دەقی وتەی سەرۆک بارزانی لە رێوڕه‌سمی به‌ فه‌رمی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1168
image

رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ 8/7/2012 له‌ڕێوڕه‌سمێكى تایبه‌تدا و به‌ئاماده‌بوونى هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم و جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێم و په‌ڕله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و راوێژكارو سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌ێك له‌وه‌زیران و به‌رپرسانى ئه‌منى و هه‌واڵگرى، ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان به‌فه‌رمى راگه‌یەندرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد، ئەمە دەقی وتەکەیە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

برایانی خۆشەویست، بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم. بێگومان گەلی كوردستان چاوەڕوانی ئەم جۆرە هەنگاوانە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

من لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی خۆم بە هەموو ئێوەی خۆشەویست و هەموو ئەو دامەزراوانەی سەر بە دەزگای پاراستنی ئاسایش بوون ڕابگەیەنم، ئێوە شەونخوونیتان كردووە بۆ ئەوەی ژیانێكی ئاسوودە بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەن، سوپاستان دەكەم بۆ ئەوەی ئێوە ئەركەكانتان بەسەركەوتوویی ئەنجام داوە و توانیوتانە نموونەیەكی زۆر جوان پێشكەشی جیهان بكەن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خەڵكی كوردستان بەئاسوودەیی بژیت وخەڵكی بیانیش بەچاوی ڕێزەوە تەماشای هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها هاندەرێك بووە بۆ زۆر لەكۆمپانیاكانی جیهان كە بێنە هەرێمی كوردستان، ئەگەر ئاسایش نەبوایە بێگومان نە خەڵكی كوردستان لەئاسوودەییدا دەژیا و نە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە ئەو ڕێزەی لێدەگیرا و نە ئەو كۆمپانیایانەش ڕوویان دەكردە كوردستان.

بەڵام تا ئێستا هەوڵەكان پەرت و بڵاوبوون بەهۆی ئەو دوو ئیدارەییەی پێشتر هەبوو، لەمڕۆ بەدواوە ئومێدەوارین هەموو دەزگاكان ڕێكبخرێن و یەكبخرێن، ئەمڕۆ ئێمە بووینە خاوەنی یەك دەزگای ئاسایش كە پێی دەڵێن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئومێدەوارم لەمەولا ئێوە زیاتر خۆتان ماندوو بكەن وهەوڵی خزمەتی میللەتی خۆتان بكەن و زیاتر ئاسایش بۆ كوردستان بەرقەرار بكەن و یاسا سەروەر بێت و لەیاسا لانەدەن و ئێوە لەهەموو كەسێك زیاتر ڕێز لەیاسا بگرن بۆ ئەوەی میللەتی ئێوە و وڵاتی ئێوە لەدەرەوە ڕێزی لێبگیرێت، هەروەها بەڕەفتاری جوان وشیرینی خۆتان هەروەك چۆن جێگەی ڕێز و متمانەی خەڵكی كوردستانن دەبێ بەردەوام بن، ئێوە دەبێ وا ڕەفتار بكەن كە خەڵكی كوردستان هەست بەئاسوودەیی بكات كاتێك یەكێك لەئێوە ببینێت.

ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی ئەم دامەزراوە دەبێ جیاواز بن وهەرواش بمێننەوە و دەبێ لەخەڵك نزیك بن و دەبێ وای لێ بكەن خەڵك بەدڵنیاییەوە هەست بەئاسوودەیی بكات بەوەی ئێوە لێی نزیك بن نەوەكو وەك دامودەزگای وڵات وشوێنی دیكە كە پۆلیسێك یان ئاسایشێك ببینن یان یەكێك ببینن دوور و نزیك پەیوەندیی بەم دەزگایانەوە هەبێت ڕابكات لەخۆی بترسێت و پێی وابێت ئیتر چارەنووسی ڕەش دەبێت.

ئێوە نموونەیەكی جوانتان پێشكەشكردووە، ئێمە دەزانین تیرۆریست و دوژمنانی گەلەكەمان زۆر هەوڵیانداوە كە ئاسایشی كوردستان تێكبدەن و ژیانی ئاسوودەیی ئەو خەڵكە تێكبدەن بەڵام ئێوە توانیوتانە ڕێ لەو هەموو پیلانانە بگرن وشەهیدێكی زۆر و قوربانیتان داوە لەپێناو ئەوەی خەڵكەكەتان بەزیندوویی بمێنێت ولەبەختەوەریدا بێت، ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە و داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم و داواشتان لێدەكەم لەمەولا وەك یەك دەزگا كاربكەن، ڕێزم بۆ هەموو حزبەكان هەیە بەڵام ئێوە دەزگایەكن سەر بەحكوومەتی هەرێم و سەرۆكایەتیی هەرێمن، ئێوە موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانن نەوەكو یەك حزب و دوو حزب و سێ حزب یان كەسێك، ئێوە موڵكی كوردستانن و ئەمانەتێكی گەورەتان دەكەوێتە سەرشان، ژیانی هەموو خەڵكی كوردستان ئەمڕۆ لە ئەستۆی ئێوەدایە، ئێوەش دەبێ بەوشێوەیە تەماشای مەسەلەكە بكەن ، ئێوە لەپاراستنی ژیانی هەموو تاكێك كە لەو كوردستانەدا بژی بەرپرسن، بۆیە من دەزانم ئەركێكی پیرۆزە، ئەركێكی سەختە بەڵام ئێوە كە لە ماوەی ڕابردوودا شارەزاییەكی باشتان نیشانداوە و ئەوەتان سەلماندووە و دڵنیام لەئایندەشدا ئێوەش لەو خزمەتەی خۆتان بەردەوام دەبن.

جارێكی دیكە داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم و پیرۆزیش بێت ئەم هەنگاوە لەخەڵكی كوردستان

زۆر سوپاس