پارتی دیموکراتی کوردستان داوا ده‌کات هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ی به‌ناو پارتی له‌سه‌ر تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێکهاتوون خۆ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1248
image

پارتی دیموکراتی کوردستان له راگه‌یاندراوێکدا ره‌خنه له‌و گروپانه ده‌گرێت که له‌سه‌ر تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌ت فه‌یسبووک به‌ناوی لایه‌نگرانی پارتی و هه‌وادارانی هه‌ندێک لایه‌ن پێک‌هاتوون و هێرش ده‌که‌نه سه‌ر هاوپه‌مانانی پارتی دیموکرات و داوا ده‌کات خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه.

 

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یه:

 

"راگه‌یه‌نراوی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

له‌باره‌ی دیارده‌ی گروپ گروپێنه‌ی هه‌ڤاڵان و هه‌ندێ نووسینی ناو تۆڕی فه‌یسبووک

 

پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی کوردستانیی به‌ربڵاوی نێو جوگرافیایه‌کی فراوانه‌. حزبی نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزا و شوناس و ئاراسته‌ و دیدی جیاجیای کۆمه‌ڵگایه‌. حیزبی نه‌وه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانه‌ به‌ هه‌موو جیاوازییه‌کانی نێوانیانه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌هۆی هۆکارگه‌لێکی مێژوویی و سه‌رکرده‌یی و پێکهاته‌یی، له‌ رووی یه‌کێتی نێوخۆیی و رێکخراوه‌یی و دیسپلینه‌وه‌ به‌ راده‌یه‌ک تۆکمه‌ و توندوتۆڵه‌ که‌ ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ یه‌کێک له‌ سیما جیاکه‌ره‌وه‌ سه‌ره‌کییه‌کانییه‌تی له‌ ژیانی سیاسیی کوردستاندا. هه‌ر ئه‌مه‌یش یه‌ک له‌ نهێنییه‌کانی مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیی ئه‌م حیزبه‌یه‌ که‌ توانیویه‌تی قۆناغ و دۆخی یه‌کجار سه‌خت و دژوار ببڕێ و له‌ رۆژگاری خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی تێکۆشه‌رانی رێی رزگاری و ئه‌مڕۆش له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی بزاڤی بونیاتنان و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵگا و نیشتمان و دۆزه‌ ڕه‌واکانی میلله‌تدا بمێنێته‌وه‌.

 

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ له‌ رێی فه‌یسبووک و تۆڕه‌کانی دیکه‌وه‌، خه‌سڵه‌تی تۆکمه‌یی نێوخۆیی پارتایه‌تی که‌وتۆته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و شێواندن. به‌ ناو و نازناوگه‌لێکی وه‌ک (گروپی بارزانیزم) و (گروپی بارزانی) و (گروپی دڵسۆزانی پارتی) و (گروپی گه‌نجانی پارتی) و تا ده‌گاته‌ (گروپی دڵسۆزانی هه‌ڤاڵ فڵان) و ( گروپی لایه‌نگرانی هه‌ڤاڵ فیسار) و...هتد، چه‌ندین گروپ و ده‌سته‌ په‌یدابوون و دوور له‌ رێنوێنی و ئاراسته‌ و سیاسه‌تی ره‌سمی پارتیمان، هه‌ریه‌که‌ و به‌جۆرێک و به‌ ئاراسته‌یه‌کدا ئیش ده‌که‌ن و له‌ بری پارتی هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن و شه‌ڕی سه‌ر تۆڕی فه‌یسبووک به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان و حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌کانمان و ته‌نانه‌ت هه‌ڤاڵانی پارتیشمان به‌رپاده‌که‌ن و گوتاری جیاواز و ناکۆک به‌ پرۆگرام و هێڵه‌ گشتییه‌کانی سیاسه‌تی پارتی له‌ نێوخوێنه‌راندا بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و سه‌رئێشه‌ و گرفت بۆ پارتی و هه‌ڤاڵانمان دروست ده‌که‌ن.

 

پارتی هه‌میشه‌ لای خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک جیزبێکی یه‌کده‌نگ و یه‌کهه‌ڵوێست و یه‌کگرتوو ناسراوه‌و هه‌رواش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵکراوه‌، بۆیه‌ دیارده‌ی گروپ گروپێنه‌ و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی تاکه‌که‌سی به‌ هه‌موو پێوانه‌یه‌ک نامۆیه‌ به‌ پارتی و گوزارشت له‌ هیچ جۆره‌ پێشکه‌وتن و کرانه‌وه‌ و فراوانبونێک ناکات له‌ کاری رێکخراوه‌ییدا. ئه‌م گروپانه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌م و ئه‌و هه‌ڤاڵ له‌ فه‌یسبووک و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌ینووسن و بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌ ناچنه‌ خانه‌ی کاری جه‌ماوه‌ریشه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌و بواره‌ش له‌ پێڕه‌وی پارتیدا پێناسه‌ و شێوازی کارکردنی خۆی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها گوزارشت له‌ دیموکراسی نێوخۆییش ناکه‌ن، چونکه‌ دیموکراسی نێوخۆیی رێوشوێنی رێکخراوه‌یی هه‌یه‌ که‌ له‌ ریزه‌کانی پارتیدا په‌یڕه‌وی لێ ده‌کرێ.

 

بارزانی نه‌مر موڵکی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و بزاڤه‌ رزگاریخوازه‌که‌یه‌تی، پێویستی به‌ گروپ و ده‌سته و تاقم نییه‌ بناسێنرێ یان داکۆکی له‌ رێبازه‌که‌ی بکرێ. به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌م گروپ گروپێنه‌یه‌ به‌ ناوی ئه‌و سه‌رکرده‌ و رابه‌ره‌ مه‌زنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه‌، زیان به‌ رێبازه‌که‌ی و پێگه‌ی مێژوویی ئه‌و ده‌گه‌یه‌نرێت.

 

ئه‌م دیارده‌یه‌ و هه‌موو لێکه‌وته‌کانی جێی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی پارتیمانه‌. هیچ یه‌کێک له‌و گروپ و ده‌ستانه‌ و هیچ یه‌کێک له‌و قسه‌ و رایانه‌ی ده‌ری‌ده‌بڕن گوزارشت له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان ناکه‌ن و ناکۆک و دژن له‌گه‌ڵ مێژوو، ئاکاری سیاسی و پرنسیپه‌کانی رێکخراوه‌یی و شانازییه‌کانی پارتیمان و زیانییان پێده‌گه‌یه‌نن. بۆیه‌ به‌م راگه‌یه‌نراوه‌ داوا له‌ هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ ده‌که‌ین خۆ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ و هه‌موو چه‌شنه‌ قسه‌کردن و دژایه‌تی و هێرشێک له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و هاوپه‌یمانانمان و به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و هه‌ڤاڵانی خۆیان راگرن. له‌ دوای ئه‌م راگه‌یه‌نراوه‌وه‌ هه‌موو کار و کرده‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ له‌سه‌ر رووپه‌ڕی فه‌یسبووک و هه‌ر ئامڕازێکی دیکه‌ جێی قبوڵ نابێت و رێکار و ئیجرائاتی دیسپلینی پارتایه‌تی به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیکه‌ران ده‌گرینه‌به‌ر.

 

ئیتر بۆ پێشه‌وه‌ له‌پێناوی تۆکمه‌ترکردنی پێگه‌کانی پارتیمان و بره‌ودان به‌ یه‌کده‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی و یه‌کگرتوویی فیکر و موماره‌سه‌ی پارتایه‌تی و دروستکردنی فه‌زا و پانتاییه‌ راسته‌قینه‌کانی ئازادی و جیاوازی بیروڕا له‌ناو پارتیماندا به‌پێی رێکار و دیسپلینه‌کانی کاری رێکخراوه‌یی.

 

مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

12/5/2012