ده‌قی وته‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌ ده‌سپێكردنی كاره‌كانی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ له‌ هه‌ولێر

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1105
image

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20ی ئایاری 2012؛ به‌رێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ ده‌سپێكردنی كاره‌كانی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ كرد كه‌ به‌ دروشمی (له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ جیهان، ڕێگای وزه‌ و هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌شه‌سه‌ندن) له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت.

هه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌دا به‌رێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیایدا داكۆكی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان بۆ خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵكی عێراق به‌ كار بهێنرێن.


ده‌قی وته‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌:

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز...
میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان...

به‌یانیتان باش و هه‌موولایه‌ك به‌خێربێن بۆ هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی عیراق.

به‌خێرهاتنی به‌رێز تانه‌ر یه‌ڵدز وه‌زیری ووزه‌ و سامانه‌ سرووشتیه‌كانی كۆماری توركیا و بالیوز مدحت بالكان سه‌رۆكی رێكخراوی ستیم و نوێه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌كه‌م بۆ ئاماده‌بونیان له‌م كۆنفرانسه‌.

خۆشحاڵم و به‌خته‌وه‌رین به‌ به‌شداری كردنی به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و به‌ڕێزان پارێزگاری كه‌ركوك و پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌م كۆنفڕانسه‌ گرینگه‌دا به‌شداریان كردووه‌ به‌خێربێن.

به‌خێرهاتنی گه‌رمی هه‌موو كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و دیپلۆماتكاران و میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌م. وسوپاسی رێكخراوی ستیم ده‌كه‌م بۆ رێكخستنی ئه‌م كۆنفرانسه‌ گرنگه‌ له‌ هه‌ولێر.

به‌ڕێزان...

ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر خۆشحاڵین بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ و ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین كۆنفراسی نێوده‌وڵه‌تی ووزه‌ له‌ هه‌ولێر. هاتنی كۆمپانیا جیهانیه‌كانی بواری ووزه‌ و به‌شداری كردنیان له‌م بۆنه‌یه‌دا گرینگی و بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. ئومێده‌وارین سه‌رچاوه‌كانی ووزه‌ و سامانه‌ سرووشتیه‌كان ببێته‌ مایه‌ی به‌خته‌وه‌ری و خۆشگوزه‌رانی زیاتر بۆ سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق.

ئاماده‌بوونی جه‌نابی وه‌زیری ووزه‌ی توركیا و هاتنی برایانمان له‌ توركیاوه‌ بۆ ئه‌م كۆنفڕانسه‌، ئاماژه‌یه‌كی گرینگ و به‌رچاوه‌ بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ بواری ووزه‌ و سامانه‌ سرووستیه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌شه‌ كه‌وا چۆن ده‌توانین به‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی مێژوویی و كه‌لتوریمان پاڵپشتی ئه‌م بواره‌ گرینگه‌ بین له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان.

كاروچالاكیه‌ ئابووری و بازرگانیه‌كان زۆرجار ده‌كرێ ببێته‌ پێشه‌نگ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كان و هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ دروست كردنی په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌و له‌ڕووه‌ جیا جیاكانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و لایه‌نه‌كانی تری ژیان. ئێمه‌ زۆر به‌ڕوونی ئه‌وه‌مان بینی كه‌ له‌ ئاكامی ئه‌و كاركردن و په‌یوه‌ندیه‌ ئابووریه‌ به‌هێزانه‌وه‌ ده‌كرێت ده‌ستكه‌وتی سیاسی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنرێت.

له‌ئێستاشدا ئه‌و جموجۆڵه‌ ئابووریه‌ به‌رچاوه‌ی توركیا و ئاره‌زووی ئه‌و ووڵاته‌ بۆ بوونی به‌ یه‌كێك له‌ ده‌ ووڵاته‌ی ئابووریه‌ به‌هێزه‌كه‌ی جیهان، بۆ ئێمه‌ بایه‌خێگی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، له‌م رووه‌شه‌وه‌ توركیا ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌كی نموونه‌یی بۆ هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی عیراق.

به‌ڕێزان...

له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوو له‌ ده‌رئه‌نجامی ژینگه‌یه‌كی له‌بار و یاسای وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم، توركیا وه‌به‌رهێنه‌رێكی گه‌وره‌ی بووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام داوه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و ووڵاته‌ ببێته‌ گه‌وره‌ترین هاوبه‌ش و وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

له‌ماوه‌ی رابردوو و له‌میانه‌ی ووتوێژه‌كانمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ كۆماری توركیا، ئێمه‌ باسی زۆر بابه‌تی گرینگمان كردووه‌ كه‌ گرینگن بۆ یارمه‌تی دانمان له‌ مسۆگه‌ر كردنی عێراقێكی سه‌قامگیر و ئارام و خۆشگوزه‌ران له‌ ئاینده‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌مان به‌و رۆڵه‌ گرینگه‌ كردووه‌ كه‌ عێراقێكی دیموكراتی فیدڕاڵی سه‌قامگیر ده‌توانێ له‌ناوچه‌كه‌دا بیگێڕیت، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش سوود و به‌ژه‌وه‌ندی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌یه‌بۆ هه‌ردوولا .

له‌بواری پڕاكتیكیشدا ئێمه‌ هه‌نگاوی جدیمان ناوه‌ بۆ هاندان و دروستكردنی په‌یوه‌ندی ستراتیژی له‌نێوان كۆماری توركیا و هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ته‌واوی گه‌لانی عێراقدابێت.

میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان...

هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ بواره‌ ئابووریه‌ جیا جیاكان به‌شێوه‌یكی گشتی و له‌بواری ووزه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی، له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی سیاسه‌تی كاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانمان بۆ ئاینده‌یكی گه‌شتر و مسۆگه‌ر كردنی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی عێراق، ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراقی فیدڕاڵ به‌رده‌وام ده‌بێ. بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ بواری ووزه‌ و نه‌وت له‌و ده‌ستووره‌دا زۆر روون و ئاشكران و هێڵی سه‌ره‌كی كاركردنی ئێمه‌ن و رێ نیشانده‌رمانه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ت و هه‌وڵه‌كانمان له‌م بواره‌دا به‌رده‌وام ده‌بین.

ئێمه‌ پابه‌ندین به‌وه‌ی كه‌ سامانه‌ سرووشتیه‌كان به‌ ووریایی و حیكمه‌ته‌وه‌ به‌كاربهێنرێت، ده‌مانه‌وێت كه‌وا نه‌وت و گاز ببێته‌ مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری بۆ گه‌له‌كه‌مان. هه‌ربۆیه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانمان له‌ناوخۆی ووڵات به‌رده‌وام ده‌بین. له‌ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا به‌رده‌وام ده‌بین بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی ئابووری و بازرگانیمان له‌گه‌ڵ ووڵاتانی جیهان به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موولایه‌كدا بێت.

ئێمه‌ جیاواز له‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌ به‌غدا، بڕوامان وایه‌ كه‌ پێویسته‌ سیاسه‌تمان له‌ بواری سه‌رچاوه‌كانی ووزه‌ و سامانه‌ سرووشتیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بێت نه‌ك بۆ دژایه‌تی كردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ یه‌كتر. سیاسه‌تی ئێمه‌ له‌م بواره‌دا و تێڕوانینمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سامانه‌ سرووشتیه‌كان ته‌نهاو ته‌نها بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لانی عێراق به‌كاربهێنرێت.

هه‌ر له‌ ئاكامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ سه‌ركه‌وتووه‌ بوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان توانی شوێن په‌نجه‌ی خۆی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ووزه‌ی جیهان دیاری بكات و بناسرێت. هیچ گومانیش له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ یه‌ده‌گی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان رۆڵ و كاریگه‌ری به‌رچاوی ده‌بێت له‌ دابینكردنی ووزه‌ له‌ جیهان.

له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ ده‌روازه‌یه‌كی گرینگ بۆ ته‌واوی عێراق، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ وێستگه‌ی گرینگی چالاكی بازرگانی راسته‌قینه‌ كه‌ سه‌دان كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ری جیهانی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو مامه‌ڵه‌كانیانی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

میوانانی به‌ڕێز...

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ گه‌شانه‌ی ئاماژه‌م پێدان، نامه‌وێت خۆم له‌و كێشانه‌ لابده‌م كه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا بوونیان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌وا قۆناغی گواستنه‌وه‌ له‌ دیكتاتۆری و ماڵوێرانی بۆ دیموكراسیه‌ت و ئاوه‌دانی، و بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و خۆشگوزه‌رانی، رێگایه‌كی دووره‌ و زۆرجاریش پڕه‌ له‌ ئاسته‌نگی جۆراوجۆر، هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی بیری كۆن و نه‌ریت كارێكی ساده‌ و ساكار نیه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ ئێمه‌ بڕوامان به‌ پڕه‌نسیپی فێربوون له‌ رابردوو و وانه‌ وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون هه‌یه‌، هاوكات به‌جدی كارده‌كه‌ین بۆ هاندانی به‌هاكانی ئازادی تاكه‌ كه‌س و دیموكراسی و سه‌روه‌ری یاسا و بازاڕی ئازاد له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان.

بێگومان ئێمه‌ له‌ كاركردنمان بۆ به‌گه‌ڕخستنی سامانه‌ سرووشتیه‌كان له‌ خزمه‌ت گه‌لانی عیراق به‌رده‌وام ده‌بین، هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ مسۆگه‌ر كردنی به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ سرووشتیه‌كان و دابه‌ش بوونی داهاته‌كه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مان به‌پێی بنه‌مای ده‌ستووری عیراق.

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز...

به‌هۆی دواكه‌وتن و نه‌بوونی یاسای نه‌وت و گازی فیدڕاڵی، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ساڵی 2007 یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی په‌سه‌ند كرد، ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق. له‌ ئێستاشدا ئه‌و پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی كه‌ ده‌یبینن، راستی و دروستی و سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوو په‌یڕه‌وی كردووه‌، واته‌ راستیه‌كان خۆیان ده‌دوێن، بۆیه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانمان زۆر به‌دڵنیایی بۆ پێشه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.

ئێمه‌ خۆشحاڵین كه‌ ئێستا ده‌بینین چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر له‌ عێراق هه‌نگاوده‌نێن بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌مان رێچكه‌ و ده‌یانه‌وێت هه‌مان ئه‌زموون دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ پیاده‌كردنی مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سامانه‌ سرووشتیه‌كان له‌ پارێزگاكه‌یاندا.

هه‌ربۆیه‌ هیوادارین كه‌ هه‌رچی زووه‌ یاسای نه‌وت و گازی فیدڕاڵی و یاسای دابه‌شكردنی داهات له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوری بۆ په‌یوه‌ندی نێوان چالاكیه‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم و ته‌واوی عێراق بكرێت، كه‌ بێگومان ده‌بێت به‌پێی ماده‌و بڕگه‌كانی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراقی فیدڕاڵ بێت.

جارێكی تر ئه‌وه‌ دوپات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هاوبه‌شی كردن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سامانه‌ سرووشتیه‌كان و مسۆگه‌ركردنی دابه‌شكردنی داهاته‌كان به‌شێوه‌یكی دادپه‌روه‌رانه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا، بنه‌مای پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی گه‌لانی عێراقه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ئامانجێكی زۆر ساده‌ و مه‌بده‌ئیه‌. بۆیه‌ هه‌وڵدان بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ كاركردن به‌ ماده‌ و بڕگه‌ ده‌ستوریه‌كان، هیچ ئه‌نجامێك له‌ ولاًته‌كه‌مان نابێت جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و دواكه‌وتن.

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت و كارمان بۆكردووه‌ و قوربانیمان بۆ داوه‌، عێراقێكی دیموكراتی فیدڕاڵی فره‌ییه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌موو عێراقیه‌كان بكات، هاوكات ئازادیه‌ سیاسی و ئابووریه‌كان كه‌ مه‌به‌ستی هه‌موومانه‌ بپارێزرێت. له‌م هه‌وڵانه‌شماندا به‌رده‌وام ده‌بین.


گه‌لی كوردستان رێگایه‌كی دوور و درێژیان بڕیوه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ نه‌هامه‌تی و ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كانی رابردوو، هه‌وڵ و قوربانیه‌كی زۆری داوه‌ بۆ به‌دیهێنان و مسۆگه‌ر كردنی ئاینده‌ و داهاتوویه‌كی باشتر. بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌نگاوه‌كانی رابردوومان، گه‌شبینین به‌ داهاتوومان، بۆیه‌ به‌رده‌وام ده‌بین بۆ به‌ره‌وپێش بردن و دابین كردنی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیانمان، كه‌ تێیدا سووده‌ ئابووریه‌كه‌ی له‌ خزمه‌تی هه‌موولایه‌كدابێ و ببێته‌ مایه‌ی باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی هه‌موو هاووڵاتیان له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.

هه‌ربۆیه‌ سیاسه‌تی كاركردنی ئێمه‌ به‌پێی ده‌ستور و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لانی عێراقدایه‌، زیاتر سوورین له‌سه‌ر كاركردن بۆ گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام و خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان، كه‌ ئه‌ویش خۆی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش و دابه‌شكردنی یه‌كسانی داهاته‌كانی ووڵات ده‌بینێته‌وه‌.

به‌ڕێزان...

ئێمه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵین كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی تازه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌بواری ووزه‌. ئێمه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندی و كاركردن و كرانه‌وه‌یه‌ی كۆماری توركیا به‌رز ده‌نرخێنین وه‌ ئه‌و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌یان گرینگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌رتاسه‌ری عێرق هه‌یه‌. ئومێده‌وارین دوای سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ ئه‌و ووڵاته‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان گۆڕانێكی نه‌وعی و زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێ، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی تر ده‌بێ كه‌ بوونی ئیراده‌ی سیاسی و رۆحیه‌تی كاركردنی هاوبه‌ش و لێك تێگه‌یشتنی زیاتر ئاكامی باشتری بۆ هه‌ردوولا ده‌بێت.

به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆماری توركیا له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو عێراقدایه‌، هه‌رێمیش وه‌ك به‌شێكی گرنگ له‌ عێراقی فیدڕاڵ ده‌توانێ رۆڵێكی ئیجابی و كاریگه‌ر ببینێ بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی توركیا - عیراق.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پابه‌ندین به‌ سیسته‌می دیموكراتی و فیدڕاڵی له‌ عێراق و پابه‌ندین به‌و ده‌ستوره‌ی كه‌ 80% عێراقیه‌كان ده‌نگیان بۆ داوه‌ و په‌سه‌ندیان كردووه‌، ئه‌و پابه‌ندبوونه‌شمان له‌پێناوی ئێستاو بونیادنانی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتره‌ بۆ ئه‌م ووڵاته‌ كه‌ تێیدا هه‌موومان پێكه‌وه‌ هاوبه‌ش و به‌شداربین له‌ ده‌سه‌ڵات وله‌ به‌ڕێوه‌بردندا.

له‌ كۆتاییدا جارێكی تریش زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌م كۆنفڕانسه‌ نه‌وعیه‌ی ووزه‌دا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ڕێز به‌شدار ده‌بم، زۆر به‌خێربێن بۆ هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی عێراقی فیدڕاڵ.

وێڕای ئومێدی سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنفڕانسه‌كه‌تان، هیوادارم ئه‌نجامه‌كه‌ی ببێته‌ مایه‌ی خێرو به‌خته‌وه‌ری زیاتر بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراق و توركیا، هاوكات هیوادارم ببێته‌ هۆكاری هاندانی زیاتری كۆمپانیا جیهانیه‌ به‌ناوبانگه‌كانی تر كه‌ له‌بواری ووزه‌ دا كارده‌كه‌ن تابێن هاوبه‌ش بن و به‌شداربن له‌ په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م ناوچه‌یه‌. دووباره‌ به‌ خێربێن و سه‌رچاوو ، زۆر سوپاس.

هه‌رشاد و سه‌ركه‌وتووبن...