جەعفەر ئیبراهیم: حیزبێكی ئیسلامی و دەوڵەتێك راپۆرتە نهێنییەكانی پارتییان دزیوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1189
image

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، جەعفەر ئیبراهیم، رایگەیاند ئەو راپۆرتە نهێنیانەی لە مەكتەبی رێكخستنی پارتی بردران، دەستی حیزبێكی ئیسلامی و وڵاتێكی ناوچەكەی تێدا بووە.

لە ماوەی رابردوودا چەند راپۆرتێكی نهێنی لە مەكتەبی رێكخستنی پارتی دزەیان كرد و لە كەناڵەكانی راگەیاندندا بڵا وكرانەوە. گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، جەعفەر ئیبراهیم، بە هەفتەنامەی رووداوی راگەیاندووە ئەو كەسەیان دەستگیر كردووە كە راپۆرتەكانی بردووەتە دەرەوە و دەڵێت "راپۆرتەكان لەلایەن بەرپرسی قەڵەمی مەكتەبی رێكخستن بردرابوون".

جەعفەر ئیبراهیم، هەروەها گوتی "ئێمە سەرەتا گومانمان كرد دەزگای سیخوڕی دەوڵەتێك ئەو كارەی كردبێ، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت، كە حیزبێكی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان و دەوڵەتێكی ناوچەكە دەستیان هەبووە لە دزینی ئەو راپۆرتەدا". گوتیشی "پێشتر ئەو بابەتە رێك خرابوو، بەرپرسی قەلەمی رێكخستنی ئێمەیش پێشتر خەت مائیلی حیزبێكی ئیسلامی بووە و راپۆرتەكانی بە خامی بردبوون".

سەبارەت بە كاریگەریی دزەپێكردنی ئەو راپۆرتانە لەسەر پارتی، جەعفەر ئیبراهیم گوتی "لە ڕووی مەعنەوییەوە زۆر كاریگەری هەبوو، كە خەڵكێك بتوانێ راپۆرتێكی گرنگ لە مەكتەبێكی گرنگی پارتی بدزێ و ئەمە بۆ ئێمە ناخۆش بوو، بە تایبەت لە ڕووی مەعنەوییەوە، بەڵام ئەوەی بڵاو كرایەوە هەمووی راست نەبوو".

بە گوتەی گوتەبێژەکەی پارتی، سێ كەس دوای لێكۆڵینەوە لە زیندانن و دۆسێەكەیشیان لە دادگایە.