وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید: حکومه‌تی هه‌رێم لایه‌نێکی گرنگی هاوکێشه‌ سیاسییه‌کانی ناوچه‌که‌یه

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1171
image

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید "کارل بیلت" ده‌ڵێت، ناوچه‌که‌ به‌ کاتێکی گرنگ و هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و ئه‌مه‌ش بۆ یه‌کێتیی ئه‌وروپا و وڵاتانی دیکه‌ گرنگه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکردایه‌تییه‌کان لایه‌نێکی گرنگی هاوکێشه‌ سیاسییه‌که‌ن.

 

دوای گه‌یشتنی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رسێ حکومه‌تی سوید، بولگاریا و پۆڵه‌ندا و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ "مه‌سعود بارزانی" سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌ هه‌ولێر ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌که‌یان خسته‌ڕوو.

 

سه‌ره‌تا مه‌سعود بارزانی به‌خێرهاتنی هه‌ر سێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید، پۆڵۆنیا و بولگاریای کرد و گوتی: له‌و ماوه‌ کورته‌ی گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌ولێر گفتوگۆمان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی دوو قۆڵیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و یه‌کێتیی ئه‌وروپا کرد، هاوکات باسی ره‌وشی سوریامان کرد و بۆچوونه‌کانمان وه‌ک یه‌ک وایه‌.

 

دواتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بولگاریا "نیکۆلی ملادینۆف" به‌ ناوی هه‌رسێ وڵات گوتی: زۆر خۆشحاڵین به‌ سه‌ردانمان بۆ شارێک که‌ یه‌کێکه‌ له‌ شاره‌ هه‌ره‌ دێرینه‌کان له‌ جیهان، خۆشحاڵین که‌ سه‌ردانی عێراقیش ده‌که‌ین دوای ئه‌وه‌ی وه‌کوو یه‌کێتیی ئه‌وروپا رێککه‌وتنی بازرگانی، سیاسی و ئابووریمان له‌گه‌ڵ عێراقدا مۆرکرد.

 

ئاماژه‌ی دا که‌ گفتوگۆی زۆر به‌سوودیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامداوه‌، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن بتوانن په‌یوه‌ندی و هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کان له‌گه‌ڵ عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی کوردستانیش په‌ره پێبده‌ن.

 

ملادینۆف گوتی: هه‌وره‌ها باسی ئه‌و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ سیاسییانه‌شمان کرد که‌ ئه‌مڕۆی عێراق له‌ناوخۆیدا رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌.

 

میلادینۆف خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و گفتوگۆ و کۆبوونه‌وانه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ عێراق ئه‌نجامیانداوه و گوتی: مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ که‌ هه‌ردوو بڕوایان وایه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌و دامه‌زراوه‌ تازانه‌ی له‌ عێراقدا هاتوونه‌ته‌ دامه‌زراندن، هه‌رچه‌ند دامه‌زراوه‌ی تازه‌ن، به‌ڵام به‌شێکی گرنگ ده‌بن بۆ به‌هێزکردنی سیسته‌می دیموکراسی له‌ عێراقی تازه‌دا.

 

له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا تیشکی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی: بابه‌تێکی دیکه‌ی گرنگ که‌ گفتوگۆمان له‌سه‌ر کرد بارودۆخی سوریا بوو، بۆیه‌ سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌که‌مان له‌ لوبنان و دواتر به‌غدا و ئێستاش بۆ هه‌رێمی کوردستان دریژه‌ی کێشاوه‌، گرنگ بوو بۆ ئێمه‌ گوێ‌بیستی وڵاتانی دراوسێی سوریا بین که‌ چۆن بارودۆخه‌که‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.

 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یدا که‌ له‌ ماوه‌ی سه‌ردانه‌که‌یاندا په‌یامی زۆر به‌هێزیان گوێ لێ‌بووه‌، په‌یامی ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ک پشتگیری له‌ سوریای ئازاد، فیدرال و دیموکراسی ده‌که‌ن که‌ له‌ رێگه‌ی سه‌ندووقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه‌ حکومه‌ت هه‌ڵبژێردرێت و به‌پێی ده‌ستوور، حکومه‌ت دابمه‌زرێت و به‌رگری و داکۆکی له‌ مافی هه‌موو هاوڵاتیانی بکات. وێڕای ئه‌مانه‌ش حکومه‌تێک بێت له‌ رێگه‌ی سه‌روه‌ریی یاساوه‌ ئه‌رک و کاره‌کانی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، نه‌وه‌ک حکومه‌تێک بێت ته‌نیا پابه‌ندبوونه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌جێ بگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو وڵاتێک بێت پابه‌ندیی مسۆگه‌رکردنی مافه‌کانی مرۆیی هه‌موولایه‌ک.

 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بولگاریا له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: له‌ میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌ماندا پشتگیرییه‌کی زۆر توندمان به‌دی کرد بۆ پلانه‌که‌ی کۆفی ئه‌نان که له‌لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ راستپێدراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش کارده‌کات تاوه‌کوو به‌ گۆڕانکاریی سیاسی، دامه‌زراوه‌ی تازه‌ بێنه‌کایه‌وه‌ که‌ مافی هه‌موولایه‌ک پارێزراو بیت.

 

له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا نیکۆلی ملادینۆف سه‌رسامیی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه و ئاماژه‌ی دا: ده‌کرێ بکرێته‌ نموونه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی چۆن سامانی میلله‌تێک به‌کارده‌هێندرێت بۆ ئابووری و ئه‌و خۆشگوزه‌رانی و پیشکه‌وتنانه‌ی به‌دی دێن.

 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پۆڵه‌ندا "رادۆسلاڤ سیکۆرسکی" گوتی: جه‌خت ده‌که‌مه‌وه‌ و کۆکم له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بولگاریا به‌ناوی ئێمه‌ و یه‌کێتیی ئه‌وروپا کردی، ته‌نیا ده‌مه‌وێت بڵێم، له‌ پۆڵه‌ندا زۆر خۆشحاڵین به‌وه‌ی توانیومانه‌ هاوکاریی هه‌موو عێراقییه‌کان بکه‌ین بۆ ده‌رباز بوونیان له‌ رژێمی دیکتاتۆری سه‌دام حسێن.

 

هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی خۆمان بگێڕین له‌گه‌ڵ بولگاریا بۆ دابین کردنی سه‌قامگیری و ئارامی بۆ عێراق، هه‌وڵده‌ده‌ین تاوه‌کوو په‌یوه‌ندییه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک به‌کار بێنین که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولا بێت.

 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کارل بیلت گوتی: ناوچه‌که‌ به‌ کاتێکی گرنگ و زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، هه‌ڵبه‌ت کاته‌که‌ی بۆ ئێمه‌ له‌ یه‌کێتیی ئه‌وروپا و وڵاتانی تریش گرنگه‌، بۆیه‌ چه‌ند وتوێژێکی گرنگمان ئه‌نجام دا و گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ ئه‌و دیالۆگه سیاسییه‌ی له ئه‌جێنداماندا هه‌بوو زیاتر په‌ره‌ی پێ‌بده‌ین، چونکه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکردایه‌تییه‌کان لایه‌نێکی گرنگی هاوکێشه‌ سیاسییه‌که‌ن.