سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان: تا ئێستاش شه‌قامی عه‌ره‌بی تێگه‌یشتنێکی روونی بۆ کێشه‌ی کورد نییه

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1060
image

مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی دیدارێكی لەگەڵ كەناڵ dubai tvیدا دەڵێت: ویستی كورد بۆ سەربەخۆیی بەخەون نازانم، ئەمەش دەقی دیمانەكەی بەڕێز بارزانییە لەگەڵ كەناڵی ناوبراو:

dubai tv: زۆر سوپاس بەڕێز بارزانی، ویستم بارودۆخی كوردستان بەوە وەسف بكەم كە لەهەر ڕەگەزپەرستییەكی عەرەبی دوورە، ئایا لە وەسفەكەمدا سەركەوتم؟

مسعود بارزانی: ئەمە وەسفێكی وردە بۆ بارودۆخی كوردە، بەڵام من پێشكەوتنێكی زۆر دەبینم لە هەمانكاتدا كەموكوڕییەكی زۆر لە شەقامی عەرەبییەوە لەبارەی كوردەوە هەیە بەڵێ ڕۆشنبیرو حزبی سیاسیی زۆر هەن لە پرسی كورد گەیشتوون وئێمەش دەمانەوێ ئەو پەیوەندییە زیاتر فراوان بكەین و پرسی كورد بگەیەنینە شەقامی عەرەبی،كورد خاوەنی خاكە، كورد گەلێكی دێرینە، بەڵكو لەكۆنترین گەلانی ناوچەكەیە بۆیە پێویستە لەڕاستیی بارودۆخەكەیان تێبگەیەنین، دەبێ ئەوە بزانن ئەوان كۆچبەر نیە میوان نییە لەسەر ئەو خاكە بەڵكو خاوەنی خاكە وكورد خۆی یەكێتیی ئارەزوومەندانەی لەگەڵ برایانی عەرەبی لەعێراق هەڵبژارد وهیچ كەسێك ناچاری نەكردن، ئەوەیە ئەو ڕاستییەی پێویستە برایانی عەرەب تێی بگەن.

dubai tv: جەنابی سەرۆك، ئەمڕۆ ململانێیەكی نێودەوڵەتی هەیە ناوچەكە بۆ دوو (هیلال) دابەشدەكات، لەبەرچی ئێوە كوردتان خستە نێو ئەم ململانێیەوە؟

مسعود بارزانی: كێ گوتی ئێمە كوردمان لەو ململانێیە هەڵقورتاند؟ بەپێچەوانەوە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین تێكەڵی هیچ ململانێیەكی نێودەوڵەتی وئیقلیمی نەبین، ئێمە دەمانەوێ هاوسەنگی بپارێزین بەبێ ئەوەی داخیلی هیچ شەڕ وململانێیەك ببین.

dubai tv: گوتت ئەمڕۆ بارودۆخی كورد جیاوازە، پێیتانوانییە ئەمە سوودی بۆ ئەوە هەبێت كورد بیكەنە دەرفەتێك بۆ قۆناغی دیكەی ژیانیان؟

مسعود بارزانی: كورد ئێستا لەحاڵەتێكی دوورە لەشەڕ وكوشتاری ناوخۆ وئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە ومتمانەیەكی زۆرمان بەیەكتر هەیە و بڕواشمان بەخۆمان هەیە بەوەی كە ڕۆژێك لەڕۆژان ببینە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەمە مافێكی ڕەوایە بەڵام ئەو ویستە پێویستە بە شێوازی ئاشتیانە و بەگفتوگۆ لەگەڵ گەلانی دراوسێ بێتەدی.

dubai tv: زۆرجار توركیا وا سەیر دەكرێت كە دوژمنی سەرسەختی كوردە بەڵام ئەمڕۆ توركیا پێشوازی سەرۆكی دەوڵەت لەبارزانی دەكات، ئەمەش پرسیارێك دەخاتە ئاراوە ئایا كورد شێوازی مامەڵەی خۆی گۆڕی یان تورك؟

مسعود بارزانی: بەر لەچەند ساڵێك پەیوەندی لەگەڵ توركیا باش نەبوو، بەڵكو ناكۆكیمان هەبوو ئەمە ڕاستە، توركیا داننانی بەهەرێمی كوردستان وبەمافی كورد لەژیان وئازادی ڕەتدەكردەوە، بەڵام ئێستا گۆڕانكاریی باش لەسیاسەتی توركیا بەدیدەكرێت. ساڵی ڕابردوو بەڕێز ئۆردوگان سەردانی كوردستانی كرد و لەهەولێر وتەیەكی پێشكەش كرد تیایدا دووپاتیكردەوە ئەو ڕۆژە نەما كە گەلی كورد تیایدا ئینكار بكرێت، ئەمەش لەخۆیدا دەستكەوتێكی گەورەیە، جگە لەوەش ئێستا پەیوەندیی ئابووریی نێوان ئێمە و توركیا زۆرباشە توركیا سوودی لێمان وەرگرت ئێمەش هەروەها و بەهەموو شێوەیەكەوە هەوڵی چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا بەشێوەیەكی ئاشتییانە دەدەین و هەنگاوی باشمان لەم پێناوەدا ناوە.

dubai tv: زۆر كەس وای لێكدەداتەوە نزیكبوونەوەی توركیا لەهەرێمی كوردستان لەبەر ئەوەیە كە ئەمڕۆ مالیكی دوژمنی یەكەمی توركیایە بۆیە ئەم وڵاتە سیاسەتی خۆی بەرامبەر كوردستان گۆڕی؟

مسعود بارزانی: نەخێر ئەمە ڕاست نییە، پەیوەندیی نێوان كوردستان و توركیا ئەوە دوو ساڵە باشە تەنانەت بەر لەوەی ئەو قەیرانەی عێراق ڕووبدات.

dubai tv: ئایا مسعود بارزانی متمانەی بەسیاسەتی ئەمڕۆی توركیا هەیە لەناوچەكەدا؟

مسعود بارزانی: ئەوەی لەسیاسەتی ئەمڕۆی بەڕێز ئۆردوگان و حكوومەتی توركیا بەدیم كرد و بینیم ئەوەیە ئەو حكوومەتە و بەڕێز ئۆردوگان ڕێزیان لە قسەی خۆیان گرتووە وئێمەش لەبەرزترین ئاست بۆ باشتركردنی پەیوەندی و چارەسەركردنی پرسی كورد هاوكارییان دەكەین.

dubai tv: مەترسی لە فراوانبوونی توركیا هەیە بەوەی دەیەوێ ڕۆڵێكی سەركردانە لە سەر ئاستی هەرێمیدا بگێڕێت كە ڕەنگە بۆ زیاتر پەرە بستێنێت ئایا ئێوە مەترسیتان لەمبارەیەوە نییە؟

مسعود بارزانی: توركیا دەوڵەتێكی گەورەی ناوچەكەیە و لەوانەیە ویست و بەرژەوەندیی خۆی هەبێت، بەڵام مومكین نییە ئەم ویست و بەرژەوەندییانەی لەسەر حیسابی گەلانی دیكەی ناوچەكە جێبەجێ بكات.

dubai tv: ئایا ئێوە ئەمڕۆ تەحەممولی دوژمندارێتیكردنی ئێران دەكەن؟

مسعود بارزانی: ئێمە دۆستی ئێرانین و ناكرێ بكەوینە نێو ململانێ وناكۆكی لەگەڵ ئێران، بۆ دوژمندارییان لەگەڵدا بكەین؟

dubai tv: لەبەرئەوەی مالیكی وەكو هاوپەیمانی ئێران سەیردەكرێت؟

مسعود بارزانی: ئێمەش هاوپەیمانی ئێرانین ودۆستی ئێرانین، مالیكی ببێتە دۆستی ئێران ڕێگەی دۆستایەتیی ئێران و هەبوونی پەیوەندیی باشمان لێ نابڕێت.

dubai tv: بەڵام جەنابی سەرۆك كاتێك ئێوە لەئەنقەرە بوون ئەو لە تاران بوو،كەواتە ئایا ئەمە دابەشكردنێكی هەرێمییە بۆ ناكۆكیی نێوان هەردوولا؟

مسعود بارزانی: بۆ زانیاریت من بەر لە بەڕێز مالیكی واتا پێشی 4-5 مانگ لەتاران بووم.

dubai tv: چ لەو سەردانە تێدەگەین؟

مسعود بارزانی: ویست وخواستیان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوولا، ویست و خواستیان بۆ هاوكاریكردنمان و من گوێبیستی ڕا و بۆچوونی باش و ئیجابی بووم لەوان.

dubai tv: كەواتە ئەوان لەسەر هەندێك شت موتەحەفیز بوون؟

مسعود بارزانی: ئەوان تێبینییان لەبارەی هەندێ هێزی سیاسییان لەعێراقەوە هەبوو، بەڵام گوێم لەهیچ دەستێوەردانێك نەبوو لەوانەوە لەمبارەیەوە.

dubai tv: ئایا موقتەدا سەدر ئەمڕۆ خاڵی جیاوازییە لەنێوانتان؟

مسعود بارزانی: نەخێر، ئێمە پەیوەندیی دیپلۆماسیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران هەیە،سەید موقتەدا سەدر سەركردەیەكی عێراقییە و سەر بە خانەوادەیەكی تێكۆشەری خەباتگێڕی قوربانیدەرە و نوێنەرایەتیی لایەنێكی گەورەی سیاسی دەكات.

dubai tv: بەڵام ئەو و مالیكی بەوە تاوانبار كراون كە نوێنەرایەتیی سیاسەتی ئێران دەكەن، بەبۆچوونی ئێوە كێ لەوان بەپلەیەكی زیاتر نوێنەرایەتیی سیاسەتی ئێران دەكات؟

مسعود بارزانی: ئێران سیاسەتی خۆی هەیە و خۆی جێبەجێی دەكات نە مالیكی ونە سەدر.

dubai tv: تۆ گوتت ئێران و توركیا هەردووكیان دۆستمانن، بەڵام هەردوو وڵاتیش ناكۆكییان لەنێواندا هەیە، كێ زیاتر لەئێوە نزیكە؟

مسعود بارزانی: ڕاستدەكەی، ئەگەر هەر ناكۆكییەكی توركی – ئێرانی هەبێت ئێمە نابینە تەڕەف لێی وئێمە لەیەك ئاستدا وەستاوین، هەردووكیان دوو وڵاتی دراوسێی عێراقن و سنووری هاوبەشمان لەگەڵیاندا هەیە و پێویستیمان بە هەبوونی پەیوەندییەكی سروشتییە لەگەڵ هەردوولا وهەر دەوڵەتێك بیەوێ ئێمە ئێمە بخاتە نێو ئەو ناكۆكییە لێی دوور دەكەوینەوە مومكین نییە ڕێگە بدەین بمانكەنە لایەنێك لەشەڕ وململانێی نێوانیا.

dubai tv: بەڵام ئایا ئەو ناكۆكییەی ئێستا تەنها ناكۆكیی عێراقیی عێراقییە بەبێ ئەوەی هیچ دەوڵەتێكی دراوسێ ڕۆڵی لە بزواندنیدا هەبێت؟

مسعود بارزانی: بەڵێ بێگومان تەدەخولی هەرێمی هەن و ئەو تەدەخولانەش ناكۆكییانیان قووڵتر كرد.

dubai tv: لەلایەن توركیا و ئێرانەوە؟

مسعود بارزانی: لەوانەیە زیاتریش لە توركیا و ئێران.

dubai tv: وەكو؟

مسعود بارزانی: لەوانەیە وڵاتانی عەرەبیش دەست لەكاروباری عێراق وەربدەن ئەم دەستێوەردانە تەنها لە توركیا و ئێران كورت نابێتەوە.

dubai tv: ئێوە لەئەمەریكا بوون و لەوێ بارزانی وەكو سەرۆكی دەوڵەت پێشوازیی لێكرا؟ بە چ ئەنجامێك لەو سەردانە گەڕایتەوە؟

مسعود بارزانی: ئێمە گوێبیستی بۆچوونی سەركردایەتیی ئەمەریكا بووین بەتایبەتی دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق وهەڵوێستی ئەمەریكا لە عێراق وهەرێمی كوردستان، ئەوەی من لەسەرۆكی ئەمەریكا و جێگرەكەی و بەرپرسانی دیكەی ئەمەریكا گوێبیستی بووم دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیكردنی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵی یەكگرتووی فرەلایەن وپاڵپشتیی هەر پرسێكی دەستووری دەكەن عێراقییان بڕیاری لەسەر بدەن وپابەندبوونی خۆیان بە گەلی كورد وهەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە، ئەوە بوو من ویستم گوێی لێ ڕابگرم.

dubai tv: بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، پاڵپشتیی ئەمەریكا بۆ كورد و هەرێمی كوردستان كەمتر بۆتەوە وەكو ئەوەی ئەمەریكا بە عێراقییان بڵێت من لەئێوە بەرپرس نیم؟

مسعود بارزانی: بێگومان دوای كشانەوەی ئەمەریكا دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆیی عێراق وەكو جاران نەبوو، بەڵام ئەوەی لەسەرۆك وجێگرەكەی بیستم بەردەوامبوون بوو بەپاڵپشتیكردنی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵی یەكگرتوو بوو جگە لەپابەندبوونیان بەهەرێمی كوردستان وگەلی كورد.

dubai tv: بەڵام هەموو كەسێك لەسەر پرسی فیدراڵیزم ڕازی نییە؟

مسعود بارزانی: ئەو خاڵە بنەمای ئەو تەوافوقەیە كە دەستووری لەسەر داڕێژرا.

dubai tv: بەڵام زۆر لە تەوافوقەكان پێشیلكران؟

مسعود بارزانی: وایە بەڵام خودی دەستوور دەڵێت پابەندبوون بەدەستوور زەمانەتی مانەوەی عێراقە بەیەكپارچەیی، كەواتە پابەندبوون بەدەستوور شتێكی زەوورە و فیدراڵیزمیش لەدەستووردا هاتووە و دەبێ پابەندبوونی پێیەوە هەبێت.

dubai tv: جەنابی سەرۆك هاوپەیمانیتان لەگەڵ شیعە دوای ڕووخانی ڕژێم زۆر بەهێز بوو هەموو دەسەڵات وداهاتەكانتان بەیەكەوە دابەشكرد وزوڵمتان لەسوننە كرد بەڵام ئەمڕۆ هەموو شتێك گۆڕدرا؟

مسعود بارزانی: هاوپەیمانیی ئێمە لەگەڵ شیعە كۆنە هی ئێستا نییە، دواتر لە ڕێككەوتنی هەولێر ئێمە لەسەر زۆر شت ڕێككەوتین، بەڵام بەداخەوە زۆر لەخاڵەكانی فەرامۆش كران و جێبەجێ نەكران، برایانی سووننە دوای ڕووخانی ڕژێم من پەیوەندیم پێیانەوە كرد و داوەتی هەولێرم كردن ودوو كۆنگرەمان تیادا گرێدا ودیدی خۆم و لایەنی كوردیم بۆیان ڕوونكردەوە و داوام لێیان كرد بەشداریی پرۆسەی سیاسی بكەن، بەڵام برایانی سوننە موتەحەفیز بوون و لە بارودۆخی عێراق نەگەیشتن و بەشدارییان لەپرۆسەی سیاسیدا نەكرد و بەشێكیان هەر لەسەر عەقڵییەتە كۆنەكە مابوو كە باوەڕی بە ئینكاركردنی كوردەوە هەبوو، بەڵام ئێستا من پەیوەندیم لەگەڵیاندا باشە بەتایبەتی دوای چەندین دیدارم لەگەڵیاندا. ئەوان لەڕاستی هەڵوێستی كورد تێگەیشتن، و لەو ماوەیەدا توانیمان پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ زۆر لایەنی سوننە و شیعە باشتر وپتەوتر بكەین، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستاش كەسانێكی زۆر بەشێوەیەكی ناتەندروست بیر دەكەنەوە.

dubai tv: گرفتەكە لە حوكمدایە؟

مسعود بارزانی: گرفتەكە لە تاكڕەوی لە حوكمدایە.

dubai tv: گرفتی كەسە، دەستوور، ڕێككەوتنی سیاسی یاخود گرفتێكە لەدەرەوەی عێراق؟

مسعود بارزانی: ئەگەر پابەندی دەستوور ببان ئەو گرفتانەی ئێستا ڕوویان نەدەدا، گرفتەكان بەهۆی پابەند نەبوونە بەدەستوور،جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكان وهەوڵی تاكڕەوی كردنە لەحوكم.

dubai tv: بەڵام موقتەدا سەدر كە خاوەنی 40 پەرلەمانتارە لە لیستی مالیكی كۆنترۆڵی مەسەلەكەی كردووە، ئایا دەتوانرێ كاندیدێكی دیكەی بۆ بدۆزرێتەوە؟

مسعود بارزانی: ئێستا گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان هەیە و گفتوگۆیەكی دوور و درێژ ئێمە و بەڕێز موقتەدای كۆكردەوە بەئامادەبوونی بەڕێز سەرۆك كۆمار و دواتریش ئەو ڕاوێژییانە فراوانتر دەبن تا گەیشتن بەچارەسەرێكی دەستووری.

dubai tv: بۆ ڕووخاندنی مالیكی؟

مسعود بارزانی: مەرج نییە بۆ ئەو ئەنجامە بێت.

dubai tv: كەواتە هیوای گەیشتنتان بەئەنجامێك هەیە لەگەڵ مالیكی بەوەی دەستوور جێبەجێ بكات؟

مسعود بارزانی: من هیچ گرفتێكی شەخسیم لەگەڵ مالیكیدا نییە و چارەسەریی ئەو كێشانەش بەجێبەجێكردنی دەستوور و ڕێككەوتننامەكان وهەبوونی پەیڕەوی ناوخۆیە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران جا هەر كێ حوكم بكات گرفتمان نییە.

dubai tv: بەڵام لە توركیا پێیان وایە دوای ئەدای خراپی سیاسیی مالیكی باشترین چارەسەر ڕووخاندنیەتی، ئێرانیش ئەوە بەڕەوا نابینێت؟

مسعود بارزانی: من لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەجەندایەكی عێراقیم لەوڵاتدا نە ئەجەندای ئێرانی و نەتوركیش،بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە لایەنە سیاسییەكانی عێراق خۆیان چارەسەریی بارودۆخەكە بكەن تەنانەت ئەگەر بەگۆڕینی خودی مالیكیش بێت، عێراق لە نووری مالیكی و لەهەموو كەسێك گرنگترە.

dubai tv: ئایا سەدڕ ئەوەی خستەڕوو كە بەدیلێكی شیعە بۆ مالیكی هەبێت؟

مسعود بارزانی: ئەو نەچووە نێو ئەم وردەكارییانە، بەڵام لەئەنجامدا ئەگەر ڕزگاركردنی عێراق بەگۆڕینی كەسێك بێت بەكەسێكی دیكە دەبێ پرۆسەكە بە شێوەیەكی زۆر ئاسان پەیڕەو بكرێت.

dubai tv: ئایا ئیرادەیەكی عێراقیی تەواو لەمبارەیەوە هەیە؟

مسعود بارزانی: گفتوگۆكانی ئێستا بۆ هێنانەدیی ئەو ئیرادەیەیە.

dubai tv: تاریق هاشمی یەكێكە لەو كارتانەی هەرێمی كوردستان بەڕووی مالیكی بەرزیان دەكاتەوە، لەبەرچی مالیكی ئێستا ئەم دۆسێیەی كردەوە؟

مسعود بارزانی: پرسیارەكە ئەوەیە بەڕاستی، دەكرا بە ڕاوێژكردن لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەم پرسە چارەسەر بكرێت، و من ئەو پێشنیارەم خستەڕوو كە پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی دابنیشن و بڕیاری كۆتایی لەبارەی چارەسەریی پێویست بۆ ئەو مەسەلەیە بدەن وناكرێ بڕیارێكی وا ترسناك بەتاكڕەوی بدرێت.

dubai tv: جەنابی سەرۆك لە ڕێگەی فێسبووكەوە یەكێك پرسیارێكی ئاراستەكردوون دەڵێت ئایا ئێوە قەناعەتتان بەوە هەیە كە هاشمی بێتاوان بێت؟

مسعود بارزانی: من ئەوە دەڵێم ئەو پرسە بەسیاسیكراوە، چونكە هیچ بەڵگە و دۆسێیەك بۆ تاوانباركردنی نییە، من هۆكار بۆ پاراستنی هاشمی ناهێنمەوە لەوانەیە كەسانێك لە پاسەوانانی دەستی لەو شتانە هەبێت كە باسیان لێوە دەكرێت، بەڵام بەگشتی كەیسەكەی هاشمی بەسیاسیكراوە.

dubai tv: بەڵام پاراستنی هاشمی وداڵدەدانی لەهەرێمی كوردستان ئەوەشیان چارەسەرییەكی سیاسی بوو؟

مسعود بارزانی: بەڕێز تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆمارە و تاوەكو ئێستا لەپۆستەكەی خۆیەتی و بەداوەتی هەرێمی كوردستانیش نەهاتۆتە لامان، ئەو لەگەڵ جێگرەكەی دیكەی سەرۆكی كۆمار بۆ كۆبوونەوەیەكی سەرۆكایەتیی هاتبووە كوردستان.

dubai tv: هیچ هەماهەنگییەك بۆ مانەوەی لەكوردستاندا نەبوو؟

مسعود بارزانی: نەخێر بەهیچ شێوەیەك نەبوو، ئەو كە گەیشتە سلێمانی پرسەكە وروژێنرا، ئەگەر تاوانبارە لەبەرچی ڕێگەیان پێیدا بەغدا بەجێبهێلێت؟ كەهاتە سلێمانیش لەبەرچی داوا لەمن دەكەن دەستبەسەری بكەم؟ ئەوە گرفتی من نییە بەڵكو گرفتێكە لەنێوان هەرسێ سەرۆكایەتی ودەبێ ئەوانیش چارەسەری بكەن.

dubai tv: بەڵام ئێوەش بەشێكن لەم دەوڵەتە و بودجەتان لەسەر ئەوانە و لەیەك بازنەدان؟

مسعود بارزانی: وایە ڕاستە بەڵام ئەم پرسە لە دەسەڵاتی هەرێمدا نییە بەڵكو لەدەستی قەزایە و كە پرسەكە بەسیاسیكراوە ئەوا دەبێ هەرسێ سەرۆكایەتی چارەسەری بكەن، بودجەش مافی خۆمانە، ئێمە هاوبەشی دەوڵەتین وڕۆڵمان لەپێكهێنانەوەی ئەم دەوڵەتە هەبوو، زۆربەی سەرچاوەكانی عێراقیش لەهەرێمی كوردستانەوەیە.

dubai tv: بەڵام ئەمڕۆ مالیكی كەیسی هاشمیی ئاراستەی قەزا كرد، ئێوە متمانەتان بەدەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە نییە؟

مسعود بارزانی: بەشەخسی، من هیچ متمانەیەكم بەو دەسەڵاتە دادوەرییەدا نییە.

dubai tv: بەڵام هەر ئەو قەزایە بوو سەددام حوسێنی دادگایی كرد؟

مسعود بارزانی: ئەو قەزایە نەبوو كە سەددام و بەعسی دادگاییكرد، هەموو دەزگا ودامەزراوەكانی ئەمڕۆی عێراق لەوەی 2-3 ساڵ لەمەوبەر هەبوو جیاوازە.

dubai tv: ئەوەیە مەترسیتان بە فرۆشتنی فڕۆكەی F 16 لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ عێراق زیاتر دەكات؟

مسعود بارزانی: من لەدژی ئەوە نیم سوپای عێراقی باشترین چەكی هەبێت، من لەدژی ئەو كولتوورەم كە دەیانەوێ سوپای عێراقی لەسەر بونیاد بنێنەوە، پێویستە سوپا ببێتە سوپای وڵات ونیشتیمان و خۆی بۆ بەرگریكردن لە وڵات ئامادە بكات نەوەكو لێدانی عێراق.

dubai tv: چی وایكرد بارودۆخی عێراق بگاتە ئەو ئاستەی مسعود بارزانی بڵێت من متمانەم بەهیچ دەزگایەكی ئەمڕۆی عێراق نییە بەتایبەتی سوپا و دەزگای قەزایی؟

مسعود بارزانی: بۆ زانیاریی بینەرانی ئازیزی، كاتێك كۆبوونەوەیەكی سەربازی دەبێت ویەكێك لە ئامادەبووان باسی هەبوونی ناكۆكی لەپەیوەندیی نێوان هەرێم وبەغدا دەكات یەكێك لەبەرپرسان بڵێت باچاوەڕوانی فڕۆكەی F 16 ببین و دەركردنی كورد تەنانەت لەهەولێرەوە بۆمان ئاسان دەبێت، چۆن متمانە بەسەركردایەتییەك یان سوپایەك یان حكوومەتێك بكەم ئەو بیركردنەوەیەی تیادا هەبێت؟چۆن متمانە بەو كەسانە بكەم كە وادەزانن زمانی تۆپ و تانك و فڕۆكە كۆتایی نەهاتووە؟ ئەو زمانە كۆتایی پێهات، هەبوونی ناكۆكی وجیاوازی شتێكی ئاساییە بەڵام دەستوورێكمان هەیە پێویستە پەنای بۆ ببەین، نەوەكو فڕۆكەی F 16.

dubai tv: چۆن وا گۆڕان؟

مسعود بارزانی: پرسیارەكە لێرەدایە.

dubai tv: وەڵامی ئێوە چییە؟

مسعود بارزانی: وادیارە دەسەڵاتی ڕەها (مەفسەدەیەكی) ڕەهاش دروستدەكات.

dubai tv: جەنابی سەرۆك ئێمە باسی بارودۆخی هەرێمیمان دەكرد وچووینە نێو باسی بارودۆخی نێوخۆیی عێراق، بەڵام ناتوانین لەباسكردنی بارودۆخی هەرێمی باس لەكاریگەرییەكانی بەسەر عێراقەوە نەكەین،پێتان وایە ئەوەی لەسووریا ڕوودەدات كاریگەریی بەسەر عێراقەوە هەیە؟

مسعود بارزانی: بارودۆخی سووریا گرنگە بۆ ئێمە و كاریگەریی بەسەر بارودۆخی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەیە، وەك دەشزانن ملیۆنەها كورد لەسووریا دەژین و بەداخەوە تەنانەت تاوەكو ئەمڕۆش لەمافی هاووڵاتیبوونیش بێبەشن.

dubai tv: بەڵام لەبەرایی قەیرانەكەدا ناسنامە بەژمارەیەكی باشی كورد لەسووریا درا؟

مسعود بارزانی: بەژمارەیەكی زۆر كەم درا كە لەوانەیە 10 هەزار كەس دەبوون یان نا، ئەو ژمارەیە لە چاو ئەو ملیۆنەها كەسەی لە سووریا دەژین چییە؟ ئەگەر ئەوان ئەمە بەدەستكەوت دەزانن، بەڕاستی زۆر عەیبە گەڕاندنەوەی ناسنامە بۆ هاووڵاتیی خۆت بەدەستكەوت بزانی. گەلی سووریا خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات كە كێ حوكمی بكات و بەچ شێوەیەك، بەڵام بۆ ئێمەش گرنگە كورد لەبارودۆخێكدا بژی كە لە ڕابردوو و لەئێستا باشتر بێت.

dubai tv: بەڵام زۆر كەس ئەوە دەڵێن ئەوەی ئێستا بۆ كورد لەسووریا ڕێككەوتووە لە ڕابردوو باشترە و لەوەی ئۆپۆزیسیۆن دایناوە باشترە، ئایا ئێستا هیچ هەڵوێستێكی یەكگرتووی كوردی لەسووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێم هەیە؟

مسعود بارزانی: ئێمە ماوەیەك لەمەوبەر یارمەتیمان دان بۆ گرێدانی كۆنگرەیەك لە هەولێر و ئەوان گوتاری خۆیان یەكخست، بەڵام ناكرێ كورد بەدوای ڕژێم یان ئۆپۆزیسیۆن ڕا بكەن، پێویستە لەوە دڵنیا بن كە بارودۆخیان باشتر دەبێت و دان بەمافیان دەنرێت.

dubai tv: ئەمە بوو هۆكاری كشانەوەیان لە ئەنجوومەنی كاتیی سووریا؟

مسعود بارزانی: بێگومان وادیارە ئەوان لە مامەڵەكردنی لایەنی بەرامبەر و ئاستی تێگەیشتن ڕازی نەبوون، بەڵام لە ئەنجامدا خۆیان واتا كوردی سووریا بڕیار لەوە دەدەن بە چ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە دەكەن.

dubai tv: پارتی كرێكارانی كوردستان كە لەسنووری نێوان توركیا و سووریا و عێراقە، كارتی گوشارە جارێك لێرە و جارێك لەوێ و هەشە دەڵێن ڕژێمی سووریا وەكو كارتی گوشار لەدژی توركیا بەكاری دێنێت،بارودۆخی ئەوان چۆن دەخوێننەوە؟ ئایا ئەوان مەترسییان لەسەر ئێوە هەیە؟

مسعود بارزانی: من لە هەموو ڕەفتارەكانیان ڕازی نیم و هەوڵدەدەین یارمەتییان بدەین بۆ ئەوەی هەڵەكانیان چارەسەر بكەن.

dubai tv: لەكام لەڕەفتارەكانیان ڕازی نین؟

مسعود بارزانی: بەر لە هەموو شتێك من لەوە ڕازی نیم پرسەكەیان بەچەك چارەسەر بكەن و دووپات لەسەر بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی چەكداری بكەن، من جاران ناچار بووم بەچەك شەڕ بۆ بەرگریكردن لەدۆزی كورد بكەم لەبەرئەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی كورد هیچ چارەیەكی دیكەی نەبوو، هیچ داننانێك بەكورد نەبوو چ لەسەر ئاستی ناوخۆ یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییەوە،هیچ گرنگییەك بەكورد نەدەدرا.

dubai tv: بەڵام كوردی توركیاش ئێستا لەهەلومەرجێكی جیاواز دان؟

مسعود بارزانی: بەڵێ ئێستا ئەوان نوێنەریان لەپەرلەمان هەیە، تاڕادەیەكیش دان بەمافیان نراوە. من ناڵێم ئەوەی لە توركیا كرا شتێكی زۆر گەورە بوو، بەڵام بۆ توركیا شتێكی زۆر گرنگ بوو، دەكرێ شتی دیكەی لەسەر بكرێ وەكو بنەمایەك وەربگیرێ، ئێمە جاران شەڕی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان دەكرد، بەشێوەیەكی ڕوونتر بەرگریمان لەبوونی خۆمان دەكرد، ئێستا بوونی ئێمە ڕاستییە و واقیعە لە هەموو بەشەكان، گرنگییەكی نێودەوڵەتی بە كورد هەیە و لەعێراقدا كورد هەرێمی خۆی هەیە كە هەرێمی كوردستانی عێراقە. بۆیە پێویستە پەنا بۆ شێوازی تازەی ئاشتییانە ببردرێت بەگفتوگۆ و بەكارهێنانی شێوازی ئاشتییانە نەوەكو بە بەكارهێنانی چەك و كوشتنی سەربازی تورك لێرە و لەوێ، من مەبەستم ئەوەبوو.

dubai tv: لەنێوان ئێران وتوركیا وسووریادا، لەكام لەو بەشانە كورد لەبارودۆخێكی باشتردا دەژی؟

مسعود بارزانی: هیچ داننانێكی ڕاستەقینە بە مافی گەلی كورد لە توركیا و سووریا و ئێراندا نییە.

dubai tv: خەونی كورد بەگەیشتن بەمافی خۆیان دابەشدەكرێ؟

مسعود بارزانی: ئێمە دەڵێین دەبێ گەلی كورد لەهەر بەشێكدا بەپێی تایبەتمەندییەكانی ئەو بەشەوە ویست و خواستەكانی بهێنێتەدی، بەڵام من ویستی كورد بۆ سەربەخۆیی بەخەون نازانم، بەڵكو واقیع وڕاستییەكە دەبێ ڕۆژێك لەڕۆژان بێتەدی، پرسی گەلی كورد یەك پرسە دابەش ناكرێت.

dubai tv: ئێوە ئەمڕۆ بەداوەتی سەرۆكی وڵات لە ئیماراتی عەرەبین، ئەنجامی ئەو سەردانە چی بوو؟ ئایا سەردانێكی سیاسی بوو یان ئابووری؟

مسعود بارزانی: سەردانێكی سیاسی و ئابووری و دۆستانەیە، ئێمە پەیوەندییەكی كۆنمان لەگەڵ یەكتردا هەیە سەرادانەكەش بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوانمانە لەو بوارانەدا و لەسەر ئاستی شەخسیش، بەڵام بێگومان سەردانەكە لایەنێكی سیاسیشی تیادایە، چونكە بارودۆخی عێراق بۆ وڵاتانی كەنداو گرنگە، ئێمە هەوڵدەدەین دید و بۆچوونی خۆمانیان بۆ ڕوونبكەینەوە، باسی ڕاستیی بارودۆخی عێراق و بۆچوونەكەمان بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە بخەینەڕوو.

dubai tv: دیدی ئێوە بۆ ئێستای عێراق چییە؟

مسعود بارزانی: پێویستە عێراق ببێتە عێراقێكی دیموكراتی و ئەو دەستوورە حوكمی بكات كە گەل دەنگی بۆ دا.

dubai tv: كێ لەڕووی ئەو عێراقە دیموكراتیییە دەوەستێت كە دەبێ ئەو دەستوورە حوكمی بكات كە گەل دەنگی بۆ دا؟

مسعود بارزانی: بەر لەوەی هەر دەوڵەتێك یان لایەنێكی دەرەكی تۆمەتبار بكەین، بێگومان چەند هێزێكی ناوخۆیی عێراقی هەن لەڕووی جێبەجێكردنی دەستوور دەوەستن، لەوە ئاسانتر نییە تۆمەت ئاراستەی دەوڵەتانی بیانی یان هێزی دەرەكی بكرێت، گرفتەكە لێرە نێوخۆییە.

dubai tv: جەنابی سەرۆك لەگەڵ ئۆردوگان لەبارەی پرسی كوردی توركیا قسەتان هەبوو؟

مسعود بارزانی: بێگومان، ئەوە یەكێكە لەو پرسە گرنگانەی هەمیشە بەیەكەوە باسیان لێوە دەكەین.

dubai tv: ئەو چۆن دەڕوانێتە مەسەلەكە؟

مسعود بارزانی: ئەو لەگەڵ چارەسەریی ئاشتیانەی گەلی كوردە، بۆیە من بەحەماسەت و بە گەشبینییەوە دەڕوانمە مەسەلەكە.

dubai tv: ئایا داوای لێكردن وەكو سەركردەیەكی كورد لەسەر پەكەكە توندتر بن؟

مسعود بارزانی: لەوانەیە ئەوان وا بزانن ئێمە دەتوانین توند بین و گوشاریان بخەینە سەر، بەڵام ئەمە چارەسەری نییە و چەكیش چارەسەری نییە و پێویستە هەردوولا بگەنە چارەسەرییەكی سیاسی.

dubai tv: جەنابی سەرۆك زۆر كەس باس لە هەبوونی ناكۆكییەكی قووڵ لەنێوان ئێوە و بەڕێز تاڵەبانیدا دەكەن لەبارەی زۆر لەوپرسانەی هەن، لەبارەی توركیا، سووریا، مالیكی و حكوومەتی ناوەندی ئایا ئەمە ڕاستە؟

مسعود بارزانی: لەوانەیە جار بەجار هەندێك جیاوازی هەبێت، بێگومان هەمیشە بۆچوونەكان سەد دەرسەد وەكو یەك نابن، بەڵام لەئەنجامدا دەتوانم بڵێم هیچ ناكۆكییەك لەنێوان من وفەخامەتی سەرۆك كۆماردا نییە.

dubai tv: ڕوونتر، دەڵێن تاڵەبانی دەیەوێ كێشەكان لەگەڵ مالیكی چارەسەر بكرێت بەپێچەوانەی ئێوە،ئەو متمانەی بە توركیا نییە و زیاتر متمانەی بە ئێرانەوە هەیە، ئەو لەگەڵ مانەوەی ڕژێمی سووریایە ئێوە لەدژی مانەوەی ئەو ڕژێمەن؟

مسعود بارزانی: هەڵوێست لەتوركیا و سووریا و ئێران هەمان هەڵوێستە، لەسووریا گەلی سووریا خۆی بڕیار لە مانەوە یان نەمانی ئەو ڕژێمە دەدات و كەس بۆی نییە بڕیار لەجیاتی بدات، ئەوەی لە فەخامەتی سەرۆك تاڵەبانی بیستم ئەو لەگەڵ هەبوونی پەیوەندیی باشە لەگەڵ توركیا و ئێران، لەگەڵ بەڕێز مالیكیش لەوانەیە ئەو دەیویست زیاتر ئارام بگرین، بەڵام ئارامگرتن دوای 6 ساڵ هیچ پاساوێكی نییە.

dubai tv: دەتوانین بڵێین سەرۆك تاڵەبانی لەگەڵ شێوازی كۆنی ڕێككەوتنی كورد و شیعەیە بە دابەشكردنی سامان و داهات و دەسەڵات؟

مسعود بارزانی: ئێمە پێشی 3-4 ڕۆژ كۆبوونەوەیەكی گرنگمان لەماڵی سەرۆك تاڵەبانی ئەنجامدا كە بەڕێزان سەید موقتەدا سەدر و ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجەیفیی سەرۆكی پەرلەمان و بەڕێز جەلال تاڵەبانی و منیش ئامادەی بووین، ئەو لەگەڵ ئێمە لەیەك خەندەقدایە و لە ئێمە دوور نییە.

dubai tv: من ناڵێم ئەو لەدژی ئێوەیە، بەڵام جیاوازیی بیرو ڕا و بەرژەوەندیش هەیە؟

مسعود بارزانی: ئامادەبوونی لەو كۆبوونەوەیەدا بەڵگەی ئەوەیە كە ئێمە ڕێككەوتووین.

dubai tv: نەرمبوونەوەتان، بەڵام بەشێوەیەكی كەمتر بەرامبەر بەمالیكی بەشێكە لە كاریگەرییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە؟

مسعود بارزانی: من قسەی زۆرم لەگەڵ كەناڵە ئاسمانییەكان و چەندین ڕۆژنامەی عەرەبیدا كردووە، نامەوێ هەمووجار هەمان قسە دووبارە بكەمەوە، من قسەی خۆمم كرد و نامەوێ دووبارەی بكەمەوە.

dubai tv: ئایا هیچ شتێك لەسەر ئەرزی واقیعدا دەگۆڕێت؟ من بیستم ئەوە كۆبوونەوەی سەركردەكانی عێراقە، بەڵام مالیكی ئامادەی نەبوو؟

مسعود بارزانی: بەڕاستی و بەڕاشكاوی، ئێمە بەهیچ شێوەیەك قبووڵی ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق ناكەین.

dubai tv: بەڵام ئایا هەڵبژاردەی دیكەتان بۆ چارەسەری هەیە؟

مسعود بارزانی: بەڵێ بێگومان چەندین هەڵبژاردەی دیكە هەن.

dubai tv: هەڕەشەی سەربەخۆیی دەكەن؟

مسعود بارزانی: نەخێر من هەڕەشەی سەربەخۆبوون ناكەم، من گوتم ئەگەر لایەنە عێراقییەكانی دیكە چارەسەری ئەم بارودۆخە و گەڕاندنەوەی دیموكراسییەت و پابەندبوون بەدەستوور نەكەن، ئەوكات ئێمە بۆ قسەی گەلی خۆمان دەگەڕێینەوە و ڕاستییەكانی دەخەینە بەردەم و ئەوكات خۆی بڕیار دەدات.

dubai tv: جەنابی سەرۆك كاتێك ئێمە ڕامانگەیاند بەنیازین دیدارێكتان لەگەڵدا بكەین، یەكێك پرسیاری ئەوەی كرد كاتێك كورد سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت، ئایا ناكرێ لەمبارەیەوە پرس بەهەموو گەلی عێراق بكرێت واتا ڕێفڕاندۆمێكی گشتگیر بۆ هەموو عێراق بكرێت ؟مسعود بارزانی چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە؟

مسعود بارزانی: ئەم پرسە جارێ نەخراوەتە ڕوو، بەڵام كاتێك خرایەڕوو، بێگومان ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكرێت.

dubai tv: كەواتە تەنها قسەیەكە لەكاتی تەنگانەدا؟

مسعود بارزانی: ئەگەر ناچاربووین بۆ گەلی خۆمان بگەڕێینەوە ئەوكات ئەو هەنگاوانە دەنێین كە گەلی كورد بڕیاری لەسەر دەدات.

dubai tv: ئەمڕۆ ئێوە ناچارن یان لەناچاربوون نزیك بوونەتەوە ؟

مسعود بارزانی: ئەگەر لەچارەسەریی بارودۆخی عێراق بێ ئومێد بووین، من هەمیشە گوتوومە و دەیڵێمەوە: مومكین نییە قبووڵی ئەوە بكەین لەعێراقێكدا بژین بەدیكتاتۆرییەت حوكم بكرێت.

dubai tv: ڕاستە زۆركەس لە و مەسەلەیە دەترسی، بەڵام واش لێكدەدرێتەوە تەنها قسەیە و ئەو 4 دەوڵەتەی كوردی تیادایە مومكین نییە قبووڵی شتی وابكات ئایا شتەكە تەنها عاتیفەیە بەبێ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا هیچ بەهایەكی هەبێت؟

مسعود بارزانی: نەخێر عاتیفی نییە، جاران وایان بەفیدراڵیزمیش دەگوت، من نەمگوتووە گەلی كورد بەرەو بڕیاری سەربەخۆیی دەبەم، بەڵكو گوتوومە هەر بڕیارێك گەلی كورد بیدات پابەندی دەبین و تەحەموولیشی دەكەین، ناكرێ درۆ لەگەڵ خۆمان و گەلی خۆمان بكەین و بەعاتیفە بجوڵێینەوە، ئێمە قوربانیی زۆرماندا تاوەكو بارودۆخی ئێستای عێراق هاتەدی و كارمان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەم دەوڵەتە كرد، ئێمەش لەم وڵاتەدا هاوبەشین، بەڵام بەداخەوە دوای چەندین ساڵ وادەبینین بارودۆخی دەگۆڕدرێت و دەبێتە هاوشێوەی ڕابردوو، ئێمە قبووڵی ئەوە ناكەین دیكتاتۆرییەت بگەڕێتەوە و تەنها بەناو هاوبەشی حوكم بین، مومكین نییە قبووڵ بكەین كورد یان هیچ پێكهاتەیەكی دیكە پەراوێز بخرێت، گرفتەكە لێرە تەنها كورد نییە، بەڵكو گرفتی هەموو عێراقە، ئەگەر عێراق دیموكراتی فیدراڵی یەكگرتووی فرەلایەن بوو ئەوكات یەك دەبێت و بەیەكگرتوویی دەمێنێتەوە، ئێمە هەڕەشە لەیەكپارچەیی عێراق ناكەین، بەڵكو تەنها دیكتاتۆرییەت هەڕەشە لەیەكپارچەیی عێراق دەكات.

dubai tv: بەڵێ بەڕێز بارزانی قسەكەت ڕاستە، بەڵام توركیا كە كوردێكی زۆر لەخاكیدا هەیە ئایا ڕێگە دەدات كوردستانی عێراق ببێتە دەوڵەت و ئەو مەسەلەیەش بۆ كوردانی خۆی بگەڕێتەوە و لای ئەوانیش هەمان گرفت دروستبێتەوە؟

مسعود بارزانی: باجارێ پێشی ڕووداوەكان نەكەوین، بەڵام ئەگەر گەلی كورد بڕیاریدا سەربەخۆی بێت هەرچی دەبێت با ببێ.

dubai tv: شەڕ بۆ نموونە؟

مسعود بارزانی: هەرچی ببێ با ببێ. ئێمە جارێ بەدوای چارەسەریی دیكەدا دەگەڕێین، لەوانەش چارەسەریی بارودۆخ و پابەندبوون بەدەستوور و دیموكراسییەت بۆ عێراق، مەبەستیشمان لێرە بۆ هەموو عێراقە نەك تەنها هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەگەر سەركردەكانی عێراقیی شكستیان لەوە داهێنا بارودۆخ چارەسەر بكەن و ئەوەیان نیشاندا كە هیچ پەیوەندییەكیان بە ئایندەی عێراقەوە نییە با ئەوكات گلەییمان لێ نەكەن، من ئەوەم مەبەستە.

dubai tv: پەیامی مسعود بارزانی بۆ كوردی توركیا چییە؟

مسعود بارزانی: هیوای خێر و خۆشییان بۆ دەخوازم و هیوادارم بەڕێگەی ئاشتییانە