به‌رپرسی دۆسیه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا: كوردستان دەبێتە هێزێكی گەورەی كاریگەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1084
image

چەند ساڵێك پێش ئێستا ئافرەتێكی كوردی عێراق ویستی لە ڕێی توركیاوە بگاتە ئەورووپا. ئەو باش دەیزانی كە قسەكردن بە زمانی كوردی یان ناوهێنانی “كوردستان” شتێكی باش نییە، بەڵام كێشە سەرەكییەكە ئەوە بوو خۆی ناوی "كوردستان" بوو.

لە ژووری سەیركردنی پاساپۆرت پرسیار لەم ئافرەتە كرا ناوی چییە، ئەویش بە "باكووری عێراق" وەڵامی دایەوە، نەوەك "كوردستان"، ئەوەیش بەهۆی ئەو تێڕوانینە خراپە بوو، كە بەرپرسانی توركیا بەرامبەر هەرێمی كوردستان هەیانبوو.

بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەكی گشتی و لەگەڵ كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق بەشێوەیەكی تایبەتی ئەم شتە گۆڕانكاریی بەسەردا هات و ئیتر هەڵوێستە دژەكانی توركیا بەرامبەر كوردستان كۆتاییان هات و بڕانەوە.

لە كۆنفرانسی “وزە”دا كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە هەولێر، پایتەختە پێشكەوتووەكەی هەرێمی كوردستانیشدا بەڕێوە چوو، ئەم ڕاستییە بۆ هەموو كەس و لایەنێك ڕوون بووەوە.

چەندین بەرپرسی باڵای وەزارەتی وزەی توركیا لەو كۆنفرانسەدا بەشداربوون و لەگەڵ هاوشانە كوردییەكانیان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسیان لە هەبوونی پلانێكی تۆكمە كرد بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوولا.

ئێستا نزیكەی 1500 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و دوو لە سەر سێی ئەوانیش كۆمپانیای توركین. ئەمەیش بووەتە یارمەتیدەرێك بۆ ئەوەی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.

بەڵام كۆنفرانسەكەی چەند رۆژێك پێش ئێستای هەولێر، گرنگییەكی زۆری هەیە و بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی توركیایش پێی وایە دەكرێت لە ماوەیەكی كورتی داهاتوو “دا ئاسۆیەكی نوێ لە پەیوەندیی ستراتیژی”ـی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا دەربكەوێت.

توركیا پێویستی بە كوردستانە
بێگومان ئەم پەیوەندییە سوودی بۆ هەردوولا هەیە.چۆن؟

توركیا خاوەنی سەرچاوەیەكی ئەوتۆی بواری وزە نییە، بەڵام پلانی ئەوەی هەیە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا ببێتە 10ـیەمین وڵاتی پێشكەوتووی جیهان لە بواری ئابوورییەوە. بێگومان بۆ ئەو پلانەیشی پێویستی بە نەوت و گاز هەیە و كوردستانیش دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دابینكەری ئەو نەوت و گازە.

لەم چوارچێوەیەیشدا بەرپرسانی توركیا و هەرێمی كوردستان پلانی دانانی ژمارەیەك بۆڕیی تایبەت بە گواستنەوەی نەوت و غازیان ڕاگەیاندووە و بەم جۆرەیش كوردستان و توركیا دەبنە سەرچاوەیەكی بەرهەمهێنان و گەیاندنی ئەو وزانە بە وڵاتانی ئەورووپا، لەوانەیش بەریتانیا.

كوردستانیش توركیای پێویستە
ئەم پرۆژەیە سوودی بۆ كوردەكانیش هەیە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ بەرەو پێشبردنی هەرێمەكەی لە بواری ئابوورییەوە و باشتركردنی بواری بژێوی هاووڵاتیان.

كوردستان دەتوانێت ڕكابەرایەتیی دوبەی بكات، بەڵام پێویستە كار بۆ دابینكردنی زیاتری دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە هەرێمەكەدا بكرێت.

بەڵام پێویستە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان لەم گۆڕانكارییانەدا لەبەرچاو بگرین، چونكە كوردستان پێویستی بە وڵاتێكی دۆست هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێگەیەوە نەوت و غازەكەی بنێرێتە دەرەوە.

دانیشتووان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاویەكانی هەرێمەكەیان، كشتوكاڵەكەیان، سووتەمەنی و وزە خۆماڵییەكەیان دەتوانن ژیانیان بەڕێوە ببەن، بەڵام بەبێ ناردنە دەرەوەی نەوت كوردستان شوێنێكی هەژار دەبێت.

كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرژیی تێكەوتووە.

پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە كەرتی وزەدا، هەبوونی ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای بیانی لە هەرێمەكەدا، ڕەخنەگرتنی بەرپرسانی هەرێم لە بەرپرسە تاكڕەوەكانی حكوومەتی عێراق بووەتە هۆی تووڕەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی حكوومەتی ناوەندی.

بەڵام ژمارەیەكی دیكە بەرپرسی عێراقییش هەن، كە دەیانەوێت حكوومەتی ناوەندی لە دابینكردنی خزمەتگوزارییەوە بۆ هاووڵاتیان و بەرەوپێشبردنی وڵاتەدا چاو لە هەرێمی كوردستان بكات.

بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت سوود لە سەروەت و سامانی وزەی هەرێمەكەیان وەربگرن بۆ خزمەتكردنی دانیشتووانی عێراق بە گشتی و دانیشتووانی هەرێم بە تایبەتی.

بێگومان بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیایش دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی پێگەی كورد لەو ململانێیەی حكوومەتی هەرێم لە سەر چەند پرسێكی دەستووری لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیدا هەیەتی.

سیاسەتی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش نووری مالیكی لە بەرامبەر توركیادا وای كردووە ئەم پەیوەندییەی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان زیاتر گەشە بكات.

هەربۆیەیش پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا ماوەیەكی كورتە دەستی پێ¬كردووە و كەس نازانێت لە كوێ كۆتایی دێت.

كێشەكان كۆتاییان پێ دەهێنرێت
ئەندازیاری ئەم پەیوەندییە بەهێزەی بواری ئابووریی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم ئاشتی هەورامییـە.

ئەو پاش تەواوبوونی كۆنفرانسەكەی تایبەت بە وزەی چەند رۆژێك پێش ئێستای هەولێر پێی ڕاگەیاندم، كە گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەتوانێت گۆڕانكاریی گەورە لەگەڵ خۆی بهێنێت بە جۆرێك كە “ئەو شتانەی پێشتر بە كێشەی گەورە دادەنران لەمەوپاش نەبنە كێشە”.

كوردستان دەتوانێت ژمارەیەكی زۆر كێشە چارەسەر بكات. بەرپرسانی ئەو هەرێمەیش دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی چەندین چارەسەر بەشێوەیەكی سرووشتی دەربكەون و شوێنی كێشە كۆنەكان بگرنەوە.

سەربەخۆیی كوردستان
ئێستایش قسەكردنێكی زۆر لە ناو كۆمەڵگای كوردیدا دەربارەی سەربەخۆیی كوردستان هەیە.

ئەم هەنگاوە دەكرێت هەڵگیرێت و سەركەوتنیش بەدەست بهێنێت، بە تایبەتی ئەگەر بێت و توركیا یارمەتیدەر بێت. ئەگەریش هەنگاوەكە لە لایەن بەرپرسانی هەرێمەكەوە هەڵنەگیرا، ئەوا كوردستان دەتوانێت وەك بەشێك لە عێراق بمێنێتەوە و لە هەموو بوارێكەوە سەربەخۆیی هەبێت، جگە لە دەستنەكەوتنی ناوی سەربەخۆیی. پێشكەوتنی ئابووری و پێكەوەنانی كۆمەڵگایەكی دوور لە تاوانیش لە كوردستاندا دەكرێت سەربەخۆیی بۆ كوردەكان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.

سەرەڕای ئەوەیش، پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە بواری ئابوورییەوە رۆڵی گەورەی لە سەر پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەبێت، بە تایبەتی پارێزگا دراوسێكانی هەرێمەكە، لەوانەیش كەركووك.

بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی بواری ئابووری و وزەی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی وەك كەركووك و مووسڵ دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانییەتێكی سیاسی لە نێوان هەرێم و ئەو پارێزگایانەدا، بەڵام پێناچێت گۆڕانكاری لە سنوورەكاندا كارێكی ئاسان بێت، هەرچەندە مەحاڵیش نییە.

لە لایەكی دیكەوە، بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا سوودێكی زۆریشی بۆ ناوچە كوردییەكانی توركیا دەبێت.

ئەگەر باری بژێوی كوردەكانی كوردستانی توركیا باشتر بێت، ئەوا پشتیوانیی ئەو خەڵكەیش بۆ پەكەكە كەمتر دەبێتەوە.

ئەگەر بێت و پارتی كرێكارانی كوردستانیش چەك دابنێت، ئەوا كوردەكان ئاسانتر دەتوانن میكانیزمێك بۆ مامەڵە و پەیوەندی لەگەڵ توركیادا دابڕێژن.

ئەم سیاسەتە نوێیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ببێتە هۆی بەرەوپێشبردنی كوردستان و باشتركردنی بواری بژێوی دانیشتووانەكەی. ئەم سیاسەتە هەروەها دەتوانێت كۆتایی بە ژمارەیەك لە كێشە كۆنەكانیش بهێنێت.

چی دیكە كوردستان وشەیەكی قەدەغە و شاراوە نییە و دەكرێت داینامیزمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ببێتە هێزێكی گەورە و گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوە: رۆژنامەی “هەفینگتن پۆست”ـی چاپی بەریتانیا
تێبینی: “گاری كێنت” بەرپرسی “گرووپی پەرلەمانی هەموو پارتەكان”ـی بەریتانیایە بۆ كاروباری هەرێمی كوردستان

وه‌رگێرانى: عەلی حەسەن زەڵمی - سایتی هه‌ولێر