به‌یاننامه‌ی کۆتایی کۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی یموکراتی کوردستان

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1125
image

ئه‌مڕۆ هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له سلێمانی کۆبوونه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به بارودۆخی کوردستان و دوایین پێشهاته‌کانی عێراق گفتوگۆیان کرد و له کۆتایی کۆبوونه‌وه‌که‌ش به‌یاننامه‌یه‌کیان ده‌رکرد.

 

ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌که‌یه:

 

"کۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی

یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان

 

له‌ درێژه‌ی کۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌کانی هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێکه‌وتی 18/6/2012 له‌ سلێمانی، هه‌ردوولا کۆبووینه‌وه‌ بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێستای کوردستان و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و گرنگیی پاراستنی یه‌کڕیزی له‌ کوردستان و جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ پاراستنی رێککه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌که‌مان، وه‌کو پێویستی ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای گه‌له‌که‌مان تێیدایه و به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵیی هه‌ردوو حزب و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش و دابین کردنی ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی عێراق.

وه‌کو دوو حزبی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ له‌ چاره‌سه‌ر و گه‌یشتن به‌ ئامانج له‌ هه‌ندێ بابه‌تدا له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا، بۆچوونی جیاوازمان هه‌یه‌، به‌ڵام تێکڕای دید و بۆچوون و شیکردنه‌وه و روونکردنه‌وه‌کان بۆ کامڵترکردن و به‌هێزبوونی هه‌ڵوێسته‌کانمانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، هه‌روه‌کو چۆن له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ و دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی دیموکراسی له عێراقدا هاوهه‌ڵوێستین، هه‌ر ئاواش له‌م ته‌نگژه‌ سیاسیه‌ی ئێستای پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و رێگه‌گرتن له‌ دروستبونه‌وه‌ی دیکتاتۆریه‌ت له‌ هه‌ر ره‌نگ و شێوازێکدا و هه‌نگاوه‌کانی پێویست بۆ هێنانه‌وه‌ی ره‌وتی پرۆسه‌که‌ بۆ رێچکه‌یه‌کی دروست و ته‌ندروست، هاوهه‌ڵوێستین و دژ به‌ په‌راوێزخستن و پێشێلکردنی مافی هه‌ر پێکهاته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و مه‌زهه‌بی ده‌وه‌ستین.

شایانی ئاماژه‌پێکردنه‌ ی.ن.ک و پ.د.ک له روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و به‌خه‌مه‌وه‌بوونی ته‌واوی پێکهاته‌کانی عێراقی، به‌ عه‌ره‌ب و کورد و تورکمان و کلدان و سریان و ئاشوری له‌هه‌موو بواره‌کاندا به‌گشتی به له‌به‌رچاو گرتنی به‌رپرسیارێتیی ده‌ستوری به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار له‌م هه‌وڵه‌ی لایه‌نه‌کانی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا ده‌یده‌ن، له چوارچێوه‌ی ده‌ستور و به‌شێوه‌یه‌کی دیموکراسی و ئاشتیانه‌ بۆ کێشانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ، هاوهه‌ڵوێستین و هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی و عێراقی، پێکه‌وه‌ له کۆششداین.

هه‌ردوولا بۆ هاوئاهه‌نگ کردنی هه‌نگاوه‌ هاوبه‌شه‌کانمان به‌گرنگ زانرا به‌م زووانه‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌ش به سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێز سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی ئه‌نجام بدرێت.

ئه‌مه‌و کۆبوونه‌وه‌ له‌ که‌ش و هه‌وایه‌کی شه‌فاف و لێکگه‌یشتن کۆتایی هات.

 

یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان      پارتی دیموکراتی کوردستان