ماڵپەڕی دیپلۆماسی ئێرانی: "تورکیا وەک یەکەمین وڵات دان به سەربەخۆیی کوردستان دادەنێت

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1078
image

ماڵپەڕی دیپلۆماسی ئێرانی لە بابەتێکی شیکاریدا رایگەیاند "ئەگەر هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت، تورکیا وەک یەکەمین وڵات دان بەو سەربەخۆییە دادەنێت".

دیپلۆماسی ئێرانی کە ماڵپەرێکی تایبەت به پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسیەتی دەرەکی وڵاتانه و نزیک لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه، لە بابەتێکی شیکاریدا لەژێر ناوی "عێراق، بەرەی نوێی ململانێی ئێران و تورکیا" بەرژەوەندییەکانی ئێران و تورکیا لە عێراق دەخاتە ژێر باس و لێکۆڵینەوە.

لە بەشێکی بابەتەکەدا سەبارەت به هەرێمی کوردستان و ئەگەری سەربەخۆیی هاتووە "سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە رۆژەڤی کاری سەرکردەکانی ئەو هەرێمەیە. پەرەسەندنی دەسەڵاتی کوردەکان و هەنگاونان بەرەوە سەربەخۆیی بابەتێکی هەستیارە کە سەرجەم ناوچەکە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. تورکیا هەرچەند لە ناوخۆدا لەگەڵ پرسی کورد بەرەو روویە و ساڵانێکە شەڕ بەدژی کورد دەکات، بەڵام سەبارەت به سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان روانگەیەکی تایبەتی هەیە و لە لایەنێکی دیکەوە دەڕوانێتە بابەتەکە".

دیپلۆماسی ئێرانی سەبارەت به ئەگەری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و کاردانەوەی تورکیا دەڵێت "ئەگەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان رابگەیەندرێت، بەپێچەوانەی دژایەتی ئێران، عێراق و سوریا، تورکیا یەکەمین وڵات دەبێ کە ئەو دەوڵەتە بە فەرمی دەناسێت. تورکیا پێویستی به سەرچاوەکانی وزەیه و راگەیاندنی دەوڵەتێکی کوردی هاوپەیمانی تورکیا لە بەرژەوەندی ئەنقەرەدایە و تورکیا به ئاسانی به سەرچاوەکانی وزە دەگات".

ئەزموونی حوکمرانی کوردی یەکێکی تر لە تەوەرەکانی ئەو بابەتە شیکارییەیە "کوردەکان لە دوای شەڕی یەکەمی کەنداو و دانانی ناوچەی دژە فڕین، ناوچەیەکی تا رادەیەک سەربەخۆیان هەبووە و لەو رێگەیەوە توانیویانه ئەزموونی دەسەڵاتداری و کاروباری بەڕێوەبردنی وڵات بەدەست بێنن".

لە روانگەی دیپلۆماسی ئێرانی "کوردەکان هەرچەند لە ناوخۆدا لەگەڵ یەکتر کێشەیان هەیە، بەڵام لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی هێزێکی دەرەکی یەکگرتوو و هاودەنگن".

هاوپەیمانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەوەرێکی دیکەی ئەو بابەتە شیکاریە لەخۆ دەگرێت "کاتی هێڕشی سەربازی ئەمریکا بۆسەر عێراق، کوردەکان یەکێک لە هاوپەیمانه سەرەکییەکانی ئەمریکا بوون. کوردەکان خوازیاری بەشداری کردن لە حوکمڕانی عێراقدا بوون و لەدوای هێڕشی سەربازی ئەمریکا بۆسەر عێراق، پەرە به دەسەڵاتی کوردەکان درا".

ئەو ماڵپەرە فیدڕالیزم به هۆکاری لەناوبردنی یەکێتی عێراق دەزانێت "دەستووری بنچینەیی عێراق دانی به سیستەمی فیدڕاڵی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات داناوە و هەر بەو هۆیەش یەکێتی نەتەوەیی لە ناوخۆی عێراقدا زۆر لاواز بووە و ئەو ولاتەی بەسەر سێ پێکهاتەی کورد، سونە و شیعە دابەش کردووە".

Rudaw