست نەچەسپاوە، كێشەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەرووی هەموویانەوە ماددەی 140 ی دەستووری كە بەنیسبەت هەرێمی كوردستانەوە یەكجار زۆر گرنگە هەتا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، ئەگەر لە ئێستاوە ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین خەریك بین لەگەڵ یەكتر و كێشە بۆ یەكتر دروست بكەین، ئێمە بەتەئكید جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستووریانە زۆر زۆر زیاتر لەوەی ئێمە تەسوەری دەكەین دەخایەنێ و ئەگەریش جێبەجێنەكردنی نەبێت، بەڵام ئەگەر لەم قۆناغەی ئێستا چ ئۆپۆزسیۆن و چ دەسەڵات هەموومان پێكەوە كۆدەنگیەكی نیشتمانیمان هەبێ لەسەر هەموو ئەو پرسانەی ناوخۆ لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەرەوە من تەسەور دەكەم ئەوە دەتوانین وا پێكەوە باشتر كار بكەین.

٭ باس لەوە دەكرێت ئۆپۆزیسیۆن لەسەر پرسە نێوخۆییەكان دەیەوێ كۆدەنگ بێت بۆ ئەوەی لەپرسەكانی دەرەوەی هەرێمیش وابێت، ئێستا باسی دەستوور دەكرێت، بۆچوونی ئێوە چییە لەبارەی گەڕانەوەی دەستوور بۆ دووبارە گفتوگۆكردن لەسەرییەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: جارێ دوو و سێ پرەنسیپ هەیە دەبێ ئێمە باسی لێ بكەین، یەكەم شت: دەستوور گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییە هەتا بكرێ پێویستە هەوڵبدرێ كۆدەنگی لەسەر دروست بێت باشترە، چونكە دەستوور بۆ كەسێك دانانرێ و بۆ حزبێكیش دانانرێ، دەستوور بۆ وڵاتێك دادەنرێ. ئێمە وەكو هەردوو حزب كە ئێستا لە دەسەڵاتین، یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەم مەسەلەیە لە رۆژی یەكەمەوە باسكراوە دوو و سێ شتمان وتووە، یەكەم: باسی ئەوەمان كردووە كە ئێمە هیچ هێڵی سورمان نییە بۆ قسەكردن لەسەر دەستوور، ئەمەمان باسكردووە كاتێك كە وەفدی یەكێتی و پارتی چوونە خزمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی هەمان شتی تەئكید كردەوە و بە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بڵێن: ئێمە هێڵی سورمان نییە بۆ قسەكردن لەسەر مەسەلەی دەستوور.
دەمەوێ ئێستایش ئەوە تەئكید بكەمەوە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی ئێمە بۆ قسەكردن لەسەر دەستور هێڵی سورمان نییە، بەڵام چۆن دەبێ ئەم دەستوورە باسی لێوە بكرێ، من باسی لایەنی قانوونیەكەی ناكەم، ئەمە بڕیاری پەرلەمانە و لەڕووی قانونیەوە دەنگی لەسەر دراوە لە ناو پەرلەماندا و كۆتایی پێهاتووە، ئەمە مەسەلەی قانونییە و من نامەوێ بچمە ناو ئەم مەسەلەیە، بەڵام من دەمەوێ وەكو پرەنسیپ باسی مەسەلەی دەستوور بكەم، دەستوور بۆ یەك كەس یان بۆ یەك حزب لەم وڵاتە دانانرێ، هەم پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكی پارتی هەم سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی و یەكێتی نیشتمانی ئەم پرەنسیپەیان بەهەمو شێوەیەك قبوڵە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە چۆن دەبێ بە سەرێكی سارد و دوور لە ئیستفزازی حزبی، بەسەرێكی سارد ئێمە دابنشین هەموو لایەكمان دابنشین چی مۆدێلێك گونجاوترین مودێلە بۆ كاركردن لە هەرێمی كوردستان؟ كام سیستەم و چۆن ئەم سیتسەمە ئێمە بەڕێوەیی ببین؟
ئێستا زۆر تۆمەتی ئەوە دەكرێ، بەتایبەتی لێرە من باسی پارتی دەكەم یان سەرۆكی پارتی، ئێمە دژی ئەوەین كە دەستوور بگەڕێتەوە، چونكە دەمانەوێ سیستەمەكە سەرۆكایەتی بێت، ئەمە ئەسڵ و ئەساسی بۆ نییە، قانوونی هەرێمی كوردستان ئەوەی كە دانراوە سەرۆكی كوردستان، كە سەرۆكی پارتییە هەتا خوارەوە ئێمە پابەندین بەو قانوونانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، كەواتە ئێمە دەستوور بۆ كەسێك دانانێین، بۆ وڵاتێك دایدەنێین، بەڵام دەبێ ئێمە بەبێ ئیستفزاز دابنیشین چ مۆدێلێك باشە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوانەی كە ئێستا باس لە سیستەمەكە دەكەن، پێشتر سەرۆكی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرا، رەخنەی توند لە جەنابی كاك مسعود گیرا، لەوەی كە شەرعیەتی نییە، دەبێ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، گوتی: باشە هیچ مانعم نییە با لەلایەن خەڵكەوە بێت، ئێشتاش هەمان ئەوانە دەڵێن: نەخێر دەبێ بچێتەوە پەرلەمان، كەواتە مەسەلەكە زیاتر ئیستفزازكردنە نەك دۆزینەوەی مودێلێكی گونجاو كە بەڕاستی مۆدێلێك بێت هەموومان رازی بین كە ئەم مۆدێلە باشترین و كاریگەرترین مۆدێلە بۆ هەرێمی كوردستان.
ئێمە ئێستایش ئامادەین قسە لە مەسەلەی دەستوور بكەین، ئامادەین دابنشین لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسەكان وەكو یەكێتی و وەكو پارتی، ئێمە تەئكیدیشمان كردوتەوە لە كۆبوونەوەی دوایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتیش تەئكید لەسەر ئەوە كراوە كە ئێمە دەمانەوێ دانیشتن بكەین لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هەموومان پێكەوە دابنشین بزانین ئەو مۆدێلەی كە هەموومان پێمانوایە گونجاوترین مۆدێلە بۆ هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی كەس ئیستفزازی لایەنەكانی دیكە بكات، بەبێ ئەوەی باس لەوە بكرێ كە ئەم دەستوورە بۆ چییە؟ ئێمە دەستوور بۆ وڵات دادەنێین، مادام دەستوور بۆ ئەم وڵاتە دادەنێین دەبێ هەوڵبدەین هەموومان پێكەوە قسە لەسەر ئەوە بكەین باشترین مۆدێلی گونجاو چییە بۆ ئەم وڵاتە.

٭ دۆسێیە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر بەچی گەیشتوون بەتایبەتی دوای بارگرژیی نێوان هەرێم و بەشێك لەدەسەڵاتی بەغدا، مەترسی لەسەر ناوچە دابڕێندراوەكان هەیە بەهۆی هێزی دیجلەوە حكوومەت لەمبارەیەوە ڕۆڵی چی دەبێت، لەبەرچی حكوومەت لەبەغدا وجوودی نییە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەدەستپێكردنی كابینەی ئێمە دوای ئەوەی بەماوەیەكی كورت ئەم بارگرژییە زیاتر دەستپێكرد لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئەنجامدا ئێمە پابەندین بەوەی كە كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و لەسەر مێزی گفتوگۆ قسەیان لەسەر بكرێ، ئەم هەنگاوانەی ئێستا ئێمە لە بەغدا دەبینین یەكجار زۆر مەترسیدارن، هەنگاوەكان یەك لە دوای یەك مەترسیان زیاترە بۆ عێراق بەشێوەیەكی گشتی، مەسەلە ئەوە نییە بڵێین: ئێمە تەنیا لایەنێك كە نیگەرانی ئایندەی رەوشی عێراقین، بەتەئكید لایەنەكانی دیكەی شیعەیش لەناوخۆیانیش هەمان نیگەرانی ئێمەیان هەیە، مەسەلە ئەوە نییە بڵێی: وەڵڵا بەس ئەمە كوردە لەگەڵ شیعە یان كوردە لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران مالیكی، نەخێر ئەمە كێشەیەكە هەموومان نیگەرانین پێوەی هەم سووننە نیگەرانن بەشی خۆیان، هەم شیعەیش ئەوانەی جگە لە دەوڵەتی قانوون نیگەرانی ئێمەیان هەیە، ئەو مەبدەئەی كە دەبێ ئێمە بە گفتوگۆ چارەسەری ئەم كێشانە بكەین، مەبدەئێكە و پابەندین بەو مەبدەئەوە دەمانەوێ بەڕاستی رێگەچارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، ماوەیەك بەرلە ئێستا ئێمە لەسەر مەسەلەی نەوت و پارەی نەوت كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەغدا رێكخست ئەو شتەی كە ئێمە پێیگەیشتین چارەسەری هەموو كێشەكانی نەوت نییە، بەڵام هەنگاوێكە بە ئاڕاستەی راست، ئەوە نییە بڵێی: هەموو كێشەكان چارەسەر دەكات و هیچ كێشەیەك نابێ كێشەكان بەردەوام دەبن.

٭ كێشە چییە؟ كێشە لەوەدایە ئایا ئەو حكومڕانییە كە ئێستا لە بەغدا هەیە گەیشتووتە ئەوەی كە دەبێ بەشێوەیەكی دیالۆگ دوور لە توندی، دوور لەوەی كە ئەمڕۆ من لاوازم و ئەمڕۆ من بەهێزم لایەنێكی تر لاوازە، دوور لەو پرەنسیپە گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی دەبێ ئەم كێشانە لە عێراقدا چارەسەر بكرێ؟

ئەمە پرسیارێكی زۆر گرنگە.
ئێمە پێمان وایە هەتا ئێستا بەغدا بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەگەیشتوونەتە ئەوەی كە ئەم كێشەیە دەبێ چارەسەر بكرێ بەداخەوە جۆرە بیروبۆچوونێك هەیە، ئێستا عێراق بەحساب لاوازە و هەرێمی كوردستان بەهێزە، سبەینێ ئێمە خۆمان بەهێز دەكەین و دوایی لە هێزەوە دەچین قسەیان لەگەڵ دەكەین. ئەگەر پرەنسیپ و چارەسەری كێشە لە عێراقدا ئەمە بێت، عێراق هیچ رۆژێكی خۆش بەخۆیەوە نابینێ، چونكە پێشتریش چەند بەهێز بن لە سەددام بەهێزتر نین، چەند چەكیان هەبێ لە سەددام بەهێزتر نەبوون. لەبەرئەوە دەبێ هەموومان بگەین بەبڕوایەكی هاوبەش بەتایبەتی بەغدا كە ئەم كێشانە دەبێ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا و بەشێوەیەكی دیالۆگ لە نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بكرێ.
ئەوەی باسكرت كرد، مەسەلەی دیجلە، مەسەلەی دیجلە خۆی هەنگاوێكی ترە لە ئیستفزازكردنی هەرێمی كوردستان، لێرە پرەنسیپێك هەیە لەو ناوچانەی كەپێیدەڵێن: ناوچە دابڕاوەكان، كە من پێموایە ئەو ناوچانە دابڕاو نیین، زۆربەیانبەشێكن لە هەرێمی كوردستان، بەڵام وا باسی بكەین، پرەنسیپێك هەیە كە هەر مەسەلەیەك لەو سنورانە دەبێ بەهاوبەشی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا چارەسەر بكرێت، ئەم هەنگاوە تاكڕەوییانەی ئەم دواییە بۆ دروستكردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، هەنگاوێكی زۆر یەكلایەنە بوو، ئەم مەسەلەیە دوو بەشە. بەشی یەكەمی رێكخستنی هێزەكانی سەربازی عێراقە، كە ئێمە لە دیالە و هەر شوێنێك لەو شوێنانە لەسەر ئەمە كێشەمان نییە و دەڵێین: باشە، بەڵام ئەوەی تر كە جێ مەترسییە ئەوەیە كە ئەم ئۆپەراسیۆنی دیجلەیە دەڵێ: هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و ئەمنی كەركووك لە خۆی دەگرێ، بەبێ ئەوەی قسە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێ، ئێمە میكانزمێكی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ بەغدا كە رێككەوتنی لەسەر كراوە پێشتر ئەمانە هەموو ئەو رێككەوتنانەیان لە بیرچوو، خۆیان هاتن یەكلایەنە هەوڵیاندا، جەنابی سەرۆك وەزیران مالیكی بەڵێنی بە جەنابی سەرۆك كۆمار دا، كە ئەم شتە رابگرێ، بەڵام بەداخەوە ئەوان لەڕووی كردارییەوە بەردەوام بوون لە كارەكانیان، ئەمە مەترسیەكی گەورەیە ئەم هەنگاوانەی یەكلایەنە مەترسی گەورەن بۆ سەقامگیری و ئاشتی لەو ناوچانەدا.

٭ باس لەوە دەكرێ ئەم ڕەوشە تازەیەی لەوڵاتان هاتۆتەدی بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێی كوردستان كەم تا زۆر پڕوشكی بەهەرێمی كوردستان دەكەوێت، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم بارودۆخە هەستیارە لەباكووری كوردستان، لەڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرئەگەرێكی خوازراو یان نەخوازراو؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە یەكێكە لەو شتانەی پێویستیی بەكۆدەنگی هەیە لەهەرێمی كوردستان، ئێمە تەحەددای گەورەمان لەپێشە و بارودۆخی سووریاش یەكێكە لەو تەحەددا گەورانە، ئێمە پابەندی ئەو پرەنسیپەین بەوەی كە گەلی سووریا خۆی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە، ئێمەش پابەندی ئەو پرەنسیپەین كەبەهیچ شێوەیەك دەست لەكاروباری نێوخۆیی سووریا وەرنادەین ونامانەوێ لەوێدا كێشە دروست ببێت، ئەم پرەنسیپە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر ئەوە هاودەنگین كە پێویستە ئێمە بەوریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانە بكەین كە ئەمڕۆ لەدەورووبەری هەرێمی كوردستان ڕوودەدەن، ئێمە دەمانەوێ ئەو هاودەنگی و كۆدەنگییە تەنها لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان ویەكێتیی نیشتیمانییەوە نەبێت بەڵكو دەمانەوێ ئەو هاودەنگییە لەسەر ئەو پرسانە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكانی نێو كوردستانی عێراق هەمانبێت، دەبێ ئێمە هەموومان بەیەكەوە سیاسەتێكی یەكگرتووی نیشتیمانیمان هەبێت بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوانە دەكەین.

*یەكێك لەو گرفتانەی لەكابینەكانی حكوومەت هەمیشە هەبووە و ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام ڕەخنەی لێگرتووە مەسەلەی بودجە بووە بەوەی لەكاتی خۆی ناگاتە پەرلەمان، بودجەی 2013ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە كوێ؟

نێچیرڤان بارزانی: كێشەكە لەوەنییە، مەسەلەی بودجە و ناردنی بەدەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە،ئێمە بودجە لەبەغدا وەردەگرین، بەداخەوە لەبەغدا بودجە ئامادە دەكرێت بەبێ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا باس بكرێت و هەموو شتەكانی دەنووسرێت بەبێ ئەوەی داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت تیایدا بەشداربێت، ئێمە نازانین مەسەلەی بودجە چۆن دەبێت و پشكی هەرێمی كوردستان چەند دەبێت، چونكە ئەوەی ئێمە زۆرجار ڕەخنەی لێدەگرین ئەوەیە، ساڵ بەساڵ حكوومەتی عێراق خەرجییە سیادییەكانمان لەسەر بەرزدەكات ئەمەش كاریگەریی بەسەر بودجەی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت، لەبەرئەوە دواكەوتنی بودجە لەوەدایە تانەچێتە پەرلەمانی عێراق و تاوتو نەكرێت ئێمە نازانین چییە و چۆن دەبێت، بۆ ئەمساڵ ئێمە لە ئێستاوە هەوڵمانداوە بودجەیەكی تەخمینی ئامادە بكەین و ئێمە خەریكی گفتوگۆین هەم لە وەزارەتی دارایی خۆمان و لەگەڵ پەرلەمانیش بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەوڵبدەین بودجە لەكات وساتی خۆی بچێتە پەرلەمان.

٭ هەر لەسەر بودجە خەڵك واتێدەگات ئەو قسانەی ئێوە نەتوانراوە بەشێوەیەكی شەفاف بگاتە خەڵك تا بەتەواوی و بەڕوونی لێی تێبگەن،باس لەداهاتی نەوت دەكرێت لەوە دەكرێ ئەم سەفقە نەوتییەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا ڕەنگە پارەی خەیاڵی و پشتیوانیی سیاسیشی بەدواوە بێت، ئەمە چییە باس دەكرێ كە نەوت دەچێتە دەرەوەی وڵات وحكوومەتی عێراق هەڕەشە لەمبارەیەوە دەكات و بەڕێز ئاشتی هەورامی لەلێدوانێكدا دەڵێت نەوت دەخەینە بازاڕ، سەرچاوەی دیكە هەیە بۆ حكوومەت بۆ بودجە بەتایبەتی نەوت؟

نێچیرڤان بارزانی: هیچ سەرچاوەی دیكەی بودجەی نییە و ئەوەی هەیە لەبەغداوە دێت، بەڵام با من باسی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم لەسەر ئەم مەسەلەیە، ئەو ڕێككەوتنەی ئێمە پێنج ساڵە لەگەڵ توركیا كردوومانە هەمان ڕێككەوتنە لەگەڵ ئێران وهیچ جیاوازییەكی نییە، جیاوازییەكە ڕەنگە لەوەدابێت كە توركیا ئەو بیروكراتییەتی هەیەتی لەئێران یەكجار زیاترە بۆ بڕیاردان لەشتێكی لەمجۆرە، ڕێككەوتنی ئێمە لەگەڵ توركیا شاراوە نییە و ناكرێ شاراوە بێت. ئێمە یاداشتێكی لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ توركیا ئیمزاكردووە، وەك دەزانن عێراق زۆرجار بەشی سووتەمەنیی هەرێمی كوردستانی كەمكردۆتەوە بەشێوەیەك كە كێشەی زۆری بۆ دروستكردووە، ئێمە لەڕۆژی یەكەمەوە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان لەسەر ئەوە داڕشتووە كە دەبێ سوود لە دوو سێكتەر وەربگرین وسەربەخۆییمان لەمامەڵەكردن لەگەڵیدا تیادا هەبێت، یەكەمیان كارەبا دووەمیان سووتەمەنی. ئێمە لەگەڵ توركیا یاداشتێكی لێكتێگەیشتنمان ئیمزاكردووە بۆ ئەوەی بتوانین نەوت بنێرینە توركیا و لەبەرامبەردا بەشەكانی دیكەی پێترۆڵ بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە، تائێستاش یەك بەرمیلی نەوتی خاو لەوڵاتی ئێمە دەرنەچووە ئەو ماددەیەی دەرچووە ماددەیەكی غازییە لەموقابیلیدا ئێمە موشتەقاتی نەوتمان بۆ هەرێمی كوردستان گەڕاندۆتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ پەرە بەو یاداشتەی لێكتێگەیشتن بدەین ودەمانەوێ ئەگەر بتوانین بۆڕییەكی نەوت لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دروستبكەین بۆ ئەوەی بچێتە توركیا، دەمانەوێ پەرە بە هاوكاریی ئابووریی خۆمان بدەین لەڕووی وزەوە لەگەڵ توركیا. ئەمە شتێكە ئێمە نەمانشاردۆتەوە، ئەگەر ئێمە بتوانین جێبەجێیان بكەین دەتوانین بیكەین و ئەو قسانەی دەڵێن داهات و پارەیەك لەڕێگەی ئەم مەسەلەیەوە هاتبێتە هەرێمی كوردستان ئەو قسانە هیچ بنەمایەكیان نییە، بۆدجەی هەرێمی كوردستان تەنها ئەوەیە كە ئێمە لەبەغدا وەریدەگرین.

٭ بەڕێز جەنابی سەرۆكی حكوومەت، هاووڵاتی هەمیشە چاوەڕوانی شتە لەحكوومەت واتا دەیەوێ حكوومەت شتی بۆ بكات، بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان حكوومەت بەشێوەیەك وا تەشبیه كراوە كە دەبێ پارە بخاتە گیرفانی خەڵكەوە بەخۆڕایی نەوەكو بەخزمەتگوزاری، وابەرەو جەژن دەچین و هاووڵاتیان ڕەنگە چاوەڕوانی جەژنانە بن،ئەمساڵە جەژنانە بۆ هاووڵاتیان بۆ فەرمانبەرانی كوردستان هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر نییە، ئێمە ئەو بودجەیەی سەرفی دەكەین بەتایبەتی ئەوەی پێی دەڵێن تەشغیلی باری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی زۆر قورس كردووە، دەبێ هاووڵاتیانیش ئەوە بزانن و تەقدیری بكەن، ئەمە لەكابینەی یەكەمەوە بۆ كابینەی حەوتەمیش ماوەتەوە و تەسەوریش دەكەم بەردەوام بێت. ئەمەش لەئەنجامی تێكدانی لادێكانی كوردستان و تێكدانی ژێرخانی ئابووری بووە لە هەرێمی كوردستان، لەئەنجامی تێكچوونی ئەم لادێیانە خەڵك و دانیشتوانی هاتوونەتە نێوشار و بە فەرمانبەری حكوومەت نووسراون و مووچەیان وەرگرتووە و ئەم سیستەمەش هەر بەردەوام بووە و ساڵ بەساڵیش زیاتر دەبێت، ئەمە لەسەر حیسابی چییە؟ لەسەر حیسابی پرۆژەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، واتا هەردووكیان بەیەكەوە نابێت، كەواتە یان دەبێ بودجەی تەشغیلی بكرێت یان وەبەرهێنان، خەرجییە تەشغیلییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكجار زۆرن و دەبێ خەڵكی هەرێمی كوردستان باش لەوە تێبگەن، من هەمیشە گوتوومە خەڵكی هەرێمی كوردستان شایستەی هەموو خزمەتێكن و شایستەی لەوەش زیاترە، ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیكات ئەركی خۆیەتی، هەندێك ڕاستی هەن دەبێ خەڵك بیزانن، ئەو بارگرانییەی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە دەبێ هەموو لایەك ئاگاداری بێت، ئێمە تەنها بۆ خەرجیی كارەبا زیاتر لە1 ملیار دۆلار و نیومان تەرخانكردووە وكارەباش تاڕادەیەكی زۆر باشە،500 ملیۆن دۆلار وبەبێ بەرامبەر تەنها بۆ كەركووك سەرفدەكەین، نەك تەنها كەركووك بەڵكو بۆ ناوچەكانی دیكەی دابڕێندراویش. بۆ زانیاریش ئەو سولفانەی لەحكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرفدەكرێت هی ژنهێنانە هی خانووبەرەیە لە ڕێژەی 17%ی بودجەی هەرێمی كوردستانەوە دەردەچێت، لەكاتێكدا ئەو كارانە دەبێ بانك بیكات، بەڵام لەپێناو كارئاسانیی خەڵكی كوردستان حكوومەت لەبودجەی خۆی كاری بانكی دەكات بەبێ ئەوەی هیچ بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە، بۆ زانیاریش بودجەی هەرێمی كوردستان17٪ نییە واتا ئەوەندەمان بۆ نانێرن وئەوەی دەینێرن ڕەنگە11٪ بێت كەم یان زۆر، دەبێ خەڵی كوردستان ئەوە بزانن حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی پێی بكرێت لەبارەی ئیشكردن بۆ خەڵك، لەبارەی پرۆژەوە دەیكات ودرێغی ناكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بارگرانییەی ئێستا لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە دەبێ خەڵك دەركی پێبكات. ئێمە كە باسی نەوت دەكەین، ئێمە هەوڵدەدەین بەشی خۆمان بەتەواوی لەبەغدا وەردەگرین كە لەبودجە هەیە وهەوڵدەدەین لەخەرجییەكانی سیادی كەمبكەینەوە، ئەوانەش هەندێكن لەو ستراتیژانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەریكە ئیشی لەسەردەكات. بۆ چارەسەریی ئەم گرفتانە ئێستا ئێمە داوامان لەبەغدا كردووە لەگەڵ شاندێكی هەرێمی كوردستان كە بەسەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی حكوومەت دەچێتە بەغدا بۆ قسەكردن لەسەر ئەو مەسەلانە كۆببنەوە بەتایبەتی بودجە، كەواتە ئێمە دەمانەوێ بەجدی قسە لەسەر ئەو مەسەلەیە بكەین وهیوادارین بگەینە ئەنجام.

٭ بەڕێز كاك نێچیرڤان جەنابتان لەگەڵ بەڕێز د.بەرهەم كابینەیەكی چوار ساڵی بەهاوبەشی بەڕێوە دەبەن، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ كابینەی د.بەرهەم چۆنە كە كابینەی شەشەم بوو، هەندێك بەرنامەی كابینەی پێنجەمی مابوو و هەندێك بەرنامەیشی بۆ ئێوە مایەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە هەر كابینەیەك كۆمەڵێك دەستكەوتی هەبووە و كۆمەڵێك كەموكوڕیشی بۆ كابینەی دوای خۆی جێهێشتووە، ئەمە سروشتی ژیانە ولەكابینەی یەكەمەوە ئەو شتە هەیە و لەكابینەكانی ئایندەش هەروا دەبێت، ئەو كاتەی ئێمە كابینەمان گۆڕی یەك قەناعەتی هاوبەشمان هەبوو بەوەی ئێمە پێویستیمان بەگۆڕین لەڕووی تەكتیكەوە هەیە نەوەكو لەڕووی ستراتیژەوە، لەڕووی ستراتیژییەوە ئێمە هەردوولامان پێمانوابوو دەبێ ئەو ستراتیژە بمێنێت، بەڵام ئەو بارودۆخەی دوای دووساڵی كابینەی شەشەم هاتەپێش قەناعەتێكی هاوبەشی لەنێوان یەكێتی وپارتی دروستكرد بەوەی كە ئێمە پێویستیمان بەگۆڕانكاری لەڕووی تەكتیكەوە هەیە، بێگومان د.بەرهەم لەسەردەمی خۆیدا لەدەستپێكی كارەكانی شتی زۆر باشی كردووە و دەستكەوتی زۆرباشی بەجێگەیاندووە، منیش لەقسەكانی خۆم كاتی خۆی گوتوومە و ئێستایش دووپاتیدەكەمەوە ئێمە وەكو كابینەی حەوتەم تەواوكەری كارەكانی كابینەی شەشەم دەبین و هەرواش بەردەوام دەبێت، هەڵسەنگاندنی ئێمە لەڕووی ئەدای كاركردن لەكابینەی شەشەم هەندێك شتی زۆر باش و دەستكەوتی باش كەوتنە نێو كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوانەش مەسەلەی بەرنامەی تواناسازی، مەسەلەی دامەزراندن. بێگومان كۆمەڵێك كەموكوڕی هەن وەك چۆن ئێمەیش كۆمەڵێك كەموكوڕیمان بۆ ئەو جێهێشتبوو، ئێمە دەبێ هەوڵبدەین تەواوكەری یەكتر بین و كەموكوڕییەكان چارەسەر بكەین و سوود لەشتە باشەكان وەربگرین و بەردەوام ببین.


٭ پشتیوانی بۆ ئێوە چۆنە لەلایەن حزبەكانەوە بەتایبەتی جەنابی كاك مسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وحزبەكەی بەتایبەتی كە ئێوە كەسایەتیی دووەمی نێو پارتین، هەروەها پشتیوانیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ ئێوە چۆنە بەتایبەتی كەسایەتیی جەنابی مام جەلال كە ئیرەیی بەجەنابتانەوە دەبەن كە دەڵێن بۆوەتە كوڕە نازدارەكەی؟

نێچیرڤان بارزانی: من پشتیوانیی تەواوم لەلایەن پارتی و سەرۆكی پارتییەوە هەیە و بەتەواوی پشتگیریی كردووین وهەر بەو پشتگیرییەش ئێمە دەتوانین لەكارەكانماندا بەردەوام بین، لەبارەی جەنابی مام جەلال هەندێك جار من پێی دەڵێم من جێگری ئەسڵیی سكرتێری یەكێتیی گشتیم. لەڕاستیدا جەنابی مام جەلال هەمیشە پشتیوانیی بۆ من هەبووە و وانەبێ ئەم پشتیوانییە شتێكی تازە بێت و ئێستا بێت. ئێمە لەكاتی خۆی كە كێشەشمان هەبووە كاتێك باسی یەكگرتنی حكوومەتمان دەكرد جەنابی بەشێوەیەكی ئاشكرا ڕایگەیاند ئەگەر فڵانە كەس ببێتە سەرۆكی حكوومەت ئێمە ئامادەین بەشداریی حكوومەت بكەین، خۆی ئەو كاتە شەڕ وكێشەیشمان هەبوو، من شانازی بەوە دەكەم لەو ڕۆژە سەختانە ئەو باوەڕی بەوە هەبوو كە من دەتوانم ئەركێكی بچووكیش بێت بەجێی بگەیەنم، ئەو متمانەیە ئێستاش هەیە بێگومان بەبێ پشتیوانیی ئەم دوولایەنە ناتوانین كاربكەین، ئەمەش ئاساییە، زۆرجار باس لەڕۆڵی حزب وپشتیوانیی حزب دەكەن كە بێگومان من پێموایە دەبێ حزب پشتیوانی لەحكوومەت بكات و ڕۆڵی حزب دەبێ پشتیوانیكردن بێت چونكە حكوومەت حكوومەتی ئەوانە، حكوومەتی خەڵكی كوردستانە وبەدەنگی ئەوانەوە ئێمە هاتینە سەر حوكم، دەبێ دوو مەسەلە لەمبارەیەوە جیابكرێتەوە كە بێگومان پشتیوانیكردن زۆر جیاوازیی لە دەستێوەردان هەیە و ئەوەی ئێمە چاوەڕوانین پشتیوانیی زیاترە و هیوادارین بەردەوام بێت.

٭ بۆچوونی بەڕێزتان لەبارەی میدیا لە هەرێمی كوردستان، میدیا هەیە كە هەندێك كەس بە میدیای فەوزای ناودەبەن و هەندێك كەسی دیكەش وای دەبینن كە هێشتا ڕۆژنامەنووس ئازاد نییە و پێویستیی بە ئازادی هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەخوا من پێموایە وەكو پڕەنسیپ كێشەی هەرێمی كوردستان كێشەی ئازادیی ڕادەربڕین نییە،با یەكێك یەك هەفتە سەیری ئەم ڕۆژنامانە بكات وبزانێت چ سنوورێك ماوە كە تیایدا وەستابن، هەرچی بیانەوێ بیڵێن وهەرچی بیانەوێ بینووسن دەیڵێن و دەینووسن، كەواتە بەواقیعییانە ئێمە لەم ڕووەوە هیچ كێشەیەكمان نییە. من پێموایە كێشەی گەورە كێشەی كاركردنە بەشێوەیەكی پڕۆفیشیناڵانە، ئەم كێشەیە تائێستا لەهەرێمی كوردستان هەیە. من ئەوە بەشتێكی ئاسایی دەبینم چونكە ئێمە لەماوەی گواستنەوەداین وئاسایە ئەم شتانە بێنە پێش، بەڵام ئەگەر تۆ بەراورد لەئەدای ئەم ڕۆژنامانە بكەیت لەنێوان ئێستا و ساڵانی ڕابردوو دەتوانی بڵێیت ئێستا تاڕادەیەك كارەكانیان بەشێوەیەكی پڕۆفیشیناڵانە بەڕێوە دەبەن. من پێموایە ئێمە دەبێ میدیایەكمان هەبێت هەست بەبەرپرسیارێتی بكات ولەگەیاندنی هەواڵ و پەیامی خۆی بۆ خەڵكی كوردستان ڕاستگۆ بێت، زۆرجار هەیە بەحیقد شت دەنووسرێت وشتەكان زۆر بەكەسایەتی دەكرێن لەوەی پەیوەندیی بەئەدای حكوومەت و ئەدای فڵانە دەزگا هەبێت وئەو شتانە دەبنە شتێكی شەخسی. ئەمەش تائێستا لەهەرێمی كوردستاندا بەردەوامە ومنیش لەوە دڵنیام چۆن لەبوارەكانی دیكە توانیمان پێشكەوتن بەدەستبهێنین ئێمە لەم بوارەدا چەند ساڵێكی دیكە پێشكەوتن بەدەستدەهێنین وبەرەوپێش دەچین.

٭ لە بارەی پەیوەندییەكانی حكوومەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، جگە لەپەیوەندییە ئابوورییەكان ئایا هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی هاوسەنگ لەگەڵ ئەم وڵاتانی هاوسێی مامەڵە دەكات؟

نێچیرڤان بارزانی: پرەنسیپێك لەسیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا پێشتر هەبووە و ئێستاش هەیە و لەئایندەشدا بەردەوام دەبێت، ئەویش لەوەدایە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ پەیوەندییەكی زۆر دۆستانەی لەگەڵ هەموو دراوسێكانیدا هەبێت، ئێمە سنوورێكی زۆر دوورو درێژمان لەگەڵ ئێراندا هەیە و پەیوەندییەكی كۆنی مێژوویمان لەگەڵیاندا هەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە هەمیشە پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەم وڵاتەدا هەبێت، بێگومان ئێستا لەڕووی ئابوورییەوە پەیوەندیی باشمان لەگەڵیاندا هەیە، پێشتر لەیادمە لەیەكەمین سەردانم لە ئێران لەسەردەمی كابینەی پێنجەم هەموو كارەكانمان لەبواری پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەسنووری 800-900 ملیۆن دۆلار بوو، ئێستا نزیكەی5 ملیار دۆلارە، لەگەڵ توركیاش ئێستا 8 10 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ هەیە. یەكەمین پرەنسیپی ئێمە ئەوەیە پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باش بێت. ئەمەش پەیرەو كراوە و لەماوەی ئەم چەندین ساڵەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی سەلماندووە فاكتەری تەباییە لەناوچەكە نەوەكو دەستێوەردان ودروستكردنی كێشەیە بۆ وڵاتان. ئێستاش هەوڵی ئەوەی داوە هەر كێشەیەك هەبێت بەشێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەریی بكات، منیش لەو نزیكانە لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفەری ئێران دەكەم و ئامانجی ئێمەش لەو سەردانە، پەرەپێدانی پەیوەندیی سیاسی و ئابوورییە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەگەڵ توركیاش هەروا بەردەوامدەبین.

٭ ئەو گۆڕانكارییانەی ناوچەكە بەتایبەتی لەسووریا باس لەوە دەكەن جیهانی بۆ دووبەش دابەشكردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكام لا دایە ئایا پشتیوانیی لایەك دەكات یان خۆی دوور دەخاتەوە یانیش هاوسەنگی ڕادەگرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەولەوییەتی سیاسەتی ئێمە پاراستنی خەڵكی خۆمانە لەسووریا، ئێمە نامانەوێ كوردی خۆمان لەسووریا تووشی هیچ كێشەیەك ببن، پاراستنی خەڵكی خۆمان لەسووریا پرەنسیپی یەكەمی ئێمەیە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئێمە لەدوایین كۆبوونەوەی نێوان هەردوو بەڕێزان جەنابی سەرۆك كۆمار و جەنابی سەرۆكی هەرێم لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كرا سیاسەتێكی نیشتیمانی پەیڕەو بكرێت. من دەمەوێ دووپاتیبكەمەوە ئێمە نابینە بەشێك لەسیاسەتی هیچ وڵاتێك، ئێمە لەگەڵ هیچ لایەنێك نابین و سیاسەتێكی نیشتیمانی پەیڕەو دەكەین بۆ پاراستنی خەڵكی خۆمان ولەو چوارچێوەیەشدا مامەڵە دەكەین، ئێمە قەت نامانەوێ پاڵپشتیی لایەنێك بكەین لەدژی لایەنی دیكە و ئێمەش ئەوەمان سەلماندووە و لەسەرتای كارەكانمان لە2004 بەوە تۆمەتبار دەكراین كە پاڵپشتیی لایەنی شیعەمان كردووە ئێمەش ئامانجی پاراستنی خەڵكی خۆمان هەبوو و دەبوایە هەندێك پرەنسیپ لەم وڵاتەدا جێگیر بكەین وئەو تەفاهومەی لەگەڵ ئەو لایەنە هەمانبوو كردمان و مەبەستی ئێمە ئەوە نەبوو پاڵپشتیی شیعە بكەین لەدژی سوننە یانیش بەپێچەوانەوە من دەمەوێ لەوەدا خەڵكی كوردستان دڵنیا بكەمەوە ئێمە لەئایندەشدا سیاسەتێكی نیشتیمانی پەیڕەو دەكەین و سیاسەتێك كە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستانی تیادابێت و هەر كارێكیش لە هەرێمی كوردستان بیكەین بەهاوبەشی و بەیەكەوە دەیكەین و هیچ لایەك لەسەر لایەكی دیكە ساغ ناكەینەوە نە یەكێتیی نیشتیمانی و نە پارتی لەسەر یەكتر ساغ دەبنەوە و ئەو تێگەیشتنەش لە نێوان پارتی و یەكێتی هەیە، ئێمە دەبێ سیاسەتێكی نیشتیمانی پەیڕەو بكەین و ئەو مەسەلەیەش نەك تەنها لەسەر ئەم دووحزبەیە، بەڵكو دەبێ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان لەگەڵ ئێمەدابن، ئەمە پرسێكە دەبێ ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵماندابن و تیایدا بەشداربێت و پارتی و یەكێتی بە جیددی تیایدا بەشداربن ئەوكاتە ئێمە سیاسەتێكی یەكگرتوویی نیشتیمانی دابمەزرێنین، چونكە ئەو گۆڕانانەی دەكرێن زۆر لە قەباری پارتی و یەكێتی گەورەترە و پێویستە سیاسەتێكی نیشتیمانیی بۆ پەیڕەو بكرێت و بێگومانیش وادەبێت.