مەسروور بارزانی: فاكتەری بەهێزی سەركەوتنی دەزگاكانمان هاوكاریی هاووڵاتیان بووە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1211
image

دوێنێ یەك شەممە لە رێو رەسمێكی تایبەتدا بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی هەرێم، بەفەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەندرا، لە رێورەسمەكشدا مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە وتارێكیدا ئاماژەی بەوەدا كە فاكتەی بەهێزی سەركەوتنی دەزگاكانمان و ئەو سەقامگیرییەی هەرێم هاوكاریی هاوڵاتیان لە گەڵ دامودەستگەكانی ئاسایش و هەواڵگریمان بووە.

ئەمەش دەقی وتارەكەیە:

 

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە
بەڕێز جەنابی سەرۆك بارزانی، بەڕێز جەنابی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێز جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری، بەڕێز جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، وەزیرە بەڕێزەكان، بەڕێزان بەرپرسانی دەزگاكانی ئەمنی و هەواڵگری، ئامادەبووانی بەڕێز.

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی دامەزراوەیەكی گرنگ و هەستاری نیشتمانی كە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمە كۆبوینەتەوە، كە لە هەمان كاتدا هەنگاوێكە بەرەو زیاتر یەكخستنەوەی تواناكانمان و نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی كە خواستێكی سەرەكی هاووڵاتیانە، بێ گومان ئەمەیش لە سەركەوتن و دەستكەوتی زیاتر نزیكمان دەكاتەوە، ئەمرۆیش لە ڕاگەیاندنی دەست بەكاربوونی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دا هەنگاو بەرەو بەداوەزراوەیی كردنی سەرجەم دامەزراوەكانی بواری هەواڵگری و تەناهی دەنێین بە ئامانجی پتەوكردن و بەهێزكردنی زیاتری ڕەوشی ئاسایشی هەرێم.

ئیمرۆ كە بەم قوتاغە گەیشتووین جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە ڕابردووی پڕ لە سەروەری و بەرخۆدانی دامودەستگەكانی بواری دابینكردنی ئاسایش لە هەرێم دا بكەین، مێژووی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی ئێمە بەشێكە لە شۆڕش و بەرگریمان كە ئەم دەزگایانە لە میانەی ڕەوتی شۆڕش و خەباتی چەكداریدا ڕۆڵێكی كاریگەرییان هەبووە و ئەزموونێك بوون بۆ بەرنگاربوونەوەی پلانە نهێنی و سیخۆڕییەكانی دوژمن و گەیشتن بەو زانیارییانەی سودیان بۆ جموجۆڵ و چالاكییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و كردارە سیاسییەكان هەبووە و ئێمە شانازی بەو مێژووە دەكەین.

هەر لێرەوە سڵاو و ڕێزی خۆمان بۆ ئەو كەسانە دەنێرین كە ڕۆژگارێك لە قوناغە سەختەكاندا لە ڕیزەكانی ئەو دەزگایانەدا خزمەتیان كردووه‌ و ئێستاش لە ژیاندا ماون و سەری ڕێز و نەوازشیش بۆ هەموو شەهیدەكانی كوردستان دادەنەوێنین بە تایبەتی ئەو شەهیدانەی كە لەم دەزگایانەدا خزمەتیان كردووە.

بەڕێزان، لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان هەوڵ درا دامودەزگاكان لە پێناو بەرژەوەندی هەرێم ڕێكبخرێن و كارا بكرێن كە یەكەم هەنگاو دامه‌زراندنی دامەزراوەی یه‌كگرتوی ئاسایشی هەرێم بوو لە گەڵ دامەزراندنی یەكەم حكوومەتی هەرێم لە كوردستان وێڕای گشت كێشە و ئاڵۆزییەكانی ساڵانی نەوەدەكان، دیسان ناكرێت ڕۆڵی ئەم دەزگایانە لە دوورخستنەوه‌ی زۆر هەڕەشە و مەترسی لە هەرێم نادیدە بگیرێت.

گرفتی گەورەی ئەو ساڵانە و ساڵانی دواتریش ئاسەواری شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی بوو هەربۆیەش هەوڵی زۆرماندا كە ئەم دەزگایانە لەسەر بنەمای دامەزراوەی یاسایی ڕێكبخەینەوە ئەوەبوو بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2004 بەپێی یاسای ژمارە 46ی ساڵی 2004 توانیمان ئەم دەزگایانە لە ڕووی پێكهاتە و جۆری كارەوە پێش بخەین ئێستاش بۆ گەیشتن بە قۆناغێكی پێشكەوتووتر و بە ئامانجی هەبوونی دامەزراوە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی بواری پاراستنی ئاسایشی هەرێم، بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم لە دوای دیراسەتكردنی زۆر كەسی شارەزا و پسپۆر لە بواری هەواڵگری و ئەمنی و یاسایی هەنگاو نراوە بۆ یەكخستن و ڕێكخستنەوەی دەزگاكانی تەناهی و هەواڵگری، بەم پێیە لە سایەیی یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی و یاسا و پەیڕە و پێكهاتەكانی ئەم ئەنجوومەنە هەوڵ دەدەین كە ئەم دامودەستگایانە بخەینە چوارچێوەیەكی نیشتمانی تەواو، ئەم دەزگایانە بەپێی یاسا و ڕێساكانی پێوەندیدار جێگای هەر دڵسۆزێكی ئەم نیشتیمانەی تێدا دەبێتەوە بۆ ئەوەی تواناكانی بخاتە خزمەت پرۆسەی پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەروماڵی هاووڵاتیان، پێوەریش تواناو دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان دەبێت و ئەو ئەنجوومەنە دامەزراوەیەك دەبێت بۆ كۆكردنەوەی باشترین توانای خەڵكی كوردستان لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.

بەڕێزان، دامودەستگە سەركوتكەرەكانی داگیركەرەكانی كوردستان و دوژمنان ئاسەواری خراپیان لە پاشخانی هزری هاووڵاتیانمان بەجێ هێشتووە بۆیە كاتێك دامودەستگەی ئاسایش و هەواڵگریمان دامەزراند هەوڵێ زۆرمان دا ئەو ئاسەوارە ئاوێتەی دامودەستگەكان نەبێت و ڕەچاوی پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ بكرێت بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنیە هەواڵگرییەكانمان بەپێی ستانداردی جیهانی كاربكەن و لە پێناو ئەمەدا بەرنامەی زۆرمان بۆ فراوانكردنی پێوەندییە جەماوەرییەكان داڕشت تاكو خەڵك لە دەزگاكانمان نزیك ببنەوە و ئەم دەزگایانە بە خزمەتكار و پارێزەری سەروماڵی خۆیان بزانن و خولی جۆرا و جۆری مافەكانی مرۆڤ بۆ ئەفسەر و ئەندامانی ئەم دەزگایە كراوەتەوە.

پێویستە لێرەیشدا ئەو ڕاستە دووبارە بكەینەوە كە فاكتەرێكی هەرە بەهێزی سەركەوتنی دەزگاكانمان و ئەو سەقامگیرییەی هەرێم هاوكاریی هاوڵاتیان لە گەڵ دامودەستگەكانی ئاسایش و هەواڵگریمان بووە، كە بێ گومان ئەم دەستكەوتە مەزنە بەبێ هاوكاری و متمانەی گەلەكەمان بەدی نەدەهات وێڕای ئەوەی هەوڵی زۆر هەبوو بۆ ناشیرین كردنی دەزگاكانمان و بەشێوەیەكی ناڕەوا دژایەتیمان دەكرا، بەڵام متمانەی خەڵك بە دەزگاكانی خۆیان لەق نەبووە و ڕۆژ بە رۆژ ئەم پێوەندییە دوولایەنە فراوانتر بووە، تا ئەو ئاستە كە ئێستایش خەڵكانێك بۆ چارەی كێشەكانیان ڕوو لە بارەگاكانی ئەم دەزگایانە دەكەن دەتوانین بە سەربەرزییەوه‌ بڵێین ئاستی بڕوا و متمانەی خەڵك بە دەزگاكانمان گەیشتوەتە ئەو ڕادەیەی كە دایكێك زانیاری لەسەر كوڕەكەی بدات كە بە تیرۆر تاوانبار كرابوو و جگەر گۆشەكه‌ی بدات بە دەستەوە، ئەمەیش مانای ئەوەیە كە متمانەی ئەم دایكە بەم دەزگایانە لە متمانەی بە كوڕەكەی زیاتر بووە.

لێرەدا بەناوی خۆم و گشت ئەفسەر و كارمەندانی دەزگاكانی ئەمنی و هەواڵگری سوپاسی خەڵك و جەماوەری كوردستان دەكەم بۆ پشتیوانی و هاوكارییان بۆ سەركەوتن لە ئەركەكانمان له‌ خزمەتكردنی گەل و نیشتمانەكەمان.

بەڕێزان ئارامی و سەقامگیری ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكە كە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا وەك نمونەیەك بەرجەستەی كردووە دۆست و ناحەز دان بەم ڕەوشە باشەی ئاسایش لە هەرێم دەنێن، كە ئەمەیش دەستكەوتێكە بنەمای گشت دەستكەوتەكانی دیكەی هەرێمە لە سایەی سەقامگیری ئاسایشی هەرێم ڕەوشی ئابوری گەشەی سەندووە و سەدان كۆمپانیای بیانی بە دڵنیاییەوە ڕوویان لە هەرێم كردووە و سەرمایەگوزاری لە بورای جۆرا و جۆردا دەكەن لەم كەشە لە بارەدا ڕەوشی سیاسی هەرێمی كوردستانیش پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و وێڕای هەموو گرفتەكان ئەزموون دەركەوت كە هەم پارتە سیاسیەكانی ناو دەسەڵات و هەم پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان لەم كەشە سودمەند بوون.

لە سایەی ئەم سەقامگیری و ئەمنیەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە دیموكراسییەت زیاتر پەرەی سەندوە و ئازادی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر كراوە هەموومان دەزانین كە لە نەبوونی ئاسایشدا ئازادی هاووڵاتیان سنوردار دەكرێت، بەڵام ئەو ئاسایشەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە كەشێكی باشی بۆ ئازادی و دیموكراسییەت ڕەخساندووە وه‌ لەم كەشەدا هەرێمی كوردستان بوە بە پەناگه‌یەك بۆ ڕووتێكردنی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان تا بە ئاسودەیی و دور لە تیرۆر و تۆقاندن بژین، وێرای ئەمەیش لە ناوچە دابڕێنراوەكانیش دەزگاكانمان كاریگەرترین هێزبوون بۆ بەرگری كردن لە هاوڵاتیانمان بەرانبەر بە هەڕەشەكان، هەر بۆیە ئەوان بە بەردەوامی دەكرێنە ئامانج، ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەتوانین بڵێین كە وێرای ئەو هەموو تەحەدییاتانەی دەڤەرەكە و دەریایەك لە تیرۆر و تۆقاندن لە دەورەوبەر و كێشمەكێشی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەكە ژمارەی گشت كردارە تیرۆرستیەكانی ئەنجام دراو لە ناو هەرێمدا لە سەرەتای دروست بوونی كیانی هەرێمی كوردستان تا ئیستا ناگات بە ژمارەی كردارە تیرۆرستیەكانی یەك ڕۆژی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

بەڕێزان ئەم سەقامگیریە هەروا بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە ئەم دەستكەوتە گەورەیە بەرهەمی گیان بەختكردن و شەونخونی و تێكۆشانی بەردەوامی ئەفسەران و كادیرانی ئەم دەزگایانە بووە ئەم ڕۆلە قارەمانانە وەك سەربازی ون لە بەرە نادیاره‌كانی سنورەكانی دەرەوه‌ی هەرێم لە شەڕێكی بەردەوامدا بوون و خۆیان كردووەتە قەلغانێك بۆ ئەوەی ئەم شەپۆلە تیرۆر و تۆقاندنەی لە دەور و بەر هەیە نەگات بەهەرێم، هاوڵاتیانمان لە كەشێكی ئاسودەدا بژین و چالاكی سیاسی و ئابوری و كولتووری و كۆمەڵایەتی بنوێنن.

مەبەستمان لە باس كردنی ئەم ڕەوشە خۆهەڵكیشان و هەژماركردنی دەستكەوتەكان نییە، بەڵكو ئەم دەستكەوتە مەزنە دەستكەوتی هاوكاری و هەماهەنگی كەل و ڕۆڵە دڵسۆزەكانییەتی لە گەڵ ئەم دەزگایانە و ئەمرۆ بەرهەمی بەدیهاتوو و ئەنجامی كارەكان باشترین شایەتی ئەم سەركەوتەن، ئەم ڕەوشە بەرهەمی گیان بەخت كردنی ئەم ڕۆڵە دڵسۆزانەیە كە ئەمرۆ لە نێوانماندا نین و لە بەرەی دژە تیرۆریزمدا گیانیان بەخت كردووە، ئەم شەهیدانە و خانەوادە بەڕێزەكانیان لە هەموو كەسێك زیاتر شایستەی ڕێز و یادكردنەوەن.

بەڕێزان ئێمە توانای ڕۆڵە دڵسۆزەكانمان لەم دەزگایانەدا تاقیكردوەتەوە وه‌ ئەمانە سەلماندیان كە توانای زۆرتریان لە ئێستەدا هەیە و دەتوانن لە زۆر بواری دیكەدا خزمەت بە گەل و نیشتمان بكەن هەروەك لای هەموو كەس ئاشكرایە دابینكردنی ئاسایشی ژیانی هاووڵاتیان تەنیا بە دوورخستنەوەی تیرۆریزم بە دی نایەت جیا لەم بوارە ئاسایشی هاووڵاتیان پەیوەستە بە ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی دەرمان و تەندروستی و ئاسایشی كولتووری و هەتا دوایی.

چاوەڕوان بووین دەرفەتی زیاتر بەم دەزگایانە بدرابا تاكو ئاسایشی هاووڵاتیان لەم بوارانەیش دا دابین بكرێت و بەرژەوەندی كەسی نەبێت بە كۆسپ لە بەرانبەر بە ئەركێكی وەها پیرۆز و پێویست، لەم بڕوایەداین دەستكراوەیی ئەم دەزگایانە لەكاركردندا لەم بوارانەدا كاریگەری زۆری لە قەلاچۆكردنی وەك گەندەڵی دەبوو لەمەولایش بەپێی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەم دیاردانە یەكێك لە ئەركەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگاكانی دەبێت و هیوادارین گشت لایەك هاوكار و هەماهەنگ بن با ئەم مەترسیە گەورەیش وەك تیرۆر لە هەرێم دوور بخرێتەوە و چیتر بەرژەوەندییە تەسكەكان نەبنە ڕێگر لە بەردەم قەلاچۆكردنی ئەم دیاردە هەڕەشە ئامێزە.

بەڕێزان، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان چەترێكە كە گشت دامودەزگە ئەمنیەكانی هەرێم لە خۆ دەگرێت ئەركی ئەم ئەنجوومەنە بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011 بریتی دەبێت لە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی كردن و ڕێنمایی كردنی ئەم دەزگایانە و هەماهەنگی نێوانیان و داڕشتنی سیاسەتێكی یەكگرتووی ئەمنی بۆ گشت دەزگاكان، هەروەها كەناڵێكی ڕاستەوخۆ دەبێت بۆ كاروباری ئەم بوارە لە گەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم، ئێستا ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای دامەزراوەیی نیشتمانی ڕێكخراوە و دوور دەبێت لە هەر بەرژەوەندییەكی حزبی.

ئەنجوومەن سێ پێكهاتەی سەرەكی هەیە كە بریتین لە:

یەكەم دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.

دووەم بەرێوەبەرایەتیی گشتی هەواڵگریی سەربازی كە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت.

سێیەم ئاژانسی پاراستن و زانیاری كە سەر بە ئەنجوومەن و سەرۆكی هەرێم دەبێت.

لە یاسا پێوەندیدارەكاندا بەوردی ئەركی ئەنجوومەن و پێكهاتەكانی دیاری كراوە سیستەمەكە بەشێوەیەك ڕیكخراوە كە لە چوارچێوەی سیاسەتە ئەمنییە گشتییەكەدا پێكهاتەكانی ئەنجوومەن لە ئاستی خوارەوە سەربەخۆییەكی زاتیان دەبێت بەڵام لە ئاستی هەرەمی و بەڕێوەبردن و سەربەرشتی دا لە ئەنجوومەندا یەكدەگرنەوە و تەواوكەری یەكتری دەبن، ئەزموونی گشت ئەو وڵاتانەی كە دامودەزگای جۆرا و جۆر و ئەكتیڤیان بۆ بواری ئەمنی هەیە سەلماندوویەتی كە دەبێت گشت دامودەستگەكان بەرەو هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر بچن و لە ژێر چەترێكدا كۆ بكرێنەوە تاوەكو سیاسەتێكی ئەمنی یەكگرتوو پەیڕەو بكەن، هەرێمی كوردستانیش لەم چەندە بەدەر نییە و تاكو ئێستایش هەوڵ دراوە دامودەستگەكان هەماهەنگ و هاوكار بن و بەپێی ئەم سیستەمە نوێیەیش ئەم هەماهەنگی و هاوكارییە باشتر ڕێك دەخرێت، ئەنجوومەن و پێكهاتەكانی بۆگشت هاووڵاتیان كراوەیە و بنەمای وەرگرتن لەم پێكهاتەیە نیشتیمان پەروەری و دڵسۆزی و لێهاتوویی دەبێت، بە ڕەچاوكردنی ئەم پێوەرە هەر هاوڵاتیەك دەتوانێت تواناكانی بخاتە خزمەت پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و خزمەتی گەل و نیشتمان.

بەڕێزان لێرەدا جێگەی خۆیەتی سوپاسی گشت بەرپرس و ئەفسەر و پلەدار و كارمەندانی ئەم دەزگایانە بە ئافرەت و پیاوەوە بكەم كە تاكو ئێستا بە لێبوردوویی و بە هەوڵ و ماندوبوونی زۆرەوە بە سەركەوتوویی ئەركەكانیان بەجێ هێناوە و ئاسایشی وڵات و سەروماڵی هاووڵاتیانیان پاراستووە، سەرەڕای نەبوونی ئیمكانیاتی پێویستی ماددی و تەكنەلۆجیای سەردەم هەوڵیان داوە بە ماندووبوون و قوربانی دانی خۆیان ئەو كەموكورتیانە پڕبكەنەوە و ڕێگە نەدەن تیرۆرست و خراپەكاران بە مەرامی خراپی خۆیان بگەن لەم ساڵانەی ڕابردوو بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانا و زانستی ئەفسەر و فەرمانبەران چەندین خولی پێگەیاندنی جۆرا و جۆر و مەسلەكی كراونەتەوە ئێستا ئەم دامەزراوانە خاوەنی ژمارەیەكی بەرچاون لە دەرچوانی زانكۆكان لە ئاستی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا، ئێمە بە ئەمانەتەوە ئەم ئەركە پیرۆزەمان گەیاندووەتە ئەم ئاست و قوناغە و هیوادارین لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە نوێیەیشدا ئەوانەی بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ گرتنی ئەم ئەركەیان پێ دەسپێرێت بەهەمان گیان هەروەها بە دڵسۆزیی و ئەمانەتەوە لە پتەوكردنی بنەماكانی ئاسایشی نیشتمان بەردەوام بن و پێوەر لایان بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت بە هەموو پێكهاتەكانیه‌وە، منیش لەم پۆستە نوێیەدا وەكو ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم زیاتر هاوكاری و یارمەتیدەری هاوكارانم لە ئەنجوومەن و دەزگا پێكهێنەرەكانی دەبم و گشت تواناكانم دەخەمە كار بۆ ئەوەی ئەم دەزگایانە نەك هەر لە كاری جارانیان دانەبەزێت بەڵكو بەهیزتر و كاراتریش بكرێن و گشتیان پێكەوە لەم سیستەمە نوێیەدا تۆڕێكی پتەوی پاراستنی ئاسایشی هەرێم لە گشت ڕوویەكەوە پێك بهێنن. لە كۆتاییشدا جارێكی دیكە سوپاسی خۆم ئاراستەی هەموو بەرپرس و ئەفسەر و پلە دار و كارمەندانی ئەم دامودەزگایانە دەكەمەوە و ئومێدی سەركەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم، سەری ڕێز و نەوازشیش بۆ خانەوادەی شەهیدانی ئەم دامودەزگایانە دادەنوێنم هەزاران سڵا و لە گیانی پاكی شەهیدانی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و سەرجەم شەهیدانی ڕیگای ڕزگاری و ئازادی و نیشتمان.

زۆر سوپاس.