مه‌كته‌بی سیاسی له‌یادی 66 ساڵه‌ی دامه‌زرانی پارتی دا: كۆده‌نگی و یه‌كرِیزیی گه‌له‌كه‌مان زامنی چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانی مافه‌كانمانه‌

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1133
image

كۆده‌نگی و یه‌كرِیزیی گه‌له‌كه‌مان زامنی چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانی مافه‌كانمانه‌

بە بۆنەی ١٦ی ئاب یادی ٦٦ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی سیاسی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

هه‌ڤالآنی خۆشه‌ویست ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان

پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌رده‌كانی ئه‌یلوول و شۆرِشی گولآن و پارێزه‌رانی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان

خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، زیندانیه‌ سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌رى خۆرِاگرى كوردستان..

له‌ یادی 66 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتیماندا گه‌رمترین پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌ین و له‌ رێی ئێوه‌شه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین و خۆمان به‌ منه‌تباری یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ی رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌زانین كه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتدا پشت و په‌نا و ئیراده‌ی پۆلآین و ئامانجی خه‌باتی پارتیمان بوون و قوربانیدانیشمان هه‌ر له‌پێناوی ئه‌واندا بووه‌ تا له‌ سایه‌ی ئازادی و دیموكراسیدا ژیانێكی ئاسووده‌ بژین و به‌ مافه‌كانیان شاد بن.

ئه‌مرِۆ، كه‌ یادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، مێژووییه‌كی پرِ سه‌روه‌ری و نه‌به‌ردی و به‌رخودان و خه‌باتی نه‌پساوه‌ به‌رز و به‌رِێز راده‌گرین و ئه‌زموونه‌كانی سه‌ركه‌وتن و شكست به‌سه‌رده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ئیراده‌ی ئه‌مرِۆمان به‌ خۆرِاگریی ئه‌و مێژووه‌ موتوربه‌ بكه‌ین و له‌به‌ر رۆشنایی وانه‌كانیدا نه‌خشه‌رِێی ئاینده‌مان دارِێژین.

یادكردنه‌وه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌یه‌ كه‌ له‌یه‌كه‌م كۆماری كوردستان و له‌ژێر ئالآی كوردستاندا، به‌ راسپارده‌ى بارزانى نه‌مر، پارتی وه‌كوو پێویستییه‌كی مێژوویی راگه‌یه‌نرا تا تواناكانی گه‌لی كوردستان له‌ حزبێكی دیموكراتخوازی نیشتمانیدا كۆبكاته‌وه‌ و ئامانجه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بخاته‌ ناو به‌رنامه‌یه‌كی رزگاریخوازه‌وه‌.

پارتی دیموكراتی كوردستان خودان پرِنسیپى سیاسی و جیهانبینی نیشتمانییه‌ كه‌ له‌ مێژووى نه‌ته‌وه‌ى كورد و ئه‌زمونه‌كانى بزاڤه‌ رزگاریخوازه‌كه‌ى و كه‌له‌پورى نیشتمانى و خه‌باتكارانه‌ى بارزانی نه‌مره‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ و، له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتدا، ئه‌ستوونه‌كانی راگرتنی پارتایه‌تی و رایه‌ڵه‌كانی په‌یوه‌ندی بوون له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان.

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه‌، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واوكاریدا، خه‌باتی رزگاریخوازایی كوردستانیی له‌گه‌ڵ خه‌باتی دیموكراسیخوازیی خه‌ڵكی عێراقدا لێك گرێداوه‌ و سه‌نگه‌ر و باره‌گاكانی پێشمه‌رگه‌ و چیا سه‌ركه‌ش و گوند و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی كوردستانی كردۆته‌ په‌ناگه‌ و بنكه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان و هه‌میشه‌ پشتیوانی دیموكراتخوازانی عێراق و دۆستی راسته‌قینه‌ی مافه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان و كلدۆئاشووریان و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب و ئایینزاكانی عێراق بووه‌. ئێستایش له‌ خه‌باتی دیموكراسیدا و له‌پێناوی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی فیدرال و به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵك له‌ خزمه‌تگوزاریی و ئازادی و ئۆقره‌یی و پاراستنیان له‌ هه‌رِه‌شه‌ی به‌رده‌وامی تیرۆر و تیرۆریستان و رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌یلی دیكتاتۆری و تاكرِه‌وی و جیاكاری نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و به‌فیرِۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی عێراق، پشتیوانێكی شێلگیره‌ له‌ تێكۆشانی خه‌ڵكی عێراق.

له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی خه‌باتدا، پارتی دیموكراتی كوردستان درێژه‌پێده‌ری شۆرِش و تێكۆشانی هه‌مه‌جۆره‌ی سیاسی و كۆمه‌لآیه‌تی و كولتووری بووه‌ و سه‌روه‌ریی بێشووماری له‌ مێژووی گه‌لی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیدا تۆماركردووه‌ و به‌ خوێنی هه‌زاران شه‌هید و رۆڵه‌ی قاره‌مان، تۆماری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی نووسیوه‌ته‌وه‌. به‌ شانازیشه‌وه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ دووپات ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌دیهێنانی ئه‌مرِۆدا پشكی زۆری به‌رده‌كه‌وێ. له‌ چه‌سپاندنی كۆڵه‌گه‌كانی ئه‌زموونی حوكمرِانی خۆیی و پته‌وكردنی زه‌مینه‌ و بناغه‌ی سستمی دیموكراسیشدا ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی زۆری كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆ. هه‌روه‌ها له‌ دارِشتنی نه‌خشه‌رِێ بۆ ئاینده‌ دیسانه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڤاڵى خۆشه‌ویست كاكه‌ مه‌سعود بارزانى، به‌رپرسیارێتییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نیشتمانییه‌، كه‌ ئیراده‌یه‌كی پۆلآیین و ئازایه‌تییه‌كی نه‌له‌قیوی گه‌ره‌كه‌ تا به‌ناو گێژه‌ڵووكه‌ و زریانی ململانێكانی ناوچه‌كه‌دا، كه‌شتی ئاوات و ئامانجه‌كانی كورد و كوردستان بگه‌یه‌نرێته‌ كه‌ناری ئارام و ئۆقره‌یی.

له‌ نێوانی دوێنێ و ئه‌مرِۆدا رابه‌رایه‌تى چه‌ندین ساڵه‌ى بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كوردى كردووه‌ و له‌زۆر وێستگه‌ى هه‌ستیاردا رژێمى ناچار به‌گفتوگۆ و رێككه‌وتن كردووه‌ و، سه‌دان وێستگه‌ی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی و راپه‌رِینی میللی و كۆششی ئاشتیخوازانه‌ و دانوستان و رێكه‌وتننامه‌ هه‌ن كه‌ تۆماری رۆژگاری سه‌خت و رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی شۆفێنی و دوژمنكارانه‌ی حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق و هێزه‌ ئیقلیمییه‌كانن ده‌رهه‌ق گه‌لی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌كه‌ی، چه‌سپاندنى ماده‌یه‌كى ده‌ستورى كه‌ كورد و عه‌ره‌ب شه‌ریكن له‌م نیشتمانه‌دا له‌كۆتایى په‌نجاكان و رێككه‌وتنى 11ى ئازارى 1970 نمونه‌ى دیارن. هاوكات تۆماری ئیراده‌ی پۆلآیینی گه‌ل و خۆرِاگرى پێشمه‌رگه‌ن كه‌ شكستیان به‌ هه‌موو پیلانه‌كانی له‌ناوبردن و ئه‌نفال و جینۆساید هێناوه‌. ئه‌مرِۆش هه‌مان ئه‌و ئیراده‌یه‌ به‌رگری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌كات و درێژه‌ به‌خه‌بات ده‌دات تا گه‌یشتن به‌ ترۆپكی ئاواتی كوردستانیان.

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ یادی 66 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیدا، جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان ده‌كاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت: جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و گه‌رِانه‌وه‌ی هه‌موو ناوچه‌ دابرِێنراوه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و رزگاركردنی عێراق له‌و قه‌یرانه‌ گشتگیره‌ی تێی كه‌وتووه‌ و ده‌ربازكردنی سستمی سیاسی و حوكمرِانی له‌ عێراقیشدا له‌و ته‌ڵه‌زگه‌ سه‌خته‌ی به‌هۆی مه‌یلی دیكتاتۆرییه‌وه‌ دووچاری بووه‌، هه‌روه‌ها كێشه‌ى پێشمه‌رگه‌ و كێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانى دیكه‌.

ئه‌مرِۆ له‌ بارودۆخێكدا یادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا به‌ قۆناغێكی گرنگ و چاره‌نووسسازی ئه‌وتۆدا تێده‌په‌رِێ، كه‌ له‌ پارتی و گشت هێزه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان ده‌خوازێ توانا و ئیراده‌مان كۆبكه‌ینه‌وه‌ بۆ رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی پرِكێشی و ئه‌گه‌ره‌ جۆراوجۆره‌كان و خه‌باتكردن له‌پێناوی چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌پارچه‌كانی دیكه‌ و پشتیوانی كردنی ئیراده‌ی كورد و گه‌لانی سووریا و، چه‌سپاندنی دیموكراسی و جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق و، بره‌ودان به‌ پرۆسه‌كانی گه‌شه‌پێدانی ئابووری و كۆمه‌لآیه‌تی و سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و په‌ره‌پێدانیان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه‌یه‌كی چاكسازیی گشتگیر. به‌م مانایه‌ كۆده‌نگی و یه‌كرِیزی گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌كانی زامنی راسته‌قینه‌ی ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانمانه‌ له‌م قۆناغه‌دا و به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی ئاینده‌شمانه‌.

رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان، له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزاكان، پیاوان، ئافره‌تان

خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌زی شه‌هیدانی رێی رزگاریی و كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیاباران و تاوانه‌كانی جینۆساید و تیرۆر.

پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان و هه‌موو هێزه‌ گیان له‌سه‌رده‌سته‌كانی ناوخۆ و پارێزه‌رانی گه‌لی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی

ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان

به‌ بۆنه‌ی 66 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتیمانه‌وه‌ سه‌ری رێز و نه‌وازشتان بۆ داده‌نه‌وێنین و سلآو و رێزی بێپایان بۆ هه‌موو ئه‌نجوومه‌ن و لق و لیژنه‌ و مه‌كته‌ب و ده‌زگا و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان له‌ ناوه‌و و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌نێرین.

یادی بارزانی نه‌مر و كاكه‌ ئیدریسی جوانه‌ مه‌رگ و گشت شه‌هیدانی پارتیمان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان به‌رز و به‌رِێز راده‌گرین و وه‌فا و ئه‌مه‌كداری خۆمانیان بۆ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.

پێكه‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای كۆده‌نگی نیشتمانیی، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هه‌موو هاوپه‌یمانه‌كانمان، له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانمان درێژه‌ به‌ خه‌بات ده‌ده‌ین.

هه‌رشه‌كاوه‌بێت ئالآی پارتیمان.

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی ئابی 2012