سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان : ئه‌مڕۆ پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ ژێرخانێکی زۆر مه‌حکه‌م له‌کوردستان دروستبکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو متمانه‌مان به‌خۆمان هه‌بێ

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    976
image

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

خوشک وبرایانی به‌ڕێز

میوانه‌ به‌ڕێزه‌کان

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز

زۆر خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم که‌ به‌شداریتان له‌ دووهه‌مین کۆنگره‌ی زانستیی جیهانیی کورد که‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی زۆر پیرۆزه‌ وئومێدبه‌خشه‌ ، داوای سه‌رکه‌وتن بۆ کۆنگره‌که‌تان ده‌که‌م وئومێده‌ورام کاتێکی خۆش له‌ماڵی خۆتان، له‌وڵاتی خۆتان له‌شاری مێژوو له‌هه‌ولێری پایته‌خت ببه‌نه‌ سه‌ر.
بۆ ئێمه‌ جێگه‌ی شانازییه‌ ، جێگه‌ی ئومێده‌ که‌ ده‌بینین ژماره‌یه‌کی زۆری ڕۆڵه‌ی کوردستان و دۆستانی گه‌له‌که‌مان له‌م هۆڵه‌دا ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون وزانستی خۆیان بخه‌نه‌ خزمه‌تی پێشکه‌وتنی ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان.
پڕ به‌دڵ سوپاستان ده‌که‌ین، سوپاسی هه‌موو ئه‌وبرایانه‌ ده‌که‌ین که‌ هه‌وڵیانداوه‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ سازبکرێت .
بێگومان ئێوه‌ی به‌ڕێز ماندووبوونێکی زۆرتان بینیوه‌ و ڕه‌نجتان کێشاوه‌ و شه‌ونخوونیتان کردووه‌ تا خۆتان پێگه‌یاندووه‌ ، من پیرۆزباییتان لێده‌که‌م وده‌ڵێم شانازیتان پێوه‌ ده‌که‌ین.
شۆڕش وخه‌بات هه‌ر شۆڕش و خه‌باتی چه‌کداری نییه‌ ، ئێوه‌ش پێشمه‌رگایه‌تیتان کردووه‌ به‌ڵام به‌شێوازی خۆتان و له‌شوێنی خۆتان . کوردستان ئه‌مانه‌تێکه‌ له‌سه‌رشانی هه‌موومان وهه‌ر قۆناغێک پێویستیی به‌که‌سانێکی گونجاو و شاره‌زا و زانای ئه‌و قۆناغه‌ هه‌یه‌ .
ئه‌مڕۆ پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ ژێرخانێکی زۆر مه‌حکه‌م له‌کوردستان دروستبکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو متمانه‌مان به‌خۆمان هه‌بێ نه‌وه‌کو چاومان له‌هاوردنی ساکارترین شتومه‌کی خوارده‌مه‌نی له‌ده‌ره‌وه‌ بێت.
به‌ڵام خۆشتان ده‌زانن گه‌لی کوردستان هیچ کاتێک ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ وڵاتی خۆی بونیاد بنێت وهه‌میشه‌ ژێرده‌ست وته‌په‌سه‌ر بووه‌ و چه‌وه‌سێنراوه‌ت ته‌نانه‌ت سه‌رده‌مێکی وا به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا پێپه‌ڕی که‌ بۆ نانی ڕۆژانه‌ش ده‌بوایه‌ ڕژێم پێی دابوایه‌ چونکه‌ نان نه‌بوو بیخوات ، ئه‌وان له‌زێدی باو وباپیرانیان دابڕێندرابوون و خرابوونه‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێکان بۆئه‌وه‌ی نه‌توانن پێداویستیی ژیانی ڕۆژانه‌شیان دابینبکه‌ن.
به‌ڵام سوپاس بۆ خوا سوپاس بۆ دۆستانمان، سوپاس بۆ گه‌لی کوردستان که‌ پاش خوێنێکی زۆر، ڕه‌نجێکی زۆر ، قوربانییدانێکی زۆر ئه‌مڕۆ ده‌ستکه‌وتێکی زۆر گه‌وره‌ به‌ده‌ستهاتووه‌ و هه‌رێمی کوردستان خاوه‌نی په‌رله‌مان و حکوومه‌ت و داموده‌زگایه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌م داموده‌زگایانه‌ بێ که‌موکوڕی بن، به‌ڵێ که‌موکوڕی زۆره‌ به‌ڵام ئومێدمان وایه‌ ئێوه‌ به‌زانستی خۆتان به‌ئه‌زموونی خۆتان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵی خۆتان بخه‌نه‌کار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م که‌موکوڕییانه‌ نه‌مێنێن ومن به‌دڵنیاییه‌وه‌ عه‌رزتان ده‌که‌م ئێمه‌ پێویستیمان به‌زانست و پسپۆڕیی ئێوه‌یه‌ و ئاماده‌شین گوێڕایه‌ڵی ئێوه‌ بین وئاماده‌ین ئامۆژگاریی ئێوه‌ وه‌ربگرین وکاریشی پێبکه‌ین.

خوشک وبرایانی به‌ڕێز ....

کاتێک ئێمه‌ ده‌توانین بڵێین ئێمه‌ شانازی به‌هه‌رێمی خۆمانه‌وه‌ ده‌که‌ین، که‌ ئێمه‌ پێویستیمان به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ژێرخانێکی وا دروستبکه‌ین له‌هه‌رێمی کوردستان پێویستیمان به‌ ئێوه‌یه‌ .
که‌ ده‌ڵێین پێویستیمان به‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌ به‌و واتایه‌ نییه‌ ئێمه‌ پێویستیمان به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت ، ئه‌مڕۆ دونیا وای لێهاتووه‌ ده‌وڵه‌تانی زۆر گه‌وره‌ که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ ده‌وڵه‌تن پێویستییان به‌یه‌کتر هه‌یه‌ ، به‌ڵام کاتی ئه‌وه‌هاتووه‌ ئیتر ئێمه‌ ساده‌ترین پێدوایستیی ژیان له‌وڵاتانی دراوسێ یان له‌ده‌ره‌وه‌ بهێنین ئێمه‌ ده‌بێ بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ئیتر باله‌شتی بچووکیشه‌وه‌ ده‌ستپێبکه‌ین،به‌ڵام با پشت به‌خۆمان ببه‌ستین.

وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌یه‌ سوپاس بۆ خوا خوای گه‌وره‌ زۆری پێداوین ئه‌وه‌ ماوه‌ ئیتر چۆن ئێمه‌ ماڵی خۆمان ڕێکبخه‌ین.
خاڵی دیکه‌، ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کین به‌درێژایی مێژوو غه‌درمان لێکراوه‌،کاتێک که‌ پێویست بوو شه‌ڕبکه‌ین، خوێن بده‌ین یان قوربانی بده‌ین، درێغیمان نه‌کرد وسوپاس بۆ خوا ئێمه‌ ئه‌و قۆناغه‌مان بڕی که‌ پێویستیمان به‌وه‌بێت خه‌ڵک بمانناسێت.

جاران ئه‌گه‌ر له‌وڵاتێکی ئه‌ورووپایی یان ئه‌مه‌ریکا یان له‌هه‌ر وڵاتێکی دونیا، ئه‌گه‌ر کارمه‌ندێکی بچووکیش له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێک ئاماده‌بوایه‌ ته‌نها گوێمان لێبگرێت ئه‌گه‌ر به‌سودفه‌ش بێت له‌ڕێستوڕانتێک له‌شوێنێک وچیرۆکی ئێمه‌ ببیستێ به‌وه‌ی چه‌ندمان لێ کوژراوه‌ و چه‌ند دێمان وێرانکراوه‌ چه‌ند خه‌ڵکمان بێ سه‌روشوێنن ، ئنجا ئێمه‌ خۆشحاڵ ده‌بووین، ئێستا ئێمه‌ زیاتر له‌ 20 کونسوڵخانه‌مان له‌هه‌ولێر هه‌یه‌ ، چوار وڵاتی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش کونسوڵخانه‌یان له‌هه‌ولێر هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عه‌ره‌بی وئه‌ورووپایی ، ئه‌مه‌ ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره‌ و پێشڤه‌چوونێکی زۆر گه‌وره‌یه‌ . بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌بێ زۆر واقیعبینانه‌ بیر له‌ئاینده‌ی خۆیمان بکه‌ینه‌وه‌ و بێگومان ئێمه‌ش وه‌کو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆمان هه‌یه‌، به‌ڵام زه‌مانی ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ ئێمه‌ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ بکه‌ینه‌ هۆکار بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجی خۆمان ، ئێمه‌ ده‌بێ په‌نا ببه‌ینه‌ به‌ر خه‌باتی دیموکراتی و ئاشتییانه‌ و دیاڵۆگ له‌و شوێنانه‌ی که‌ مومکینه‌ به‌تایبه‌تی له‌په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ کاریگه‌ریی زیاتره‌ له‌وه‌ی ئێمه‌ به‌شه‌ڕ له‌و سه‌رده‌مه‌دا درێژه‌ به‌خه‌باتی خۆمان بده‌ین، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ مافی گه‌لی خۆمانین له‌هه‌موو شوێنێکدا به‌ڵام ده‌بێ واز له‌وه‌ بهێنین به‌ شه‌ڕ مافی خۆمان به‌ده‌ستبهێنین چونکه‌ له‌و قه‌ناعه‌ته‌داین ئێمه‌ ناتوانین پشتیوانی دۆستانی خۆشمان به‌ده‌ستبهێنین ودونیاش پشتگیریمان ناکات ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌شه‌ڕ خه‌باتی خۆمان بکه‌ین ئه‌گه‌ر به‌دیموکراتی و ئاشتییانه‌ داوای مافی خۆمان بکه‌ین.

له‌باره‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، ئه‌و بارودۆخه‌ به‌ئاسانی نه‌هاتۆته‌ده‌ست به‌ڵکو دوای قوربانییه‌کی یه‌کجار زۆر ، ئێستاش زیاتر له‌ 180 هه‌زار ڕۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌ بیابانه‌کانی خوارووی عیراق بێسه‌روشوێنن ، ئێستاش خه‌ڵکی خۆمان به‌دوای جه‌نازه‌ی ئه‌م ئازیزانه‌ ده‌گه‌ڕێن له‌خوارووی عیراق وهه‌ر به‌ینه‌به‌ین ژماره‌یه‌ک له‌جه‌نازه‌کانیان ده‌دۆزرێته‌وه‌ وده‌یانهێنینه‌وه‌ بۆ کوردستان، ئابه‌مشێوه‌یه‌ به‌ 5 خوله‌ک شارێکی وه‌کو هه‌ڵه‌بجه‌ خاپوورکراو هه‌رچی ژن و منداڵ وپیاو و گه‌وره‌ی تیادا بوو به‌ 5 خوله‌ک شه‌هیدکران و سه‌رتاسه‌ری کوردستان که‌وته‌ به‌ر شاڵاوی کیمیاباران وئه‌نفال ، ئنجا ئه‌م ئه‌زموون و ده‌ستکه‌وته‌ هاتنه‌ده‌ست، بۆیه‌ ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ هی هه‌مووتانه‌ و ئه‌مانه‌تێکه‌ له‌سه‌رشانی هه‌مووتان وئه‌مڕۆ ئێمه‌ هه‌ین سبه‌ی نین ، به‌ڵام ئه‌م میلله‌ته‌ ده‌مێنێت ، گه‌نجان ده‌مێنێن وده‌بێ ئه‌م ئه‌زموونه‌ ببێته‌ ڕووناکیه‌ک ، چرایه‌ک بۆ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان.

من جارێکی دیکه‌ داواتان لێده‌که‌م هه‌رچی که‌موکوڕییه‌ک هه‌بێت له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌زموون و زانستی خۆتان بخه‌نه‌کار بۆ ئه‌وه‌ی که‌موکوڕییه‌کان نه‌هێڵن وهه‌رچه‌نده‌ من ده‌زانم کارێکی ئاسان نییه‌ به‌ڵام به‌ ئه‌زموونی خۆیشم گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌تی هیچ شتێک به‌رامبه‌ر به‌ئیراده‌ی مرۆڤ مه‌حاڵ نییه‌ ئه‌گه‌ر خۆی بڕیار بدات وبیکات هیچ شتێک نییه‌ نه‌توانێ نه‌یکات.

بۆیه‌ من ده‌ڵێم بۆ ئاینده‌ی خۆمان وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌ک هیچ شتێک مه‌حاڵ نییه‌ به‌ڵام ده‌بێ ئێمه‌ بزانین چۆن هه‌نگاوی بۆ داوێین.
له‌کۆتاییدا جارێکی دیکه‌ به‌خێرهاتنی هه‌مووتان ده‌که‌م ، زۆر سوپاستان ده‌که‌م بۆ هاتنتان وداوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌که‌م وزۆر سوپاس .