یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی عه‌ره‌بی بۆ سه‌رخستنی دۆزی كورد به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی ده‌ستی به‌ كاره‌كانى كرد

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1141
image

به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ، هه‌ینی 4/5/2012 یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی بۆ سه‌رخستنی دۆزی كورد له‌هۆڵی شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵلا له‌پایته‌خت ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.

له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌دا كه‌ به‌ڕێزان كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وجێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی حزبی و حكوومی و ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌سایه‌تیی و ڕۆشنبیری كورد و عه‌ره‌ب ئاماده‌ی بوون، د.كازم حه‌بیب ئه‌مینداری گشتیی گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی له‌ په‌یڤێكدا وێڕای سوپاسگوزاریی بۆ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، نیشانیدا گرێدانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ كارێكی وا ئاسان نه‌بوو و ئه‌ركێكی زۆری له‌ ئه‌ندامانی ئه‌میندارێتی گشتی ویست و دووپاتیكرده‌وه‌ گرێدانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردستان له‌نێوانیاندا دابه‌شكراوه‌ به‌ بارودۆخی زۆر هه‌ستیار تێده‌په‌ڕن و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ جیهاندا ده‌بیندرێن ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ی بۆ هه‌موو گه‌لانی جیهان كرده‌وه‌ بۆ خه‌بات له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان به‌تایبه‌تی گه‌لی كورد وه‌كو به‌شێك له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وجیهان.

دواتر به‌ڕێز مسعود سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یڤێكدا گرێدانی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ له‌ كاتێكی زۆر هه‌ستیاردایه‌ و له‌ڕۆژێكی مێژووییدایه‌ چونكه‌ وه‌كو ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ساڵی 1966 ڕژێمی ئه‌وكاتی عیراق به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و تێكۆشه‌رێكی زۆری عه‌ره‌ب و كورد به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه‌ و خوێنی كورد وعه‌ره‌ب تێكه‌ڵ بوو به‌تایبه‌ی له‌ ناوچه‌ی حه‌وزی ڕه‌واندز.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: فرۆكه‌ی میك و میراج و ئێف 16 كورد ناترسێنێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كورد لێی ده‌ترسێت، ئه‌و زمانی فڕۆكه‌ و تانكه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س قسه‌ی پێده‌كه‌ن و ئیمانیان به‌به‌كارهێنانی هه‌یه‌، وتیشی: "هه‌ندێك كه‌س هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كورد، به‌مه‌به‌ستی سه‌پاندنی عه‌ره‌ببوونی خۆیان.

مسعود بارزانی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ئه‌و ده‌رده سه‌ری و ناخۆشییانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتووه‌، تائێستا لای شه‌قامی عه‌ره‌بی نامۆیه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وت: "هیچ شتێك ناتوانێت هه‌ڕه‌شه‌ له‌یه‌كگرتوویی عیراق بكات، جگه‌ له‌ دیكتاتۆریه‌ت". ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، مافی چاره‌ی خۆنووسین مافێكی سروشتی كورده‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئیمانمان به‌ گفتوگۆش هه‌یه‌.

بارزانی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌ی وت: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نابین له‌ژێر حوكمی دیكتاتۆردا بژین، به‌هه‌ر نرخێك بێت ئه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ین.

هه‌ر له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ڕاپۆرتی گشتیی كۆنگره‌ له‌لایه‌ن دادوه‌ر زوهێر كازم عه‌بوود خوێندرایه‌وه‌ و چه‌ندین پارچه‌ هۆنراوه‌ له‌لایه‌ن شاعیرانی كورد وعه‌ره‌ب پێشكه‌شكران.

شیاوی باسه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی له‌مجۆره‌یه‌ كه‌ ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب خۆیان ده‌ستپێشخه‌ریی گرێدانی بكه‌ن و له‌پایته‌خت گرێبدرێت وچه‌ندین ته‌وه‌ی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ مافی كورد وبڕیاردانی چاره‌نووسی خۆی نه‌وه‌كو ته‌نها له‌كوردستانی عیراق به‌ڵكو نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌گشتی له‌خۆوه‌ بگرێت.