مه‌سرور بارزانی: كه‌س ناتوانێت پارتی و سلێمانی له‌ یه‌ك جیا بكاته‌وه‌. چونكه‌ بنگه‌ی سه‌ره‌كی شوره‌ش سلێمانی بووه‌ پارتی بو سلێمانی زور قوربانی داوه‌.

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1386
image

لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە ١١/٩/٢٠١٢ لە شاری سلێمانی، بە بەشداریی مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاهەنگێکی جەماوەریی بەڕێوەچوو.

له‌ سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ جه‌ماوه‌رێكی فراوان ئاماده‌ی بوون هه‌ڵۆ ئه‌حمه‌د كورده‌ به‌رپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان وتاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ پارێزگای سڵێمانی خوێنده‌وه‌ و تیشكى خسته‌ سه‌ر هه‌ڵگیرسانى شۆرشى ئه‌یلول و هه‌لگیرسانى ئه‌و شۆرشه‌ى وه‌ك زه‌روره‌تێكى مێژوویى وه‌سف كرد.

دواتر مه‌سرور بارزانى له‌ وته‌یه‌ك دا باسى له‌ گرنگی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشى ئه‌یلول كرد كه‌ شۆرشێكى سه‌رتاسه‌رى بوو،. شۆرشى ئه‌یلولى به‌ قوتابخانه‌ى كوردایه‌تى و پێكه‌وه‌ ژیان وه‌سف كرد. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: په‌یوه‌ندیى نێوان پارتى و سلێمانى په‌یوه‌ندییه‌كى روحى و مێژوییه‌ و هیچ هێزێک ناتوانێ سلێمانی لە پارتی جیا بکاتەوە.

هەروەها گوتی: جێگەی شانازییە کە خاوەنی ئەو مێژووە پڕ سەروەرییە بێت و بۆ ئێمەش شانازییە کە پارتی بین.

گووتیشی: مێژوو زۆر دیارە، هەر کاتێک پارتی بەهێز بووە کوردستانمان ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بووە و هەرکاتێک پارتی تووشی نسکۆ بووە کوردستانمان خاپور و وێران کراوە، پارتی سەرکێشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانە و لەپێناو وەدیهێنانی ئاوەدانی و ئاشتەوایی و سەقامگیری و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەردەوام دەبێت.

ده‌قی وتاری رێزدار مه‌سرور بارزانی
11.9.212 سلێمانی

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان


خوشك و برایانی به‌ڕێز و خۆشه‌ویستم

جه‌ماوه‌ری قه‌ره‌مان و خۆراگیری شاری شێخی نه‌مر

ئاماده‌بووانی هێژا

زۆر به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م

سوپاسی ئاماده‌بوونتان ده‌كه‌م

به‌ڕاستی كه‌ ئێوه‌ ده‌بنین دڵمان خۆش ده‌بێ به‌تایبه‌تی به‌م هه‌تاوه‌ ئێوه‌ هه‌مووتان لێره‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جێگای سه‌ربه‌رزییه‌ بۆ هه‌موومان و شانازی ده‌كه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ له‌م یاده‌دا به‌شدارم.

بۆ من جێ به‌خته‌وه‌رییه‌ و شانازی ده‌كه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی یادی 51 ساڵه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زن ده‌كه‌ینه‌وه‌.

شۆڕشی ئه‌یلوول گه‌وره‌ترین شۆڕش بووه‌ له‌ مێژووی هاوچه‌رخی گه‌له‌كه‌ماندا، شۆڕشێك بووه‌ كه‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان هه‌ر له‌خانه‌قین تا زاخۆی گرته‌وه‌ و په‌ناگایه‌ك بووه‌ بۆ هه‌موو ئازادیخوازێك چ له‌ كوردستان چ له‌ عێراق و چ له‌ ناوچه‌كه‌ و تروسكه‌ی ئومێد بووه‌ بۆ هه‌موو خه‌باتكار و ئازادیخوازێك له‌ هه‌موو پارچه‌كانی تری كوردستان.

شۆڕشی ئه‌یلوول بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بوو، كه‌ له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و جه‌نابی بارزانیی نه‌مردا توانی هه‌موو كوردستان بكاته‌ یه‌ك و ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌مان بۆ به‌ده‌ستبهێنێت و بۆ یه‌كه‌مجار به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بتوانێت مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكات.

شۆڕشی ئه‌یلوول چ له‌ ناوچه‌كه‌ و چ له‌ گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیدا توانی كێشه‌ی كوردستان بۆ ئاستێكی باڵاتر به‌رز بكاته‌وه‌ و پێناسه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ كورد و كوردستان له‌ فه‌رهه‌نگی جیهانیدا بچه‌سپێنێ، هه‌رچه‌نده‌ شۆڕشی ئه‌یلوول بوو به‌ قوربانی پیلانێكی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و به‌تایبه‌تی جه‌نابی بارزانیی نه‌مر ئاماده‌ نه‌بوون مساوه‌مه‌ له‌سه‌ر یه‌ك بستی خاكی ئه‌م نیشتمانه‌ و به‌تایبه‌تی كه‌ركووكی دڵی كوردستان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م شۆڕشه‌یش بووه‌ قوتابخانه‌یه‌ك بۆ هه‌زاران شۆڕشگێڕ و قاره‌مانی ئه‌م گه‌ل و نیشتیمانه‌، كه‌ به‌رده‌وامی به‌شۆڕش بده‌ن و به‌ فیداكاری و ماندبوونی ئه‌وان توانیمان دواتر راپه‌ڕین بكه‌ین و حكوومه‌تی هه‌رێم دامه‌زرێنین و په‌رله‌مانی كوردستان دامه‌زرێنین و دواتریش فیدراڵیه‌ت له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا بچه‌سپێنین.

شۆڕشی ئه‌یلوول قوتابخانه‌ی خۆراگری و فیداكاری و خۆشه‌ویستی و رێزگرتن بوو، چه‌ترێك بوو بۆ پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو چین و توێژ و هه‌مووو ئاین و ئاینزایه‌ك و هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌م نیشتمانه‌ خۆشه‌ویسته‌دا ده‌ژین.

له‌م شۆڕشه‌دا خه‌باتێكی ئێجگار زۆر كرا و خوێنێكی ئێجگار زۆر ڕژا، قوربانیه‌كی ئێجگار زۆر درا، بۆیه‌ پێویسته‌ رێز له‌خه‌باتی ئه‌و قاره‌مانانه‌ بگرین و سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول و هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان دابنوێنین.

رێزگرتن له‌ مێژوویه‌كی وا پڕ له‌سه‌روه‌ری و رێزگرتن له‌ خوێنی هه‌زاران شه‌هید، كه‌ به‌ جامانه‌ی سوور و شینه‌كانیانه‌وه‌ كفن كران و نێژران و به‌خوێنی ئاڵیان خاكی ئه‌م نیشتمانه‌ ئاو درا، بۆیه‌یش وڵاته‌كه‌مان خۆشه‌ویستر و مێژوویشمان پیرۆزتره‌.

شاری سلێمانی چ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول چ دواتر پێشه‌نگ بووه‌ له‌ خه‌بات و خۆراگریدا، به‌سه‌دان گه‌نجی ئه‌م شاره‌ له‌پێناو كوردایه‌تی و رێبازی پیرۆزیی پارتی و بارزانیدا گیانیان به‌خت كرد و له‌ سێداره‌ دران. په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و سلێمانی په‌یوه‌ندیه‌كی رۆحی و مه‌عنه‌وییه‌ و هیچ هێزێك ناتوانێ سلێمانی له‌ پارتی جیا بكاته‌وه‌.

خوشك و برایان...

هه‌ر له‌م شۆڕشه‌دا بوو كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك مسعود بارزانی بۆ یه‌كه‌مجار چه‌كی شه‌ره‌ف و مه‌ردایه‌تی كرده‌ شان و بووه‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا تا ئێستا به‌بێ وه‌ستان خه‌باتی كردووه‌ و له‌گه‌ڵمان بووه‌ و بووه‌ته‌ ره‌مزی وه‌فاداریی و راستگۆیی و بووه‌ته‌ جێگای متمانه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و ئێستایش بۆیه‌ سه‌رۆكی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌، متمانه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی له‌گه‌ڵه‌. جه‌نابی سه‌رۆك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ تاكو ئێستا به‌رده‌وام بووه‌ له‌به‌رگریكردن و داكۆكی كردن له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان و پشت به‌خوا به‌رده‌وام ده‌بین تاكو ده‌گه‌ینه‌ ئاوات و ئامانجه‌كانیشمان.

كه‌ باسی ئه‌م مێژووه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ باسی قوربانیدانی شۆڕشی ئه‌یلوول و پارتی ده‌كه‌ین به‌ڕاستی جێگای شانازییه‌ بۆ پارتی، كه‌ خاوه‌نی ئه‌م مێژووه‌ پڕ له‌ سه‌روه‌رییه‌ و بۆ ئێمه‌یش جێگای شانازییه‌، كه‌ پارتی بین.

هه‌ڤاڵان...

مێژوو زۆر دیاره‌، كه‌ هه‌ر كاتێ پارتی به‌هێز بووه‌، كوردستانمان ئاوادانتر و سه‌قامگیر بووه‌ و هه‌ر كاتێ پارتی تووشی نسكۆ بووه‌ كوردستانان خاپوور و وێران كراوه‌.

پارتی سه‌ركێشی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستانه‌ و له‌ پێناو ئاوه‌دانی و ئاشته‌وایی و سه‌قامگیری و به‌دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیه‌ش پارتی ئێستا كه‌وتۆته‌ به‌ر شاڵاوی هێرشێكی ناجوامێرانه‌، په‌نا به‌خوا پارتی دڵسۆزانی وه‌ك ئێوه‌ی هه‌بێ باكی له‌ هیچ نییه‌ و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو پیلان و به‌رنامه‌ی دوژمن و ناحه‌زانیش وه‌ڵامی خۆی هه‌یه‌.

وه‌ڵامی پارتی و په‌یامی پارتی به‌رامبه‌ر به‌و هێرشانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌ جیاتی له‌ت له‌ت بوون، له‌ جیاتی یه‌كتر ڕه‌تكردنه‌وه‌، داوای یه‌كڕیزی و داوای ته‌بایی و داوای سه‌قامگیری كوردستان ده‌كه‌ین، یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌كڕیزی هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان گره‌نتی سه‌ره‌كییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م گه‌ل و ئه‌م وڵاته‌، پێویسته‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ بین و پێكه‌وه‌ هه‌نگاو بنێنین بۆ ئاسۆیه‌كی رووناكتر و هه‌وڵبده‌ین ئه‌وه‌ی كه‌ تاكو ئێستا هه‌مانه‌ و به‌ده‌ستمان هێناوه‌ بیپارێزین.

پارتی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه‌ و له‌ ناخی خه‌ڵكه‌وه‌ دروست بووه‌ بۆ خه‌ڵك دروست بوو، بۆیه‌ش ڕووی من له‌ كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و داواتان لێده‌كه‌م له‌سه‌ر بنه‌ماكانی رێبازی پیرۆزی بارزانیی نه‌مر و رێنماییه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی تێكه‌ڵی خه‌م و ئازار و خۆشی و شادی خه‌ڵك بن، له‌ خه‌ڵك نزیك بن، چونكه‌ خه‌ڵكمان له‌گه‌ڵ بێت و جه‌ماوه‌رمان له‌گه‌ڵ بێ، هیچ هێزێك ناتوانێ به‌رامبه‌ر به‌ پارتی بووه‌ستێت.

هه‌ڤاڵانی خۆشه‌ویست....

لێره‌دا به‌پێویست ده‌زانم داوا بكه‌م له‌ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات كه‌ بیرێكی جدی له‌ خزمه‌تكردن بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان بكه‌نه‌وه‌ و ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و ئاسووده‌ بۆ ئه‌وان و بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ سه‌ربه‌رزه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت.

هیوادارم هه‌روه‌ها گه‌نجه‌كانیشمان به‌بیری نیشتمانپه‌روه‌ری په‌روه‌رده‌ بكرێن و ئومێد و ئاواته‌كانیان بهێنرێته‌دی، هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری بكه‌ن و هه‌موو پێداویستی ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌توانێت ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببات و ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ بپارێزێت، هێزی گه‌نجانی ئێمه‌یه‌.

خوشك و برایان

من حه‌ز ده‌كه‌م ڕوو له‌ گه‌نجه‌ خۆشه‌ویسته‌كان بكه‌مو له‌ خوشك و براكانم بكه‌م و پێیان بڵێم: ئێوه‌ خاوه‌نی ئه‌م نیشتمانه‌ن، ئێوه‌ خاوه‌نی ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ن و ئێوه‌ش ده‌توانن ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ بپارێزن، من به‌ ئه‌ركی ئاینی و نیشتمانی ده‌زانم كه‌ هه‌موو گه‌نجێك هه‌موو تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ له‌ ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی بێت، چاك و خراپ له‌یه‌ك جیا بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی خه‌مخۆری ئه‌م وڵاته‌یه‌، ئه‌وه‌ی دڵسۆزی ئه‌م وڵاته‌یه‌، ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ خۆی له‌ پێناو ئه‌م وڵات و نیشتمانه‌دا به‌خت بكات جیا بكاته‌وه‌ له‌وانه‌ی ته‌نیا چه‌واشه‌كاری ده‌كه‌ن و ته‌نیا گه‌نج به‌كارده‌هێنن بۆ مه‌به‌ستی ته‌سكی خۆیان.

دڵنیام كه‌ گه‌نجه‌كانی ئێمه‌ رۆشنبیرن، به‌ڵێ رۆشنبیرن و ده‌زانن ئه‌مڕۆ كوردستان به‌چ ره‌وشێك تێده‌په‌ڕێ. رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گۆڕانكاری خێرادا تێده‌په‌ڕێ و پێویسته‌ هه‌موومان بۆ پاراستنی ئه‌م ئه‌زموونه‌، بۆ ده‌ستبه‌ركردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو پێكه‌وه‌ بین و یه‌كڕیز بین و یه‌كهه‌ڵوێست بین و ته‌نیا ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌ل و نیشتمان تێبكۆشین.

هه‌ڤاڵان.......

پێویسته‌ ئێمه‌ رێز له‌ مێژووی پڕ سه‌روه‌ری خۆمان بگرین و وانه‌یان لێوه‌ربگرین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتوویش رێز له‌خه‌باتی ئیمڕۆمان بگرێت.

خوشكو برایان...

له‌ كۆتاییدا جارێكی تر سوپاسێكی بێ پایانتان ده‌كه‌م بۆ ئاماده‌بوونتان، هیوادارم ئاڵای پارتی هه‌میشه‌ شه‌كاوه‌ بێت و ئێوه‌ش هه‌ر ساغ و سه‌ركه‌وتوو بن و هه‌ر بژین بۆ كورد و كوردستان.
زۆر سوپاس -