گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: هەڵوێستی مام جەلال و بەیاننامەكەی بۆ ئێمە موفاجەئە بوو

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1099
image

جەعفەر ئیبراهیم، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند كە پارتی نیگەران بووە بە رەزامەندینەدانی سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر رەوانەكردنی داوای متمانەوەرگرتنەوە لە سەرۆك وەزیران، بۆ پەرلەمان: "هەڵوێستی مام جەلال و بەیاننامەكەی بۆ ئێمە موفاجەئە بوو".
ئەو قسانەی گوتەبێژەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی پاش ئەوە هات كە تاڵەبانی درەنگانێكی شەوی شەممەی رابردوو بە بەیاننامەیەك رایگەیاند داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران نانێرێتە پەرلەمان، چونكە وەك لە بەیاننامەكەدا دەڵێت "نیسابی یاسایی تەواو نەبوو". ئەم هەڵوێستەش ركابەرەكانی مالیكی نیگەران كرد.
جەعفەر ئیبراهیم لەبارەی جیاوازی هەڵوێستی پارتی و یەكێتی لەمەڕ ئەو كێشەیە گوتی "ئومێدەوارین جیاوازییەكان لە چوارچێوەیەكدا بن كە زیان بەر قاعیدەی هەردوولا نەكەوێ". گوتیشی "ئێستا بەدواداچوون هەیە بۆئەوەی ئەو جیاوازیەی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە چارەسەربكرێ، تاوەكو لێكترازان دروستنەبێ".
گوتەبێژەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیكردەوە پێشوەخت ئاگاداری بەیاننامەكەی تاڵەبانی بووبن و گوتی "هەڵوێستی مام جەلال و نامەكەی بۆ ئێمە موفاجەئە بوو، زۆر نیگەران بووین و ئێستاش كاردەكەین بۆ ئەوەی رێگەیەك بدۆزینەوە و ئەم دۆخە چارەسەربكرێ، بەشێوەیەك كە یەكڕیزی ماڵی كورد بپارێزرێ". بەڵام بەقسەی حەسەن سنێد، یەكێك لە پەرلەمانتارە دیار و نزیكەكانی مالیكی، ئەوان پێشوەخت ئاگاداری دەركردنی ئەو بەیاننامەیەی تاڵەبانی بوون.
هەندێك لایەن پێشبینی دەكەن ئەو هەڵوێستەی تاڵەبانی كاریگەری خراپ بكاتە سەر پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی. فاتیح داراغایی، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی كاریگەری ئەو هەڵوێستە لەسەر یەكڕیزی كورد بۆ قۆناخی ئایندە گوتی "گومانی تێدانییە ئەم هەڵوێستە هۆكارێكی سەرەكی دەبێت بۆ درزتێبوونی یەكڕیزیی كورد لە بەغدا". داراغایی نیگەرانی خۆی لەو هەڵوێستەی تاڵەبانی دەربڕی و گوتی "هەڵوێستی مام جەلال درز دەخاتە ریزی نوێنەرانی كورد لە بەغدا و كاریگەریی خراپی دەبێ لەسەر پەیوەندی نێوان سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێمی كوردستان".
هەر لەوبارەوە ئوسامە جەمیل، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو، گوتی "لایەنەكان دەتوانن ئیمزای پێویست بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیكی كۆبكەنەوە و بیدەنە تاڵەبانی، تاوەكو ئەویش هەنگاوی پێویست بهاوێژێت". گوتیشی " ئەگەر ئیمزای پێویست كۆكرانەوە، بڕواناكەم مام جەلال داواكە رەوانەی پەرلەمان نەكات. چونكە ئەگەر رەوانەی نەكات، پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی تێكدەچێ و تەنانەت پێشبینی دەكرێ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەڵبوەشێتەوە".
بەڵام عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی ئەوان وەك یەكێتی بەشداری هەموو كۆبوونەوەكان بوون و پەرلەمانتارانی یەكێتیش ئیمزایان لەسەر داوای سەندنەوەی متمانە لە مالیكی كردووە، بەڵام گوتی "مام جەلال سەرۆك كۆمارە و رەفتاری ئەو وەك سەرۆك كۆمار جیاوازی دەبێ لەگەڵ هاوپەیمانی كوردستان، تەنانەت لەگەڵ یەكێتیش". هەروەها گوتی "نابێ لایەنەكان لە هەڵوێستی مام جەلال نیگەران بن" و "دەبێ تەقدیری هەڵوێستی مام جەلال بكرێت، چونكە سەرۆك كۆماری عێراقە".
عەدنان موفتی ئەوەشی بیرهێنایەوە كە مام جەلال "وەك سكرتێری یەكێتی داوای لە هەردوو جێگرەكەی كردووە بەشداری لەو كۆبوونەوانە بكەن كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانی كوردستان دەیانبەستن".

رووداو